عیراق له دوای عه‌ره‌بستانی سعودی دوه‌مین زه‌خیره‌ی نه‌وتی هه‌یه. زه‌خیره‌ی سه‌لمێنراو "proven crude reserves" ی نه‌وتی عیراق 112 بلیۆن به‌رمیله. له به‌ر ئه‌وه گرنگی‌یه‌كی جیهانی هه‌یه بۆ دابینكردنی پێویستی‌یه‌كانی بازاڕی نه‌وت له ئیستا و پاشه‌ڕۆژی دنیادا.
حكومه‌تی به‌عس, نه‌وت و سامانی سروشتی سه‌ر ئه‌رز و ناو ئه‌رزی به یه‌كێ له نهێنی‌یه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌ت داناوه, له به‌ر ئه‌وه رێگه‌ی نه‌داوه زانیاری زۆر و ئاگاداری ته‌واوی له سه‌ر بڵاو بكرێته‌وه. زانیاری‌یه‌كانی به شاردراوه‌یی لای خۆی پاراستوه, بۆیه ناتوانرێ نه‌خشه‌یه‌كی راست و دروستی سامانی سروشتی‌ی عیراق به ده‌سته‌وه بدرێ.
عیراق, له بواری ته‌كنۆلۆجیای نه‌وت دا, ساڵانێكی درێژ خه‌ریكی پێگه‌یاندنی پسپۆڕ و كادری شاره‌زا بوه و, له‌و باره‌یه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر شاره‌زای هه‌یه. لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆریان ئاماده كردوه. قسه هه‌یه كه زه‌خیره‌ی نه‌وتی عیراق له زه‌خیره‌ی نه‌وتی سعودیه زۆرتر بێ.
به هه‌ر حاڵ, داهاتی نه‌وت بۆ گه‌لی عیراق مایه‌ی خێر و خۆشی و به‌ختیاری نه‌بوه, به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی به‌هێزبونی دیكتاتۆریه‌ت و زلكردنی دامه‌زراوی جه‌نگی شه‌ڕفرۆشی دڕ و داووده‌زگای ئاسایشی سه‌ركوتكه‌ری دڕنده و, له ئه‌نجام دا هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی عیراق و مه‌ینه‌تی‌یه‌كانی و, هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ره‌كی بوه.
ئه‌گه‌رچی عیراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده له ئه‌رز و ئاو و, له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش دا له كشتوكاڵ دا, هه‌روه‌ها چه‌ندین سامانی سروشتی تر و, پیرۆزگا و شوێنی توریستی زۆری هه‌یه, به‌ڵام داهاتی نه‌وت, سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دارایی عیراق و دابینكردنی سه‌رچاوه دارایی‌یه‌كانی بودجه‌ی جه‌نگی و شارستانی ده‌وڵه‌تی عیراق بوه. ئه‌م ئاوه پیسه‌ش له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزدا رژاوه. ئینگلیز كه ده‌وڵه‌تی عیراقی دامه‌زراند, مه‌رجی بۆ دانا كه ئه‌بێ %25 ی بودجه‌ی ساڵانه‌ی بۆ جه‌یش ته‌رخان بكا. له‌و كاته‌وه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب هانی عیراق و سه‌ركرده‌كانی ئه‌ده‌ن, عیراق ببێته پروسیای ئه‌ڵه‌مانیا و, سه‌ركرده‌كانی ببنه بیسماركی عه‌ره‌ب. ئه‌مه وای كرد, كه داهاتی نه‌وتی عیراق له باتی ئه‌وه‌ی بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابوری عیراق و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌رانی دانیشتوانی به كار بهێنرێ, له زلكردن و به‌هێزكردنی ماكینه‌ی جه‌نگی و ئه‌منی‌دا به‌خت بكرێ.
به‌ر له جه‌نگی عیراق – ئیران (1980 - 1988), عیراق چه‌ند ملیارێ دۆلار پاشه‌كه‌وتی نوستوی هه‌بو. دوای 8 ساڵ جه‌نگ به وامباری لێ‌ی ده‌رچو. هێشتا له ژێر باری مه‌ینه‌تی‌یه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می خه‌لیج دا ده‌رنه‌چوبو, جه‌نگی دوه‌می خه‌لیجی هه‌ڵگیرسان, په‌لاماری كوه‌یتی دا و, توشی شكستێكی جه‌نگی سه‌خت بو, ئابلۆقه‌ی ئابوری و گه‌مارۆش بونه سه‌ر باری.
×
نه‌وتی عیراق له دو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵ ئه‌هێنجرێ:
سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م, كۆمپانیای نه‌وتی باشور, له بیره‌كانی به‌صرا.
سه‌رچاوه‌ی دوه‌م, كۆمپانیای نه‌وتی باكور, له بیره‌كانی كه‌ركوك.
حكومه‌تی عیراق له ساڵانی رابوردودا هه‌مو دامه‌زراوه ده‌رهێنه‌ره‌كانی نه‌وتی عیراقی به لوله‌ی ئاسنین پێكه‌وه به‌ست بو. ناوی نا بو: "هێڵی ستراتیجی". به‌م هێڵه‌دا ئه‌توانرا نه‌وتی مه‌یدانه‌كانی خوارو بنێردرێ بۆ هێڵه‌كانی سه‌رو, هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌وه. له‌م هێڵه‌وه ئه‌توانرا نه‌وت بۆ "مینای جیهان" له توركیا, بۆ "مینای یه‌نبوع" له سعودیه, بۆ "مینای فاو" له به‌صرا, بۆ "مینای لازقیه" له سوریا بنێردرێ. عیراق 4 "ده‌راو" ی ستراتیجی هه‌بو بۆ ناردنی نه‌وت بۆ بازاره‌كانی دنیا.
له جه‌نگی یه‌كه‌می خه‌لیج دا, به هۆی خراپی پێوه‌ندی عیراقی – سوری‌یه‌وه ده‌راوی سوری داخرا. ده‌راوی به‌صراش به هۆی تۆپباران و بۆمبارانی ئێرانی‌یه‌وه له كار كه‌وت. ته‌نیا "ده‌راوی توركی" له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست مابو. تا ئه‌و كاته ده‌راوی سعودی نه‌بو عیراق له ساڵانی جه‌نگی عیراق – ئیران دا لوله‌یه‌كی دامه‌زراند به ناو سعودیه‌دا بۆ سه‌ر "ده‌راوی یه‌نبوع" له سه‌ر ده‌ریای سور.
له جه‌نگی دوه‌می خه‌لیج دا, به هۆی داگیركردنی كوه‌یته‌وه هه‌مو ده‌راوه‌كانی داخران. ته‌نانه‌ت توركیاش لوله‌كانی گرته‌وه و "ده‌راوی جیهان" ی لێ داخست. عیراق بێ به‌ش بو له داهاتی نه‌وت, جگه له‌وه‌ی به قاچاخ به "باربه‌ری زه‌مینی: تانكه‌ر" ئه‌نێردرا بۆ ئوردون و توركیا و به "باربه‌ری ده‌ریایی: كه‌شتی" بۆ ئێران و هه‌ندێ له وڵاتانی خه‌لیج ئه‌نێردا. ئه‌ویش بازرگانی‌یه‌ك بو بۆ بنه‌ماڵه‌ی صه‌دام پاوان كرا بو.
×
رێكخراوی "قاعیده" و نه‌وت
نه‌وت له ژیانی دنیادا گرنگی‌یه‌كی ژیانی هه‌یه. تا ئیستا شتێكی تر نه‌دۆزراوه‌ته‌وه جێگه‌ی نه‌وت بگرێته‌وه یان له باتی ئه‌و به كار بهێنرێ. به‌شی زۆری كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی, هاتوچۆ, وزه‌ی كاره‌با, كه‌لوپه‌لی پیترۆكیماوی... به نه‌وت ئه‌گه‌ڕێ. قاعیده گرنگی نه‌وت ئه‌زانێ له ژیانی وڵاتانی پێشكه‌وتودا, یه‌كێ له تاكتیكه شه‌ڕاوی‌یه‌كانی ستراتیجه جیهانی‌یه‌كه‌ی دژی یه‌هود و نه‌صارا "صه‌لیبی‌یه‌كان", لێدان و تێكدانی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و په‌كخستنی به‌رهه‌مهێنان و شێواندنی بازاڕه‌كانێتی.
له %40 ی نه‌وتی دنیا به ناو لوله‌دا به‌و وڵاتانادا ئه‌ڕوا كه پشێوی‌یان تێ‌دایه. له نایجیریا, كۆلۆمبیا, شیشان, هیند, پاكستان... جاروبار په‌لاماری لوله‌كان ئه‌درێ و ئه‌شكێنرێن.
عیراق كه ئیستا كه‌وتۆته به‌ر هێرشی تێڕۆڕیستی و, به‌رده‌وام په‌لاماری لوله و دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی ئه‌درێ به گشتی 8,500 كم لوله‌ی گوێزانه‌وه‌ی نه‌وت و گازی تێ‌دایه, ئه‌گه‌ر په‌تای په‌لاماردانی لوله‌ی نه‌وت بگاته ناو عه‌ره‌بستانی سعودیه, كه درێژایی لوله‌كانی به گشتی له 10,000 میل زیاتره و, زۆریشی به روتی له سه‌ر ئه‌رزه, ئه‌بێ چ كاره‌ساتێ به سه‌ر سعودیه‌دا بهێنێ و, چ شێوانێ بخاته بازاڕی نه‌وتی دنیاوه.
ئه‌گه‌ر بۆی بچێته سه‌ر له عیراقیش هه‌مان كار ئه‌كا.
×
ئه‌مه‌ریكا و نه‌وت
نه‌وت له ئابوری جیهان دا ده‌وری سه‌ره‌كی هه‌یه. كوێركردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت مرۆڤایه‌تی توشی كاره‌ساتی له ناوچون ئه‌كات. ئابوری زۆر له وڵاتانی پێشكه‌وتوی دنیا و پیشه‌سازی‌یه‌كانیان به‌نده به نه‌وته‌وه. ئه‌مه‌ریكا ئه‌یه‌وێ سه‌ركردایه‌تی دنیا بكا, له به‌ر ئه‌وه هه‌وڵ ئه‌دا هه‌مو سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتی دنیا له ژێر ده‌ستی خۆی‌دا بێ. هه‌وڵ ئه‌دا ده‌وڵه‌تانی یاخی و سه‌ره‌ڕۆ و, رێكخراوی تێڕۆڕیستی‌یه‌كان نه‌توانن یاری به نه‌وت بكه‌ن.
×
سزادانی عیراق
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێ فرۆشتنی نه‌وتی عیراق راوه‌ستا, به‌ڵام كارێكی ئه‌وتۆی له بازاڕی نه‌وت نه‌كرد چونكه وڵاتانی ئه‌ندامی "ئۆپێك", به تایبه‌تی سعودیه و كوه‌یت, به‌شه‌كه‌ی عیراقیان به‌رهه‌م ئه‌هێنا و ئه‌یان خسته بازاڕه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له مانگی 8 ی 1990 دا له دوای په‌لاماردانی كوه‌یت برَیاری 661 ی ده‌كرد بۆ سزادانی گشتلایه‌نه‌ی عیراق. سزادانی عیراق و ئابلۆقه‌دانی ئابوری, عیراقی له داهاتی نه‌وت بێ به‌ش كرد, دانیشتوانی عیراقی توشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌كی ژیانی‌ی قووڵ كردبو, به تایبه‌تی له بواری خۆراك و ده‌رمان دا. ئه‌مه كاری ئه‌كرده سه‌ر ژیانی خه‌ڵك. نوێنه‌رایه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ده‌سته‌یه‌كی نارد بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستی‌یه مرۆڤایه‌تی‌یه‌كانی خه‌ڵكی عیراق. ئه‌وانه دوای گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه پێ‌یان وابو كه ئه‌گه‌ر رێگه نه‌درێ به عیراق بڕێ نه‌وت بفرۆشی بۆ دابین كردنی پێویستی‌یه‌كانی له‌وانه‌یه توشی برسێتی و قاتوقڕی ببێ.
له مانگی 8 ی 1991 دا بڕیاری 706 و له مانگی 9 ی 1991 دا بڕیاری 712 ی ده‌ركرد به‌ڵام عیراق رازی نه‌بو جێبه‌جێ‌یان بكا, ئه‌یویست سزاكان به ته‌واوی هه‌ڵبگیرێن.
×
پرۆگرامی نه‌وت به خۆراك
له 14 ی 4 ی 1995 دا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕیاری 986 ی دا ده‌رباره‌ی پرۆگرامی "نه‌وت به خۆراك:oil for food" بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لێكی تر بۆ عیراق بره‌خسێنێ بڕێ نه‌وت بفرۆشی پێویستی‌یه‌كانی پێ بكڕێ. به پێ‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه عیراق بۆی هه‌بو هه‌مو 6 مانگ بایی 2 بلیۆن دۆلار نه‌وت بفرۆشێ, دوسێیه‌كی چه‌رده‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ كڕینی پێویستی‌یه مرۆڤایه‌تی‌یه‌كانی ته‌رخان بكا.
بڕیاری 986 داهاته‌كه‌ی به‌م جۆره دابه‌ش كرد بو:
%59 ی بۆ 15 پارێزگاكانی ناوه‌راست و خواروی عیراق.
%13 ی بۆ 3 پارێزگاكانی سه‌روی عیراق: هه‌ولێر, دهۆك, سلێمانی و ناوچه‌كانی تری ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردی, كارمه‌ندانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له باتی حكومه‌تی عیراق خه‌رجی بكه‌ن.
%25 ی بۆ گه‌نجینه‌ی بژاردنی زیانه‌كانی جه‌نگ.
%2.2 ی بۆ موچه‌ی كارمه‌ندانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كه به‌رپرسی جێبه‌جێ كردنی پرۆگرامه‌كه بون.
%0.8 ی بۆ به‌رنامه‌ی پشكنینی چه‌ك.
×
یادداشتی له یه‌ك گه‌یشتن
جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كه تا مانگی 12 ی 1996 دوا كه‌وت چونكه حكومه‌تی عیراق به هه‌ندێ له بڕگه‌كانی ئه‌م بڕیاره رازی نه‌بو, به تایبه‌تی نه‌یئه‌ویست به‌شی كوردستان جیا بێ, ئه‌یویست به‌ختكردنی ئه‌و به‌شه‌ش له ژێرده‌ستی خۆی‌دا بێ. ئه‌وه بو به هۆی دواكه‌وتنی جێبه‌جێ كردنی پرۆگرامه‌كه. سه‌ره‌نجام عیراق قبوڵی كرد. له 20 ی 5 ی 1996 دا یادداشتی له یه‌ك گه‌یشتن "مژكره التفاهم:Memorandum of Understanding" له نێوان عیراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دا ئیمزا كرا.
×
له‌و گفتوگۆیانه‌دا كه له نێوان نوێنه‌رانی حكومه‌تی عیراق و رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دا كرا ده‌رباره‌ی "یادداشتی له یه‌ك گه‌یشتن" و جۆری به‌ختكردنی %13 ی پشكی كوردستان له داهاتی نه‌وتی عیراق, نوێنه‌رانی كورد نه‌ك هه‌ر به‌شدار نه‌بون و پرسیان پێ نه‌كرا, به‌ڵكو ئاگایشیان له ره‌وتی گفتوگۆكان نه‌بو. له‌و كاته‌دا پارتی و یه‌كێتی له "شه‌ڕی ناوخۆ" وه گلا بون. ئه‌و رێكه‌وتنه چه‌ندین كه‌موكوڕی و ده‌لاقه‌ی تێ‌دا بو:
یه‌كه‌میان, وا رێك كه‌وت بون به‌روبومی كشتوكاڵی خۆماڵی له بازاڕه‌كانی كوردستان نه‌كڕن و, له ده‌ره‌وه بیهێنن, به‌وه‌ش به‌رهه‌می ناوخۆ بێ بازاڕ ئه‌مایه‌وه و نرخی كه‌م ئه‌بوه‌وه.
دوه‌م, به‌رپرسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له ناو حكومه‌تی كوردستان دا بون به حكومه‌تێكی به‌هێزتر, خۆیان پرۆژه‌كانیان هه‌ڵئه‌بژارد و, خۆیان و به ئاره‌زوی خۆیان كارمه‌ند و كرێكار و پاسه‌وانیان دائه‌مه‌زراند.
سێیه‌م, بیرۆكراسی و سستی و گه‌نده‌ڵی‌یان له بواره‌كانی دارایی, به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی, ته‌نانه‌ت خووڕه‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا بڵاو ئه‌كرده‌وه. جیاوازی‌یه‌كی زۆریان له نێوان موچه‌ی خۆیان و موچه‌ی كارمه‌ندی ناوچه‌یی و, كارمه‌ندانی حكومه‌تی هه‌رێم دا دروست كرد. ژماره‌یه‌كی زۆر له توانا باشه‌كانی حكومه‌تی هه‌ریمیان له كاری حكومه‌تی ده‌رهێنا. به ئه‌نقه‌ست كاره‌كانیان دوا ئه‌خست و پرۆژه‌كانیان ئه‌خه‌واند بۆ ئه‌وه‌ی درێژترین ماوه بمێننه‌وه.
چواره‌م, له ساڵانی یه‌كه‌م دا به هیچ جۆرێ رێگه‌یان نه‌ئه‌دا پاره ته‌رخان بكرێ بۆ پرۆژه‌ی ژێرخانی ئابوری, به‌ڵكو هه‌مویان به بیانوی یاریده‌دانی مرۆڤایه‌تی‌یه‌وه خه‌رج ئه‌كرد.
سه‌ره‌ڕای هه‌مو كه‌موكوڕی‌یه‌كانی جێبه‌جێ كردنی پرۆگرامه‌كه, كوردستان سودێكی زۆری لێ وه‌رگرت و, سه‌رانی كورد عه‌ره‌ب گوته‌نی: "أهون الشرین" ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی پێ باشتر بو له هی به‌عسی عیراق.
×
له مانگی 12 ی 1996 ه‌وه عیراق ده‌ستی كرد به ناردنی نه‌وت و فرۆشتنی له بازاڕی جیهانی‌دا.
له مانگی 3 ی 1997 دا یه‌كه‌م كاروانی خۆراك گه‌یشته عیراق.
له 1998 ه‌وه رێ به عیراق درا بڕی فرۆشته‌نی نه‌وت زیاد بكا. بۆی هه‌بو هه‌مو 6 مانگ بایی 5.26 بلیۆن دۆلار بفرۆشێ, به پێ‌ی ئه‌وه پشكه‌كه‌ی كوردستان زیادی ئه‌كرد.
له مانگی 12 ی 1999 ه‌وه عیراق ئازاد كرا چه‌ندی بتوانێ بفرۆشێ.
×
دوای قوبوڵكردنی بڕیاری نه‌وت به خۆراك عیراق سه‌رله‌نوێ چوه‌وه ناو بازاڕی جیهانی‌ی نه‌وته‌وه. راده‌ی به‌رهه‌مهێنانی له چاو جاران دا كه‌م بوبوه‌وه. داووده‌زگاكانی عیراق به‌ره‌و كۆنبون و سوان ئه‌چون. عیراق ئه‌گه‌رچی به‌شێ له پاره‌كه‌ی بۆ نوێكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی ته‌رخان كرا بو, به پێ‌ی راپۆرتی كوفی ئه‌نان ده‌رباره‌ی جۆری سه‌رفكردنی داهاتی "نه‌وت به خۆراك" تا 28 ی 5 ی 2003 ه‌وه كه ئه‌وان ده‌ستیان له پرۆگرامه‌كه كێشاوه‌ته‌وه بایی 1,6 بلیۆن دۆلار سپێر پارت و كه‌لوپه‌لی تایبه‌ت به نه‌وتسازی‌یان ناردوه بۆ عیراق.
به‌ڵام عیراق شتێكی ئه‌وتۆی له‌و بواره‌دا نه‌ئه‌كرد, بۆ ئه‌وه‌ی گوناهی هه‌ژاری خه‌ڵك و دواكه‌وتنی عیراق, له ملی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و كۆمه‌ڵی ناوده‌وڵه‌تی توند بكا, كه‌رتی نه‌وتی فه‌رامۆش كرد بو. هیچ جۆره تازه‌كردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی تێ‌دا ئه‌نجام نه‌داوه.
×
عیراق, به چه‌ندین رێگای جۆروجۆر فێڵی له "پرۆگرامی نه‌وت به خۆراك" ئه‌كرد. به چه‌ندین رێگای جۆراوجۆر ته‌گه‌ره‌ی ئه‌خسته به‌ر كار و پرۆژه‌كانی كوردستان. له‌وه‌ش دا هه‌ندێ له كاربه‌ده‌ستانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان, كه عه‌ره‌ب بون یا سه‌ر به حكومه‌تی عیراق بون, یارمه‌تی‌یان ئه‌دا. رۆژانه هه‌زاران به‌رمیل نه‌وتی قاچاخی به تانكه‌ر ئه‌نارد بۆ توركیا و ئوردون و ماوه‌یه‌كیش بۆ ئێران و سوریا.
ده‌می گه‌لێ له گه‌وره‌كاربه‌ده‌ستانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانی چه‌ور كرد بو بۆ ئه‌وه‌ی قسه نه‌كه‌ن. ئاشكرا بونی "كۆپۆنی نه‌وت" كه صه‌دام وه‌كو به‌رتیل دابوی به سه‌دان كه‌س له ناو ئه‌وانه‌دا: كوڕی كوفی ئه‌نان, سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. بینۆ سیڤان, به‌رپرسی جێبه‌جێ كردنی پرۆگرامی نه‌وت به خۆراك له عیراق. ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی نوێنه‌ری تایبه‌تی كوفی ئه‌نان و... ده‌یانی تر.
×
ئه‌مه‌ریكا و نه‌وتی عیراق
به‌ر له ده‌سپێكردنی شه‌ڕ, به‌ند و باوێ بڵاو بوه‌وه كه عیراق بیره‌كانی نه‌وت و دامه‌زراوه‌كانی هه‌مو مینڕێژ كردوه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا عیراقی گرت بیته‌قێننه‌وه ئه‌مه‌ریكا, به‌و نزیكانه و بو ئاسانی, نه‌توانێ سود له نه‌وتی عیراق وه‌ربگرێ.
ئه‌م پرۆپاگانده‌یه دوای روخانی صه‌دام ده‌ركه‌وت درۆ بو. جا داووده‌زگاكانی پرۆپاگانده‌ی عیراق خۆی بڵاوی كرد بوه‌وه, یان موعاره‌زه‌ی عیراقی, یان ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان؟ ئه‌وه باسێكی تره.
ئه‌مه‌ریكا كه هێرشی بۆ سه‌ر عیراق ده‌س پێ كرد, بۆمبارانی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وتی نه‌كرد. كه گه‌یشته ناو خاكی عیراقیش یه‌كێ له‌و شتانه‌ی پاراستی, یان ته‌نیا شتی كه پاراستی: بیر و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وتی به‌صرا و كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی نه‌وت بو له به‌غداد. دوای شه‌ڕ, ئه‌گه‌رچی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كه‌ركوك و هێزه‌كانی بریتانی له به‌صرا, بۆ پارێزگاری كردنی خۆیان چونه ناو دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانه‌وه, سه‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌ستی راووروت گه‌یشته ناو هه‌ندێ له‌و شوێنانه. ئوتوموبیل و مه‌كینه‌ی جۆراوجۆر و سپێر پارت و كه‌لوپه‌لی ئۆفیسه‌كان, له تاڵان و دزی رزگار نه‌بون.
×
دوای داگیركردنی عیراق, ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێ راوێژكارێكی ئه‌مه‌ریكی دانا, بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتیش راوێژكاری خۆی دانا و, هه‌وڵی دا دامه‌زراوی نه‌وت بخاته‌وه گه‌ڕ, بۆ ئه‌وه‌ش, بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته ره‌خنه و گله‌یی خه‌ڵكی عیراق, كادره ته‌كنیكی و كارگێڕی و دارایی‌یه‌كانی سه‌رده‌می به‌عسی هێنایه‌وه سه‌ر كار.
دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت له عیراق دا دو كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌بو:
یه‌كه‌میان, كۆنبون و سووانی داووده‌زگاكانی و,
دوه‌میان, نائه‌مینی هه‌ندێ له فه‌رمانبه‌ر و كرێكاره‌كانی.
ئه‌مه‌ریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هیچ كێشه‌یه‌كیان هیچ هه‌نگاوێكی "جدی" نه‌نا.
×
پێش شه‌ڕ عیراق توانی بوی هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی بكا به 2,5 ملیۆن به‌رمیل.
به‌رهه‌می رۆژانه‌ی عیراق له دوای شه‌ڕه‌وه دابه‌زی به‌ڵام له ئاستێك دا نه‌وه‌ستاوه. له به‌رز–نزم بونه‌وه‌دایه.
گه‌وره‌ترین مه‌یدانی زه‌خیره‌ی سه‌لمێنراوی نه‌وتی كه‌ركوك 7 بلیۆن به‌رمیله. به‌رهه‌می بیره‌كانی له چه‌ند ساڵی رابوردودا دابه‌زیوه. له كاتێك دا ساڵی 1989 رۆژانه زیاتر له 1 ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌می رۆژانه‌ی هه‌بو, ساڵی 2002 نه‌ئه‌گه‌یشته 750,000 به‌رمیل رۆژانه. ئه‌گه‌رچی ناردنی نه‌وت له كه‌ركوكوه بۆ مینای جیهانی توركی تا ده‌سپێكردنی هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عیراق و روخانی صه‌دام هه‌ر به‌رده‌وام بو, به‌ڵام به هۆی كۆنبونی داووده‌زگاكانی و ته‌قاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی لوله‌كانی و ئاگر تێ به‌ردانی و تێكدانی په‌مپگاكانیه‌وه, زۆر كه‌می كردوه. ئیستا نه‌وتی ده‌رهێنراوی كه‌ركوك له پله‌ی یه‌كه‌م دا بۆ پێویستی ناوخۆی عیراق و, بۆ پاڵاوگه‌كانی بێجی و دۆره ره‌وانه ئه‌كرێ.
دوای شه‌ڕ به‌رزترین ئاستی ده‌رهێنان گه‌یشتبێتێ 1,5 ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه بوه. زۆری ئه‌م نه‌وته له بیره‌كانی خواروی عیراق ده‌ر ئه‌هێنرێ و, به‌شداری بیره‌كانی كه‌ركوك له هه‌نارده‌ی عیراقی دا كه‌متره, زۆرجار ئه‌م ئاسته به تایبه‌تی له سۆنگه‌ی تێكدان "ته‌خریب:sabotage" ی لوله یان په‌مپگاكانی یان هه‌ر تێكدانێكی تره‌وه بۆ چه‌ند رۆژێ ئه‌وه‌ستێ یا دائه‌به‌زێ.
به پێ‌ی وته‌ی ماك كی "McKee" گه‌وره‌راوێژكاری ئه‌مه‌ریكی له وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق 2,2 بلیۆن دۆلار له‌و پاره‌یه‌ی كۆنگرێس بۆ ئاواكردنه‌وه‌ی عیراقی ته‌رخان كردوه, له چاككردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان دا به‌خت ئه‌كرێ. تا ئه‌و كاته (شوباتی 2004) بلیۆنێكیان لێ سه‌رف كردوه, خۆی وته‌نی: بۆ چاككردنه‌وه‌ی لوله, كوژاندنه‌وه‌ی بیری گڕگرتو, دروستكردنی خانوی تازه.
×
بودجه‌ی ساڵی 2003 – 2004 ی عیراق, به كوردستانه‌وه, به هه‌موی 12 بلیۆن دۆلار بو. سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دابینكردنی داهاتی نه‌وت بو.
له پاره‌ی نه‌وت: خۆراكی دانیشتوانی عیراق, موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران, هه‌ندێ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و پچوك.. دابینكراوه.
بودجه‌ی عیراق, ئه‌مساڵ و ساڵی داهاتوش و ساڵانی ئاینده‌ش, تا كه‌رته‌كانی تری ئابوری عیراق ئه‌بوژێنه‌وه, داهاتی نه‌وت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌بێ. كوێركردنه‌وه‌ی ئه‌م داهاته دانیشتوانی عیراق توشی مه‌ینه‌تی‌یه‌كی كاولكه‌ر و كوشنده ئه‌كا و, ژیانیان ئه‌خاته مه‌ترسی برسێتی و نه‌خۆشی و هه‌ژاری‌یه‌وه.
سه‌رانی گروپه تێڕۆڕیستی‌یه‌كان ئه‌م راستی‌یه ئه‌زانن. له به‌ر ئه‌وه به‌شێكی ته‌قه‌لای سه‌ره‌كی خۆیان بۆ تێكدانی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت ته‌رخان كردوه. تێكدانی نه‌وت هه‌روا كارێكی ئاسان نیه و, به نه‌زان و نه‌شاره‌زا ئه‌نجام نادرێ, به‌ڵكو شاره‌زایی و لێزانین و پسپۆڕیی گه‌ره‌كه. تا ئیستا له زۆر له هه‌وڵه‌كانیان دا سه‌ركه‌وتو بون ئه‌گه‌رچی نه‌یانتوانیوه دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان به ته‌واوی خراپ بكه‌ن و, ده‌رهێنانی نه‌وت و ناردنی بۆ ده‌ره‌وه به یه‌كجاری په‌ك بخه‌ن, به‌ڵام توانیویانه سه‌دان ملیۆن دۆلار زه‌ره‌ر له داهاتی نه‌وت و له ئابوری وڵات بده‌ن. سامیر غه‌زبان, وه‌زیری نه‌وتی عیراق, له كۆنفره‌نسێكی رۆژنامه‌وانی‌دا رۆژی 20 ی 8 ی 04 وتی: "ئه‌و زیانه‌ی له ماوه‌ی رابوردودا به هه‌نارده‌ی نه‌وت گه‌یشتوه به 2,7 بلیۆن دۆلار ئه‌خه‌مڵێنرێ."
جگه له‌وانه‌ش تێكدانی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و ته‌قاندنه‌وه و ئاگر تێ به‌ردانی لوله‌كانی: ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی كه‌می سوته‌مه‌نی (نه‌وت و به‌نزین و گازۆیل) و, نه‌مانی كاره‌با دروست ئه‌كا, ژینگه پیس ئه‌كا و كاری خراپ ئه‌كاته سه‌ر ئه‌رز و ئاو و هه‌وا.
×
ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی نه‌وت:
پیته‌ر گریست, ریپۆرته‌رێكی بی‌بی‌سی له عیراق, له زمانی ئه‌فسه‌رێكی ئه‌مه‌ریكی‌یه‌وه, كه له پاراستنی نه‌وتی عیراق دا كار ئه‌كا, رۆژی 4 ی 8 ی 2004 وتی:
"5,418 كم لوله‌ی نه‌وتی عیراق به بیابان دا ئه‌ڕوا.
"1,343 كم لوله‌ی, نه‌وت ئه‌گوێزێته‌وه بۆ پاڵاوگاكان.
"1,739 كم لوله‌ی, گاز ئه‌گوێزێته‌وه.
"كۆی درێژایی لوله‌كانی گوێزانه‌وه‌ی نه‌وت و گاز 8,500 كیلۆمه‌تره, كه‌می له ژێر خاك دا داپۆشراوه, زۆری له سه‌ر ئه‌رزن, ژه‌نگاوی و رزیو و ئاشكران.
"سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه, سه‌دان تانكی هه‌ڵگرتنی نه‌وت, په‌مپگا, پاڵاوگه..."
ئه‌م هه‌مو داووده‌زگایانه كه ئامانجن بۆ هێرشی تێڕۆڕیسته‌كان و, بۆ په‌لاماری جه‌رده‌كانی نه‌وت, چۆن ئه‌پارێزرێن؟
×
ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان به‌ر له په‌لاماردانی عیراق هیوایه‌كی زۆریان به داهاتی نه‌وتی عیراق هه‌بو, هه‌م بۆ ئاواكردنه‌وه‌ی عیراق و, هه‌مو بۆ دابین كردنی به‌شێ له خه‌رجی جه‌نگ. پێش جه‌نگ هه‌نارده‌ی عیراق 2,5 ملیون به‌رمیلی رۆژانه بو. ئه‌مه‌ریكا به هیوا بو پاش جه‌نگ هه‌مان ئاست رابگرێ و, له ماوه‌ی 3 ساڵ دا به‌رزی بكاته‌وه بۆ 6 ملیۆن به‌رمیل رۆژانه. به‌ڵام زۆر زو دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت كه‌وتنه به‌ر هێرشی تێڕۆڕیستی و دزینی جه‌رده.
جۆری یه‌كه‌م, دزی بو بۆ ده‌سكه‌وتنی پاره. جه‌رده‌كان, ده‌لاقه‌یه‌كیان ئه‌دۆزی‌یه‌وه, لوله‌ی نه‌وتیان كون ئه‌كرد, نه‌وتیان لێ ده‌رئه‌هێنا و ئه‌یان كرده تانكه‌ره‌وه. ماوه‌یه‌ك له به‌صرا ئه‌م دزی‌یه ئه‌كرا. تانكه‌ره‌كان نه‌وته‌كانیان له بازاڕی ره‌شی به‌صردا ساغ ئه‌كرده‌وه و ئه‌كرایه باربه‌ری ده‌ریایی‌یه‌وه. بێگومان ئه‌و جۆره دزی‌یه به هه‌مو كه‌س ناكرێ, جه‌رده‌كان كه‌سانی ئاسایی نه‌بون, به‌ڵكو كه‌سانی شاره‌زا و خاوه‌ن نفوز بون. ئه‌مه‌یان هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌توانن دویان بكه‌ون, بیان دۆزنه‌وه و چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
جۆری دوه‌م, تاكتیكێكی تێڕۆڕیستی‌یه كه به‌شێكه له ستراتیجێكی گشتی. شكاندنی لوله‌كان به نیازی راوه‌ستاندنی رۆیشتنی نه‌وت بۆ بێ به‌ش كردنی حكومه‌ت و خه‌ڵكی عیراق له داهاتی نه‌وت و روخاندنی ژێرخانی ئابوری ده‌وڵه‌تی عیراق.
×
رۆژانه‌ی هێرشه‌كان
ساڵی 2003
12 ی 6: هێرش كرایه سه‌ر لوله‌ی گوێزانه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ مینای جیهانی توركی له سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست. درێژایی لوله‌كه 960 كیلۆمه‌تره.
19 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی پاڵاوگه‌ی بێجی (سه‌ر به پارێزگای تكریت) 200 كم سه‌روی به‌غداد.
22 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گازی هیت (سه‌ر به پارێزگای رومادی) 152 كم سه‌روی رۆژئاوای به‌غداد
23 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گازی عوبه‌یدیه له نزیك سنوری سوریا.
24 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی پاڵاوگه‌ی دۆره له نزیك به‌روانه. پاڵاوگه‌ی دۆره, له به‌غداد, گازۆلین, كیرۆسین, گازی شل, بۆ بازاڕی ناوخۆی عیراق به‌رهه‌م ئه‌هێنێ.
26 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی نه‌وتی فه‌تحه (سه‌ر به پارێزگای تكریت).
31 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك نزیك بێجی (سه‌ر به پارێزگای تكریت).
1 ی 8: چه‌ند رۆكێتێ نرا به لوله‌یه‌كی نه‌وت له رۆژئاوای كه‌ربه‌لا.
12 ی 8: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌كی تاجی (به‌غداد).
15 ی 8: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك له بێجی.
16 ی 8: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌كی تر له بێجی.
8 ی 9: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – جه‌مبور (عه‌ره‌بی هاورده‌ی لێ‌یه).
18 ی 9: هێرش بۆ سه‌ر لوله‌ی كه‌ركوك – جیهان.
11 ی 10: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – زاب (ناحیه‌یه‌كه سه‌ر به قه‌زای حه‌ویجه).
16 ی 10: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك له نزیك حه‌دیسه (سه‌ر به پارێزگای رومادی).
23 ی 10: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌كی گاز نزیك موسل.
هه‌مان رۆژ, بۆمبارانی لوله‌یه‌كی نه‌وت 240 كم سه‌روی به‌غداد.
1 ی 11: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك 15 كم سه‌روی تكریت.
4 ی 11: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك له زومار (موسڵ).
17 ی 11: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك له نزیك بێجی كه رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ئه‌گوێزێته‌وه بۆ پاڵاوگه‌ی دۆره له به‌غداد. پاڵاوگه‌ی دۆره ئیستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای به‌غداد نه‌وت ئه‌دات. به‌م هۆیه‌وه 2 رۆژ كاره‌بای به‌غداد كوژایه‌وه.
18 ی 11: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك له نزیك سامه‌ڕا (قه‌زایه‌كه سه‌ر به پارێزگای تكریت), ئه‌م لوله‌یه‌ش ئه‌چێ بۆ دۆره.
23 ی 11: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گازی جه‌مبور - پالاَوگه‌ی بێجی.
26 ی 11: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك كه ئه‌چێ بۆ بێجی له شه‌رگات (موسڵ).
9 ی 12: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گازی كه‌ركوك – به‌غداد.
10ی 12: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – بێجی – دوره.
19 ی 12: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌یه‌ك له خواری به‌غداد.
20 ی 12: لێدانی تانكێ له خواروی به‌غداد به رۆكێت. 2,6 ملیۆن گالۆن گازۆلینی تێ‌دا سوتا.
هه‌مان رۆژ, ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی مه‌شاهیده – به‌غداد.
21 ی 12: لێدانی یه‌كێ له په‌مپگاكانی پاڵاوگه‌ی بێجی به هاوه‌ن.
22 ی 12: ته‌قاندنه‌وه لوله‌ی كه‌ركوك – پاڵاوگه‌ی بێجی له نزیك ریاز (ناحیه‌یه‌كه سه‌ر به قه‌زای حه‌ویجه).
ساڵی 2004
7 ی 1: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – په‌مپگای حه‌سبه. به‌رهه‌می ئه‌م ئیستگه‌یه بۆ پێویستی ناوخۆ و پڕكردنی تانكه‌ری بێگانه به كار ئه‌هێنرێ.
30 ی 1: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – پاڵاوگه‌ی بێجی.
22 ی 2: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – به‌غداد – به‌صرا.
له دوای روخانی صه‌دامه‌وه ئه‌وه یه‌كه‌مین هێرش بو بۆ سه‌ر لوله‌ی باشور.
26 ی 2: ته‌قاندنه‌وه‌ی دو لوله‌ی نه‌وت و گاز 96 كم سه‌روی به‌غداد.
2 ی 3: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك - بێجی له ریاز.
12 ی 3: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك - پاڵاوگه‌ی دۆره له رۆژئاوای تكریت.
24 ی 3: بۆمبارانی بیره‌كانی خه‌باز 88 كم رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركوك.
ئه‌وه یه‌كه‌مین جار بو هێرش بكرێته سه‌ر بیری ده‌رهێنانی نه‌وت.
25 ی 3: ته‌قاندنه‌وه‌ی بیرێكی سه‌ره‌كی 75 كم نزیك كه‌ركوك.
ئه‌مه یه‌كێك بو له بیره سه‌ره‌كی‌یه‌كانی پێویستی ناوخۆی لێ دابین ئه‌كرا. كوژاندنه‌وه‌ی گڕی ئاگره‌كانی 2 رۆژی ویست.
26 ی 3: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌كانی خواروی به‌صرا.
4 ی 4: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی به‌صرا – مینای فاو.
8 ی 4: تانكی گاز و هه‌ندێ لوله‌ی سه‌روی كه‌ركوك درایه به‌ر هاوه‌ن.
21 ی 4: بۆمبارانی هه‌ندێ لوله‌ی سه‌روی به‌غداد.
24 ی 4: 3 خۆكوژ به 3 به‌له‌می پڕ له كه‌ره‌سته‌ی ته‌قاندنه‌وه ویستیان هێرش بكه‌نه سه‌ر ناوچه‌ی تێرمینالی به‌صرا.
8 ی 5: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی به‌صرا – مینای فاو.
به‌مه هه‌نارده‌ی نه‌وتی عیراق له 1,6 ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌وه دابه‌زی بۆ 1,2 ملیۆن.
هه‌مان رۆژ هێرشێكی تر كرایه سه‌ر لوله‌ی ستراتیجی له خواروی به‌غداد كه باشور و باكوری به یه‌كه‌وه ئه‌به‌ست.
9 ی 5: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی ستراتیجی له موسه‌یه‌ب.
13 ی 5: بۆمبارانی پاڵاوگه‌ی دۆره كرا.
24 ی 5: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك - په‌مپگای دوبز (عه‌ره‌بی هاورده‌ی لێ‌یه).
26 ی 5: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – جیهان.
هه‌مان رۆژ, لوله‌یه‌كی باشور ته‌قێنرایه‌وه نه‌وته‌كه‌ی ڕژایه ئاوی خه‌لیجه‌وه.
6 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – جیهان.
هه‌مان رۆژ لوله‌ی به‌صرا – فاو ته‌قێنرایه‌وه. به‌و هێرشه هه‌نارده‌ی نه‌وتی عیراقی له 80 هه‌زار به‌رمیل له سه‌عاتێك دا دابه‌زی بۆ نیوه.
9 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی نه‌وتی ئیستگه‌ی به‌هه‌مهێنانی كاره‌بای بێجی.
9 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – جیهان.
15 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی په‌مپگای زوبێر.
هه‌مان رۆژ لوله‌یه‌ك كه ئه‌چێ بۆ خور العمیه. هه‌نارده‌ی نه‌وتی دابه‌زاند بۆ نیوه.
16 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی 42 ئینجی تێرمینالی به‌صرا. زۆری هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌م هێڵه‌وه ئه‌گوێزرێته‌وه.
ئه‌م ته‌قینه‌وانه بون به هۆی راوه‌ستانی نه‌وتی عیراق بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێ.
21 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی بیجی – دۆره له مه‌شاهیده.
26 ی 6: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی پڕكردنی تانكی له‌تیفیه.
29 ی 6: جارێكی تر ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی له‌تیفیه.
3 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی یه‌كێ له دو لوله‌ی تێرمینالی خوارو له نزیك زوبێر. به‌م هێرشه هه‌نارده‌ی عیراق دابوزی بۆ 960 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه.
هه‌مان رۆژ تانكی نه‌وتی له‌تیفیه ته‌قێنرایه‌وه 6 پاسه‌وانی نیشتمانی تێ‌دا كوژران.
4 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی ستراتیجی پێكه‌وه به‌ستنی باشور و باكور له موسه‌یه‌ب.
6 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گازی كه‌ركوك – تاجی.
10 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گازی كه‌ركوك – ئیستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای بێجی.
15 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی كه‌ركوك – بیجی.
هه‌مان رۆژ له نزیك فه‌تحه لوله‌ی كه‌ركوك – جیهان ته‌قێنرایه‌وه.
16 ی 7: له نزیك ریاز به هاوه‌ن بۆمبارانی لوله‌ی كه‌ركوك – جیهان كرا.
19 ی 7: ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی دوبز.
23 ی 7: له نزیك سامه‌ڕا له دو جێگا لوله‌ی بیجی – دۆره ته‌قێنرایه‌وه.
24 ی 7: له نزیك سامه‌ڕا ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی بیجی – به‌غداد.
هه‌مان رۆژ له سه‌رسار لوله‌ی كه‌ركوك – دۆره تێك درا.
دوا خراپكاری له نه‌وت دا جه‌یشی مه‌هدی موقته‌دا صه‌در له باشور كردیان:
له لایه‌كه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان له كۆمپانیای نه‌وتی باشور كرد كه ئه‌گه‌ر ناردنی نه‌وت رانه‌گرێ هێرش ئه‌كه‌ن سه‌ر دامه‌زراوه‌كانیان و, له ترسا له رۆژی 9 ی 8 ه‌وه رایان گرت و, له لایه‌كی تره‌وه له عه‌ماره هه‌ندێ بیریان ته‌قانده‌وه كه بایی 120 ملیۆن دۆلار زه‌ره‌ریان لێ دا.
×
به‌راوردكردنی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی عیراق ده‌ری ئه‌خه‌ن له سه‌ره‌تاوه زۆری هێرشه‌كان بۆ سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باكور بوه بۆ په‌كخستنی هێڵی گه‌یاندنی نه‌وتی كه‌ركوك به مینای جیهانی‌ی توركی له سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و, په‌كخستنی گه‌یاندنی به پاڵاوگاكانی بیجی و دۆره بوه.
عه‌ره‌بی ئه‌فغان, ئوردونی, یه‌مه‌نی, سوری, ئێرانی... چه‌نده دژی ئه‌مه‌ریكا و چه‌نده دژی عیراق و چه‌نده دڵسۆزی "قاعیده" بن, ناتوانن ئه‌و كارانه ئه‌نجام بده‌ن, به‌ڵكو ئه‌و جۆره هێرشانه به‌و جۆره كه‌سانه ئه‌كرێ, كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن, شاره‌زای كون و كه‌له‌به‌ری دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان و, پسپۆڕی ته‌قاندنه‌وه و تیكدان و خراپكردنن.
هێرشه‌كان له چه‌ند شوێنێكی دیاری كراودا رویان داوه, له‌وانه: كه‌ركوك, دوبز, ریاز, بێجی, فه‌تحه, شه‌رگات... كه ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عس دا, له داووده‌زگای جیاوازدا, ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ده‌ست بون:
له دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان دا كارمه‌ند و ئه‌فسه‌ری ئاسایش و موچه‌خۆر بون,
له ده‌زگا ئه‌منی‌یه‌كانی موخابه‌رات و ئه‌من و ئه‌منی خاص و ئیستیخباراتی عه‌سكه‌ری‌دا ئه‌فسه‌ر بون,
له جه‌یش و حه‌ره‌سی جمهوری و حه‌ره‌سی جمهوری خاص دا ئه‌فسه‌ر بون,
له ده‌زگا حیزبی‌یه‌كانی به‌عس و رێكخراوه جۆراوجۆره‌كانی‌دا به‌رپرس و كاربه‌ده‌ست بون,
له ده‌زگاكانی به‌رَیوه‌به‌رایه‌تی‌دا كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر بون,
دوای روخانی صه‌دام, ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازه‌كانیان دۆڕاندوه, له به‌ر ئه‌وه دژی بارودۆخی تازه‌ن و, ئه‌یانه‌وێ هه‌مو شت وێران بكه‌ن.
پاراستنی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی عیراق پێویستی به دانانی پلانی گشتلایه‌نه هه‌یه. ئه‌وانه‌ی ئه‌و پلانه‌یان داناوه تا ئیستا ئه‌مه‌ریكایی بون.
ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان دو گرێبه‌ستیان (به 39 ملیۆن دۆلار) له گه‌ڵ دو ده‌زگای به‌دناوی, به ناو, شاره‌زای دابینكردنی ئاسایش به‌ستوه, بۆ هه‌ڵبژاردن و مه‌شق پێ كردن و راهێنانی هێزی عیراقی بۆ پاراستنی ئاسایشی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان.
یه‌كێكیان ده‌زگایه‌كه هه‌ندێ له سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان دایان مه‌زراندوه كه له جه‌نگی ڤیه‌تنام دا به‌شداری‌یان كردوه و, شاره‌زای راوی مرۆڤن.
ئه‌وی تریان, ده‌زگایه‌كی خواروی ئه‌فه‌ریقایه پێكهاتوه له‌و سه‌رباز و پۆلیس و ئه‌فسه‌رانه‌ی له سه‌رده‌می "ئاپارتاید" ا كاریان بۆ ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كان كردوه و, له كوشتن و راونانی ره‌شه‌كان دا به‌شدار بون.
له گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌زگای تری شاره‌زای پاراستنی ئاسایشی كه‌سایه‌تی دا هه‌ندێ گرێبه‌ستی تریان گرێ داوه. به‌كرێگیراویان بۆ ئه‌نێرن بۆ پاراستنیان. كرێ‌ی رۆژانه‌ی هه‌ندێ له‌و به‌كرێگیراوانه 1,200 دۆلاره.
بێگومان ئه‌بێ پلانی پاراستنی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان دابنرێ. به‌ڵام له‌پێشه‌وه ئه‌بێ دامه‌زراوه‌كان بژار بكرێن له كه‌سانی گومان لێ كرا‌و و, ئه‌بێ تۆڕێكی فراوانی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری دروست بكرێ. ئه‌بێ هێزێكی تایبه‌تی باش و پۆشته و تێر به چه‌ك و كه‌لوپه‌لی پێویسته‌وه, بۆ پاراستنی دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانی نه‌وت و لوله‌كانی, ته‌رخان بكرێ.
ره‌نگه باشترین كه‌س بۆ داڕشتنی پلانی گشتلایه‌نه‌ی پاراستنی ئاسایشی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی عیراق, هه‌ر شاره‌زایانی عیراقی خۆیان بن. ئه‌وان به راوێژ له گه‌ڵ شاره‌زا و پسپۆڕی بێگانه پلانه‌كه دابنێن.
شوانی مه‌ڕ و راوكه‌ری كورد له كۆنه‌وه پێڕه‌وی په‌ندێكی كۆنی كوردی ئه‌كه‌ن كه ئه‌ڵێ: "گورگ به سه‌گ و رێوی به ته‌ڵه ئه‌گیرێ".
×