سامانی سروشتی چی‌یه؟
هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی له ئه‌رز و ئاو و هه‌وادا هه‌یه و, مرۆڤ ده‌ستی له دروستكردن و خوڵقاندنی‌دا نه‌بوه, به‌ڵام به كه‌ڵكی دێن بۆ درێژه پێ دانی ژیانی و خۆش كردنی گوزه‌رانی. وه‌كو ئاو, گژوگیا, ئاژه‌ڵ, گڵ, به‌رد, نه‌وت, گاز, كانزای جۆراوجۆری ئاسن, مس, زێڕ, زیو ....
هه‌ندێ جۆری ئه‌م سامانه كه به ته‌واوی به كارهێنرا نوێ نابێته‌وه و ئه‌بڕێته‌وه وه‌كو نه‌وت و ئاوی ژێرئه‌رز, هه‌ندێكیان نوێ ئه‌بێته‌وه وه‌كو گژوگیا.
هه‌بونی سامان له سروشت دا به ته‌نیا به‌س نیه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ن بونی وڵات و گه‌لێ, ئه‌بێ كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ. ده‌رهێنانی‌یشی بۆ به‌كارهێنان و بۆ ناردنی بۆ بازاڕ, سه‌رمایه, زانین و شاره‌زایی و ته‌كنۆلۆجیا, هێزی مرۆیی پسپۆڕ و كرێكاری شاره‌زای گه‌ره‌كه.
خاوه‌نێتی سامانی سروشتی
له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر ئه‌گۆڕێ. له هه‌ندێ وڵات دا موڵكی ده‌وڵه‌ته, به ته‌نیا حكومه‌ت بۆی هه‌یه پرۆژه‌ی ده‌رهێنانی دابنێ و داهاته‌كه‌ی ئه‌چێته گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه. له هه‌ندێ وڵاتی تردا سامانی سروشتی موڵكی خاوه‌ن ئه‌رزه‌كه‌یه خۆی ئه‌توانێ ده‌ری بهێنێ ئه‌وسا ده‌وڵه‌ت بۆی هه‌یه باج له داهاته‌كه‌ی وه‌ربگرێ.
سامانی سروشتی له عیراق دا
له‌وه‌تی ده‌وڵه‌تی عیراق دامه‌زراوه ده‌وڵه‌ت خۆی به خاوه‌نی سامانی سروشتی داناوه. به ته‌نیا حكومه‌ت مافی دیاریكردن و ده‌رهێنان و, وه‌رگرتنی داهاته‌كه‌ی هه‌بوه, خاوه‌نی شوێنی سامانه‌كه و, خه‌ڵك به گشتی, هیچ ده‌ستێكیان له ده‌رهێنان و دابه‌شكردنی داهاته‌كه‌ی دا نه‌بوه. شوێنێ كه سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و گازی تێ‌دا بوبێ ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به سه‌ردا گرتوه و خۆی كردۆته خاوه‌نی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مو شت پاوانی ده‌وڵه‌ت بو, رێگه‌ی نه‌ئه‌دا به كۆمپانیای خاوه‌ن سه‌رمایه‌ی عیراق یان بێگانه سه‌رمایه له بواری ده‌رهێنانی سامانی سروشتی‌دا به گه‌ڕ بخه‌ن. ته‌نانه‌ت كۆمپانیای نه‌وتی عیراق كه به‌شێكی هی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی بێگانه بو, له 1973 دا "تأمیم" گه‌لاندی و, هه‌موی كرده عیراقی.
چه‌ند جارێ پشكنینی جیۆلۆجی, له لایه‌ن كۆمپانیای بێگانه و شاره‌زایانی عیراقی‌یه‌وه كراوه, به‌ڵام هێشتا زۆری ماوه پشكنینی ته‌واو بكرێ و, سودی ئابوری هه‌ر یه‌كێكیان بزانرێ. عیراق ئاگاداری‌یه‌كانی له سه‌ر سه‌رچاوه و سامانه سروشتی‌یه‌كان به یه‌كێ له شته زۆر نهێنی‌یه‌كانی ده‌وڵه‌ت داناوه. رێگه‌ی نه‌داوه بڵاو بكرێنه‌وه.
سیاسه‌تی حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غداد, له سه‌رده‌می مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌مه‌وه ئه‌وه بوه نه‌هێڵن ژێرخانی ئابوری كوردستان پته‌و و به هێز بێ, نه‌یان هێشتوه له هیچ شتێك دا سه‌ربه‌خۆ بێ. به‌ڵكو هه‌میشه پلانه‌كانی "مجلس الاعمار" ی سه‌رده‌می پاشایه‌تی و "وزاره التخطيط" ی سه‌رده‌می جمهوری به جۆرێ دانراون كه كوردستان ببه‌ستێته‌وه به عیراقه‌وه و, كوردستان بۆ هه‌مو پێویستی‌یه‌كانی ناچاری عیراق بێ, بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویستی كرد وه‌كو چه‌ك به كاری بهێنن له دژی و توانای خۆجیاكردنه‌وه‌ی نه‌بێ. ئه‌گینا له كوردستان ئه‌توانرا ده‌یان دامه‌زراوی گه‌وره‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت, گاز, ئاسن, مس, كاره‌با... دروست بكرێ.
×
دوای راپه‌ڕین, به كار هێنانی موچه, كاره‌با, سوته‌مه‌نی, خۆراك, ته‌له‌فۆن... "وه‌كو چه‌ك" بۆ چۆك پێ دادانی كورد, ئه‌بێ ده‌رسێ بێ بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد, رێ نه‌ده‌ن له ئیستا و پاشه‌ڕۆژدا حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق بتوانێ دوباره‌ی بكاته‌وه.
×
ئه‌گه‌رچی عیراق چه‌ندین جۆر سامانی سروشتی تێ‌دایه, به‌ڵام له ناو هه‌مویان دا بایه‌خی به نه‌وت و ئاو داوه, ئه‌وانی تری, زۆر كه‌می نه‌بێ وه‌كو فۆسفات و گۆگرد و خوێ, پشت گوێ خراون. هه‌وڵێكی ئه‌وتۆی نه‌داوه كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگرێ.
عیراق, له ناو ئه‌و هه‌مو سامانه سروشتی‌یه‌دا كه هه‌یه‌تی, بایه‌خی یه‌كه‌می به نه‌وت و ئینجا به ئاو داوه:
نه‌وت, بو به سه‌رچاوه‌ی داهاتی دارایی بۆ به هێزكردنی جه‌یش و ده‌زگا ئه‌منی‌یه سه‌ركوتكه‌ره‌كان...
له گفتوگۆكانی سه‌رانی كورد و سه‌رانی به‌عس دا, سه‌رانی به‌عس له‌وانه صه‌دام حسێن, تاریق عه‌زیز, عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید, سه‌عدی مه‌هدی سالح... یه‌كێ له هۆ سه‌ره‌كی‌یه‌كانی كه به هیچ جۆرێ رازی نه‌ئه‌بون كه‌ركوك بخرێته سه‌ر ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردستان و, دواتر هه‌رێمی كوردستان ئه‌یان وت: "كه‌ركوك نه‌وتی تێ‌دایه ئه‌گه‌ر بخرێته سه‌ر ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی ئه‌بێته بناغه‌ی ئابوری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و جیا بونه‌وه‌ی له عیراق..." جگه له‌م بیانوه, بیانویه‌كی قانونی تریشیان ئه‌هێنایه‌وه ئه‌یان وت: "به پێ‌ی ده‌ستور و قانونه‌كانی عیراق, حكومه‌تی ناوه‌ندی خاوه‌نی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانه, ده‌رهێنان و فرۆشتن و به كار هێنانی داهاته‌كه‌ی مافی حكومه‌تی ناوه‌ندی‌یه له به‌ر ئه‌وه كه‌ركوك و هه‌ر جێ‌یه‌كی تر نه‌وتی تێ‌دا بێ ئه‌بێ به ده‌س حكومه‌تی ناوه‌ندی‌یه‌وه بێ..."
ئاویش, بو به هۆی ژێر ئاو خستنی سه‌دان هه‌زار دۆنم ئه‌رزی به پیتی كشتوكاڵ له كوردستان. ته‌نانه‌ت ئاویش كه ئه‌وان به كاڵایه‌كی ستراتیجی‌یان دائه‌نا جۆری به كارهێنان و به‌ڕێوه‌بردنیان به ده‌س خۆیانه‌وه گرت بو, له هیچ گفتوگۆیه‌ك دا رازی نه‌بون, به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ستێڵه‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان به حكومه‌تی ئۆتۆنۆمی كوردستان بسپێرن و ئاماده نه‌بون له ئاوی ئه‌و دو ئه‌ستێڵه گه‌وره‌یه به‌شی كوردستان بده‌ن.
×
له ساڵی 1927 ه‌وه نه‌وت له كه‌ركوك ده‌رئه‌هێنرێ و له بازاڕه‌كانی دنیادا ئه‌فرۆشرێ. دوای كه‌ركوك له دیاله (خانه‌قین) و, له به‌صرا و عه‌ماره و چه‌ند شوێنی تر كه‌وتنه هه‌ڵكه‌ندنی بیر و دروست كردنی دامه‌زراوی نه‌وتی.
عیراق دوه‌مین زه‌خیره‌ی نه‌وتی دنیای هه‌یه. به پێ‌ی ئاگاداری‌یه‌كانی ده‌زگا شاره‌زاكانی كاروباری نه‌وت عه‌ره‌بستانی سعودیه خاوه‌نی یه‌كه‌مین زه‌خیره‌ی نه‌وتی دنیایه. له‌م ساڵانه‌ی دوایی‌دا, قسه هه‌بو, كه زه‌خیره‌ی نه‌وتی ناوئه‌رزی عیراق له هی سعودیه زۆرتره.
داهاتی نه‌وت بۆ خه‌ڵكی عیراق "نیعمه‌ت" و مایه‌ی خێر و خۆشی نه‌بوه. به داهاتی نه‌وت ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی به‌هێز دامه‌زرا و, ئه‌ویش ماكینه‌یه‌كی جه‌نگی گه‌وره و به هێز و, داووده‌زگای داپڵۆسینی گه‌وره و به هێزی, دامه‌زراند. ئه‌و شوێنانه‌ی نه‌وتیان لێ ده‌رهێنراوه هیچ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنێكیان پێوه دیار نیه. چونكه داهاتی نه‌وت له باتی به هێزكردنی ژێرخانی ئابوری و, گه‌شه پێدانی وڵات و, خۆش كردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك, به زۆری بۆ كاروباری جه‌نگی و ئاسایش ته‌رخان كراوه.
حكومه‌ته‌كانی عیراق, سه‌ره‌ڕای جیاوازی‌یان, به داهاتی نه‌وت له 1961 ه‌وه درێژه‌ی به جه‌نگێكی خوێناوی دا دژی گه‌لی كورد و, هه‌ر به داهاتی نه‌وت 8 ساڵ شه‌ڕی له گه‌ڵ ئێران كرد و, هه‌ر به پاره‌ی نه‌وت كوه‌یتی داگیر كرد. ئه‌گه‌ر داهاتی زۆری نه‌وت نه‌بوایه نه‌یئه‌توانی 1 ملیۆن عیراقی بكا به سه‌رباز و ببا بۆ جه‌نگ و, له میصره‌وه 2 ملیۆن كرێكار بێنێ له عیراق كار بكه‌ن.
كه‌واته كێشه‌ی خاوه‌نێتی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كان و جۆری دابه‌شكردنی داهاته‌كه‌ی ئه‌بێ به جۆرێ رێك بخرێ, كه مه‌ینه‌تی‌یه‌كانی رابوردو دوباره نه‌بێته‌وه.
كورد ئه‌توانێ له‌و باره‌یه‌وه كه‌ڵك له ته‌جروبه‌ی رێككه‌وتنی حكومه‌تی ناوه‌ندیی سودان و جنوبی سودان وه‌ربگرێ ده‌رباره‌ی "دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان" له نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداد و كوردستان دا.
×
كورد له هه‌مو گفتوگۆكانی‌دا له گه‌ڵ به‌عس, ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه كه سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كان موڵكی حكومه‌تی ناوه‌ندی بێ, به‌ڵام هه‌میشه سور بوه له سه‌ر ئه‌وه‌ی به جۆرێكی دادپه‌ره‌وه‌رانه به سه‌ر دانیشتوانی عیراق دا دابه‌ش بكرێ. ئه‌مه وه‌كو راستی‌یه‌كی به‌ڵگه نه‌ویستی لێ هات بو, ته‌نانه‌ت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش كه "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان" بۆ ده‌ستوری عیراق و بۆ ده‌ستوری كوردستانی نوسی بو, دیسان موڵكیه‌تی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانی بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی هێشت بوه‌وه, به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه داهاته‌كه‌ی به پێ‌ی سه‌ر به سه‌ر دانیشتوانی عیراق دا دابه‌ش بكرێ.
بۆ یه‌كه‌مین جار كه هه‌ندێ گۆڕین له بیری سیاسی سه‌ركردایه‌تی كوردا روی دا كاتی گفتوگۆكانی نوسینی "قاد" بو, كاتێ هه‌ندێ بابه‌تی تازه هاتنه ناو خواسته‌كانی كورده‌وه له‌وانه: موڵكیه‌تی سامانی سروشتی و, یه‌كسانی زمانی كوردی و عه‌ره‌بی..
گروپی كوردی م‌ح, له پرۆژه‌كه‌دا ئه‌و ماده‌یه‌یان گۆڕی به‌وه‌ی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانی هه‌رێمی كوردستان موڵكی حكومه‌تی كوردستان بێ, مافی ده‌رهێنان و به‌كار هێنانی به ده‌س خۆی بێ. له باتی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕێ بكا ناوه‌ند له داهاته‌كانی سامانه سروشتی‌یه‌كان به‌شی بدا, ئه‌م بۆ دابینكردنی داهاتی بودجه‌ی گشتی عیراق, له داهاتی خۆی به‌شی ناوه‌ند بدا.
ئه‌م بیرۆكه‌یه زۆری نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب, به تایبه‌تی سوننه‌ی سێگۆشه‌ی عه‌ره‌بی و به‌غداد, دژی ئه‌وه‌ستن. هه‌مو ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی ناوه‌ندی به هێزدان له به‌غداد, ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ سه‌لماندنی فیدرالی بن یا دژی بن, دژی ئه‌وه‌ستن. هۆی ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ژاری ئه‌و ناوچانه له سه‌رچاوه‌ی سروشتی‌دا.
سه‌باره‌ت به موڵكیه‌تی سامانی سروشتی دو بیروبۆچونی جیاواز له ناو ئه‌ندامه‌كانی م‌ح و سام دا هه‌بو:
یه‌كێكیان, ئه‌یویست موڵكیه‌تی سامانی سروشتی بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێم و پارێزگاكان, زۆری ئه‌ندامانی هه‌ردو گروپی كوردی و شیعی, له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بون. به تایبه‌تی كه نه‌وتی عیراق زۆری كه‌وتۆته ناوچه‌كانی ئه‌وانه‌وه, له كاتێك دا ناوچه‌كانی ئه‌وان له ناوچه هه‌ره هه‌ژاره دواكه‌وتوه‌كانی عیراقن.
ئه‌وی كه‌یان, ئه‌یویست موڵكیه‌تی سامانی سروشتی هه‌ر به ده‌س ده‌وڵه‌ته‌وه بێ حكومه‌تی ناوه‌ندی به عه‌داله‌ت دابه‌شی بكا به سه‌ر هه‌مو دانیشتوانی عیراق دا. ئه‌ندامه‌كانی گروپی سوننه‌ی عه‌ره‌ب و, بریمه‌ر و كاربه‌ده‌ستانی سام له‌و باوه‌ڕه‌دا بون. هه‌ر ئه‌وه‌یشیان سه‌پاند.
ماده‌ی 25 ی قاد ته‌رخان كراوه بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی گوێزانه‌وه‌ی قۆناغی داهاتوی عیراق تا ده‌ستوری دائیمی ئه‌نوسرێ و حكومه‌تێكی تر له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دا دێته سه‌ر كار. یه‌كێ له ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنی داهاتی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانه.
"م 52 (5)" ئه‌ڵێ: "به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانی عیراق, كه هی هه‌مو خه‌ڵكی گشت هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكانی عیراقه, به راوێژ له گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی هه‌رێمه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌یه‌كانی پارێزگاكان و, دابه‌شكردنی داهاته‌كانی كه له فرۆشتنیانه‌وه دێ له رێگه‌ی بودجه‌ی نیشتمانی‌یه‌وه به شێوه‌یه‌كی عادیلانه‌ی گونجاو له گه‌ڵ دابه‌شبونی دانیشتوان له سه‌رانسه‌ری وڵات دا, له گه‌ڵ ره‌چاو كردنی ئه‌و ناوچانه‌ی به جۆرێكی ناڕه‌وا بێ به‌ش كراون له‌م داهاتانه له لایه‌ن رژیمی پێشوه‌وه و, ره‌فتار كردن له گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌وان به چه‌شنێكی ئیجابی و, پێویستی‌یه‌كانیان و, راده‌ی گه‌شه‌كردنی ناوچه جیاوازه‌كانی وڵات."
ئه‌م بابه‌ته ناكۆكی له سه‌ر بوه, بۆیه ته‌ماوی و لێڵه و, به وردی رون نه‌كراوه‌ته‌وه. زیاتر له‌وه‌ی له ماده‌ی قانونی بچێ له "إنشاء"یه‌كی كاڵوكرچ ئه‌چێ. ئه‌سڵی‌یه‌كه‌ی به ئینگلیزی نوسراوه و كراوه به عه‌ره‌بی و, له عه‌ره‌بی‌یه‌وه كراوه به كوردی. ده‌قه كوردی‌یه‌كه‌ی كه "سام" بڵاوی كردۆته‌وه ئه‌وه‌نده ناقۆڵایه بۆ ئه‌وه ناشێ بكرێ به سه‌رچاوه. له به‌ر ئه‌وه ئێمه ده‌قه ئینگلیزی‌یه‌كه‌مان كرد به بنچینه‌ی وه‌رگرتنی ماده‌كه و, لێره‌دا هه‌وڵی شی كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ین:
له قانونه‌كانی پێشودا سامانی سروشتی موڵكی ده‌وڵه‌ت بو, لێره‌دا ناوی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت نه‌هێنراوه. ئه‌ڵێ: "هی هه‌مو خه‌ڵكی گشت هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكانی عیراقه" له مه‌ش دا بڕیاردانی ده‌رهێنان و به كار هێنانی هه‌ر له ده‌س حكومه‌تی ناوه‌ندی‌دا ماوه‌ته‌وه, به واته‌یه‌كی تر رسته‌كان گۆڕاون به‌ڵام جه‌وهه‌ره‌كه‌ی وه‌كو خۆی ماوه.
له قانونه‌كانی پێشودا حكومه‌تی ناوه‌ندی خۆی داهاتی دابه‌ش ئه‌كرد و خۆی پێویستی‌یه‌كانی پارێزگاكانی دیاری ئه‌كرد و خۆی بودجه‌ی نیشتمانی دائه‌نا, لێره‌دا "به راوێژ له گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی هه‌رێمه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌یه‌كانی پارێزگاكان" دائه‌نرێ, له رێگه‌ی بودجه‌ی گشتی‌یه‌وه به شێوه‌یه‌كی عادلانه دابه‌ش ئه‌كرێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی عادلانه بێ ئه‌بێ: یه‌كه‌م, دابه‌شكردن به پێ‌ی سه‌ری دانیشتوانی ناوچه‌كان بێ. دوه‌م, ئه‌و ناوچانه‌ی, له به‌ر هۆی سیاسی, نه‌ته‌وه‌یی, تائیفی... له لایه‌ن رژیمی به‌عسه‌وه بێ به‌ش كراون به‌شی زیاتریان بدرێتێ. سێیه‌م, هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستی‌یه‌كانی ناوچه‌كان و راده‌ی گه‌شه كردنی.
ئه‌مانه هه‌مو شتی گشتین وردكردنه‌وه‌یان زۆر ناكۆكی و جیاوازی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه. بۆ نمونه: ره‌نگه هیچ ناوچه‌یه‌كی عیراق به ئه‌ندازه‌ی كوردستان زه‌ره‌ر و زیانی لێ نه‌كه‌وتبێ, زۆری دێهاته‌كانی وێران كران و, دانیشتوانی له ئۆردوگادا كۆ كرانه‌وه, ئه‌وه‌ی كورد و باووباپیرانیان به هه‌زاران ساڵ دروستیان كرد بو, رژێمی به‌عس به ته‌واوی روخاندی. به‌ڵام له 1991 ه‌وه كه كوردستان له ده‌س حكومه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداد رزگاری بو, به هیمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و به یارمه‌تی رێكخراوه خێرخوازه‌كانی دنیا, سه‌ر له نوێ دێهاتی كوردستان ئاوه‌دان كرایه‌وه, كشتوكاڵ و ئاژاڵداری ده‌ستی پێ كرده‌وه. ئه‌گه‌ر ئیستا به‌راوردێ له نێوان دێهاته‌كانی هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێمی كوردستان له گه‌ڵ دێهاته‌كانی پارێزگا شیعه‌نشینه‌كان دا بكرێ, كوردستان له‌وان گه‌شه كردوتره. كه‌واته پێوانه چیه بۆ زه‌ره‌ر لێ كه‌وتن و بێ به‌ش كردن و راده‌ی گه‌شه كردن؟
له ده‌قی بڕگه‌كه‌دا جارێك رسته‌ی "به شێوه‌یه‌كی عادلانه" و جارێكی تر "به چه‌شنێكی ئیجابی" هاتوه, ئه‌م وشه و رستانه له روی دارایی و قانونی‌یه‌وه چی ئه‌گه‌یه‌نن؟
چ گه‌ره‌نتی‌یه‌ك هه‌یه حكومه‌ته‌كانی عیراق له داهاتودا, به تایبه‌تی كه به‌هێز بوه‌وه, بۆ ئه‌وه‌ی كورد به لاوازی بمێنێته‌وه و هه‌رگیز توانای جیابونه‌وه‌ی نه‌بێ, پێڕه‌وی هه‌مان سیاسه‌تی پێشوی رێگه نه‌دان به گه‌شه كردن و پته‌و بونی ژێرخانی ئابوری كوردستان ناكا و, ئه‌میش كۆسپ ناهێنێته رێ‌ی دامه‌زراندنی دامه‌زراوی نه‌وت و گاز و سامانی سروشتی تر و, هاتنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دنیا بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له كوردستان دا؟
پێویسته كورد خه‌بات بكات له ده‌ستوری دائیمی عیراق دا سامانی سروشتی كوردستان ببێته موڵكی خه‌ڵكی كوردستان و, حكومه‌تی هه‌رێم مافی ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی هه‌بێ, مافی بانگكردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی جیهانی هه‌بێ بێن له كوردستان له كه‌رتی سامانی سروشتی‌دا سه‌رمایه به گه‌ڕ بخه‌ن.
داهاته‌كه‌یشی كه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێم ئه‌وسا ئه‌شێ به پێ‌ی رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدرالی دابه‌ش بكرێ:
1. به‌شێكی بۆ بودجه‌ی فیدرالی ده‌وڵه‌تی عیراق, كه به‌رپرسه له كاروباری به‌رگری و ده‌ره‌وه و دارایی و كاره گشتی‌یه‌كانی هه‌مو عیراق.
2. به‌شێكی بۆ بودجه‌ی هه‌رێم.
3. به‌شێكی بۆ یارمه‌تی دانی هه‌رێم و پارێزگا هه‌ژاره‌كان.
پرسیار:
كورد له عیراق دا چۆن ئه‌توانێ ببێته خاوه‌نی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانی خۆی.