له زۆر ده‌ستوری دنیادا نوسراوه: "گه‌ل سه‌رچاوه‌ی سه‌روه‌ری‌یه". له وڵاتانی دیمۆكراتی‌دا له رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه به كاری ئه‌هێنێ. به جۆرێ له جۆره‌كان, به‌شداری ئه‌كا له دانانی ئه‌نجومه‌نی دانانی قانون و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌ركۆماردا.
وه‌كو نواندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری هه‌ندێ پایه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌یه كه له پایه‌كانی تری گرنگتره, چونكه پێوه‌ندی‌یان به بڕیاردانی سیاسی وڵاته‌كه‌وه هه‌یه: پێوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان. پێوه‌ندی دیپلۆماسی. پاراستنی ئاسایشی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی. راگه‌یاندنی جه‌نگ و ئاشتی. رێككه‌وتنی سیاسی, ئابوری, بازرگانی, فه‌رهه‌نگی, سه‌ربازی...... ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێ له‌مانه پێویستی‌یان به ره‌زامه‌ندی پارله‌مانیش هه‌بێ, بڕیاردان له مانه له ناو هه‌ندێ كۆڕی پچوكتردا ئاماده ئه‌كرێ و, ئه‌چێته به‌رده‌م ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بۆ دوا بڕیار, له‌وانه: سه‌ركۆمار, سه‌رۆكی وه‌زیران, وه‌زیره‌كانی به‌رگری, ناوخۆ, ده‌ره‌وه, دارایی, راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
له عیراق دا كه به دو قۆناغی سیاسی‌دا تێپه‌ڕیوه یه‌كێكیان پاشایه‌تی و ئه‌وی تریان كۆماری له هه‌ردوكیان دا كورد له وه‌زاره‌ته‌كانی‌دا به‌شداری كردوه.
له سه‌رده‌می پاشایه‌تی‌دا (1921 - 1958) كه‌سانێ بون به وه‌زیری به‌رگری, ناوخۆ و, هه‌ندێ جار به سه‌روه‌زیر كورد بون, به‌ڵام ئه‌وانه به‌و پله و پایه‌یه نه‌گه‌یشتون بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری كورد بن له ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت دا. به‌ڵكو ئه‌وانه له به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م, دڵسۆزی رژیمی پاشایه‌تی و, سیاسه‌تی بریتانیا و بلۆكی رۆژئاوا بون و, دوه‌م, له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان وه‌كو كه‌س به توانا و لێوه‌شاوه بون. كورد, هه‌م له روی ژماره‌وه له چاو دانیشتوانی عیراق دا و هه‌م له روی راگرتنی هاوسه‌نگی مه‌زه‌بی‌ی سوننی – شیعه‌وه, هیچ كات كاربه‌ده‌ستانی عیراق نه‌یانتوانیوه فه‌رامۆشیان بكه‌ن. هه‌مو جار و له هه‌مو سه‌رده‌مه‌كان دا هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه كورد له وه‌زاره‌ته‌كان دا هه‌بێ.
له سه‌رده‌می كۆماری‌دا (1958 - 2003) زۆرجار كورد بون به وه‌زیر. چه‌ند جارێكی كه‌م نه‌بێ كه له ئه‌نجامی رێككه‌وتنی سه‌ركردایه‌تی جوڵانه‌وه‌ی كورد و حكومه‌ت دا به نوێنه‌رایه‌تی كورد بون به وه‌زیر, ئه‌وانه‌ش وه‌زاره‌تی گرنگ و سه‌روه‌ری نه‌بون, هه‌مو جارێ كاربه‌ده‌ستان كه‌سانێكیان له كورد كردۆته وه‌زیر كه گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چی خۆیان بون.
ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می پاشایه‌تی‌دا چه‌ند جارێ كورد بۆته وه‌زیری به‌رگری و ناوخۆ, له سه‌رده‌می كۆماری‌دا هیچ كات كورد پایه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تی: سه‌ركۆماری, سه‌روه‌زیری, وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری, ناوخۆ, ده‌ره‌وه, دارایی, نه‌وت, كه له عیراق دا به پایه سه‌روه‌ری‌یه‌كانی ده‌وڵه‌ت دائه‌نرێن, پێ نه‌سپێردراوه. كورد وه‌كو هاووڵاتی پله‌ی دوه‌م و گومان لێ كرا‌و و نادڵسۆز سه‌یری كراوه, له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا كوردیش هه‌ستی هاووڵاتێتی عیراقی نه‌بوه, ئه‌گه‌ر هه‌یشی بوبێ زۆر كز بوه و, ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به هی خۆی نه‌زانیوه.
حكومه‌تی عیراق جه‌نگی دژی كورد راگه‌یاند, جه‌نگی دژی شیعه راگه‌یاند, جه‌نگی دژی ئێران هه‌ڵگیرساند, په‌لاماری كوه‌یتی دا و داگیری كرد, روبه‌ڕوی هێرشی 30 ده‌وڵه‌ت بوه‌وه, ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هێنایه سه‌ر خۆی, سه‌دان هه‌زار به‌ڵكو چه‌ند ملیۆنی به كوشت دا, هه‌مو سامانی عیراقی به فیڕۆ دا... كورد له هیچ كام له‌م بڕیارانه‌دا به‌شدار نه‌بون. كێ به‌شدار بوه له‌م بڕیاره چاره‌نوسسازانه‌دا؟
بێگومان عیراقی داهاتو ئه‌بێ وه‌كو عیراقی رابوردو نه‌بێ. عیراقی داهاتو چۆن ئه‌بێ؟ هێشتا دیار نیه چونكه له قۆناغی دروست كردنه‌وه‌دایه. بۆ ئه‌وه‌ی كورد توشی كاره‌سات و مه‌ینه‌تی‌یه‌كانی رابوردو نه‌بێته‌وه, ئه‌بێ ده‌ورێكی كاریگه‌ری هه‌بێ له جۆری دروست كردنه‌وه‌ی‌دا و, هه‌ر له ئیستاوه هه‌وڵ بدا ئه‌و بیروبۆچونه شۆڤێنی‌یانه‌ی جارانی عه‌ره‌ب كه كوردیان له خۆیان به كه‌متر و پچوكتر دائه‌نا و, به هاووڵاتی پله‌ی دوه‌میان ئه‌ژمارد, له ره‌گوریشه‌وه هه‌ڵته‌كێنن. هه‌ندێ نه‌ریتی سیاسی نوێ له حوكمڕانی عیراقی‌دا بچه‌سپێنێ. ئه‌بێ ئه‌وه له لایه‌كه‌وه وه‌كو بیروباوه‌ڕ له ده‌ستوری دائیمی‌دا ره‌نگ بداته‌وه, له لایه‌كی تریشه‌وه به كرده‌وه له داووده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت دا خۆی بنوێنێ.
كورد له‌م قۆناغه‌دا له چاره‌ی نوسراوه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق دا بمێنێته‌وه. ماده‌م ئه‌مه قه‌ده‌ری بێ ئه‌بێ هه‌وڵ بدا له په‌راوێزدا نه‌بێ و له ناوجه‌رگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا بێ. بیسه‌لمێنێ و بیسه‌پێنێ كه ئه‌م به‌شدارێكی پچوك نیه, كورد له گه‌ڵ عه‌ره‌ب له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا هاوبه‌شه و, هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی‌یه.
ئه‌گه‌ر كورد هاوبه‌شه له گه‌ڵ عه‌ره‌ب ئه‌ی بۆچی كورد بۆی نه‌بێ ببێ به سه‌ركۆمار و سه‌رۆكی وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگری و ناوخۆ و ده‌ره‌وه و نه‌وت و راوێژكار ئاسایشی نیشتمانی؟ بۆ ئه‌بێ ئه‌و پایانه به ته‌نیا بۆ عه‌ره‌ب پاوان بێ؟ ئه‌بێ كۆتایی به‌و نه‌ریته ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه بهێنرێ. ئه‌ویش به‌وه ئه‌كرێ كورد پێ دابگرێ له سه‌ریان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌بێ له هه‌مو پایه گرنگه‌كان دا و, به‌شه‌كه‌یشی مسۆگه‌ر بێ و, ببێته نه‌ریتێكی پێڕه‌وی كرا‌و بۆ ئیستا و بۆ پاشه‌ڕۆژ.
بونی كورد له ده‌زگای بڕیاردانی عیراقی‌دا چه‌ند گرنگی گه‌وره‌ی هه‌یه:
1. به‌شدار ئه‌بێ له هه‌مو بڕیارێك دا كه پێوه‌ندی هه‌بێ به كاروباری ناوخۆی عیراق و ده‌ره‌وه‌ی.
2. ئاگادار ئه‌بێ له هه‌مو روداوه‌كانی ناو عیراق و له هه‌ر روداوێكی چاوه‌ڕێ نه‌كراو كه ره‌نگه بقه‌ومێ.
3. به‌شدار ئه‌بێ له رێكخستنی پێوه‌ندی عیراق له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ‌دا, به تایبه‌تی ئێران و توركیا و سوریا كه چه‌ند ملیۆن كوردیان تێ‌دا ئه‌ژی, زۆر جار هه‌ڵوێستی دوژمنانه له مافه‌كانی كورد ده‌رئه‌بڕن.
ئه‌وانه‌ی تیروتوانجیان له سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌گرت, له سه‌ر ئه‌وه‌ی پێ‌یان دائه‌گرت كورد له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عیراق دا ده‌نگی هه‌بێ, كه یا سه‌ركۆمار یا سه‌روه‌زیر له كورد بێ, به هه‌ڵه‌دا چو بون, چونكه هه‌وڵه‌كه بۆ ئه‌وه بو, ئه‌وه ببێته نه‌ریتێكی سیاسی له عیراق دا, نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كورسی و پله و پایه بۆ خۆیان به ده‌س بهێنن. له راستی‌دا كاتێ هیچ كام له‌و دو پایه‌یه به كورد نه‌درا, كورد هه‌لێكی گرنگی له ده‌س دا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه رێ بدرێ جاری داهاتو دوباره ببێته‌وه, ئه‌بێته‌وه به نه‌ریتێكی سیاسی, كورد ئه‌خرێته‌وه په‌راوێزی ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی له عیراق دا.