یه‌كێ له ده‌سكه‌وته سیاسی و قانونی‌یه‌كانی كورد له "قاد" ا به ده‌ستی هێناوه ناسینی ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه. ره‌نگه هه‌ندێ كه‌س ئه‌مه به كه‌م بزانێ و بڵێ: "كوردستان خۆی به كرده‌وه سه‌ربه‌خۆ بو و به‌مه خراوه‌ته‌وه سه‌ر عیراق..." راستی‌یه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كوردستان به ره‌سمی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوه و, هیچ ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ و دور و نزیك دانی به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا نه‌ناوه. كه ره‌فتاریشیان له گه‌ڵ ئه‌كرد وه‌كو حكومه‌تی ئه‌مری واقیع "دی فاكتۆ:de facto" نه‌ك وه‌كو حكومه‌تی قانونی "دی ژور:de jure" كاریان له گه‌ڵ ئه‌كرد, هۆیه‌كه‌یشی ئه‌وه بو كه حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق به ره‌سمی و قانونی دانی به ناسینی‌دا نه‌نابو.

سنوری كارگێڕی لیوای كه‌ركوك ساڵی 1952
سه‌رچاوه: أطلس عراق
"قاد" له م 53 دا نوسیوێتی: "(أ) دان ئه‌نرێ به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا كه حكومه‌تی ره‌سمی ئه‌و ناوچانه‌یه كه له لایه‌ن ئه‌و حكومه‌ته‌وه به‌ڕێوه ئه‌برا له 19 ی ئازاری 2003 دا به‌ڕێوه ئه‌برا له پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دیاله و نه‌ینه‌وا. زاراوی (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) واته ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان, ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی هه‌رێم له هه‌رێمی كوردستان دا"
"(ب) سنوری هه‌ر 18 پارێزگاكه له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا بێ گۆڕین ئه‌مێنێته‌وه."
ئه‌م ماده‌یه چه‌ند كێشه‌یه‌كی به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی به جێ هێشتوه:
یه‌كه‌میان, ماوه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه له ئیستاوه ده‌س پێ ئه‌كا تا هه‌ڵبژاردنی گشتی له عیراق دا ئه‌كرێ بۆ "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی گواستنه‌وه" و نوسینی ده‌ستوری دائیمی عیراق و, په‌سندكردنی به ده‌نگدانی گه‌لی عیراق و, ئینجا هه‌ڵبژاردنێكی گشتی نوێ بۆ "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عیراق".
ئه‌گه‌ر هه‌مو هه‌نگاوه‌كان له كاتی دیاریكراوی خۆی‌دا بنرێ, تا كۆتایی ساڵی 2005 درێژه ئه‌كێشێ.
دوه‌میان, سنوری هه‌ر 18 پارێزگاكانی عیراق, له ماوه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌دا بێ گۆڕین, وه‌كو خۆیان ئه‌مێننه‌وه.
رژیمی به‌عس دوای ئه‌وه‌ی هاتۆته سه‌ر كار ده‌سكاری‌یه‌كی زۆری له دابه‌شكردنی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی عیراق دا كردوه. بۆ نمونه:
ساڵی 1968 كه به‌عس هاته سه‌ر كار, تكریت "ناحیه" بو سه‌ر به قه‌زای "سامرا ْ" و قه‌زای سامه‌ڕاش سه‌ر به پارێزگای به‌غداد بو. له ناوه‌ڕاستی حوفتاكان دا به‌عس تكریتی له ناحیه‌وه كرده ناوه‌ندی پارێزگا و, پارێزگاكه‌یشی ناو نا "صلاح ا‌لدین", گۆیا سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی له تكریت له دایك بوه.
كه‌ركوك پارێزگایه‌كی گه‌وره بو قه‌زاكانی توز, داقوق, چه‌مچه‌مال, كه‌لار, كفری ئه‌گرته‌وه. به‌عس كه‌ركوكی پارچه‌پارچه كرد. توز و داقوقی دا به تكریت و كفری دا به دیاله و, چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لاری خسته سه‌ر سلێمانی, ناوی پارێزگای كه‌ركوكی گۆڕی بۆ "التأمیم".
مه‌به‌ستی له‌وه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد بو له پارێزگای كه‌ركوك و زیادكردنی ژماره‌ی عه‌ره‌ب. ته‌نانه‌ت له‌شكركێشی‌یه به‌دناوه‌كانی "ئه‌نفال" ی ساڵی 1988 ی ناوچه‌كانی گه‌رمیان هه‌ر بۆ ئه‌وه بو ژماره‌ی كورد كه‌م بكه‌نه‌وه.
×
دوای راپه‌ڕین هه‌لومه‌رجێكی نوێ هاته پێشه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی كوردی, سه‌ره‌ڕای پارێزگاكانی هه‌ولێر, دهۆك, سلێمانی, ده‌ستی گرت به سه‌ر هه‌ندێ ناوچه‌ی كوردنشینی سه‌ر به پارێزگاكانی موسل, تكریت, دیاله. به‌ڵام زۆر ناوچه‌ی تری كوردستان هه‌ر له ده‌س به‌عس دا مانه‌وه. دوای پێكهێنانی "مجلس الحكم" و نوسینی "قاد" ئه‌و ناوچانه له روی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌یه‌وه هه‌ر له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و پارێزگا عه‌ره‌بی‌یه‌كان مانه‌وه.
له هه‌مو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له نێوان كورد و حكومه‌تی عیراق دا كراون, یه‌كێ له كێشه سه‌ره‌كی‌یه‌كانی كه هه‌میشه رێگری به‌رده‌م رێككه‌وتنیان بوه, كێشه‌ی سنوری كوردستان بوه.
گفتوگۆی ساڵی 1970 ی سه‌ركردایه‌تی بارزانی و سه‌ركردایه‌تی به‌عس كه به به‌یانی ئازار كۆتایی هات, له‌و گفتوگۆیه‌ش دا دیسان دیاریكردنی سنوری كوردستان جێگه‌ی ناكۆكی بوه, نه‌یانتوانی له سه‌ری رێك بكه‌ون له به‌ر ئه‌وه به هه‌ڵواسراوی مایه‌وه و هه‌ڵیان گرت بۆ ساڵانی داهاتو به سه‌رژمێر و ده‌نگدان به لای‌دا بخه‌ن.
له به‌یانی 11 ی ئازاری 1970 دا نوسراوه: "14. دانانی رێوشوێنی پێویست له دوای بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یانه‌كه به راوێژ له گه‌ڵ كۆمیته‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێ كردنی, بۆ یه‌كخستنی پارێزگا و یه‌كه كارگێڕی‌یه‌كانی كه زۆرایه‌تی‌یه‌كی كوردی‌یان تێ‌دا دانیشتوه به پێ‌ی سه‌رژمێرێكی ره‌سمی كه ئه‌كرێ...."
بێگومان ئه‌و كاته ئه‌م دواخستنه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی بو, شه‌ڕی 1974 ی له سه‌ر هه‌ڵگیرسایه‌وه, ئه‌مجاره‌ش گروپی كورد له "مجلس الحكم" دا كه له كاتی نوسین و ئیمزاكردنی "قاد" ا چاره‌نوسی هه‌مو ناوچه كوردستانی‌یه‌كانیان به هه‌ڵواسراوی هێشتۆته‌وه بۆ پاشه‌ڕۆژ, هه‌مان هه‌ڵه‌ی مێژویی‌یان دوباره كردۆته‌وه.
قاد له "م 58" ئه‌ڵێ:
"أ. حكومه‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراق و, به تایبه‌تی كۆمیسیۆنی عیراقی ناكۆكی موڵكداری و, ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر, به په‌له كار بكا بۆ دانانی رێوشوێنی بۆ لابردنی بێدادی كه به هۆی كرداری حكومه‌تی پێشوه‌وه بۆ گۆڕینی پێكهاته‌ی دیمۆگرافی هه‌ندێ ناوچه‌ی دیاریكراو, له‌وانه كه‌ركوك, به راگوێزان و دورخستنه‌وه‌ی كه‌سان له شوێنی نیشته‌جێ بونیان, كۆچاندنی به زۆر بۆ ناو و ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه, نیشته‌جێ كردنی كه‌سانی نامۆ له ناوچه‌كه‌دا, بێ به‌ش كردنی دانیشتوانی له كار و, راستكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌یان. بۆ چاره‌كردنی ئه‌م بێدادی‌یه, حكومه‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراق ئه‌بێ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه بنێ:
1. سه‌باره‌ت به‌و دانیشتوانه‌ی راگوێزراون, دور خراونه‌ته‌وه, یان كۆچیان پێ كراوه, ئه‌بێ, به پێ‌ی نیزامی كۆمیسیۆنی عیراقی ناكۆكی موڵكداری و, رێوشوێنی تر له چوارچێوه‌ی قانون دا, له ماوه‌یه‌كی مه‌عقول دا, دانیشتوه‌كان بگێڕێته‌وه بۆ ناو ماڵ و موڵكی خۆیان, یان, ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌توانرا, ئه‌بێ بژاردنێكی ره‌وایان بداتێ.
2. سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی تازه براونه‌ته ناوچه و شوێنی دیاریكراو, ئه‌بێ به پێ‌ی ماده‌ی 10 ی نیزامی كۆمیسیۆنی عیراقی ناكۆكی موڵكداری, بۆ دابینكردنی نیشته‌جێ كردنه‌وه‌یان, وه‌رگرتنی بژاردن له ده‌وڵه‌ت, یا پێدانی زه‌وی تازه‌ی ده‌وڵه‌تی له نزیك شوێنی نیشته‌جێ كردنیان له‌و پارێزگایه‌ی لێوه‌ی هاتون, یان بژاردنی تێچونی جوڵاندنیان بۆ ئه‌و جۆره شوێنانه.
3. سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی بێ به‌ش كراون له فه‌رمانبه‌ری یا هۆی تری پشتیوانی به مه‌به‌ستی كۆچاندنی زۆرملێ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه و شوێنه‌كانیان, ئه‌بێ هه‌لی نوێ‌ی فه‌رمانبه‌ری‌یان له‌و ناوچه و شوێنانه‌دا بۆ بڕخسێنێ.
4. سه‌باره‌ت به راستكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی, ئه‌بێ هه‌مو بڕیاره په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و ئه‌بێ رێ بدرێ به‌و كه‌سانه‌ی دوچاری بون مافی بڕیاردانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زی خۆیان هه‌بێ به ئازادی بێ زۆر لێ كردن و ناچار كردن.
ب. رژیمی پێش‌و یاری به سنوری كارگێڕی كردوه بۆ مه‌به‌ستی سیاسی گۆڕیوێتی. ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراق چه‌ند راسپارده‌یه‌ك ئه‌دا به كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی بۆ چاره‌كردنی ئه‌م گوڕینه ناڕه‌وایانه له ده‌ستوری دائیمی‌دا. له حاله‌تێكا كه ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی به كۆی ده‌نگ نه‌یانتوانی رێك بكه‌ون له سه‌ر دانانی ئه‌و راسپاردانه, ئه‌شێ به كۆی ده‌نگ حه‌كه‌مێكی بێلایه‌ن دابنێن بۆ لێكۆڵینه‌وه و دانانی راسپارده‌كانی. له حاڵه‌تێكا ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی نه‌یانتوانی رێك بكه‌ون له سه‌ر حه‌كه‌مێك, ئه‌شێ داوا له سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بكه‌ن كه‌سێكی ناوده‌وڵه‌تی ناودار دابنێ تا ببێ به حه‌كه‌م.
ج. بڕیاری هه‌میشه‌یی ناوچه ناكۆكه‌كان, له‌وانه كه‌ركوك, دوا ئه‌خرێ تا ته‌واو بونی ئه‌م رێوشوێنانه, ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرێكی پاك و رون و په‌سند كردنی ده‌ستوری دائیمی. ئه‌و بڕیاره‌ش ئه‌بێ له گه‌ڵ سه‌ره‌تای ره‌وایه‌تی‌دا بگونجێ, ویستی دانیشتوانی ئه‌و شوێنانه له به‌ر چاو بگیرێ."
ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌مویان وه‌كو یه‌ك نین:
هه‌ندێكیان, ناكۆكی‌یه‌كی ئه‌وتۆیان له سه‌ر نیه و, پارێزگاره عه‌ره‌به‌كانیش ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنن كه ئه‌و ناوچانه كوردین و به‌شێكن له كوردستان, وه‌كو خانه‌قین له پارێزگای دیاله و, شێخان و مه‌خمور له پارێزگای موسل...
هه‌ندێكیان, ناكۆكی‌یان له سه‌ره, له‌وانه ناوشاری كه‌ركوك, به تایبه‌تی چونكه حكومه‌ته‌كانی عیراق وایان له عه‌ره‌ب گه‌یاندوه به بێ نه‌وتی كه‌ركوك له برسا ئه‌مرن.
ئه‌بو گروپی كورد پێ دابگرن له سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی جۆری یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بخرانایه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و, ئه‌كرا یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ناوچه ناكۆكه‌كان دوا بخرایه بۆ دوای سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ته‌عریب و ئاساییكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان. به‌ڵام هه‌مویان حه‌واڵه‌ی پاشه‌رۆژ كراون.