رۆژ نیه له عیراق كارێكی تێڕۆڕیستی رو نه‌دا.
كوشتن, ته‌قاندنه‌وه‌ی ئوتوموبیل, رفاندنی عیراقی و ناعیراقی, بۆسه نانه‌وه, چاندنی مین, تێكدانی دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان... بۆته روداوی رۆژانه.
صه‌دام حسێن هێشتا نه‌ڕوخا بو "لێبوردنی گشتی" بۆ هه‌مو تاوانكاره‌كانی عیراق ده‌ركرد, ئه‌وانه ده‌یان هه‌زار كه‌س بون.
سنوری عیراقی كرده‌وه, رێگه‌ی دا به "موجاهیدین" ی عه‌ره‌ب بێنه عیراقه‌وه بۆ شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا. به هه‌زاران هاتن.
سه‌دان هه‌زار كه‌سی چه‌كدار كرد, به‌ر له هه‌ڵگیرسانی دوایین جه‌نگ عیزه‌ت دوری له كۆبونه‌وه‌ی سه‌رانی عه‌ره‌ب دا كه له گه‌ڵ نوێنه‌رانی كوه‌یت دا كردی به شه‌ڕه‌جوێن, وتی: "6 ملیۆن چه‌كیان به سه‌ر خه‌ڵكی عیراق دا دابه‌ش كردوه.."
دوای روخانی به‌عس, هێزه چه‌كداره‌كان به هه‌مو جۆره‌كانیه‌وه جه‌یش و پۆلیس و داووده‌زگا ئه‌منی‌یه‌كان, وه‌زاره‌ته‌كانی: دیفاع, داخلیه, ئیعلام, تصنیعی عه‌سكه‌ری روخا و بڵاوه‌یان لێ كرد.
تێڕۆڕ و دڕندایه‌تی
محه‌مه‌د ره‌عد, رفێنراوێكی لوبنانی له عیراق دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لوبنان, هه‌ندێ روداوی گێڕاوه‌ته‌وه كه به چاوی خۆی دیونی. محه‌مه‌دیان بردۆته ژورێكه‌وه له سوچێكی ژوره‌كه‌دا به‌ستویانه‌ته‌وه. ئینجا یه‌كێكیان هێناوه, شۆفێرێكی میصری بوه, له به‌رچاوی ئه‌و به كێردێكی گه‌وره سه‌ریان بڕیوه. پێش ئه‌وه‌ی بیكوژن ویستویه‌تی شایه‌تمان بێنێ زمانیان بڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ شایه‌تمان بێنێ. تا ئه‌وه ببێته په‌ند بۆ هه‌مو عه‌ره‌بێك و بێگانه‌یه‌ك كه دێنه عیراق.
ئه‌وانه‌ی ئه‌یانه‌وێ پاكانه بۆ عیراقی بكه‌ن و تاوان و دڕندایه‌تی لێ دور بخه‌نه‌وه و كاری دڕندانه به ته‌نیا بده‌نه پاڵ عه‌ره‌بی ناعیراقی به هه‌ڵه‌دا چون. وڵاتێ پیاوی وه‌كو صه‌دامی تێ‌دا هه‌ڵكه‌وتبێ ئه‌توانێ كه‌سانی له‌و دڕنده‌تر په‌روه‌رده بكا. بۆ نمونه صه‌دام:
جه‌نه‌راڵ عومه‌ر هه‌زاع تكریتی له سه‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی به دایكی وت بو, گرت و به زیندویه‌تی زمانی بڕی و كوشتی ئینجا خانوه‌كه‌ی به سه‌ردا روخان.
سه‌گی برسی به‌ردایه دكتۆر راجی تكریتی به زیندویه‌تی پارچه پارچه‌یان كرد و خواردیان.
جه‌نه‌رال فازیل به‌ڕاك, كه یه‌كێ له پیاوه هه‌ره خوێنڕێژه‌كانی مێژوی عیراقه و, ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌رپرسی ده‌زگای ئه‌من و دواتر موخابه‌رات بو و بۆ پاراستنی ریژیمه‌كه‌ی صه‌دام هه‌زاران كه‌سی له هێزه سیاسی‌یه‌كان كوشت بو, دوای برسی كردن له ناو قه‌فه‌زێك دا به كه‌ساسی هێنایه به‌رده‌م خزمه‌كانی, لێ‌ی پرسین ئه‌گه‌ر یه‌كێ خیانه‌ت له شۆڕش بكا شایانی چیه؟ هه‌مو وتیان كوشتن. وتی ئه‌وه‌تا بیكوژن و كوشتیان.
جه‌نه‌رال بارق حاجی حینته, كه یه‌كێ له ئه‌فسه‌ره خوێنڕێژه‌كانی جه‌یشی عیراق بو, دوای كشانه‌وه‌ی له كوه‌یت, گرتی و به‌ستیه‌وه به دارخورمایه‌كه‌وه به ده‌ستی خۆی به قه‌مه ورگی دڕی.
وڵاتێ 35 ساڵ پیاوێكی وا حوكمی كردبێ هه‌زاران صه‌دامی پێ گه‌یاندوه. ئه‌وه‌ی زمانی كابرای به سزمانی میصری بڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ شایه‌تمانه‌كه‌ی ته‌واو بكا و ئینجا به كێرد سه‌ری برَیوه یه‌كێكه له‌وانه.
هه‌ڵه‌ی ئه‌مه‌ریكی
هێزی ئه‌مه‌ریكی كه گه‌یشته عیراق, جه‌یش و پۆلیسی عیراقی بڵاوه‌یان لێ كردبو. كاربه‌ده‌ستانی سنور و پۆلیسه‌كانی شوێنه‌كانی خۆیان به جێ هێشت بو. هیچ هێز و ده‌زگایه‌كی عیراقی له دیوی عیراق دا نه‌ما بو چاودێری سنور بكا و, هاتن و ده‌رچون رێك بخا. ئه‌مه‌ریكا خۆیشی نه‌ك هه‌ر سنوره‌كانی دانه‌خست و نه‌گرت به‌ڵكو هاتوچۆی ئازاد كرد و گومرگی هه‌ڵگرت. كه هێزه‌كانی عیراقیشی رێك خسته‌وه هه‌ر رێ‌ی نه‌دا سنوره‌كان بگرن, به كراوه‌یی مایه‌وه. هه‌مو كه‌س ئه‌یتوانی عیراق به جێ بهێڵێ و ئه‌یتوانی بێته ناو عیراقه‌وه. له سه‌رانسه‌ری دنیاوه دوژمنانی ئه‌مه‌ریكا رژانه عیراقه‌وه.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا رێكخراوێكی سیاسی – دینی‌ی بنچینه‌وانی توندڕه‌و دروست كرا به ناوی هه‌یئه‌تی عوله‌مای موسلمین "هیئة علما‌ء المسلمین" ه‌وه كه‌وته چالاكی و, یه‌كه‌مین وتاری نوێژی هه‌ینی دوای داگیركردنی عیراق له مزگه‌وتی ئه‌بو حه‌نیفه له به‌غداد ئه‌حمه‌د كوبه‌یسی, كه یه‌كێ له دامه‌زرێنه‌ره‌كانی بو, خوێندیه‌وه. هێرشێكی سه‌ختی كرده سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و داوای له خه‌ڵك كرد به‌رگری بكه‌ن.
ژماره‌یه‌كی زۆر له مه‌لاكانی سوننه كه به توندڕه‌وی دینی‌ی و نه‌ته‌وه‌یی ناسرا بون و, هه‌ندێكیان ده‌سنده‌خۆر و ستایشكه‌ری صه‌دام بون له‌م هه‌یئه‌ته كۆبونه‌وه. دواتر بون به سه‌رپۆشی "شه‌رعی و دینی" به‌رگری چه‌كدار دژی ئه‌مه‌ریكا. ئه‌مانه له دوانگه‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه و له قه‌ناته ئاسمانی‌یه‌كانه‌وه به ئاشكرا دژی ئه‌مه‌ریكا ئه‌دوان, داكۆكی‌یان له‌وانه ئه‌كرد كاری تێڕۆڕیستی‌یان ئه‌نجام ئه‌دا و خه‌ڵكیان هان ئه‌دا توندوتیژی به كار بهێنن.
ئه‌مه‌ریكا نه‌خۆی هیچ كارێكی كاریگه‌ری كرد بۆ راگرتنی جموجوڵه‌كانی ئه‌مانه و نه رێ‌ی ده‌زگاكانی عیراقی ئه‌دا رێ‌یان لێ بگرێ.
دوای هاتنی ئه‌مه‌ریكا, عیراق كرایه‌وه بۆ هۆكانی راگه‌یاندن, سه‌تالایت, دانانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن, ده‌رچونی رۆژنامه, ئازاد كرا. وه‌زاره‌تی ئیعلام هه‌ڵوه‌شێنرابوه‌وه و قانونێكی دیاریكراو نه‌بو كاروباری راگه‌یاندن رێك بخا. قه‌ناته ئاسمانی‌یه‌كان عه‌ره‌بی و ناعه‌ره‌بی بنكه و باره‌گایان دانا.
قه‌ناته عه‌ره‌بی‌یه‌كانی جه‌زیره, عه‌ره‌بیه, ئه‌بو زه‌بی, عاله‌م, مه‌نار, موسته‌قیله... كه دژی ئه‌مه‌ریكا و هه‌مو ئه‌وانه بون ره‌فتاریان له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئه‌كرد به ئاشكرا پشتیوانی‌یان له تێڕۆڕیسته‌كان ئه‌كرد و, بون به هۆیه‌كی گرنگی پرۆپاگانده و بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكی و هه‌ڵوێست و بیروبۆچونه‌كانیان.
ئه‌مه‌ریكا هیچ رێگری‌یه‌كی له‌م قه‌ناتانه و له په‌یامنێره‌كانیان نه‌كرد. رێگه‌ی نه‌دا به ده‌زگا عیراقی‌یه‌كانیش هیچ كارێ به‌رامبه‌ر به‌م ده‌زگایانه بكا كه له سنوری "بێلایه‌نی" و "پیشه‌یی رۆژنامه‌وانی" ده‌رچوبون. ته‌نانه‌ت كه "مه‌جلیسی حوكم" ویستی بۆ چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك جه‌زیره دابخا, بریمه‌ر و هاوكاره‌كانی رێ‌یان نه‌دا "مه‌جلیسی حوكم" بڕیاره‌كه‌ی جێبه‌جێ بكا.
ئه‌مه‌ریكا كه هێزه‌كانی پۆلیس و دیفاعی مه‌ده‌نی و جه‌یشی دروست كرده‌وه به جۆرێكی هه‌ڕه‌مه‌كی كۆی كردنه‌وه. هه‌ر كه‌س بیویستایه ببێته ئه‌ندامی یه‌كێ له‌م ده‌زگایانه بێ گوێدانه رابوردوی كابرا و, بیروباوه‌ڕ و دڵسۆزی و نادڵسۆزی‌یان بۆ عیراقی نوێ, وه‌رئه‌گیرا. له به‌ر ئه‌وه سه‌دان كه‌سی نائه‌مین و سه‌ر به تۆڕه‌كانی تێڕۆڕیسته‌كان جێ‌ی خۆیان تێ‌دا كرده‌وه.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پاشماوه‌كانی به‌عس, رێكخراوه دینی‌یه توندڕه‌وه‌كان, دینی‌یه توندڕه‌وه‌كانی عه‌ره‌ب, خۆیان رێك خسته‌وه و تۆڕی فراوانیان دروست كرد. له‌مه‌ش دا كه‌ڵكیان له نه‌بونی داووده‌زگای ئاسایش و, بێكاری زۆر و نه‌بونی هه‌لی كار كردن, هه‌ژاری و بێكاریی ئه‌فسه‌ره‌كانی جه‌یش و داووده‌زگا ئه‌منی‌یه‌كان و, به‌دره‌فتاری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی, وه‌رگرت.
ئه‌مانه رۆژ به رۆژ به‌هێزتر ئه‌بون و سنوری كار و جموجوڵیان فراوانتر ئه‌بو. تا گه‌یشته ئه‌م قۆناغه‌ی ئیستا كه ئه‌وان له چه‌ند جێگای عیراق حوكمڕان و ده‌سه‌ڵاتدارن.
هه‌ندێ له چاودێرانی سیاسی پێ‌یان وایه ئه‌مه‌ریكا به ئه‌نقه‌ست عیراقی كرده مه‌یدانی سه‌ره‌كی شه‌ڕی تێڕۆڕیزم بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه له ناو ماڵی خۆی له ئه‌مه‌ریكا دور بخاته‌وه و, له باتی شه‌ڕه‌كه له سه‌ر ئه‌رزی ئه‌مه‌ریكا بكا شه‌ڕه‌كه له سه‌ر ئه‌رزی عیراق بكا.
رێكخراوه تێڕۆڕیسته‌كان
به پێ‌ی ئه‌و به‌یان و فلیمانه‌ی بڵاوی ئه‌كه‌نه‌وه چه‌ندین رێكخراو به ناوی جیاوازه‌وه كار ئه‌كه‌ن, له‌وانه: جماعة التوحید والجهاد. الجیش الاسلامی. الجیش السری الاسلامی- كتائب الرایات السود. جیش انصار السنة. كتائب الغضب الالهي. كتائب علی بن ابو طالب. سرایا المجاهدین. سرایا المقاومة الاسلامیة. كتائب خالد بن الولید. حركه المقاومة الاسلامیة - كتائب النعمان....
ئه‌مانه هه‌مو خۆیان به ئیسلامی دائه‌نێن به‌ڵام قسه‌كه‌ره‌كانیان له شریته‌كان دا روی خۆیان پیشان ناده‌ن به ده‌مامكه‌وه به‌یان ئه‌خوێننه‌وه و بارمته سه‌ر ئه‌بڕن.
ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تای ئاب دا به‌یانێ به ناوی "القیادة المؤقتة" وه بڵاو كراوه‌ته‌وه باسی خۆرێكخستنه‌وه‌ی حیزبی به‌عس ئه‌كا, به‌ڵام تا ئیستا هیچ رێكخراوێكی نه‌دینی, به‌عسی و نابه‌عسی, ئۆباڵی هیچ كام له‌و كارانه‌ی نه‌گرتۆته ئه‌ستۆ. ئه‌وه‌ی دانی ناوه به كوشتنی هه‌ندێ له سیاسی و گه‌وره‌كاربه‌ده‌ستانی عیراق و رفاندنی شۆفێر و رۆژنامه‌وان و كرێكاری بێگانه‌دا رێكخراوه دینی‌یه‌كان بون.
"جه‌ماعه‌تی ته‌وحید و جیهاد" كه ئه‌بو موسعیبی زه‌رقاوی "ئه‌میر" یانه له ناو هه‌مویان دا دیارتر و چالاكترن. دور نیه بۆ چه‌واشه‌كردن و سه‌ر لێ شێواندن شانه جیاوازه‌كانی به ناوی جیاوازه‌وه كار بكه‌ن, به‌ڵام هه‌مویان له یه‌ك سه‌ره‌وه ئاڕاسته بكرێن. ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی زۆر ئه‌ده‌ن سنوری كاره‌كانیان هه‌مو عیراق بگرێته‌وه و, جاروبار له ناوچه شیعه‌نشین و كوردنشینه‌كان دا هه‌ندێ كار ئه‌كه‌ن, به‌ڵام زۆرترینی كاره‌كانیان له‌و ناوچه‌یه‌دایه كه به سێگۆشه‌ی سوننی ناوی ئه‌به‌ن.
بیری ئیسلامی بنچینه‌وان و توندڕه‌و له كۆنه‌وه له موسل و رومادی ره‌گوریشه‌یان هه‌بوه. له په‌نجاكان و شه‌سته‌كان دا "جه‌ماعه‌تی ئیخوان" گه‌رایان تێ‌دا داناوه. ئه‌مانه چونكه هیچ مه‌ترسی‌یه‌كیان بۆ سه‌ر صه‌دام نه‌بو صه‌دام شه‌ڕی نه‌ئه‌كردن. صه‌دام كه وشه‌ی "ئه‌ڵاهو ئه‌كبه‌ر" ی له سه‌ر ئاڵای عیراق نوسی و "حه‌مله‌ی ئیمانی‌ی" ی ده‌س پێ كرد, ئه‌وانه پشتیوانی‌یان له صه‌دام كرد و, صه‌دامیش چاوپۆشی له جموجوڵی ئه‌وان كرد. ته‌نیا تاقمێ كه به‌ر شاڵاوی ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی صه‌دام نه‌كه‌وتن ئه‌وان بون. له به‌ر ئه‌وه دوای روخانی صه‌دام و دروست بونی بۆشایی ده‌سه‌ڵات و بۆشایی سیاسی, هه‌ژاری و بێكاری زه‌مینه‌یه‌كی له باری خوڵقاند بۆ بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره باوه‌ڕه توندڕه‌وه.
"ته‌وحید و جیهاد" تێكه‌ڵاون له عیراقی و عه‌ره‌بی ناعیراقی. زه‌رقاوی خۆی ئوردونی‌یه.
هه‌ندێ له كۆنه به‌عسی‌یه‌كانیش بونه‌ته ئیسلامی و چونه‌ته پاڵ "ته‌وحید و جیهاد" و "به‌یعه‌ت" یان به ئه‌میره‌كانیان كردوه له بواری كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری‌دا كار ئه‌كه‌ن.
چه‌كداره‌كانی "انصار الاسلام" كه دوای په‌لاماردانی باره‌گاكانیان له هه‌ورامان چونه ئێرانه‌وه زۆریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه عیراق. به‌شێكیان "به‌یعه‌ت" یان به زه‌رقاوی كردوه و چونه‌ته ریزی "ته‌وحید و جیهاد"ه‌وه, به‌شێكیان سه‌ربه‌خۆ ماونه‌ته‌وه به ناوی "انصار السنة" وه كار ئه‌كه‌ن عه‌بدوڵا شافیعی "ئه‌میر" یانه.
كاره‌كان ئه‌گه‌ر پۆلێن بكرێن هه‌ندێكی به‌رامبه‌ر به هێزی فره‌نه‌ته‌وه‌یه, هه‌ندێكی به‌رامبه‌ر عیراقی‌یه و, هه‌ندێكی به‌رامبه‌ر كاركه‌ری بێگانه‌یه به تایبه‌تی دژی شۆفێری باربه‌ره.
پێ ئه‌چێ جه‌ماعه‌تی ته‌وحید و جیهاد كه‌متر كار دژی هێزی ئه‌مه‌ریكی و فره‌نه‌ته‌وه بكه‌ن زۆرتر كار دژی عیراقی و كاركه‌رانی بێگانه بكه‌ن. له‌وه‌ش مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه داووده‌زگای حكومه‌تی عیراق په‌ك بخه‌ن و خۆیان ده‌س به سه‌ر وڵات دا, یا لایه‌نی كه‌م ده‌س به سه‌ر سێگۆشه‌ی سوننی‌دا بگرن. ئه‌گینا كه خۆكوژ به كار ئه‌هێنن له باتی ئه‌وه‌ی له بنكه‌یه‌كی پۆلیسی عیراقی‌دا بیته‌قێننه‌وه ئه‌توانن تانكێكی ئه‌مه‌ریكی پێ بشكێنن و چه‌ندین سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی بكوژن.
پێ ئه‌چێ, ئه‌وانه‌ی به خۆیان ئه‌ڵێن "مقاومه" زۆرتر كار بكه‌ن دژی هێزی ئه‌مه‌ریكی و فره‌نه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی هاوكاری ئه‌مه‌ریكان و, په‌لاماری دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كان بده‌ن. كوشتنی هه‌ندێ له كۆنه به‌عسی‌یه‌كانی كه ئیستا له پله و پایه‌ی به‌رزی حكومه‌تی‌دان, بۆسه‌نانه‌وه بۆ كاروانی هێزه‌كانی فره‌نه‌ته‌وه, چاندنی مین, بۆمبارانی ناوچه‌ی سه‌وز و بنكه و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان, ته‌قاندنه‌وه‌ی لوله‌ی گوێزانه‌وه‌ی نه‌وت... له كاری پاشماوه‌كانی به‌عس, به تایبه‌تی له كاری ئه‌فسه‌رانی پیشه‌یی جه‌یش ئه‌چێ. پێ ناچێ ئه‌مان "خوكوژ" یان هه‌بێ, یا ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زۆر كه‌من. ره‌نگه هه‌ندێ له كاره جه‌نگی‌یه‌كانی دژی هێزی ئه‌مه‌ریكی و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن, به پاره به ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی بێكار و هه‌ژاری بكه‌ن.
فه‌لوجه و كاری تێڕۆڕیستی
ماوه‌یه‌كی زۆر بو فه‌لوجه بوبو به مه‌ڵبه‌ندی تێڕۆڕیسته‌كان, به تایبه‌تی زه‌رقاوی و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی, له وێوه پلانی كاره جه‌نگی‌یه‌كانیان دائه‌نا و, له‌وێوه خۆكوژ و ئوتوموبیلی بۆمبداریان ئاماده ئه‌كرد, به‌ڵام هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زۆر گوێ‌یان نه‌ئه‌دانێ تا 4 به‌ڵێنده‌ری ئه‌مه‌ریكی له وێ كوژران و لاشه‌كانیان سوتاندن و بۆ ئه‌تك كردن هه‌ڵیانواسین. ئه‌مه‌ریكا داوای كرد تاوانكاره‌كان بگرن و ته‌سلیمی ئه‌وانی بكه‌ن بۆ دادگایی. داواكه‌یان جێبه‌جێ نه‌كرا. هێزی ئه‌مه‌ریكی گه‌مارۆی فه‌لوجه‌ی دا. ئه‌گه‌رچی بۆمبارانی زه‌مینی و ئاسمانی زۆری كرد و جاروبار هه‌ڵی ئه‌كوتایه سه‌ر هه‌ندێ شه‌قام و گه‌ڕه‌ك. به‌ڵام شه‌ڕكه‌رانی فه‌لوجه به‌رگری‌یه‌كی سه‌ختیان كرد. ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانی كێشه‌كه به شه‌ڕ به لادا بخا. هاوزه‌مان له گه‌ڵ شه‌ڕی فه‌لوجه شه‌ڕ له نێوان جه‌یشی مه‌هدی و هێزی ئه‌مه‌ریكی‌دا ده‌ستی پێ كرد. واته دو شه‌ڕگه‌ی جیاوازی دو مه‌زه‌بی جیاواز. فه‌لوجه‌ی سوننی و نه‌جه‌فی شیعی.
ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان له ژێر گوشاری شه‌ڕی شیعه و گوشاری هه‌ندێ له ئه‌ندامانی مه‌جلیسی حوكم و سه‌رنه‌كه‌وتنی خۆیان دا له گه‌ڵ ده‌مڕاست و ده‌سه‌ڵاتدارانی خه‌ڵكی فه‌لوجه كه‌وتنه گفتوگۆ. رێككه‌وتنێ ئیمزا كرا. هه‌ندێ له به‌نده‌كانی ئه‌وه بو تاوانكاره‌كان ته‌سلیمی دادگا بكه‌ن و, په‌نای تێڕۆڕیسته‌كان نه‌ده‌ن و بۆ پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه لیوایه‌ك له خۆیان دروست بكرێ.
له راستی‌دا ئه‌مه رێككه‌وتن نه‌بو, به‌ڵكو به ده‌سته‌وه‌دانی فه‌لوجه بو. دیسان فه‌لوجه بوه‌وه به بنكه‌ی تۆڕه تێڕۆڕیسته دینی‌یه‌كان و, شوێنی حه‌وانه‌ی خۆیان و, شاردنه‌وه‌ی بارمته‌ی رفێنراو.
ئه‌مه‌ریكا ئه‌مجاره تاكتیكی خۆی گۆڕی له باتی په‌لاماردانی زه‌مینی, هێرشی ئاسمانی ئه‌كرده سه‌ر ئه‌و ماڵانه‌ی گومانی لێ ئه‌كرا بنكه‌ی زه‌رقاوی و چه‌كداره‌كانی بن.
ئه‌گه‌ر جاران هه‌ر فه‌لوجه بو, دوای ئه‌وه زۆری ناوچه‌كانی سێگۆشه‌ی سوننی به تایبه‌تی ده‌وری شاری به‌غداد وه‌كو ئه‌بو غرێب, یوسفیه, له‌تیفیه, مه‌حمودیه, خالیدیه و به‌شێكی دێهاتی باقوبه و دێهاتی رومادی و سامه‌ڕا و... شاڕێ‌ی عه‌مان - به‌غداد كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناڕاسته‌وخۆی تێڕۆڕیسته‌كانه‌وه. به ئاره‌زوی خۆیان ته‌راتێنی تێ‌دا ئه‌كه‌ن.
پۆلیس و كاری تێڕۆڕیستی
پۆلیس, یان كه‌سانێ به جلوبه‌رگی پۆلیسه‌وه, به‌شداری كاری تێڕۆڕیسته‌كان بون. زۆر جار ئه‌وانه‌ی له به‌غداد ئه‌ڕفێنران به جلی پۆلیسه‌وه په‌لامار ئه‌دران.
ئه‌وانه‌ی پاسه‌وانه‌كانی رۆژنامه‌ی "الصباح" یان برد و لوت و گوێ‌یان بڕی و كوشتیان و لاشه‌كه‌یان له شه‌قامێكی گشتی به‌غدادا فڕێ دا, به جلی پۆلیسی‌یه‌وه چو بون.
ئه‌وانه‌ی 6 شۆفێری شیعه‌ی سه‌ر به عه‌شیره‌تی ره‌بیعه‌یان له فه‌لوجه ته‌سلیمی تێڕۆڕیسته‌كان كرد و ئه‌وانیش سه‌ریان بڕین, پۆلیس بون.
رفێنراوێكی تورك كه گه‌یشته‌وه توركیا به رۆژنامه‌وانه‌كانی وت كه پۆلیس له نزیك فه‌لوجه ئه‌وانی گرتوه و ته‌سلیمی تێڕۆڕیسته‌كانیان كردون.
ئه‌وانه‌ی هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر ماڵ و كارگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نی لوبنانی ئه‌نتوان ئه‌نتوان به جلی پۆلیس و به ئوتوموبیلی پۆلیسه‌وه رفاندیان و گرتیان و له سنوقی پشته‌وه‌ی ئوتوموبیلێك دا قایمیان كرد. پاش ئه‌وه‌ی 12 رۆژ گلیان دایه‌وه تا سه‌ری خۆی قه‌بڵاند, ئینجا له نزیك فه‌لوجه به‌ریان دا.
پۆلیس, له هه‌مو وڵاتانی دنیادا سه‌ر و سامانی خه‌ڵك ئه‌پارێزێ, له عیراق دا به بیستنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه, خه‌ڵك باوه‌ڕیان به‌و ده‌زگایه نه‌ماوه و به ئاسانی خۆیانیان ناده‌ن به ده‌سته‌وه.
سه‌رچاوه‌ی دارایی تێڕۆڕیسته‌كان
كاره جه‌نگی‌یه‌كانی تێڕۆڕیسته‌كان پێویستی به چه‌رده‌یه‌كی زۆری پاره هه‌یه. ئه‌مانه پاره له كوێ ئه‌هێنن؟
ره‌نگه پاره‌ی "كڕینه‌وه" ی رفێنراو كه له ئیسلام دا پێ‌ی ئه‌ڵێن: "فدیه" سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كاره‌كانیان بێ. بۆ نمونه:
جه‌ماعه‌تی "الرایات السود" 3 كینی و 3 هیندی و 1 میصری‌یان رفاند, مانگێ زیاتر گلیان دانه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا گفتوگۆ له نێوان رفێنه‌ره‌كان و كۆمپانیای كوه‌یتی دا به‌رده‌وام بو. سه‌ره‌نجام به‌ردران به‌ڵام هه‌ر كه 7 شۆفێره‌كه‌ی كۆمپانیای كوه‌یتی گه‌یشتنه كوه‌یت كۆمپانیاكه بڵاوی كرده‌وه كه به‌رامبه‌ر به ئازادكرنی بارمته‌كانی 500 هه‌زار دۆلاری به رفێنه‌ره‌كان داوه.
قسه و باس زۆره كه یابان به هۆی هه‌یئه‌تی عوله‌مای موسلمینه‌وه بۆ كڕینه‌وه‌ی 3 له هاووڵاتی‌یه‌كانی 3 ملیۆن دۆلاری داوه و, هه‌ر له رێگه‌ی هه‌مان هه‌یئه‌ته‌وه ئیتالیا بۆ رزگار كردنی گیانی 3 له هاووڵاتی‌یه‌كانی 3 ملیۆن یۆرۆی داوه.
ئه‌مانه بڕێكن له‌وه‌ی زانراوه ئه‌بێ چه‌ندی تریشیان سه‌ند بێ.
هه‌ندێ له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی خه‌لیج كه هاوبیرن له گه‌ڵ ئه‌م تاقمانه ئه‌وانیش یارمه‌تی دارایی‌یان ئه‌ده‌ن.
جگه له‌م تۆڕه تێڕۆڕیستی‌یانه‌ی ئیسلامی بنچینه‌وانی سوننه, هه‌ندێ جار جه‌یشی مه‌هدی و بانده‌كانی تاوانی رێكخراو, به تایبه‌تی له به‌غدا, بۆ پاره كێشانه‌وه پاره‌دار ئه‌ڕفێنن, به‌ڵام ئه‌وانه به زۆری پاره‌داری عیراقی ئه‌ڕفێنن.
×
كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م كارانه ئه‌كه‌ن؟ تاپۆ "Ghost" و جنۆكه‌ن و كڵاوی سه‌خری جنیان له سه‌ردایه تا نه‌بینرێن, یان ئه‌وانیش زه‌لامی گۆشتخۆری ئه‌ندامی رێكخراوی پته‌وی خاوه‌ن تاكتیك و ستراتجی دیاریكراون؟
بۆچی خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن و كه‌سێكی دیاریكراو خۆی ناكا به خاوه‌نیان؟
بۆچی نادۆزرێنه‌وه و ئاشكرا ناكرێن؟
بۆچی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكی, كه سه‌دان كه‌سی لێ گرتون و زۆریانی به‌رداوه, قسه‌ی جۆراوجۆر ئه‌كه‌ن وئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرا ناكه‌ن؟
كێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ئه‌داته‌وه؟