هه‌ندێ كه‌س گله‌یی له ئه‌مه‌ریكا, به تایبه‌تی له سه‌فیر پۆڵ بریمه‌ر, ئه‌كه‌ن چونكه چه‌ند فه‌رمان "أمر" ی ده‌ركرد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جه‌یشی عیراق و داووده‌زگا ئه‌منی‌یه‌كان و حیزبی به‌عس, گۆیا ئه‌گه‌ر بریمه‌ر ئه‌و فه‌رمانانه‌ی ده‌رنه‌كردایه عیراق توشی نائارامی و نه‌بونی ئاسایش نه‌ئه‌بو.
راستی‌یه‌كه‌ی ئه‌وه قسه‌یه‌كی بێ بناغه‌یه چونكه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه نزیك به‌غداد, هه‌مو ئه‌و داووده‌زگایانه خۆیان بڵاوه‌یان لێ كرد بو, هه‌ر كه‌سه‌یان له ترسی رق و توڕه‌بونی خه‌ڵك, خۆی له كونێك دا شاردبوه‌وه. له سه‌رانسه‌ری عیراق دا سه‌ربازگه‌یه‌ك, وه‌زاره‌تێك, دائیره‌یه‌ك, باره‌گایه‌كی به‌عس نه‌مابو, له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه تێك درا بون.
صه‌دام حسێن, سه‌ركۆمار و سه‌رۆكی مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره و سه‌روه‌زیرانی عیراق و ئه‌مین سڕی قیاده‌ی قوتری و سه‌ركرده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق ... و, ده‌سوپێوه‌نده‌كانی هه‌ڵاتبون و خۆیان شارد بوه‌وه.
ئه‌ندامانی "مجلس قیادة الثورة" كه‌به‌رزترین ده‌سه‌ڵات بون له عیراق دا هه‌مویان هه‌ڵات بون و خۆیان شاردبوه‌وه.
ئه‌ندامانی "قیادة قطر العراق" هه‌مویان هه‌ڵات بون و خۆیان شارد بوه‌وه. باره‌گاكانیان كه‌وت بوه به‌ر هێرشی خه‌ڵك.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نه‌ما بو, وه‌زیره‌كان هه‌ڵات بون خۆیان شارد بوه‌وه. وه‌زاره‌ته‌كان چۆڵ و بێ پاسه‌وان و پارێزگار بون, ته‌نانه‌ت فه‌ڕاشه‌كانیش هه‌ڵات بون, دز و جه‌رده تێ‌یان وروكا بون تاڵانیان ئه‌كرد و ئاگریان تێ به‌ر ئه‌دا.
هه‌مو جه‌نه‌راله‌كانی سه‌ركردایه‌تی هێزه چه‌كداره‌كان, هه‌مو ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كانی جه‌یش و "حرس جمهوری" باره‌گا و بنكه و سه‌ربازگه‌كانیان به جێ هێشت بو, له لایه‌ن خه‌ڵكی داخ له دڵه‌وه تاڵان و وێران كرابون.
"فیدائی یه‌كانی صه‌دام" و سه‌ركرده‌كه‌یان عوده‌ی كوڕی صه‌دام و "جیش القدس" ی جه‌نه‌رال فله‌یح راوی, بڵاوه‌یان لێ كرد بو.
هه‌مو ئه‌فسه‌ر و كارمه‌نده‌كانی "جیهازی موخابه‌رات", "ئه‌منی عام", "ئه‌منی خاص" خۆیان شارد بوه‌وه و, بنكه و باره‌گاكانیان له لایه‌ن خه‌ڵكی داخ له دڵه‌وه تاڵان و وێران ئه‌كران و, به‌ڵگه و نوسراوه‌كانیان ئه‌فڕێنرا.
داووده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و, هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی پۆلیس, ته‌نانه‌ت پۆلیسی هاتوچۆ, بڵاوه‌یان لێ كرد بو.
وه‌زاره‌تی ئیعلام, وه‌زیره‌كه‌ی خۆی ون كردبو, هه‌مو كارمه‌نده‌كانی هه‌ر یه‌كه به لایه‌ك دا بڵاوه‌یان لێ كرد بو, باره‌گاكانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و, باره‌گا و چاپخانه‌كانی رۆژنامه‌كانی الثورة, الجمهورية, داری به سه‌ر به‌ردیه‌وه نه‌ما بو.
هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ده‌سته‌كانی حیزبی به‌عس باره‌گاكانیان چۆڵ كرد بو, خۆیان شاردبوه‌وه و باره‌گاكانیان تاڵان ئه‌كرا و ئه‌سوتێنرا.
عیراق شتێكی تێ‌دا نه‌مابو پێ‌ی بوترێ "ده‌وڵه‌ت" یان "حكومه‌ت" یان "حیزب". ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بیویستایه گفتوگۆ له گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و كاربه‌ده‌سته‌كانی بكا كه‌س دیار نه‌بو, كه‌س له شوێنی خۆی‌دا نه‌مابو تا قسه‌ی له گه‌ڵ بكا. ته‌نانه‌ت جه‌نه‌رالی خانه‌نشین گارنه‌ر و دوای ئه‌و سه‌فیر بریمه‌ر ئه‌گه‌ر بیویستایه "جه‌یش" یان "شورته" ی عیراق كۆ بكاته‌وه, ئه‌بو به رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن بانگیان بكا, رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنیش نه‌ما بو, سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له هه‌مو عیراق دا بنكه‌یه‌كی جه‌نگی یا سه‌ربازگه‌یه‌ك نه‌ما بو تێ‌ی‌دا كۆیان بكاته‌وه.
×
به‌راوردی سه‌ركردایه‌تی عیراق له گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شكاوی ئه‌ڵه‌مانیا و سه‌ركردایه‌تی شكاوی یابان, دوای بڕانه‌وه‌ی دوه‌مین جه‌نگی جیهانی, ده‌ری ئه‌خه‌ن كه سه‌ركرده‌كانی عیراق چه‌ند بێ په‌روا بون به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و چاره‌نوس و پاشه‌ڕۆژی گه‌لی عیراق. ئه‌گینا وه‌كو چۆن سه‌ركردایه‌تی جه‌نگی ئه‌ڵه‌مانیا و, سه‌ركردایه‌تی جه‌نگی یابان مانه‌وه و, به گیانی هه‌ستكردن به گیانی لیپرسراوێتی ره‌فتاریان له گه‌ڵ روداوه‌كان كرد, سه‌ركردایه‌تی شكاوی عیراقیش ئه‌مایه‌وه و به‌و جۆره ره‌فتاری ئه‌كرد.
له ئه‌ڵمانیا, هیتله‌ر خۆی كوشت. به‌ڵام جه‌نه‌راڵه‌كانی سپا مانه‌وه, گفتوگۆیان له گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هێزی هاوپه‌یمانه‌كان كرد, به‌ڵگه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانیان له گه‌ڵ ئیمزا كردن و, چونه زیندان چاوه‌ڕوانی دادگا بون. ئه‌یشیان زانی چاره‌نوسیان ره‌ش ئه‌بێ.
له یابان, ئیمپراتۆر مایه‌وه. جه‌نه‌راڵه‌كانی سپا مانه‌وه, گفتوگۆیان له گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هێزی هاوپه‌یمانه‌كان كرد, به‌ڵگه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانیان له گه‌ڵ ئیمزا كردن و, چونه زیندان چاوه‌ڕوانی دادگا بون. ئه‌یشیان زانی چاره‌نوسیان ره‌ش ئه‌بێ.
نه جه‌نه‌راڵه‌كانی ئه‌ڵه‌مانیا و نه جه‌نه‌راڵه‌كانی یابان نه‌یان هێشت داووده‌زگا حكومه‌تی‌یه‌كانی وڵاته‌كه‌یان هه‌ره‌س بهێنێ, و نه‌یان هێشت ئاژاوه و پشێوی بته‌نێته‌وه, به ئارامی وڵانه‌كه‌یان به ده‌سته‌وه دا.
جه‌نه‌راڵه‌كانی جه‌یشی عیراق, كه له دڕندایه‌تی‌دا به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ی خۆیان له دنیادا نمونه‌یان نه‌بو, جوامێری و ئازایه‌تی و شه‌ره‌فی سپایی جه‌نه‌راڵه‌كانی ئه‌ڵمانیا و یابانیان تێ‌دا نه‌بو, قوتاركردنی گیانی خۆیان و ئه‌و سامانه‌ی پێكیانه‌وه نا بو, به لایانه‌وه له پاشه‌ڕۆژی عیراق و چاره‌نوسی گه‌لی عیراق گرنگتر بو. ته‌نانه‌ت پیاوێكی وه‌كو وه‌زیری دیفاع, جه‌نه‌راڵ سولتان هاشم, كه ئه‌بو ئه‌و كاروبار بگرێته ده‌س, له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی به‌غداد هه‌مو له‌شی خۆی له گه‌چ گرتوه و, وه‌كو بریندارێكی په‌ككه‌وتو به "ئیسعافی مه‌ده‌نی" به‌ره‌و موسل بۆ خۆ شاردنه‌وه هه‌ڵات بو.
×
داته‌پینی عیراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵاتن و خۆشاردنه‌وه‌ی هه‌مو كاربه‌ده‌سته سیاسی و جه‌نگی و ئیداری‌یه‌كانی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی دروست كرد له هه‌مو بواره‌كانی ژیان دا: بۆشایی ئاسایش, بۆشایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی, بۆشایی سیاسی, بۆشایی له خزمه‌ته گشتی‌یه‌كانی كاره‌با, ئاو, ته‌له‌فۆن, پۆست, نه‌خۆشخانه, شاره‌وانی.. دا و, به دوی خۆی‌دا نائارامی و داته‌پینی ئاسایش و ترس و تۆقینی هێنا.
×
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه خۆیان ئه‌و بۆشاییه‌یان پڕ كرده‌وه كه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و, ئاسایش و, ژیانی سیاسی‌دا دوای روخانی به‌عس دروست بو, نه هێشتیان هیچ لایه‌نێكی عیراقی پڕی بكاته‌وه. به‌ڵكو تا چه‌ند مانگێ به‌ره‌ڵڵایان كرد. هێزه‌كانیان به بیانوی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان پۆلیس نین و سه‌ربازن خۆیان له كاروباری دابینكردنی ئاسایشی عیراق نه‌ئه‌گه‌یاند, ته‌نیا له خه‌می ئاسایشی خۆیان دا بون, كه‌چی به كرده‌وه ئه‌ركی پۆلیسیان به جێ ئه‌هێنا, نه‌ك ئه‌ركی سه‌رباز كه ته‌واو بوبو. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه. نه پۆلیس ئه‌ركی سه‌ربازی پێ هه‌ڵئه‌سوڕێ و نه سه‌رباز ئه‌ركی پۆلیسی پێ ئه‌نجام ئه‌درێ.
×
ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان, شاره‌زای مێژوی عیراق و جۆری پێكهاتنی و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بون. هێزه‌كانیان زۆر به ئاسانی گه‌یشتنه سه‌ر كه‌لاوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی داڕوخاو و, كه هاتنه ناو عیراقیشه‌وه توشی به‌ره‌نگاری‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بون. پێ‌یان وابو هه‌تا سه‌ر هه‌روا ئه‌مێنێ و ئه‌وان ئه‌توانن, وه‌كو خۆیان ئه‌یانه‌وێ, عیراق دابمه‌زرێننه‌وه.
ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان, بایی بون و گوێ‌یان له سه‌رانی كورد و سه‌رانی موعاره‌زه‌ی عیراقی نه‌ئه‌گرت. ته‌نانه‌ت ئاماده نه‌بون گوێ له هاوپه‌یمانه‌كانیشیان بگرن به تایبه‌تی له بریتانی‌یه‌كان. له ناو خۆیشیان دا ناكۆك بون. پلانی روخاندنی صه‌دامیان هه‌بو به‌ڵام پلانی جۆری به‌ڕێوه‌بردنی عیراقی دوای صه‌دامیان نه‌بو. پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و سیا, هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عیراق سیناریۆی جیاوازی تایبه‌تی خۆی هه‌بو. له سه‌ر یه‌ك سیناریۆ رێك نه‌كه‌وتبون. كاریان له یه‌كتری تێك ئه‌دا. كاره‌كانیان زۆرتر كاردانه‌وه بو تا كاری نه‌خشه بۆ كێشراو.
×
سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان, كه به ناو بۆ ئازادكردنی گه‌لی عیراق هاتبون, بون به نمونه‌یه‌كی زۆر دزێوی داگیركه‌ر, كه‌وتنه ئه‌وپه‌ڕی به‌دره‌فتاری له گه‌ڵ خه‌ڵكی عیراق و, له سه‌رجاده‌كان به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه سوكایه‌تی‌یان به هاووڵاتی ئاسایی ئه‌كرد و, كه ئه‌یشیان گرتن به جۆرێ ره‌فتاریان له گه‌ڵ ئه‌كردن گیراوه‌كه, دوای به‌ردانی, شه‌رمی له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆی ئه‌كرد.
×
ئه‌مه‌ریكا له كاتێك دا هه‌مو رۆژێ سنوری ده‌ریایی و وشكایی و ئاسمانی خۆی له روی هاتوچۆكه‌ران دا كونبڕ و قایمتر ئه‌كرد. سنوره‌كانی عیراقی ئه‌كرده‌وه و هه‌مو بازگه‌كانی ناوشار و سه‌رجاده‌كانی عیراق, به‌وانه‌ی كوردستانیشه‌وه, هه‌ڵ ئه‌گرت و, هاتنی بۆ ناو عیراق له سه‌رانسه‌ری دنیاوه ئازاد كرد.
×
جه‌یشی عیراق و حه‌ره‌سی جمهوری و داووده‌زگاكانی ئه‌من و موخابه‌رات و فیدائی و حیزب به ژماره به‌ره‌وژوری یه‌ك ملیۆن موچه‌خۆر بون. دوای روخانی صه‌دام ئه‌وانه هه‌مو بێكار و بێ موچه مانه‌وه. زۆری ئه‌وانه مه‌شقی سه‌ربازی‌یان كرد, هه‌ندێكیان له شه‌ڕی ناوخۆدا دژی پیشمه‌رگه‌ی كورد و دژی چه‌كداری شیعه‌دا و له شه‌ڕدا دژی ئێران و كوه‌یت و ئه‌مه‌ریكا... به‌شدار بون و, شاره‌زای به‌كارهێنانی چه‌ك و تاكتیكه‌كانی په‌لاماردانی ماڵان و بۆسه‌نانه‌وه و چاندنی مین... بون. مانه‌وه‌یان بێكار و بێ موچه, زه‌مینه‌ی له ناودا خۆش ئه‌كردن باندی چه‌كدار دروست بكه‌ن. هه‌ندێكیان دزی و جه‌رده‌یی بكه‌ن و, هه‌ندێكیشیان به ناوی "مقاوه‌مه‌ی داگیركه‌ر"ه‌وه خۆیان رێك بخه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه, صه‌دام به‌ر له روخانی, ده‌یان هه‌زار "تاوانكاری پیشه‌یی" به‌خشی و له زیندان به‌ره‌ڵای كردن, به ناوی "جیهاد" یشه‌وه دژی ئه‌مه‌ریكا رێ‌ی به هه‌زاران عه‌ره‌بی توندڕه‌و دا بێنه ناو عیراقه‌وه.
×
سنوره‌كان بێ چاودێری و پاسه‌وان به‌ره‌ڵا كران. له سه‌رانسه‌ری دنیاوه دوژمنانی ئه‌مه‌ریكا و دوژمنانی عیراق و دوژمنانی دیمۆكراسی رژانه ناو عیراقه‌وه. هه‌ل هه‌ڵكه‌وت ده‌زگا مه‌خابه‌راتی‌یه‌كان به ئاره‌زوی خۆیان له سه‌رانسه‌ری وڵات دا ته‌راتێن بكه‌ن.
ئازادی ته‌واو درا به به‌عسی‌یه‌كان, حیزبی‌یه‌كان و ئه‌فسه‌رانی جه‌یش و حه‌ره‌سی جمهوری و فیدائی‌یانی صه‌دام و داووده‌زگا ئه‌منی‌یه‌كان خۆیان رێك بخه‌نه‌وه.
ئازادی ته‌واو درا به جوڵانه‌وه دینی‌یه "ئوسولی"یه توندڕه‌وه‌كانی سوننی و شیعی خۆیان رێك بخه‌ن و, ده‌س به سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاره‌كان دا بگرن.
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دۆست و دوژمنیان له یه‌ك جیا نه‌ئه‌كرده‌وه, به‌وپه‌ڕی مه‌غروری و ترسه‌وه ره‌فتاریان له گه‌ڵ هاووڵاتی عیراقی ئه‌كرد.
×
حه‌فته ئه‌هات و حه‌فته ئه‌ڕۆیشت, مانگ ئه‌هات و مانگ ئه‌ڕۆیشت, خه‌ڵك به هیوا بون ئه‌م حه‌فته‌یه نت حه‌فته‌كه‌ی تر و ئه‌م مانگه نا مانگه‌كه‌ی تر, ئاسایش باشتر و ژیانیان خۆشتر ئه‌بێ. چه‌ند حه‌فته و چه‌ند مانگ تێ په‌ڕی, بار‌و دۆخی ئاسایش و ژیان تا ئه‌هات خراپتر ئه‌بو.
زیاتر له نیوه‌ی هێزی كاری دانیشتوانی عیراق بێكار بو. له ناصریه, عه‌ماره, نه‌جه‌ف, به‌غداد... بێكاره‌كان خۆپیشاندانیان ئه‌كرد. سنگیان ئه‌نا به گولله‌وه داوای كاریان ئه‌كرد. له گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمان و پۆلیس دا ئه‌بو به شه‌ڕیان و لێ‌یان ئه‌كوژرا.
كاره‌بای به‌غداد هه‌ر پچڕ پچڕ و به ناته‌واوی مایه‌وه. زۆری شه‌قام و ماڵه‌كان به شه‌و له تاریكی‌دا نقوم ئه‌بون.
تۆڕی ته‌له‌فۆنی ناو به‌غداد پێكه‌وه نه‌ئه‌به‌سترایه‌وه و, به‌غداد و شاره‌كانی تری عیراق نه‌یان ئه‌توانی پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ن.
به‌رید نه‌ما بو.
هاتوچۆی ئاسمانی نێوان عیراق و دنیا بۆ هاووڵاتی ئاسایی نه‌بو.
رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی سه‌رتاسه‌ری عیراق و قه‌ناتی ئاسمانی جێگه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵك دانه‌مه‌زرا. "شبكة الاعلام العراقي" لای "وه‌رگری هه‌واڵ" جێگه‌ی خۆی نه‌كرده‌وه. گرنگترینی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بۆ هاووڵاتی عیراقی هه‌ر قه‌ناته‌كانی: الجزیرة, العربية, العالم... بو.
گه‌نده‌ڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و دارایی له جاران زیاتر داووده‌زگاكانی حكومه‌تی داڕزاند بو.
×
سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی زیاتر له خه‌می ئاسایشی گیانی خۆیان دا بون تا ئاسایشی خه‌ڵكی عیراق. سه‌ره‌تا كه هاتنه ناو عیراقه‌وه رێگه‌یان له تاڵانكردنی داووده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی عیراق نه‌گرت به بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان "سه‌رباز" ن نه‌ك "پۆلیس" به‌ڵام دواتر هه‌مو كاره‌كه‌یان هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی "پۆلیس" بن نه‌ك "سه‌رباز". بێگومان ئه‌ركه‌كانی پۆلیس و سه‌رباز دو ئه‌ركی جیاوازن و, كه‌سیان ناتوانێ ببێته "بدیل" ی ئه‌وی تریان.
ئاسایشی به‌غداد و عیراق رۆژ به رۆژ زیاتر ئه‌شێوا. نه‌یاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا باشتر خۆیان رێك ئه‌خست و چالاكی زۆرتر و كاریگه‌رتریان ئه‌نواند و, ده‌ستی توندتریان ئه‌وه‌شاند. دراوسێكانی عیراق پێ‌یان خۆش بو ئه‌مه‌ریكا له عیراق دا شكست بخوا.
×
دوژمنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ره‌تا به هه‌ندێ كاری پچوك ده‌ستیان پێ كرد: چاندنی مین له سه‌ر رێگاكان, په‌لاماردانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی, نانه‌وه‌ی بۆسه, هاوه‌ن هاویشتن بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گا جه‌نگی‌یه‌كان. زۆر له‌م كارانه وه‌كو تۆڵه كردنه‌وه‌ی ته‌نیایی و خێڵه‌كی دژی ره‌فتاری خراپی ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان و, چالاكی رێكنه‌خراو و له یه‌ك دابڕاو و سه‌ربه‌خۆ ئه‌هاته به‌رچاو. سه‌ره‌تا ئه‌درایه پاڵ پاشماوه‌كانی به‌عس, ئینجا قاعیده و عه‌ره‌بی وڵاتانی تر و, جوڵانه‌وه دینی‌یه سه‌له‌فی‌یه‌كان. چونكه عیراق خۆی داووده‌زگای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری نه‌بو, ئه‌وانه‌ش كه ئه‌گیران ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان خۆیان ئه‌یانگرتن و خۆیان لێكۆڵینه‌وه‌یان له گه‌ڵ ئه‌كردن و, زانیاری‌یه‌كان لای ئه‌وان كۆ ئه‌بوه‌وه, نه‌ك له لای ده‌زگا حكومه‌تی‌یه‌كانی عیراق, بۆیه كاربه‌ده‌ستانی عیراقی بێ ئاگا بون له‌و هێزانه‌ی له پشت ئه‌و كاره تێڕۆڕیستی‌یانه‌وه‌ن.
هێرشه‌كان تا ئه‌هاتن گه‌وره‌تر ئه‌بون: په‌لاماردانی باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان, په‌لاماردانی باره‌گای خاچی سور, سه‌فاره‌ته‌كانی ئوردون و توركیا, كوشتنی حه‌كیم... زۆری ئه‌م كارانه‌ش به تاكتیكێكی نوێ و ته‌كنیكی نوێ جێبه‌جێ ئه‌كران, كه پیش‌تر باو نه‌بوه له ناو كاری باڵه جیاوازه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی‌یه عیراقی‌یه‌كان دا.
به‌رهه‌ڵستی و لێدانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی پێ كرد. ئه‌مه‌ریكا به توندی ئه‌چوه‌وه به گژ دوژمنێكی نادیار و نه‌ناسراودا. جارێ تاوانه‌كانی ئه‌دایه پاڵ پاشماوه‌كانی صه‌دام و جارێك قاعیده... له‌و لایشه‌وه كه‌س خۆی نه‌ئه‌كرد به خاوه‌نی, ئۆباڵی كاره‌كانی نه‌ئه‌گرته ئه‌ستۆ.
×
سه‌رنجدان له هێرشه‌كان و, لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر یه‌كه‌یان به جیا و هه‌مویان پێكه‌وه له ناو یه‌ك چوارچێوه‌دا, ئه‌یان سه‌لماند: ئه‌وانه‌ی پلانی كاره‌كان دائه‌نێن و ئه‌وانه‌ی جێبه‌جێ‌ی ئه‌كه‌ن, ئاگاداری‌یه‌كی زۆریان له زانیاری ورد و راست و, شاره‌زایی‌یه‌كی پیشه‌یی‌یان له ته‌كنیكی ساپۆتاج و تاكتیكه‌كانی جه‌نگ دا هه‌یه و, عه‌قڵێكی شه‌یتانی‌ی بلیمه‌تی له پشته‌وه‌یه.
به كورتی بریتین له:
×
- به كارهێنانی خۆكوژ و ئوتوموبیلی بۆمبدار بۆ:
په‌لاماردانی رێكخراوه ناوده‌وڵه‌تی‌یه‌كان و سه‌فاره‌ته‌كان, په‌لاماردانی بنكه و باره‌گاكانی هێزه‌كانی ئاسایش, په‌لاماردانی شیعه, په‌لاماردانی كورد, په‌لاماردانی مه‌سیحی....
- رفاندن بۆ:
پاره‌كێشانه‌وه, بۆ تۆقاندنی كۆمپانیاكانی بێگانه, بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی فره‌نه‌ته‌وه, بۆ تۆقاندنی مرۆڤ...
- ساپۆتاج (خراپكردن) بۆ:
خراپكردنی لوله‌كانی نه‌وت, ته‌قاندنه‌وه‌ی باربه‌ری ده‌ریایی گوێزانه‌وه نه‌وت, خراپكردنی كاره‌با
- كوشتن
په‌لاماردانی گه‌وره‌كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت, كه‌سایه‌تی و سیاسی, مامۆستاكانی زانكۆ, دیپلۆماتی وڵاتان...
- په‌لاماردانی باره‌گای رێكخراوه سیاسی‌یه‌كان
- كاری جه‌نگی:
چاندنی مین, بۆسه نانه‌وه, بۆمباران به هاوه‌ن, به‌ردانه‌وه‌ی كۆپته‌ر
×
سه‌رنجدان له‌م كاره تێڕۆڕیستی‌یانه ده‌ری ئه‌خه‌ن ئه‌مانه ئه‌یانه‌وێ له عیراق دا:
یه‌كه‌م, شه‌ڕی ناوخۆی نێوان عه‌ره‌ب و عه‌ره‌ب, عه‌ره‌ب و كورد, كورد و كورد, كورد و توركومان, شیعه و شیعه, سونه و سونه, سونه و شیعه, موسوڵمان و مه‌سیحی, هه‌ڵبگیرسێ.
دوه‌م, هیچ جۆره ئارامی‌یه‌كی سیاسی, ئابوری, كۆمه‌ڵایه‌تی, تێ‌دا جێگیر نه‌بێ.
سێیه‌م, هیچ جۆره داووده‌زگایه‌كی ده‌وڵه‌تی تێ‌دا دروست نه‌بێ.
چواره‌م, سه‌ره‌نجام هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ناچار بكه‌ن له عیراق هه‌ڵێن و, عیراق بكه‌ن به "جه‌نگه‌ڵێكی دواكه‌وتوی تاریك" خۆیان حوكمی بكه‌ن و, بیكه‌ن به بنكه‌یه‌كی جیهانی‌ی "جیهاد" دژی "یه‌هود و نه‌صارا".
×
پرسیار:
نائارامی له عیراق دا تاكه‌ی درێژه ئه‌كێشێ؟
ئاخۆ زیاد ئه‌كا, یا چاره‌سه‌ر ئه‌كرێ؟
ئه‌گه‌ر نائارامی له عیراق دا به‌رده‌وام بو, یان زیادی كرد, كوردستان چۆن ئه‌توانێ خۆی له ته‌شه‌نه كردنی ئه‌و په‌تا كوشنده‌یه بپارێزێ؟
تكایه وه‌ڵامه‌كه‌ت لێره‌دا بنوسه