پرۆسه‌ی سیاسی له عیراق دا به پێ‌ی "قاد" و, موافه‌قه‌تی "سام" و, بڕیاری "ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان" كراوه‌ته چه‌ند قۆناغێ:
"قۆناغی گواستنه‌وه" له 30 ی 6 (حوزه‌یران) ی 2004 ه‌وه ده‌س پێ ئه‌كا تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی كه نابێ له 31 ی 12 (كانونی یه‌كه‌می) ه 2005 تێ بپه‌ڕێ.
قۆناغی گواستنه‌وه‌ش ئه‌بێ به 2 مه‌نزڵ:
مه‌نزڵی یه‌كه‌م, له 30 ی 6 (حوزه‌یران) ی 2004 ده‌س پێ ئه‌كا به پێكهێنانی حكومه‌تێكی عیراقی كاتی (: حكومه عیراقیه مۆقته) خاوه‌ن سه‌روه‌ری.
مه‌نزڵی دوه‌م, له رۆژی پێكهێنانی حكومه‌تێكی عیراقی گوێزانه‌وه "حكومة عراقیة إنتقالیة"ه‌وه ده‌س پێ ئه‌كا دوای هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی"الجمعیة الوطنیة" كه تا 31 ی 12 (كانونی یه‌كه‌م) ی 2004 ئه‌بێ ئه‌نجام بدرێ و, ئه‌گه‌ر نه‌توانرا نابێ له 31 ی 1 (كانونی دوه‌م) ی 2005 تێ بپه‌ڕێ."م 2"
كاری سه‌ره‌كی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بریتی‌یه له:
هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و 2 جێگر كه پێكه‌وه ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی پێك ئه‌هێنن "م 36 (أ)". ئه‌وانیش سه‌روه‌زیران دیاری ئه‌كه‌ن و, سه‌رۆكی وه‌زیرانیش وه‌زیره‌كانی ناو ئه‌نێ. "م 38"
به‌خشین و سه‌ندنه‌وه‌ی باوه‌ڕ به وه‌زاره‌ت و به وه‌زیره‌كان. "م 40"
ده‌سكاری و په‌سندكردنی بودجه‌ی عیراق. "م33 (ج)"
نوسینی ده‌ستوری دائیمی عیراق. "م 61"
كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی گواستنه‌وه ئه‌بێ تا 15 ی 8 (ئاب) ی 2004 له نوسینه‌وه‌ی مسوه‌ده‌ی ده‌ستور ببێته‌وه, مه‌گه‌ر كۆسپێكی وای بێته رێ پێویست به درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی بكا ئه‌وسا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن به ره‌زامه‌ندی زۆرایه‌تی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌توانێ له 1 ی ئاب دا داوا له "ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی" بكا ماوه‌ی نوسینی بۆ درێژ بكاته‌وه, ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی بۆی هه‌یه 6 مانگی تر ماوه‌یان بدات بۆ ته‌واوكردنی. "م 31 (و)"
مسوه‌ده‌ی ده‌ستور ئه‌خرێته به‌رده‌م گه‌لی عیراق بۆ ده‌نگدان له سه‌ری. ئه‌گه‌ر به په‌سندكران ده‌نگی له سه‌ر درا ئه‌وه ئه‌بێته ده‌ستوری عیراق و, به پێ‌ی ئه‌و ده‌ستوره سه‌ر له‌نوێ ئه‌بێ تا كۆتایی 31 ی 1 (كانونی یه‌كه‌م) ی 2005 هه‌ڵبژاردنی گشتی له عیراق دا بكرێ "م 61" به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی ئاسایی, كه ره‌نگه هه‌ر 3 یا 4 ساڵ جارێ نوێ ببێته‌وه.
×
ئه‌گه‌ر ده‌ستور له لایه‌ن زۆرایه‌تی ده‌نگده‌رانی عیراقه‌وه په‌سند نه‌كرا یان دوسێیه‌كی 3 پارێزگا ره‌تیان كرده‌وه, ده‌ستوره‌كه په‌سند ناكرێ. ئه‌وسا "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی" هه‌ڵئه‌وه‌شێنرێته‌وه و, ئه‌بێ ئه‌وپه‌ڕی تا 15 ی 12 (كانونی یه‌كه‌م) ی 2005 هه‌ڵبژاردن بۆ "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی" بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مسوه‌ده‌یه‌كی نوێ‌ی ده‌ستور بنوسێته‌وه."م 61"
×
به پێ‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به تایبه‌تی رێكخراوی "فاو" كه به‌رپرسی دابینكردنی پرۆگرامی "نه‌وت به خۆراك" بوه, دانیشتوانی عیراق, ئه‌وانه‌ی له ناو عیراق دا ئه‌ژین, به نزیكه 27 ملیۆن و نیو كه‌س قه‌بڵێنراوه, ئه‌گه‌رچی دور نیه ئه‌م ژماره‌یه هه‌ندێ فرتوفێڵی تێ‌دا كرابێ و, له ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی دانیشتوان زیاتر نوسرا بێ, به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه كراوه به بناغه بۆ دیاریكردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی گواستنه‌وه. هه‌ر 100.000 كه‌س مافی هه‌ڵبژاردنی 1 نوێنه‌ریان ئه‌بێ, به‌و پێ‌یه "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی گواستنه‌وه" پێكدێ له 275 كه‌س, بێ گوێدانه دین و مه‌زه‌ب و نه‌ته‌وه."م 31"
×
له ئیستاوه تا 31 ی 12 (كانونی یه‌كه‌م) ی 2004 یا ئه‌وپه‌ڕی تا 31 ی 1 (كانونی دوه‌م) ی 2005 له سه‌رانسه‌ری عیراق دا, به هه‌رێمی كوردستانه‌وه, هه‌ڵبژاردن بۆ دو جۆره ده‌زگا ئه‌بێ ئه‌نجام بدرێ:"م 30"
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراق بۆ ماوه‌ی گوێزانه‌وه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان."م 57 (ب)"
له كوردستان دا سه‌ره‌ڕای ئه‌م دو هه‌ڵبژاردنه ئه‌بێ هه‌ڵبژاردنێكی تریش ئه‌نجام بدرێ, كه هه‌ڵبژاردنی "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان" ه."م 57 (ب)"
×
بریمه‌ر به‌ر له‌وه‌ی عیراق به جێ بهێڵێ كۆمه‌ڵێ فه‌رمان (أمر:Order) ی دركردوه, له‌وانه:
فه‌رمانی ژ 92 ی 31 ی 5 ی 04 "كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له عیراق دا"
فه‌رمانی ژ 96 ی 7 ی 6 ی 04 "قانونی هه‌ڵبژاردن"
فه‌رمانی ژ 97 ی 7 ی 6 ی 04 "قانونی حیزب و قه‌واره‌ی سیاسی"
×
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان چه‌ند پسپۆڕێكی بواری هه‌ڵبژاردنیان به سه‌رۆكایه‌تی خاتو كارینا بیرلی نارد بۆ عیراق بۆ جێبه‌جێ كردنی فه‌رمانی ژماره 92 ی 31 ی 5 ی 2004 بۆ پێكهێنانی "كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن".
سام فۆرمێكی به ناو خه‌ڵك دا بڵاو كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كێ بیه‌وێ خۆی بپاڵێوێ بۆ ئه‌ندامه‌تی "كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن" فۆرمه‌كه پڕ بكاته‌وه. زیاتر له 1800 كه‌س خۆیان پاڵاوت. پاش چاوپێكه‌وتن و پرسیار و وه‌ڵام 7 كه‌س هه‌ڵبژێردران به ئه‌ندامی ئه‌م ده‌سته‌یه و, بران بۆ مه‌كسیك بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی 2 حه‌فته مه‌شق دابدرێن و, سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی جۆراوجۆریان بۆ باس بكه‌ن.
ئه‌م "كۆمیسیۆنه باڵایه" سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌كه‌ن هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنیه‌وه تا ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كانی.
×
به پێ‌ی فه‌رمانی ژ 96 ی 7 ی 6 ی 04 "قانونی هه‌ڵبژاردن" هه‌مو عیراق "یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه". هه‌ڵبژاردن رێژه‌یی "نیسبی" ئه‌بێ. حیزب و رێكخراو و تاقمی جۆراوجۆر ئه‌توانن لیست داببه‌زێنن و, له سه‌رانسه‌ری عیراق دا ده‌نگیان بۆ بدرێ.
لایه‌نی كه‌می لیست ئه‌بێ 12 كه‌س و لایه‌نی ئه‌وپه‌ڕی 275 كه‌س بێ.
ئه‌بێ ناوی پاڵێوراوه‌كان له لیسته‌كه‌دا به جۆرێ ریز بكرێ له دوای هه‌ر 2 پیاو 1 ژن بنوسرێ.
دوای ده‌نگدان پاڵێوراوه‌كان به پێ‌ی ریزی ناوه‌كانیان له لیسته‌كه‌دا ئه‌بن به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی نه‌ك به پێ‌ی بڕیار و هاوێر كردنی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان.
1 كه‌س به ته‌نیا بۆی هه‌یه خۆی بپاڵێوێ.
هه‌م لیستی حیزبه‌كان و هه‌م لیستی 1 كه‌سی ئه‌بێ خۆی وه‌كو بابه‌تێكی سیاسی لای "كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن" به ناسین بدات و 500 كه‌س پشتیوانی داواكه‌ی بكه‌ن.
×
مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامه‌تی "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی":
عیراقی بێ و ته‌مه‌نی له 30 ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
ئه‌ندامی حیزبی به‌عس نه‌بوبێ به پله‌ی "عچو فرقه" و به‌ره‌وژور.
ئه‌گه‌ر وه‌ختی خۆی "عچو عامل" بوبێ ئه‌بێ پاكانه بنوسێ و سوێند بخوا كه ئیتر كار و ره‌فتاریان له گه‌ڵ ناكا.
سه‌ر به ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كان نه‌بوبێ.
به شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا له سه‌ر حسابی نیشتمان و دارایی گشتی ده‌وڵه‌مه‌ن نه‌بوبێ.
به تاوانێ كه شه‌ره‌ف له‌كه‌دار بكا حوكم نه‌درابێ.
لایه‌نی كه‌م هه‌ڵگری شه‌هاده‌ی سانه‌وی یا شه‌هاده‌یه‌كی به‌رامبه‌ری بێ.
له كاتی خۆپاڵاوتن دا ئه‌ندامی هێزه چه‌كداره‌كان نه‌بێ. "م31"
×
كورد له هه‌ڵبژاردنی عیراق دا
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌مو هاووڵاتی‌یانی عیراق وه‌كو یه‌ك, بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی, دینی و مه‌زه‌بی, به‌شدار ئه‌بن. عیراق وڵاتێكی تاك نه‌ته‌وه‌ی تاك دینی تاك مه‌زه‌ب نیه, به‌ڵكو:
وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی, كوردی, توركومانی, كلدۆئاشوری و,
وڵاتێكی فره‌دینی ئیسلامی, مه‌سیحی, یه‌زیدی, مه‌ندائی و,
فره‌مه‌زه‌بی ئیسلامی - شیعی, سونی و, مه‌سیحی – نه‌ستوری, كاسۆلیكی, پرۆتستانتی...یه.
×
تا ئیستا سه‌رژمێرێكی راست و دروست له به‌رده‌س دا نیه. سه‌رژمێری‌یه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس جێگه‌ی باوه‌ڕ نین تا بكرێن به بنچینه بۆ هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێ:
كورد ئه‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئێمه سێیه‌كی دانیشتوانی عیراق نه‌بین ئه‌وا به لایه‌نی كه‌مه‌وه چواریه‌كین.
توركومان ئه‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئێمه 4 ملیۆن نه‌بین ئه‌وا به لایه‌نی كه‌مه‌وه 3 ملیۆن ئه‌بین.
شیعه ئه‌ڵێن: ئێمه %65 ی دانیشتوانی عیراقین.
سونه ئه‌ڵێن: ئێمه, به عه‌ره‌ب و كورد و توركومانه‌وه, له %52 و شیعه له %45 ی دانیشتوانی عیراقن.
راستی و ناراستی ئه‌م "ئیدیعا" یانه ساغ نابێته‌وه مه‌گه‌ر سه‌رژمێرێكی پاك و راست, له ژێر چاوێری بێلایه‌نی ناوده‌وڵه‌تی‌دا ئه‌نجام بدرێ, ئه‌وسا هه‌ر لایه‌ك ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی ئه‌زانێ.
×
به پێ راگه‌یاندنه‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانان, ئه‌بو له ناوه‌راستی مانگی ته‌موزه‌وه فه‌رمانگه‌كانی ئامار "دوائر الاحصا ْ" كاری "حصر و ترقیم" له سه‌رانسه‌ری عیراق دا ده‌س پێ بكه‌ن و, درێژه به كاره‌كه‌یان بدن تا له رۆژی 12 ی 10 ی 2004 دا له سه‌رانسه‌ری عیراق دا سه‌رژمێری گشتی بكه‌ن. به‌ڵام له لایه‌كه‌وه وه‌زاره‌ت له‌م بڕیاره‌ی پاشگه‌ز بوه‌وه, له لایه‌كی تره‌وه كۆمیسیۆنی باڵا بڕیاری دا كار به‌م ئاماره نه‌كا و میكانیزمێكی تری دیاری كرد بۆ دیاریكردنی ده‌نگده‌ران.
بێگومان ئه‌نجامدانی ئامار كارێكی زۆر گرنگ بو له لایه‌كه‌وه بۆ زانینی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كانی گه‌لی عیراق و, له لایه‌كی تره‌وه بۆ دیاریكردنی هه‌مو ئه‌و هاووڵاتی‌یه عیراقی‌یانه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێ ڕامانه گه‌وره‌كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی‌ی ئامار له عیراق دا كه خۆیان شیعه‌ن, به بیانوی ئه‌وه‌ی "نه‌زعه‌ی تائیفی" نه‌وروژێ, له‌و ئیستیماره‌یه‌دا كه ئاماده كرا بو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی له رۆژی سه‌رژمێری گشتی‌دا هیچ خانه‌یه‌كیان ته‌رخان نه‌كرد بو بۆ نوسینی مه‌زه‌بی شیعه و سونه, به‌ڵكو خانه‌یان ته‌نیا بۆ دین ته‌رخان كرد بو, له به‌ر ئه‌وه دوای ئه‌و سه‌رژمێری‌یه ئه‌توانرا بزانرێ چه‌ند ملیۆن موسوڵمان له عیراق دا هه‌یه, به‌ڵام ده‌رنه‌ئه‌كه‌وت چه‌ندی شیعه و چه‌ندی سونه‌یه و, هه‌ر لایه‌كیان وه‌كو جاران ئه‌یانتوانی "ئیدیعا" ی زۆرایه‌تی بكه‌ن.
×
له‌و "كۆمه‌ڵی نیشتمانی"یه‌دا كه ئه‌بێ هه‌ڵببژێردرێ و, "ده‌ستوری دائیمی عیراق" بنوسێ, نواندنه‌وه‌ی ئه‌م جۆراوجۆری و ره‌نگاوره‌نگی گه‌لی عیراقه چۆن ئه‌بێ؟ چۆن ئه‌توانرێ كارێكی وا بكرێ هیچ لایه‌ك هه‌ست به پشت گوێ خران و ون كران نه‌كا؟ چونكه هه‌رچۆنێ هه‌ڵبژاردن بكرێ, زۆرایه‌تی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی له روی نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه هه‌ر عه‌ره‌ب ئه‌بێ, كه‌واته كورد چۆن به‌شدار بێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی نه‌خورێ؟
كورد, هه‌موی له یه‌ك ناوچه‌دا كۆنه‌بۆته‌وه, به‌ڵكو له چه‌ند شوێنی جیاوازدا نیشته‌جێ‌یه:
هه‌ندێكیان به ته‌واوی كوردنشینه, یان زۆرایه‌تی زۆری كورده به تایبه‌تی هه‌رێمی ئیستای كوردستان و, ناوچه‌كانی خانه‌قین و مه‌خمور و شێخان...
هه‌ندێكیان تێكه‌ڵاوه له كورد و نه‌ته‌وه‌ی تر وه‌كو كه‌ركوك, توز, جه‌له‌ولا, شه‌نگار...
هه‌ندێكی عه‌ره‌بی‌یه به‌ڵام سه‌دان هه‌زار كوردی لێ ئه‌ژی وه‌كو موسل, به‌عقوبه, به‌غداد...
×
گیروگرفته‌كانی هه‌ڵبژاردن:
1. گیروگرفتی نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتی قانون
له‌م باره نائارامه‌ی عیراق دا كه كوشتن, ته‌قاندنه‌وه‌ی ئوتوموبیلی بۆمبدار, په‌لاماردانی بنكه‌كانی پۆلیس, هاوه‌ن هاویشتن, رفاندن ... بۆته روداوی رۆژانه له زۆری ناوچه‌كانی عیراق دا و, هه‌ندێ شار و شاروچكه و دێهات راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ كه‌وتۆته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌كداری میلیشیای جۆراوجۆر, چه‌ند پرسیار دێته پێشه‌وه:
كێ ئازادی و یه‌كسانی پرۆپاگانده‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ پاڵێوراوه‌كان, له ناو خه‌ڵك دا و له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دا: نوسین و بینین و بیستن, دابین ئه‌كا؟
كێ سه‌لامه‌تی گیانی پاڵێوره‌كان دابین ئه‌كا؟
كێ ئازادی و سه‌لامه‌تی ده‌نگده‌ران دابین ئه‌كا؟
كێ سه‌لامه‌تی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردن و سنوقی هه‌ڵبژاردن دابین ئه‌كا؟
2. گیروگرفتی نه‌بونی سه‌رژمێری راست
كێن ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و چه‌ندن؟
سه‌رژمێری‌یه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس جێگه‌ی باوه‌ڕ نین.
"بیتاقه‌ی ته‌موینی" ناشێ بكرێ به بنچینه بۆ دیاریكردنی ده‌نگده‌ران, ئه‌ویش له به‌ر چه‌ندین هۆ:
یه‌كه‌م, ناو و ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی تێ‌دایه, به‌ڵام ته‌مه‌نیان دیاری نه‌كراوه. له به‌ر ئه‌وه نازانرێ چه‌ندیان خوار 18 و چه‌ندیان به‌ره‌وژوری 18 ساڵن.
دوه‌م, ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌وانه مردون و, بۆ ئه‌وه‌ی سود له به‌شه خۆراكه‌كه‌یان وه‌ربگرن, هه‌ر به زیندو هێڵراونه‌ته‌وه و ناویان نه‌كوژێنراوه‌ته‌وه.
سێیه‌م, له سه‌رده‌می صه‌دام دا سه‌دان هه‌زار "بیتاقه‌ی ساخته" و, دوای روخانی صه‌دام سه‌دان هه‌زار "بیتاقه‌ی ساخته" دروست كراون.
چواره‌م, ده‌یان هه‌زار كه له عیراق دا ژیاون و ئه‌ژین "بیتاقه‌ی ته‌موینی" یان وه‌رنه‌گرتوه.
3. گیروگرفتی عیراقی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق
ئایا ئه‌وانه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه یان؟ ئه‌گه‌ر مافیان هه‌یه چۆن دیاری ئه‌كرێن وكێ دیاری‌یان ئه‌كا و, كێ عیراقی له ناعیراقی هاوێر ئه‌كا؟
ساڵانێكی زۆره عیراقی ده‌ربه‌ده‌ر ئه‌بن و, به سه‌رانسه‌ری دنیادا بڵاو بونه‌ته‌وه, سه‌دان هه‌زاریان له ناو ده‌وڵه‌تانی دراوسێ‌دا بونه‌ته په‌نابه‌ر و نیشته‌جێ بون. ده‌وڵه‌تانی دراوسێ, له به‌ر ئه‌وه‌ی له ناو عیراق دا درێژبونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دینی و مه‌زه‌بی‌یان هه‌یه, ئه‌توانن سه‌دان هه‌زار كه‌س له هاووڵاتی‌یانی خۆیان به عیراقی بنوسن و, له هه‌ڵبژاردن دا به‌شدار بن.
4. گیروگرفتی نواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و دین و مه‌زه‌به جیاوازه‌كان
زۆرایه‌تی گه‌لی عیراق, ره‌نگه له نیوه زیاتری, عه‌ره‌ب بێ, دوای ئه‌و كورد, ئینجا توركومان و كلدۆئاشوری‌یه..
زۆرایه‌تی گه‌لی عیراق موسوڵمانن, چه‌ند كه‌مایه‌تی‌یه‌كی‌یشی مه‌سیحی, یه‌زیدی, مه‌ندائی‌یه...
عیراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت له‌وه‌تی دروست بوه (1921) نه له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و نه له سه‌رده‌می جمهوری‌دا نه‌یتوانیوه "نه‌ته‌وه – ده‌وڵه‌ت" دروست بكا. نه‌یتوانیوه ناسنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی هاووڵاتێتی بۆ كورد و عه‌ره‌ب و توركومان و كلدۆئاشوری و, سوننه و شیعه و, مه‌سیحی و, یه‌زیدی و, مه‌ندائی, دروست بكا. هه‌ر یه‌كه‌یان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی, دینی, مه‌زه‌بی – تایبه‌تی, خۆی پاراستوه. دلسۆزی "ولا ْ:loyalty" لای زۆرایه‌تی‌یان بۆ نه‌ته‌وه و دین و مه‌زه‌بی تایبه‌تی خۆیان پێش دڵسۆزی بۆ ده‌وڵه‌تی عیراق ئه‌كه‌وێ. 80 ساڵ هاووڵاتێتی قانونی‌ی عیراقی, هۆشی عیراقی بونی تێ‌دا نه‌خوڵقاندون. له به‌ر ئه‌وه له هه‌مو ده‌زگایه‌كی عیراقی‌دا, هه‌ر لایه‌ك, به‌شی خۆی ئه‌وێ.
له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا ئه‌م گیروگرفته چۆن چاره‌سه‌ر ئه‌كرێ و, بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك هه‌ست به به‌شخوراوی نه‌كا, چۆن ئه‌توانرێ نواندنه‌وه‌ی هه‌موان دابین بكرێ؟
5. گیروگرفتی سنوری كارگێڕیی پارێزگاكان
"قاد" له "م 53" دا نوسیوێتی:
"(أ) دان ئه‌نرێ به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا به‌و سیفه‌ته‌ی كه حكومه‌تی ره‌سمی ئه‌و ئه‌رزانه‌یه كه له لایه‌ن حكومه‌تی ناوبراوه‌وه له 19 ی ئازاری 2003 دا به‌ڕێوه ئه‌برا كه كه‌وتونه‌ته پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دیاله و سه‌لاحه‌دین و نه‌ینه‌وا..."
"(ب) سنوری هه‌ر 18 پارێزگاكه له ماوه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌دا بێ گۆڕین ئه‌مێنێته‌وه."
قانونه‌كه دانی نه‌ناوه به‌و گۆڕینه كارگێڕی‌یانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان كردویه‌تی و, ئه‌و پارێزگایه‌ی به ناوی كه‌ركوكه‌وه له قه‌زاكانی كفری و كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵ دروستی كردوه, به پێ‌ی ئه‌م قانونه دانی پێ‌دا نه‌نراوه.
ئه‌مه كێشه‌یه‌كی هونه‌ری له هه‌ڵبژاردن دا دروست ئه‌كا, به پێ‌ی سنوری كۆن: چه‌مچه‌ماڵ, ده‌ربه‌ندیخان, كه‌لار 3 قه‌زای پارێزگای سلێمانین و, ئاكرێ و شێخان و به‌شێكی كه‌ڵه‌ك كه ئیستا به‌شێكن له هه‌رێمی كوردستان سه‌ر به پارێزگای نه‌ینه‌وا (موسل) ن, قه‌زای كفری و ناحیه‌كانی مه‌یدان و قۆره‌تو كه به‌شێكی خانه‌قینن سه‌ر به دیاله (باقوبه) ن و, نه‌وجول و به‌شێكی قادركه‌ره‌م كه به‌شێكی توزن سه‌ر به سه‌لاحه‌دین (تكریت) ن.
دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له كوێ ده‌نگ ئه‌ده‌ن؟ له هه‌رێمی كوردستان یان له پارێزگاكانی پێشویان؟
×
كورد چۆن به‌شداری هه‌ڵبژاردن بی؟
ئه‌شێ 4 سیناریۆی جیاوازی هه‌بێ:
یه‌كه‌میان, هه‌ر حیزب و هه‌ر كه‌سه بۆ خۆی به جیا به‌شدار بێ.
دوه‌میان, كورد له عیراق دا لیستێكی یه‌كگرتوی كوردی دابه‌زێنێ.
سێیه‌میان, كورد لیستێكی كوردستانی كوردی, توركومانی, كلدۆئاشوری دروست بكا.
چواره‌میان, كورد به یه‌كگرتویی له گه‌ڵ حیزب و عه‌شائیر و كه‌سایه‌تی عه‌ره‌بی هاوپرۆگرامی له سه‌ر لیستێكی عیراقی رێك بكه‌وێ؟
×
پرسیار: به لای تۆوه كامیان به قازانجی كورده؟
وه‌ڵامه‌كه‌ت لێره‌دا بنوسه:
.............
.............