كێ ئه‌زانێ له عیراق چه‌ند كه‌س كوژراوه؟
له سه‌رده‌می صه‌دام حسێن دا چه‌ند كه‌س كوژراوه؟
دوای روخانی صه‌دام چه‌ند و, تا ئیستا رۆژانه چه‌ند كه‌س ئه‌كوژرێن؟
كوژراوه‌كان كێن و كێ ئه‌یان كوژێ و بۆچی ئه‌یان كوژن؟
كوژراوه‌كان كێن؟
كوشتن هه‌مو توێژ و چینه‌كانی كۆمه‌ڵ و, هه‌مو لایه‌نه سیاسی‌یه‌كانی گرتۆته‌وه له ناو كوژراوه‌كان دا هاووڵاتی ئاسایی, زانای فیزیا و كیمیا, مامۆستای زانكۆ, مه‌لای سونی و شیعی, گه‌وره‌كاربه‌ده‌ستی حكومه‌ت, به‌ڵێنده‌ر, شۆفێر, كرێكاری بێگانه, به‌عسی, كورد, عه‌ره‌ب, توركومان, كلدۆئاسوری, مه‌ندائی... تێ‌دایه.
كێ له شیعه باقر حه‌كیم و عیزه‌دین سه‌لیم و به‌رپرسه‌كانی رێكخراوی به‌در و, له سونه سامیر زاری ئه‌كوژێ؟
كێ زاناكان و مامۆستاكانی زانستگه‌كان ئه‌كوژێ؟
كێ هه‌وڵی كوشتنی وه‌زیره‌كان و پارێزگاره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌كان ئه‌كوژێ؟
كێ كرێكار و شۆفێری بێگانه كه خۆراك و سوته‌مه‌نی و پێویستی‌یه‌كانی ژیان ئه‌گوێزنه‌وه بۆ عیراق, كێ ئه‌مانه ئه‌كوژێ؟
كێ به‌ڵێنده‌رانی بێگانه, كه هاتون بۆ به‌شداربون له ئاواكردنه‌وه‌دا, ئه‌كوژێ؟
كێ له موسل, به‌عقوبه, كه‌ركه‌ك, جه‌له‌ولا, سامه‌ڕا.. كورد ئه‌كوژێ و, له فه‌لوجه و سامه‌ڕا و حه‌ویجه و بێجی ده‌ریان ئه‌كا؟
كێ قازانج له‌م كوشتنانه ئه‌كا و مه‌به‌ستی بكوژه‌كان چیه؟
ئه‌شێ قوربانی‌یه‌كان بكرێن به دو پۆله‌وه:
پۆلی یه‌كه‌م, ئه‌وانه‌ن به‌ر "ره‌شه‌كوژی" ئه‌كه‌ون, لایه‌نی بكوژ گوێ ناداته ئه‌وه‌ی كێ ئه‌كوژرێ, ئه‌وه‌ی پێ گرنگه زۆرترین ژماره بكوژێ. وه‌كو كوشتاری رۆژی عاشورای كازمیه و كه‌ربه‌لا, كوشتاری ناو باره‌گاكانی یه‌كێتی و پارتی له هه‌ولێر, كوشتاره‌كانی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئوتوموبیله بۆمبداره‌كان, بۆمبارانی هاوه‌نی...
پۆلی دوه‌م, ئه‌وانه‌ن كه ده‌س نیشان ئه‌كرێن و, ئه‌كرێن به نیشانه بۆ كوشتن له ناو كه‌سایه‌تی حكومه‌تی, سیاسی, زانستی, دینی, كۆمه‌ڵایه‌تی, هونه‌ری‌دا... هه‌ڵئه‌بژێردرێن. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره كوشتنه جۆرێ له پیلان گێڕان و پلان دانانی تێ‌دایه و بۆ كه‌سێكی دیاریكراوه, به عه‌ره‌بی "إغتیال" و به ئینگلیزی "assassination" ی پێ ئه‌ڵێن. به كوردی ناوێكی دیاریكراوی نیه.
بكوژه‌كان كێن؟
هێشتا له عیراق دا داووده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش و داد به ته‌واوی دانه‌مه‌زراون و, نه‌كه‌وتونه‌ته سه‌ر به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیان, نهێنی‌یه‌كانی زۆر روداو به هه‌ڵنه‌هێنراوی ماوه‌ته‌وه. له پاشه‌رۆژدا ره‌نگه هه‌ندێكی بدۆزرێته‌وه به‌ڵام ره‌نگه هه‌ندێكی به ته‌واوی ون ببێ و, شوێنه‌واری نه‌مێنێ. ئه‌وه‌ی ئیستا ئه‌وترێ و لێره‌دا ئه‌نوسرێ زۆری بیستن و لێكدانه‌وه‌یه, نه‌ك ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌سمی.
هه‌ڵسه‌نگاندنی روداوه‌كان و شیكردنه‌وه‌ی یه‌كه یه‌كه‌ی كاره‌كان, ده‌ری ئه‌خه‌ن بكوژه‌كان یه‌كێك و یه‌ك لایه‌ن نین. كه‌س و لایه‌نی جۆراوجۆرن. زۆر جار هیچ لایه‌نێ خۆی ناكا به هه‌ڵگری باری لێپرسراوێتی كوشتنه‌كه, بكوژ نه‌ناسراوه, ئه‌بێ به جۆری كاره‌كه و شێوه‌ی كاره‌كه و هۆی كاره‌كه‌دا بناسرێته‌وه. به‌م پێ‌یه بكوژه‌كانی كه ئیستا له عیراق دا خه‌ڵك ئه‌كوژن, ئه‌مانه هه‌ندێكیانن:
1. جه‌ماعه‌تی ته‌وحید و جیهاد, كه به جه‌ماعه‌تی زه‌رقاوی ناسراون, خۆیان ئۆباڵی كوشتنی هه‌ندێ له قوربانی‌یه‌كانیان گرتۆته ئه‌ستۆ, له‌وانه: كوشتنی محه‌مه‌د باقیر حه‌كیم, سه‌رۆكی مه‌جلیسی ئه‌علای سه‌وره‌ی ئیسلامی. عیزه‌دین سه‌لیم, سه‌رۆكی نۆره‌یی مه‌جلیسی حوكم. ئوسامه كه‌شموله, پارێزگاری موسل... له پاڵ ئه‌وه‌دا ئۆباڵی زۆر له "ره‌شه‌كوژی" یه‌كانیشیان گرتۆته ئه‌ستۆ به تایبه‌تی له‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كه به خۆكوژ و ئوتوموبیلی بۆمبدار دژی بنكه‌كانی پۆلیس و پاسه‌وانی نیشتمانی و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن. له‌مه‌یان دا كه‌سایه‌تی‌یه‌ك به تایبه‌تی هه‌ڵنابژێرن بۆ كوشتن به‌ڵكو كوێرانه خه‌ڵك ئه‌كوژن.
2. پاشماوه‌كانی به‌عس, به‌عسی‌یه‌كان خۆیان رێك خستۆته‌وه. تاقمی كوشتن‌یان دروست كردوه. ئه‌و به‌عسی‌یانه‌ی, بێ ره‌زامه‌ندی و ئاگاداری ئه‌وان, كه هاوكاری له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكی و حكومه‌تی عیراق ئه‌كه‌ن ئه‌یانكوژن, له‌وانه: عه‌قیله هاشمی ئه‌ندامی مه‌جلیسی حوكم, به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه, به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له وه‌زاره‌تی دیفاع, وه‌كیلی وه‌زیری ناوخۆ, سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی...
به‌ڵگه‌یه‌ك به ده‌سته‌وه نیه بۆ نوساندنی تاوانه‌كه به‌وانه‌وه به‌ڵام زۆر له‌وانه‌ی كوژراون "گه‌فنامه" یان له به‌عسی‌یه‌كانه‌وه بۆ چوه و, ئه‌و واته‌واته له فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت دا باوه.
3. ده‌زگا موخابه‌راتی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه, زاناكان و مامۆستاكانی زانكۆ كه ئه‌كوژرێن, تاوانه‌كه ئه‌درێته پاڵ هه‌ندێ له ده‌زگاكانی موخابه‌راتی بێگانه به تایبه‌تی مۆسادی ئیسرائیلی.
له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا زیاتر له هه‌زار زانا و مامۆستای زانكۆ عیراقیان به جێ هێشتوه و به وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا بڵاو بونه‌ته‌وه.
4. تۆڵه‌ی ته‌نیا و تۆڵه‌ی رێكخراو
دوای روخانی به‌عس, زۆر كه‌س به هیوا بون به زویی دادگای قانونی دابمه‌زرێ و, ئه‌وانه‌ی له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی به‌عسه‌وه ئازار دراون یا زه‌ره‌ریان لێ كه‌وتوه په‌نای بۆ ببه‌ن و له رێگه‌ی قانونه‌وه, مافی خۆیان وه‌ربگرن. به‌ڵام ئه‌وه نه‌بو له به‌ر ئه‌وه بیریان له‌وه كرده‌وه خۆیان سزای دوژمنه‌كانیان بده‌ن و تۆڵه‌یان لێ بكه‌نه‌وه. ئه‌ویش دو جۆره:
جۆرێكیان, تۆڵه‌ی شه‌خسی‌یه, به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی زۆری به‌ڵگه‌كانی حكومه‌ت و حیزبی به‌عس و داووده‌زگاكانی داپڵۆسین و سه‌ركوتكردن كه‌وته ده‌س خه‌ڵك و بڵاو بوه‌وه. زۆر له‌وانه‌ی كه‌سوكاریان كوژرا بو, یا خۆیان ئازاردرا بون, بۆیان ئاشكرا بو كێ ئه‌وه‌ی به سه‌ر هێناون. هه‌ندێكیان تۆڵه‌یان لێ كردنه‌وه.
جۆره‌كه‌ی تریان, هه‌ندێ رێكخراو و لایه‌نی سیاسی كه نا‌ئومێد بون له دامه‌زرانی زوی دادگا و له گرتن و لێپرسینه‌وه‌ی تاوانكارانی به‌عسی, خۆیان ده‌سته‌ی تایبه‌تی‌یان دروست كرد بۆ كوشتنی به‌عسی‌یه تاوانباره‌كان.
بۆ رێگرتن له‌م جۆره كارانه كه ئه‌بێ به هۆی قوڵكردنه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی و ناكۆكی و پشێوی و ترس له ناو كۆمه‌ڵ دا, به‌رزترین مه‌رجه‌عی شیعه له نه‌جه‌ف, سه‌ید عه‌لی سیستانی, له وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك دا چه‌ند وه‌ڵامێكی نوسی‌یه‌وه كه به فتوا ئه‌ژمێردرێن و تا راده‌یه‌ك سنوری بۆ په‌ره‌سه‌ندنی دانا.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیان دا كه ئاخۆ رێ ئه‌درێ كه‌سێ, كه به ده‌می خۆی دان به‌وه‌دا بنێ كه ده‌ستی هه‌بوه له كوشتنی بێ‌تاوان دا, بكوژرێته‌وه؟ له وه‌ڵام دا ئه‌ڵێ بۆ كه‌س نیه بیكوژێ ته‌نانه‌ت وه‌لی‌یه‌كانی كوژراوه‌كه‌ش ته‌نیا قازی شه‌رعی له دادگایه‌كی شه‌رعی‌دا بۆی هه‌یه حوكمی ئیعدامی بدا.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی ترا ئاخۆ كه‌سێ كه ئه‌ندامێكی گرنگ بوبێ له حیزبی به‌عس یا له هاوكارانی ده‌زگا ئه‌منی‌یه‌كان بوبێ به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بكوژرێ؟ له وه‌ڵام دا ئه‌ڵێ به‌س نیه ئه‌بێ بدرێته دادگا.
ده‌رباره‌ی به‌ڵگه‌كانی كه‌وتبونه ده‌س خه‌ڵك و ناوی ژماره‌یه‌كی زۆر له راپۆرتنوس و جاسوس و ئه‌وانه‌ی بون به هۆی كوشتن و گرتن و ئازاردان و راونانه‌وه تێ دا ئاشكرا بو, داوا ئه‌كا له سه‌ر ئه‌وه كه‌س سزا نه‌درێ, له شار ده‌رنه‌كرێ, ته‌نانه‌ت "ته‌شهیر" یان پێ نه‌كرێ به‌ڵكو بدرێنه‌وه به ده‌زگا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان. بۆ هه‌مو به لادا خستنی هه‌مو كێشه‌كان داوا ئه‌كا چاوه‌ڕێ بن تا دادگا دائه‌مه‌زرێ.