ساڵی 1992 سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی چه‌ند كه‌سێكی قانونی راسپارد قانونی هه‌ڵبژاردنی كوردستان بنوسن. بیره گشتی‌یه‌كانی جۆری هه‌ڵبژاردن سه‌ركرده‌كانی به‌ره دیاری‌یان ئه‌كرد, نه‌ك قانونی‌یه‌كان.
له سه‌ره‌تاوه دوبۆچونی جیاواز له ناو سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌دا هه‌بو:
بۆچونی یه‌كه‌م پێ‌ی وابو, باشترین جۆری هه‌ڵبژاردن كه بۆ ئه‌و قۆناغه بگونجێ, هه‌ڵبژاردنی بازنه‌یی‌یه, كوردستان دابه‌ش بكرێ به سه‌ر چه‌ندین بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دا و, هه‌ڵبژاردن به لیست نه‌بێ, له هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن دا هه‌مو كه‌سێ, كه مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامه‌تی ئه‌نجومه‌نی تێ‌دا بێ, بۆی هه‌بێ خۆی ناودێر بكا.
بۆچونی دوه‌م پێ‌ی وابو, باشترین شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن كه له گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی كوردستان دا بگونجێ هه‌ڵبژاردنی رێژه‌یی‌یه به لیست.
حیزبه پچوكه‌كان پێ‌یان له سه‌ر بۆچونی دوه‌م دائه‌گرت. ته‌نانه‌ت گه‌یشته راده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان كرد كه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن رێژه‌یی و به لیست نه‌بێ, ئه‌وان بایكۆت "مقاطعة" ی هه‌ڵبژاردن ئه‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش له‌و كاته‌دا بۆ ناوبانگی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی كوردستانی باش نه‌بو, به تایبه‌تی ئه‌و زه‌مانه هێشتا هیچ لایه‌نێكی عیراقی و ده‌ره‌كی قه‌واره‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و حیزبانه‌یان نه‌ئه‌زانی. له به‌ر ئه‌وه له ژێر كاریگه‌ری ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌دا سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی قبوڵی كرد كه هه‌ڵبژاردن رێژه‌یی بێ, به‌ڵام له سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی پارتی رێژه‌ی %7 ی كرده مه‌رجی به‌شداربونی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان.
به‌و جۆره قانونێ بۆ هه‌ڵبژاردن له كوردستان دا نوسرا كه ناوی نرا "قانونی ژماره 1 ی ساڵی 1992" و, سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی كه ئه‌و ده‌م حكومه‌تی ئه‌مری واقیع "دی فاكتۆ:de facto" بو, بۆ جێبه‌جێ كردن له 8 ی 4 ی 1992 دا په‌سندی كرد.
رۆژی 19 ی 5 ی 1992 هه‌ڵبژاردن له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی كوردستانی‌دا ئه‌نجام درا. زۆرایه‌تی خه‌ڵك به گه‌رمی چون بۆ ده‌نگدان. له به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رژمێری راست و دروست له به‌ر ده‌س دا نه‌بو بۆ دیاریكردنی ده‌نگده‌ران تا به‌و پێ‌یه كارتی هه‌ڵبژاردن و لیستی ده‌نگده‌ران ئاماده بكرێ, هه‌مو كه‌س بۆی هه‌بو له هه‌ر ناوه‌ندێكی ده‌نگدان بیه‌وێ ده‌نگ بدا به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی رێ له‌وه بگیرێ كه له جارێ زیاتر ده‌نگ بدا په‌نا برایه به‌ر رێگه‌یه‌ك, كه له‌زۆر جێگای تری دنیادا تاقی كرابوه‌وه, ئه‌ویش به كار هێنانی جۆرێ له مه‌ره‌كه‌ب بو كه ئه‌بو بدرێ له په‌نجه‌ی هه‌ر كه‌سێ كه ده‌نگی دا ره‌نگی مه‌ره‌كه‌به‌كه تا چه‌ند رۆژێ بمێنێته‌وه, تا نه‌توانێ بۆ جاری دوه‌م ده‌نگ بدا, له به‌یانی رۆژی ده‌نگدان دا ده‌ركه‌وت مه‌ره‌كه‌به‌كه ئه‌و مه‌ره‌كه‌به نه‌بو كه ویسترا بو, به‌ڵكو به ئاسانی ئه‌سڕڕایه‌وه.
مه‌ره‌كه‌به‌كه له كوێ وه هات بو, به كوێ دا هات بو, له كوێ هه‌ڵگیرا بو, كێ پارست بوی, بۆچی بزڕكا بو, كێ بزڕكان بوی؟ ئه‌وه خۆی چیرۆكێكی تره. هێشتا وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه چونكه هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێ‌دا نه‌كراوه.
هه‌ڵبژاردن كرا. شه‌ڕوشۆڕ و پێكادان و پشێوی نه‌قه‌وما. به‌ڵام هیچ لایه‌نێكی به‌شداری هه‌ڵبژاردن به ئه‌نجامه‌كانی رازی نه‌بون و, تیروتوانجیان تێ ئه‌گرت كه ساخته و فێڵی تێ‌دا كراوه. هه‌ندێ له حیزبه‌كان له‌و باره‌یه‌وه به‌یانیان ده‌ركرد و, داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان ئه‌كرد. هه‌ندێ كه‌س هه‌مو ده‌زگا جیهانی‌یه‌كانی راگه‌یاندنیان تێ گه‌یاند كه هه‌ڵبژاردنه‌كه ساخته‌یه, به تایبه‌تی سه‌دان په‌یامنێر و رۆژنامه‌وان و چاو‌دێر له سه‌رانسه‌ری دنیاوه هات بون بۆ ته‌ماشای ره‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌كه. رۆژنامه‌وانێكی شاره‌زا, كه زۆر هه‌ڵبژاردنی تری له زۆر جێگای دنیا دی بو, له راپۆرته‌كه‌ی‌دا نوسی بوی, كورده‌كان ئه‌وه یه‌كه‌م ته‌جروبه‌ی ئازادی هه‌ڵبژاردنه تاقی بكه‌نه‌وه, له به‌ر ئه‌وه هه‌ر كه‌سێ ئه‌نجامه‌كه‌ی به دڵ نه‌بو, به "ته‌زویر" ی دا ئه‌نێ.
دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن, له كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی‌دا سه‌رانی پارتی و یه‌كێتی ئاماده‌یی‌یان ده‌ربڕی كه رێژه‌ی %7 ی قانونه‌كه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه, تا ئه‌و حیزبانه‌ش كه له‌و رێژه‌یه كه‌متریان هێناوه به‌شدار بن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان قبوڵ بكردایه 11 نوێنه‌ر له حیزبه‌كانی تر ئه‌هاتنه پارله‌مانه‌وه, سه‌ره‌تای نیوه به نیوه جێبه‌جێ نه‌ئه‌كرا. به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی هیچ كام له حیزبه ده‌رنه‌چوه‌كان, به به‌شه‌كه‌ی خۆیان رازی نه‌بون, قبوڵیان نه‌كرد به‌شدار بن. له به‌ر ئه‌وه ده‌نگه‌كانی ئه‌وانیش به سه‌ر لیسته‌كانی پارتی و یه‌كێتی‌دا دابه‌ش كرایه‌وه. یه‌كێتی و پارتی په‌نجا به په‌نجا "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان" یان دامه‌زراند و, رێك كه‌وتن سه‌رۆكایه‌تی پارله‌مان بۆ پارتی و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بۆ یه‌كێتی بێ.
×
ره‌نگه هۆی سه‌ره‌كی دروست نه‌بونی پارله‌مانێكی به هێز ئه‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن بێ, كه كوردستانی كرد به یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی به‌رزی بۆ به‌شدار بون دانا و, ده‌رگای هه‌لی خۆ پاڵاوتنی له روی كه‌سایه‌تی ته‌نیا و سه‌ربه‌خۆدا داخست و, سه‌ركردایه‌تی هه‌ردو حیزب ئه‌و مافه‌یان به خۆیان دا به ئاره‌زوی خۆیان نوێنه‌ره‌كان هه‌ڵببژێرن و لایان ببه‌ن و بیانگۆڕن.
به‌مجۆره پارله‌مانێكی لاواز دروست بو. ئه‌و پارله‌مانه لاوازه نه‌یتوانی خواسته‌كانی خه‌ڵك له جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و, یه‌كخستنی داووده‌زگای پێشمه‌رگه و, پێكهێنانی حكومه‌تی دامه‌زراوگه‌ل "حكومة المؤسسات"... بهێنێته دی و, نه‌یتوانی رێ له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ بگرێ. به‌ڵكو بو به فه‌رمانبه‌ری سه‌ركردایه‌تی هه‌ردو حیزب, بگره بو به فه‌رمانبه‌ری دو سه‌ركرده‌كه‌ی دو حیزبه‌كه: پارتی و یه‌كێتی.
ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بازنه‌یی بوایه و, كوردستان دابه‌ش بكرایه به سه‌ر 100 بازنه‌ی جیاوازی هه‌ڵبژاردن یا كه‌متردا, ئه‌وسا هه‌ر حیزبه ناچار ئه‌بو باشترین و به هێزترین كه‌سایه‌تی خۆی له‌و بازنه‌یه‌دا ناودێر بكا و كه‌سایه‌تی ناسراوی ناحیزبی‌یش ئه‌یانتوانی به‌شداری بۆڕبۆڕێنی هه‌ڵبژاردن "المنافسة الانتخابية" بكه‌ن. ئه‌وسا هه‌ر كه‌س به پشتیوانی لایه‌نگره‌كانی خۆی ده‌رئه‌چو, نه‌ك به هێز و سه‌روه‌ری‌یه‌كانی حیزبه‌كه‌ی. له ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانیش دا به پشتیوانی‌ی خه‌ڵك پشت ئه‌ستور ئه‌بو, له به‌ر ئه‌وه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌رگیز به‌و جۆره ده‌رنه‌ئه‌چو, ئه‌ندامه‌كانی دیلی هیچ كام له حیزبه‌كان نه‌ئه‌بون, به‌ڵكو پارله‌مانێكی ره‌نگاوره‌نگ به‌ڵام به‌هێز و پشت ئه‌ستور به خه‌ڵك و به حیزبه‌كان ئه‌بو.
×
ئه‌و كاته‌ی هه‌مو لایه‌نه‌كان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان قبوڵ كرد رێك كه‌وتن كه دوای 6 مانگ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنی گشتی له كوردستان دا دوباره بكرێته‌وه. ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ نه‌كرا ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی درێژه‌ی دا به كاره‌كانی, به‌ڵام هه‌مو بڕیاره گرنگه‌كان, له ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان, له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی دو حیزبه‌كه‌وه ئه‌درا. پله و پایه به‌رزه حكومه‌تی‌یه‌كان نیوه به نیوه دابه‌ش كرا. ئه‌م دابه‌شكردنه له باتی ئه‌وه‌ی تین و تاو بدا به حكومه‌ته‌كه, ئیفلیجی كرد. وه‌زیر كه له حیزبێك و جێگره‌كه‌ی كه ئه‌بو له حیزبه‌كه‌ی تر بێ, كاره‌كانی وه‌ها شێواند بو, خه‌ڵك به "جێگر" یان ئه‌وت "رێگر".
به پێ‌ی ماده‌ی 51 ی قانونی هه‌ڵبژاردنی ژماره 1 ی 1992 ئه‌بو دوای 3 ساڵ كاری ئه‌م پارله‌مانه ته‌واو ببێ و هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ بكرێته‌وه. به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی كورد شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگیرسا. هه‌رێمی كوردستان بو به دو هه‌رێم و, به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌یه‌كه‌یشی بو به دو كابینه. پارله‌مانه‌كه‌یشی له كۆبونه‌وه وه‌ستا. ته‌قه‌لای ناوخۆی لایه‌نی خێرخواز و, ته‌قه‌لای ناوچه‌یی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و, ته‌قه‌لای ئه‌مه‌ریكی و فه‌ره‌نسی‌یش نه‌یانتوانی كۆتایی به ناكۆكی و شه‌ڕ بهێنێ. دواتر كه پارتی هه‌ولێری گرته‌وه یه‌كلایه‌نه پارله‌مانی خسته‌وه كار. هه‌ردو حیزب بیانویان بۆ په‌یدا بو ساڵ به ساڵ ته‌مه‌نی پارله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه و, به ئاره‌زوی خۆیان ئاڵوگۆڕ له نوێنه‌ره‌كان دا بكه‌ن.
له زۆر كه‌س و لاوه داوا ئه‌كرا هه‌ڵبژاردن دوباره بكرێته‌وه به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كۆتایی به شه‌ڕ هات و هه‌ردولا كه‌وتنه‌وه گفتوگۆی ئاشتبونه‌وه و رێككه‌وتن. هه‌ندێ جار یه‌كێتی و پارتی بۆ "موزایه‌ده" له سه‌ر یه‌كتری له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دا باسی هه‌ڵبژاردنیان ئه‌كرد, به‌ڵام نه هه‌لومه‌رجی كوردستان به جۆرێ ئاسایی كرابوه‌وه هه‌ڵبژاردنێكی ئازادی تێ‌دا بكرێ و, نه هیچ لایه‌كیشیان هه‌نگاوی "جدی" یان بۆ ئه‌نا.
قانونی ژماره 1 ی ساڵی 1995 ته‌مه‌نی "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی" كه له ته‌واو بون دا بو, بۆ 1 ساڵ درێژ كرده‌وه.
قانونی ژماره 1 ی ساڵی 1996 ته‌مه‌نی بۆ 3 مانگی تر درێژ كرده‌وه.
قانونی ژماره 2 ی ساڵی 1996 ته‌مه‌نی تا ساڵی 1998 درێژ كرده‌وه.
قانونی ژماره 2 ی ساڵی 1998 ته‌مه‌نی بۆ هه‌میشه درێژ كرده‌وه.
ئه‌م قانونانه هیچ بناغه‌یه‌كی ده‌ستوری و قانونی‌یان نه‌بو, ته‌نیا هۆی سیاسی‌یان له پشته‌وه بو.
ئیستا زیاتر له 12 ساڵ به سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌م پارله‌مانه‌دا تێ ئه‌په‌ڕێ (1992 – 2004). له‌و كاته‌وه تا ئیستا 12 نه‌وه پێگه‌یشتون و مافی ده‌نگدانیان به ده‌س هێناوه كه ئه‌وسا, له به‌ر كه‌می ته‌مه‌نیان, مافی ده‌نگدانیان نه‌بوه. 12 نه‌وه‌ش مردون كه ئه‌وسا مافی ده‌نگدانیان هه‌بوه و, ئیستا نه‌ماون.
ئه‌م پارله‌مانه ئه‌گه‌ر كاتی خۆی نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بوبێ ئیستا نوێنه‌ری كێ‌یه؟
×
رۆژی 9 ی 4 ی 2003 رژیمی به‌عس روخا.
رۆژی 13 ی 7 ی 2003 "مجلس الحكم" دامه‌زرا.
رۆژی 8 ی 3 ی 2004 "مجلس الحكم" كه به به‌شداری سه‌ركرده‌كانی كورد "قانون إدارة الدولة العراقیة للفترة الانتقالیة: قاد" نوسی بو, له مه‌راسیمێكی تایبه‌تی‌دا ئیمزا كرد.
به پێ‌ی "ماده‌ی 30 (د) هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی ئه‌گه‌ر توانرا پێش 31 ی كانونی یه‌كه‌می 2004 ئه‌نجام ئه‌درێ یا ئه‌وپه‌ره‌كه‌ی تا 31 ی كانونی دوه‌می 2005 ئه‌بێ بكرێ"
به پێ‌ی "ماده‌ی 57 (ب) هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له سه‌رانسه‌ری عیراق دا و, بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له هه‌مان كاتی هه‌ڵبژاردن دا ئه‌نجام ئه‌درێ كه نابێ له 31 ی كانونی دوه‌می 2005 تێ بپه‌ڕێ"
كه‌واته یه‌كێ له ده‌سكه‌وته‌كانی كورد له‌م قانونه ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی‌یه بۆ "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی‌ی كوردستان" كه نابێ له 31 ی 1 ی 2005 تێ بپه‌ڕێ.
هه‌ڵبژاردن له كوردستان دا چۆن ئه‌كرێ؟
بریمه‌ر به‌ر له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگێڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی عیراق 2 فه‌رمان "أمر" ی ده‌ركردوه بۆ جۆری رێكخستنی حیزب و قه‌واره‌ی سیاسی و بۆ شێوه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن, كه له قۆناغی داهاتودا تا نوسینی ده‌ستوری دائیمی ئه‌بێ كاریان پێ بكرێ.
به‌ڵام له كوردستان هێشتا هه‌مان قانونی هه‌ڵبژاردن, بێ ده‌سكاری و بیراز و گۆڕین, وه‌كو خۆی ماوه.
له نێوان هه‌ردو قانونی كوردستانی و عیراقی‌دا هه‌ندێ له یه‌كچون و هه‌ندێ جیاوازی هه‌یه.
هه‌ردو قانون كوردستانی و عیراقی پێڕه‌وی سه‌ره‌تای نواندنی رێژه‌یی "التمثيل النسبي "proportional representation: ئه‌كه‌ن نه‌ك هه‌ڵبژاردنی بازنه‌یی "دائری". یه‌كه‌میان كوردستانی به یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن "دائرة واحدة"single constituency: و, دوه‌میشیان هه‌مو عیراقی به یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن داناوه.
واته كه‌سێك یا حیزبێك ئه‌گه‌ر له به‌صرا خۆی بپاڵێوێ, له هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌مو شوێنه‌كانی تری عیراق ده‌نگده‌ر ئه‌توانێ ده‌نگی بداتێ, پێچه‌وانه‌كه‌یشی ئه‌بێ. ئه‌گه‌ر كه‌سێ له دهۆك خۆی بپاڵێوێ ده‌نگده‌ر له به‌صرا و به‌غدا و شوێنه‌كانی تریش ئه‌توانێ ده‌نگی بداتێ. ده‌نگه‌كه‌ش حساب ئه‌كرێ.
به‌ڵام چه‌ند جیاوازی‌یه‌كیان هه‌یه:
1. له قانونی كوردستانی‌دا كه‌مترین رێژه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر لیستێ بتوانێ به‌شداری پارله‌مان بێ %7 ه, له قانونی عیراقی‌دا ئه‌گه‌ر %1 یش بهێنێ ئه‌توانێ ببێته ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراقی.
له قانونی كوردستانی‌دا كه‌سێ به ته‌نیا ناتوانێ خۆی بپاڵێوێ, ئه‌بێ له ناو لیستێكی فراوان دا بێ, به پێ‌ی قانونی عیراقی ته‌نیا كه‌سێكیش ئه‌توانێ خۆی بپاڵێوێ و, ئه‌گه‌ر ده‌نگی ته‌واوی هێنا ئه‌بێته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن.
2. له قانونی كوردستانی‌دا سه‌ركردایه‌تی حیزب دوای ته‌واو بونی هه‌ڵبژاردن ئازاده له هاوێركردنی نوێنه‌ره‌كانی خۆی و له لابردن و گۆڕینیان دا, به پێ‌ی قانونی عیراقی دوای ته‌واو بونی هه‌ڵبژاردن پاڵێوراوه‌كان چۆن له لیسته‌كه‌دا ریزكراون به‌و جۆره ئه‌بنه ئه‌ندام, سه‌ركردایه‌تی حیزب و رێكخه‌ره‌كانی لیسته‌كه ناتوانن هاوێریان بكه‌ن, لایان ببه‌ن یا بیانگۆڕن.
3. له قانونی كوردستانی‌دا رێژه‌یه‌كی تایبه‌تی دانه‌نراوه بۆ به‌شداری ژنان له ئه‌نجومه‌ن دا, به پێ‌ی قانونی عیراقی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ئه‌بێ لایه‌نی كه‌می %25 ئافره‌ت بێ.
4. "قاد" به ره‌سمی دانی به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا ناوه حوكمی ئه‌و ناوچانه بكا كه پێش رۆژی 19 ی 3 ی 2003 له ژێر ده‌ستی‌دا بوه به‌ڵام له هه‌مان ماده‌دا نوسیوێتی سنوری كارگێڕی هه‌ر 18 پارێزگاكه وه‌كو خۆی ئه‌مێنێ, ده‌نگده‌رانی ئاكرێ و شێخان كه به پێ‌ی قانونه‌كانی عیراق سه‌ر به نه‌ینه‌وان و كفری كه به پێ‌ی قانونه‌كانی عیراق سه‌ر به دیاله‌یه, بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان, وه‌كو جاری یه‌كه‌م به‌شدار ئه‌بن, به‌ڵام بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عیراق و بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له كوێ ده‌نگ ئه‌ده‌ن.
×
ئاخۆ ئه‌شێ له عیراق به پێ‌ی "قانونی هه‌ڵبژاردن" ی ژ 96 ی 15 ی 6 ی 2004 ی بریمه‌ر, حاكمی مه‌ده‌نی جارانی عیراق, هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێ و له كوردستان به پێ‌ی قانونی ژ 1ی ساڵی 1992 بكری؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان بشێ, ئه‌وا كێشه‌یه‌ك نایه‌ته پێشێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویستی كرد ئه‌م دو قانونه له گه‌ڵ یه‌ك بگونجێنرێن و جیاوازی‌یه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێ, چ لایه‌نێك خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته بڕیاری لێ بدا؟
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان؟ كۆنگره‌ی نیشتمانی‌ی عیراق؟ كۆمیته‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردن كه سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه؟ یان دادگای ده‌ستوری؟
قانونی ژ 1 ی ساڵی 1992 ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان دا كه‌موكوڕی زۆر و خه‌وشی گه‌وره‌ی تێ‌دایه, پێویسته به‌ر له هه‌ڵبژاردنی داهاتو بیرازی بنه‌ڕه‌تی بكرێ. پێویسته قانونی و سیاسی و رۆشنبیره‌كانی كورد له ئیستاوه بكه‌ونه تاووتوێ كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی.
كاتی هه‌ڵبژاردنی كوردستان
به پێ‌ی " قاد" ئه‌نجامدانی هه‌ر 3 هه‌ڵبژاردن بۆ "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی‌ی عیراق" و, "ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان" و, "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی‌ی كوردستان" نابێ له 31 ی 1 ی 2005 تێ بپه‌ڕێ. به واتایه‌كی تر هه‌ڵبژاردنی "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی‌ی كوردستان" ئه‌كرێ به جیا له هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراقی" ئه‌نجام بدرێ و چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك پێش بخرێ.
پێشخستنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان و ئه‌نجامدانی له ژێر سه‌رپه‌رشتی نوێنه‌رانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و, چاودێری نوێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و جامیعه‌ی عه‌ره‌بی و رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی و, چاودێرانی عیراقی و ناوده‌وڵه‌تی و, نوێنه‌ران و په‌یامنێرانی ده‌زگا جیهانی‌یه‌كانی راگه‌یاندن, ئه‌بێته بۆنه‌یه‌كی مێژویی بۆ كورد و, ئه‌بێته جۆرێ له داننانی جیهانی و ناسینی ناوده‌وڵه‌تی و عیراقی قه‌واره‌ی سیاسی و قانونی هه‌رێمی كوردستان.
گیروگرفته‌كانی هه‌ڵبژاردن له كوردستان دا
كوردستان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش ئارامه, ئاسایش پارێزراوه, تۆڕه تێڕۆڕیستی‌یه‌كان تا ئیستا نه‌یانتوانیوه تێكی بده‌ن, ئه‌مه‌ش مه‌رجیكی گرنگه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.
خه‌ڵكی كوردستان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش ته‌جروبه‌ی په‌یدا كردوه له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دا. ته‌جروبه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992. ته‌جروبه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی‌یه‌كان. ته‌جروبه‌ی هه‌ڵبژاردنی رێكخراوه دیمۆكراتی و پیشه‌یی‌یه‌كان.
داووده‌زگاكانی سه‌رژمێری و ئامار له كوردستان دا لێوه‌شاوه و شاره‌زا و ئاگادارن. ساڵانێكی درێژه به ئازادی كار ئه‌كه‌ن و, ئاماره‌كانی رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان, رێكخراوه‌كانی فاو, یۆنیسكۆ. یۆنیپ... هه‌مویان له به‌ر ده‌س دایه. ئه‌توانن لیستی رێكوپێكی ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و, لیستی هه‌ڵبژاردن و, پێویستی‌یه ژێرخانی‌یه‌كانی دابین بكه‌ن.
250 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ته‌رخان كراوه. كوردستان ئه‌توانێ به‌شی خۆی به كار بهێنێ و, خۆیشی ئیستا توانای دارایی بایی ئه‌وه ئه‌بێ به‌شێ له خه‌رجی هه‌ڵبژاردن دابین بكا.
خه‌ڵكی كوردستان له ماوه‌ی 13 ساڵی رابوردودا تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش هۆشی سیاسی – دیمۆكراتی په‌یدا كردوه, سه‌ركرده حیزبی و حكومه‌تی‌یه‌كانی ئه‌ناسێ.
ئه‌مانه هه‌مو شتی باشن, جێگه‌ی دڵخۆشی و ئومێدن. به‌ڵام چه‌ند گیروگرفتێك له رێگه‌دان, ئاڵۆز و ناله‌بارن, مایه‌ی په‌ژاره و ترسن.
مه‌ترسی‌یه‌كانی هه‌ڵبژاردن
ئێمه‌ی كورد له كوردستانی عیراق دا چی‌مان ئه‌وێ؟
ئایه ئه‌مانه‌وێ بناغه‌ی دامه‌زراوگه‌لی ده‌وڵه‌تی "مؤسسات الدولة: state institutions" دابمه‌زرێنین و ده‌وڵه‌ته‌وان "رجل الدولة:statesman" پێ بگه‌یه‌نین؟
ئه‌مانه‌وێ كوردستانی عیراق, ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیستای حكومه‌ته‌كانی هه‌رێم له دهۆك و سلێمانی و هه‌ولێر و, ناوچه دابڕاوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێم, له یه‌ك هه‌رێم دا, له ژێر سایه‌ی یه‌ك ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و, له ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم دا, به پێ‌ی یه‌ك ده‌ستور و قانون و رێنمایی... بژین؟
ئه‌مانه‌وێ كوردستانی عیراق, ببێته مه‌ڵبه‌ندی پێكه‌وه ژیانی به ئاشتی بیروباوه‌ڕ و حیزبی جۆراوجۆر و, ببێته نمونه‌یه‌كی باشی گوێزانه‌وه‌ی هێمنانه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستێكه‌وه بۆ ده‌ستێكی تر و, له حیزبێكه‌وه بۆ حیزبێكی تر...؟
یان, ئه‌مانه‌وێ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك بۆ خۆی حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی فیدرالی هه‌بێ؟
سلێمانی, گه‌رمیان, هه‌ولێر, بادینان, كه‌ركوك... وه‌كو پارێزگاكانی تری عیراق: به‌صرا, نه‌جه‌ف, موسڵ... هه‌ر یه‌كه‌یان قه‌واره‌یه‌كی فیدرالی بێ؟
ئه‌مانه‌وێ "ئه‌میری جه‌نگ:warlord" پێ بگه‌یه‌نین و "ئه‌ماره‌تی جه‌نگ" وه‌كو له ئه‌فغانستان هه‌یه و, ئیستاش خه‌ریكه له فه‌لوجه و سامه‌ڕا و باقوبه و نه‌جه‌ف و به‌صرا و عه‌ماره... دروست ئه‌بێ, دابمه‌زرێنین؟
ئیستا به رواڵه‌ت یه‌ك پارله‌مان, یه‌ك "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی‌ی كوردستان" مان هه‌یه, به‌ڵام دو كابینه و, بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێ دو وه‌زیر و, بۆ هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌یه‌كی گشتی دو به‌ڕێوه‌به‌ر و, دو بودجه و, دو جۆر دادگا و, دو هێزی پێشمه‌رگه و, دو ده‌زگای ئاسایش و, دو ده‌زگای رێكخستنی تایبه‌ت و زانیاری...مان هه‌یه. ئه‌مانه هه‌مو هه‌ڕه‌شه له هه‌ڵبژاردن ئه‌كه‌ن. هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه و ترسناك و كوشنده‌ن.
×
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له كوردستان كرا:
ئاخۆ ئازادی خۆپاڵاوتن و ده‌نگدان و, سه‌لامه‌تی سنوقی هه‌ڵبژاردن, له ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی پارتی‌دا بۆ پاڵێوارو و ده‌نگده‌رانی یه‌كێتی و هاوپه‌یمانه‌كانی و, له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی‌دا بۆ پاڵێوارو و ده‌نگده‌رانی پارتی و هاوپه‌یمانه‌كانی چۆن دابین ئه‌كرێ؟
ئاخۆ دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه, پارتی و یه‌كێتی, ئه‌گه‌ر لایه‌كیان زۆرایه‌تی و لایه‌كیان كه‌مایه‌تی هێنا, رێزی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌گرن؟
ئه‌گه‌ر رێزیان گرت مه‌رجه‌كانیان چیه؟
ئه‌گه‌ر رێزیان نه‌گرت چی ئه‌قه‌ومێ؟
ئه‌م دو "ئیداره" یه چۆن یه‌ك ئه‌خرێنه‌وه؟
هێزه چه‌كداره‌كانی پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش چۆن تێكه‌ڵاو ئه‌كرێنه‌وه؟
ئه‌م هه‌مو وه‌زیر و وه‌كیلی وه‌زیر و وه‌زیر به وه‌كاله‌ت و, موسته‌شار و خه‌بیر و, پارێزگار و جێگری پارێزگار و, به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و جێگره‌كانیان و, قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه و, سه‌دان و هه‌زاران "منتفع" و "مستفید" له بونی "دو ئیداره" بۆ ئه‌وه‌ی كۆسپ و ته‌گه‌ره و ئاسته‌نگ و گیروگرفت دروست نه‌كه‌ن, چۆن له پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ئیداره‌دا جێ ئه‌كرێنه‌وه.
×
تێبینی:
هەندێ گۆڕین لە قانونی هەڵبژاردنی كوردستان دا كراوە، ئەمانە هەندێكیانن:
چەند حەفتە بو كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق داوای لە ئەنجومە‌نی نیشتمانی‌ی كوردستان و حكومەتەكانی هەردو ئیدارە كرد بو كە قانونەكانی هەڵبژاردن لە عیراق و لە كوردستان دا پێكەوە بگونجێنن. پێ ئەچو ئەنجومەن گۆڕینەكانی پێ باش نەبێ، لە بەر ئەوە باسی داواكەیان دوا ئەخست و ئەیان خستە پشت گوێ.
سەرەنجام ئەنجومە‌نی نیشتمانی كوردستان ناچار بو هەندێ ئاڵوگۆڕی لە قانونەكەدا كرد، گرنگترینیان ئەمانەن:
1. ماوەی كاری ئەنجومەن وەكو ماوەی كاری "كۆمەڵەی نیشتمانی‌ی عیراق" و "ئەنجومە‌نی پارێزگاكان" تەنیا 1 ساڵ ئەبێ.
2. رێژەی لە %7 لابرا.
3. لیستی پاڵێوراوان وەكو قانونەكەی عیراق داخراو ئەبێ بە پێ‌ی ریزی ناوەكان ئەبن بە ئەندامی ئەنجومەن.
4. چواریەكی ئەندامانی ئەنجومەن ئەبێ ئافرەت بن.
5. ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن لە 100 ئەندامەوە كرا بە 111 ئەندام.
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامێكت هه‌یه لێره‌دا بینوسه: