روخانی صه‌دام و سیناریۆی جیاواز بۆ رۆژی دوای روخانی. پێكهێنانی "سلطة الائتلاف المؤقتة: سام". پێكهێنان و پێكهاته‌ی "مجلس الحكم: م‌ح". دامه‌زرانی م‌ح. سه‌رۆكایه‌تی م‌ح. پێكهێنانی وه‌زاره‌تی یه‌كه‌م. پێكهێنانی كۆمیته‌ی ده‌ستوری. رێكه‌وتننامه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات. هه‌لوێستی سیستانی له رێككه‌وتنه‌كه. نوسینی "قانون اداره الدوله العراقیه: قاد". پرۆژه‌ی گروپی كوردی. پرۆژه‌یه‌كی نوێ. ئیمزا كردنی قاد. هه‌ڵسه‌نگاندنی قاد. ته‌واوبونی كاره‌كانی م‌ح. دانانی سه‌ركۆمار و وه‌زاره‌تی نوێ. گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ عیراق.
روخانی صه‌دام و سیناریۆی جیاواز بۆ رۆژی دوای روخانی
رۆژی 9 ی 4 ی 2003 هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه ناوشاری به‌غداد. وه‌كو نیشانه‌ی كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس گه‌وره‌ترین په‌یكه‌ری صه‌دام كه له ساحه‌ی فیرده‌وس دا به پێوه بو داگیرا.
صه‌دام و رژیمی به‌عس گه‌لی عیراقیان ئه‌وه‌نده لاواز و كه‌ساس كرد بو, به بێ یارمه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا, نه‌یانتوانی ئه‌و په‌یكه‌ره بشكێنن یا دابگرن.
رۆژی 21 ی 4 ی 2003 سه‌رۆك بوش جه‌نه‌راڵی خانه‌نشین جای گارنه‌ری دانا به به‌ڕێوه‌به‌ری "مكتب اعادة الاعمار والمساعدات الانسانیة - ئۆرها:Office of Reconstruction and Humanitarian Assistance" بۆ سه‌رپه‌رشتی كاروباری عیراق. گارنه‌ر هاته عیراق و ده‌ستی به كار كرد. جه‌نه‌رال برۆس, نوێنه‌ری بریتانیا, دانرا به یاریده‌ده‌ری.
دوای دانانی گارنه‌ر نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب به توندی كه‌وتنه خوێندن دژی. تاوانباریان ئه‌كرد به‌وه‌ی سه‌هیۆنی‌یه و دۆستی ئیسرائیله. راستی‌یه‌كه‌یشی ئه‌وه بو: گارنه‌ر ئه‌مه‌ریكی بو, وه‌كو هه‌مو ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كی تر دژایه‌تی جو و ئیسرائیلی نه‌ئه‌كرد, ئه‌گینا خۆی جو نه‌بو, مه‌سیحی بو.
جای گارنه‌ر ساڵی 1991 له گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی, له چوارچێوه‌ی "چه‌كوشی ئاماده:poised hammer" دا هات بوه عیراق بۆ دامه‌زراندنی "په‌ناگای ئه‌مین:save heaven" و "ناوچه‌یی نه‌فڕین:no-fly zone". ماوه‌یه‌ك له كوردستان ژیا بو. دۆستایه‌تی له گه‌ڵ زۆر له سه‌رانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری كورد دامه‌زراند بو, شاره‌زایی له كاروباری كورد و عیراق دا په‌یدا كردبو.
گارنه‌ر سه‌ردانی كوردستانی كرد. پێشوازی گه‌رمی لێ كرا. داوای له دۆسته كورده‌كانی كرد بچنه به‌غداد. به كاریگه‌ری به‌شدار بن له دامه‌زراندنی عیراقی نوێ دا. ئامۆژگاری گروپی 5 ی كرد بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان فراوان بكه‌ن. له باتی ئه‌وه‌ی به‌و ژماره كه‌مه بمێننه‌وه 20 تا 25 گروپی تری عیراقی به‌شدار بكه‌ن. كۆنگره‌یه‌كی فراوان له نوێنه‌رانی حیزب و رێكخراو و كه‌سایه‌تی سیاسی و ئاكادیمی و دینی و عه‌شائیری عیراق ببه‌ستن. له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌زاره‌تێك هه‌ڵببژێرن بۆ به‌ڕێوبردنی كاروباری عیراق.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێ بو له گه‌ڵ موعاره‌زه‌ی عیراقی به ئاشكرا گفتوگۆ و هاوكاری ئه‌كرد. له قانونی رزگاركردنی عیراق دا, كه كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكی ده‌ری كرد بو, ناوی 5 له رێكخراوه‌كانی موعاره‌زه‌ی عیراقی هات بو, كه ئه‌مه‌ریكا ره‌فتاریان له گه‌ڵ بكا, ئه‌و 5 رێكخراوه‌ش: المۆتمر الوطني العراقی, حركه الوفاق الوطني, المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة فی العراق, پارتی دیمۆكراتی كوردستان, یه‌كێتی نیشتمانی‌ی كوردستان, بون. دواتر به گروپی 5 ناسران.
له نێوان گروپی 5 و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی‌دا چه‌ندین كۆبونه‌وه و گفتوگۆ كرا, هه‌ر لایه‌ك به ته‌نیا و هه‌ندێ جار نوێنه‌رانی گروپی 5 له لایه‌ك و, نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا له لایه‌كی تره‌وه.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان ئامۆژگاری گروپی 5 یان كرد, پارتی و رێكخراو و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی تری عیراقی به‌شدار بكه‌ن و بنكه‌ی سیاسی خۆیان فراوانتر بكه‌ن. نوێنه‌رانی گروپی 5 زیاتر له 20 رۆژ له به‌غداد كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان كرد بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆژه‌كه‌ی گارنه‌ر سه‌باره‌ت به فراوان كردنی گروپی 5 و, كۆكردنه‌وه‌ی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی فراوان و پێكهێنانی وه‌زاره‌ت, له هه‌ندێ كۆبونه‌وه‌دا هه‌ردو سه‌ركرده: تاله‌بانی و بارزانی‌یش به‌شدار ئه‌بون. ئه‌و ده‌م, هه‌مو ئه‌ندامه‌كانی گروپی 5 مافی ڤیتۆیان هه‌بو, ئه‌بو هه‌مو بڕیاره‌كان به گشتی ده‌نگ بدرێن. نوێنه‌رانی "المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة فی العراق" كه تازه له ئێرانه‌وه هات بونه‌وه و, له ناو خه‌ڵك دا بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی ئه‌وتۆیان نه‌بو, دژی پرۆژه‌كه‌ی گارنه‌ر وه‌ستان. له پاش مشتومڕێكی چه‌ند حه‌فته‌یی ئینجا رازی بون دو گروپی تر به‌شدار بن: حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی باڵی د ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و, حیزبی وه‌ته‌نی دیمۆكراتی نه‌سیر چادرچی.
له‌و ماوه‌یه‌دا عیراق بێ حكومه‌ت بو. عیراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت و وه‌كو گه‌ل له بۆشایی‌دا ئه‌ژیا. نه ئه‌مه‌ریكا ئه‌و بۆشایی‌یه‌ی پڕ كرد بوه‌وه, نه گروپی 5, كه دۆستی ئه‌مه‌ریكا بون, گه‌یشتنه هیچ ئه‌نجامێ بۆ جۆری پڕكردنه‌وه‌ی. هه‌ندێ ناوه‌ندی بڕیاردانی ئه‌مه‌ریكی گه‌یشتنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی عیراقی‌یه‌كان خۆیان, به تایبه‌تی سه‌رانی موعاره‌زه‌ی عیراقی كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه گه‌ڕا بونه‌وه, جارێ توانای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عیراقیان نیه. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكی, به ئامۆژگاری دیپلۆماته‌كانی ئینگلیز, پرۆژه‌یه‌كیان ئاماده كرد و خستیانه به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش, كه خۆیان وه‌كو "ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر" كاروباری عیراق به‌ڕێوه ببه‌ن.
زۆری پێ نه‌چو ئۆرها هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و گارنه‌ر لابرا چونكه له‌و ئه‌ركه‌دا كه پێ‌ی سپێردرا بو سه‌ركه‌وتو نه‌بو.
پێكهێنانی "سلطة الائتلاف المؤقتة. لێره به دواوه سام"
رۆژی 6 ی 5 ی 2003 له باتی ئۆرها "سلطة الائتلاف المؤقتة - سام:Coalition Provisional Authority" بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری عیراق دامه‌زرێنرا و, سه‌رۆك بوش سه‌فیر پۆل بریمه‌ری دانا به به‌ڕێوه‌به‌ری. بریمه‌ر له گه‌ڵ هێنری كیسینگه‌ر كاری كرد بو, گۆیا پسپۆڕی به‌ره‌نگاری تێڕۆڕه.
رۆژی 3 ی 5 ی 2003 بریمه‌ر گه‌یشته به‌غداد و, ده‌ستی به كار كرد. له جیگه‌ی جه‌نه‌رالی بریتانی برۆس, سه‌فیر جۆن ساوه‌رز بو به یاریده‌ده‌ری بریمه‌ر.
ئه‌م ئاڵوگۆڕانه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر پێوه‌ندی به ململانێ‌ی نێوان پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و سیاوه هه‌بو. هێشتا ده‌زگا جیاوازه‌كانی ناوه‌ندی بڕیاردان له ئه‌مه‌ریكا سیناریۆیه‌كی هاوبه‌شیان نه‌بو بۆ جۆری به‌ڕێوه‌بردنی عیراق.
بڕیاری ژماره 1483 ی 2003 ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هێزی هاوپه‌یمانانی له عیراق دا وه‌كو "ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر" ناساند, ئیتر خۆیان راسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری عیراقیان گرته ئه‌ستۆ.
ئه‌م پرۆژه‌یه بۆ هه‌مو هێزه عیراقی‌یه‌كان جۆرێ بو له "خیبه أمل" به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ڵێنه‌كانی بوش و كاربه‌ده‌ستانی تری ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی رزگار كردنی عیراق له دیكتاتۆریه‌تی صه‌دام و كردنی عیراق به نمونه‌یه‌كی دیمۆكراتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا. بریمه‌ر و ساوه‌رز هه‌ردوكیان داكۆكی‌یان له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئه‌كرد. له كۆبونه‌وه‌كانیان دا له گه‌ڵ نوێنه‌رانی موعاره‌زه‌ی عیراقی زۆر مه‌غرور و بێ منه‌ت بون. بایه‌خێكی ئه‌وتۆیان نه‌دا به ره‌خنه و ناڕه‌زایی‌یه‌كانیان.
×
له پشتی په‌رده‌وه گفتوگۆ ده‌ستی پێ كرد. بۆ پشتیوانی و هاوكاری "سلطة الائتلاف المؤقتة: سام" بریمه‌ر پێشنیاری كرد له عیراقی‌یه‌كان ده‌زگایه‌ك پێك بهێنن به ناوی "المجلس الاستشاری" ه‌وه. چه‌ند رۆژێ باسی ئه‌م مه‌جلیسه و ئیشه‌كانی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كرا. گروپی 5 قبوڵیان نه‌كرد و ئاماده نه‌بون به‌شداری تێ‌دا بكه‌ن.
بریمه‌ر ناوه‌كه‌ی گۆڕی به "المجلس السیاسی" چه‌ند رۆژێكیش باسی ئه‌م مه‌جلیسه و ئیشه‌كانی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كرا. گروپی 5 ئه‌وه‌شیان قبوڵ نه‌كرد.
پێكهێنان و پێكهاته‌ی "مجلس الحكم. لێره به دواوه م‌ح"
پاش گفتوگۆ و هێنان و بردنێكی زۆر پێكهاتن له سه‌ر پێكهێنانی ده‌زگایه‌ك به ناوی "مجلس الحكم: م‌ح". م‌ح ده‌سه‌ڵاته‌كانی زۆر نه‌بو. له سه‌ره‌تاوه باس له "ڤیتۆ"ی بریمه‌ر ئه‌كرا. بریمه‌ر خۆی و ئه‌ندامانی م‌ح ئه‌یانوت "ڤیتۆ" له گۆڕێ نیه, به‌ڵام راستی‌یه‌كه‌ی ئه‌وه‌بو بریمه‌ر ده‌سه‌ڵاتی په‌كخستنی هه‌مو بڕیاره‌كانی م‌ح ی هه‌بو, چونكه هه‌ر بڕیارێكی م‌ح ئه‌گه‌ر بریمه‌ر موافه‌قه‌تی له سه‌ر نه‌كردایه و ئیمزای نه‌كردایه جێبه‌جێ نه‌ئه‌كرا.
رێك كه‌وتبون له سه‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی م‌ح 25 كه‌س بێ. پێك بێ له: 13 ئه‌ندام له شیعه‌ی عه‌ره‌ب و, 5 ئه‌ندام له سوننه‌ی عه‌ره‌ب و, 5 ئه‌ندام له كورد و, 1 ئه‌ندام توركمانی سوننه و, 1 ئه‌ندام مه‌سیحی. له سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك ئه‌م ژماره‌یه و نیسبه‌تی به‌شداربونی نه‌ته‌وه و دین و مه‌زه‌به‌كان و, له سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك ناوی ئه‌ندامه‌كان دیاری كرابون, له راستی‌دا ئاگاداری‌یه‌كی دروست به ده‌سته‌وه نیه, ئه‌وه مه‌گه‌ر هه‌ر بریمه‌ر بتوانێ وه‌ڵامی بداته‌وه.
بریمه‌ر, له كوردستان به جیا سه‌ردانی به‌ڕێزان جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی كرد بو بۆ ئه‌وه‌ی قانعیان بكا به‌وه‌ی:
یه‌كه‌م, به‌شی كورد له م‌ح دا 5 ئه‌ندام, واته پێنجیه‌ك بێ, به‌ر له جه‌نگ موعاره‌زه‌ی عیراقی له هه‌مو داووده‌زگاكان دا چواریه‌كیان بۆ كورد سه‌لماند بو. ئه‌مه به‌شی كوردی كه‌م كرد بوه‌وه.
دوه‌م, هه‌ردوكیان, جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی وه‌كو دو كه‌سایه‌تی سیاسی, نه‌ك وه‌كو نوێنه‌ری دو حیزب به‌شداری بكه‌ن. ئه‌مه‌ش به‌شی یه‌كێتی و پارتی له ده‌زگاكه‌دا كه‌م كرد بوه‌وه.
سێیه‌م, 3 ئه‌ندامه كورده‌كه‌ی تر له دو حیزبه‌كه نه‌بن, به‌ڵكو له كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و له حیزبه كوردی‌یه‌كانی تر بن.
هه‌ردوكیان داواكانی بریمه‌ریان قبوڵ كرد بو.
دامه‌زرانی "م‌ح"
سام روژی 13 ی 7 ی 2003 ی دیاری كردبو كه رۆژی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی م‌ح و, رۆژی راگه‌یاندنی پێكهێنانی بێ. به لایانه‌وه زۆر گرنگ بو كه هه‌مو ئه‌ندامه‌كان, به تایبه‌تی به‌ڕێزان جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی, له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌دا به‌شدار بن و, له به‌رده‌م كامێرای ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جیهانی دا ده‌ر بكه‌ون.
رۆژی یه‌كشه‌م 13 ی 7 ی 2003 یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی م‌ح ده‌ستی پێ كرد. بینایه‌ك دانرابو ببێته باره‌گای م‌ح كاتی خۆی باره‌گای "حسین كامل" بو له سه‌رده‌مێك دا كه وه‌زیری "التصنیع العسكری" بو, تازه چاك كرابوه‌وه. هێزی ئه‌مه‌ریكی پارێزگاری ده‌ر و ناوی بیناكه‌ی ئه‌كرد.
له یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌دا هه‌ر 25 ئه‌ندام به‌شدار بون. ئه‌ندامه‌كان بریتی بون له:
شیعه‌ی عه‌ره‌ب 13 ئه‌ندام: د ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی: ئه‌بو هاشم "له المۆتمر الوطني العراقی", د ئه‌یاد عه‌لاوی: ئه‌بو سارا "له حركه الوفاق الوطني", د ئیبراهیم ئه‌ل ئشێقه‌ر - جه‌عفه‌ری "له حزب الدعوه الاسلامیه", عه‌زیز حه‌كیم: ئه‌بو عه‌ممار "له المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة", حمید مه‌جید مو‌سا: ئه‌بو داود "له الحزب الشیوعی العراقی", د محه‌مه‌د به‌حره‌لعلوم: ئه‌بو ئیبراهیم "سه‌ربه‌خۆ", عیزه‌دین سه‌لیم: ئه‌بو یاسین, ناوی راسته‌قینه‌ی عه‌بدولزه‌هره عوسمانه "له حركه الدعوه الاسلامیه", وائیل عه‌بدولله‌تیف "سه‌ربه‌خۆ", عه‌بدولكه‌ریم ماهود ئه‌ل محه‌مه‌داوی: ئه‌بو حاته‌م "له حزب الله", د ره‌جا ْ ئه‌ل خوزاعی "سه‌ربه‌خۆ", د عه‌قیله ئه‌ل هاشمی "سه‌ربه‌خۆ", د موه‌فه‌ق ئه‌ل روبه‌یعی: ئه‌بو عه‌لی "سه‌ربه‌خۆ", ئه‌حمه‌د شه‌یاع ئه‌ل به‌راك "سه‌ربه‌خۆ",
سوننه‌ی عه‌ره‌ب 5 ئه‌ندام: د عه‌دنان پاچه‌چی "له تجمع الدیمقراطیین المستقلین", د موحسین عه‌بدولحه‌مید "له الحزب الاسلامی العراقی", نه‌صیر چادرچی "له الحزب الوطني الدیمقراطي", غازی عه‌جیل ئه‌ل یاوه‌ر "له شێخه‌كانی عه‌شایه‌ری شه‌مه‌ر", سه‌میر شاكیر ئه‌ل صومه‌یده‌عی "سه‌ربه‌خۆ",
كورد 5 ئه‌ندام: جه‌لال تاڵه‌بانی: ئه‌بو بافل "له یه‌كێتی", مه‌سعود بارزانی: ئه‌بو مه‌سرور "له پارتی", سه‌لاحه‌دین به‌هادین "له یه‌كگرتوی ئیسلامی", د مه‌حمود عوسمان: ئه‌بو هیوا "سه‌ربه‌خۆ", دارا نوره‌دین "سه‌ربه‌خۆ",
توركومان 1 ئه‌ندام: سونگول چابوك "سه‌ربه‌خۆ",
مه‌سیحی 1 ئه‌ندام: یۆنادم كه‌نا "له بزوتنه‌وه‌ی دیمۆكراتی ئاشوری".
هه‌مان رۆژ له به‌رده‌م كامێراكانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جیهانی‌دا كۆنفره‌نسێكی رۆژنامه‌وانی‌یان به‌ست.
له ناو ئه‌مانه‌دا هه‌ندێكیان له ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه هاتبونه‌وه, هه‌ندێكیان له ناو عیراق دا ژیا بون. بیروڕاكانیان و ته‌جروبه‌ی سیاسی و پشتیوانی جه‌ماوه‌ری‌یان جیاواز بو. هه‌ندێكیان نوێنه‌ری حیزب و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی فراوان بون و هه‌ندێكیان, جگه له خۆیان, نوێنه‌رایه‌تی كه‌سیان نه‌ئه‌كرد ته‌نانه‌ت له ناوچه‌كانی خۆیشیان دا نه‌ناسراو و نه‌بیستراو بون. ئه‌م هه‌مو هێز و بیر و كه‌سه ناكۆكانه مه‌گه‌ر هه‌ر به ئه‌مه‌ریكا له ژێر یه‌ك بن‌میچ دا كۆ بكرایه‌ته‌وه.
باس له جۆری كاری م‌ح و كاتی كۆبونه‌وه‌كانی و جۆری سه‌رۆكایه‌تی كرا و به‌یانێك نوسرا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بخوێنرێته‌وه. به‌یانه‌كه له دوا بڕگه‌ی‌دا ئه‌ڵێ: "... له پێناوی بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقێكی نوێ كه گه‌له‌كه‌ی هه‌مو مافه‌كانی به كار بهێنێ له ژێر سایه‌ی رژیمێكی دیمۆكراتی فیدرالی یه‌كگرتودا..."
م‌ح ئیتر كه‌وته سه‌ر كاره‌كانی خۆی.
سه‌رۆكایه‌تی "م‌ح"
چه‌ند رۆژ و له چه‌ند كۆبونه‌وه‌دا باس له سه‌رۆكایه‌تی م‌ح ئه‌كرا. بیروراكان جیاواز بون:
ره‌ئی‌یه‌ك ئه‌یوت: 1 سه‌رۆك هه‌بێ به هه‌ڵبژاردن یان به قورعه.
ره‌ئی‌یه‌كی تر ئه‌یوت: 1 سه‌رۆك و 2 یاریده‌ده‌ری هه‌بێ, بێ ئه‌وه‌ی به ئاشكرا بیڵێن مه‌به‌ست له‌وه‌یه سه‌رۆك شیعه و یاریده‌ده‌رێكی سونی عه‌ره‌ب و, یاریده‌ده‌رێكی كوردی هه‌بێ. شیعه ئه‌وه‌یان قبوڵ نه‌ئه‌كرد چونكه كورد سونی‌یه, ئه‌وسا ئه‌بو به 1 شیعی و 2 سوننی.
ره‌ئی‌یه‌كی تر ئه‌یوت: ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی نۆره‌یی "هیئة رئاسیة دوریة" بێ, له‌وه‌یش دا بیروراكان جیاواز بون:
ره‌ئی‌یه‌ك ئه‌یوت ده‌سته‌یه‌كی 5 كه‌سی بێ: 2 عه‌ره‌بی شیعه, 2 عه‌ره‌بی سونه, 1 كورد. شیعه ئه‌وه‌شیان قبوڵ نه‌بو چونكه ئه‌بوه 2 شیعه و 3 سونه.
ره‌ئی‌یه‌كی تر ئه‌یوت ده‌سته‌یه‌كی 7 كه‌سی بێ: 3 عه‌ره‌بی شیعه, 2 عه‌ره‌بی سونه, 2 كورد. شیعه ئه‌وه‌شیان قبوڵ نه‌بو چونكه ئه‌بوه 3 شیعه به‌رامبه‌ر 4 سونه.
ره‌ئی‌یه‌كی تر ئه‌ڵێ ده‌سته‌یه‌كی 9 كه‌سی بێ: 5 عه‌ره‌بی شیعه, 2 عه‌ره‌بی سونه, 2 كورد.
له ناو م‌ح دا هه‌مو ئه‌و پێشنیار و ره‌ئی‌یانه باس و تاووتوێ كران. زۆر له ئه‌ندامه‌كان رونیان كرده‌وه كه له‌م قۆناغه‌دا مه‌حاڵه له سه‌ر یه‌ك كه‌سایه‌تی رێك بكه‌ون. وه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیشی بۆ بكرێ, دوایی گوێ‌ی لێ ناگرن بۆیه باشترین رێگه پێڕه‌وی سه‌ره‌تای پێكهاتن "مبدأ التوافق:consensus" ه له نێوان هێزه سه‌ره‌كی‌یه‌كان دا. هێزه سه‌ره‌كی‌یه‌كان له چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی لاوه‌كی‌دا پێكهاتن له سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی "هیئه رئاسیه: هر" له 9 كه‌س: 7 له سه‌ركرده‌كانی گروپی 7 و 2 كه‌سی تر. وا رێك كه‌وتن هه‌ر یه‌كه‌یان 1 مانگ سه‌رۆكایه‌تی بكا و به پێ‌ی ئه‌لفوبێ ده‌س پێ بكه‌ن.
به‌وجۆره رۆژی سێشه‌م 29 ی 7 ی 2003 "هر" پێكهات له: 1. د. ئیبراهیم ئه‌لئشێقه‌ر (الجعفری) له حیزبی ده‌عوه, 2. د. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی له موئته‌مه‌ر, 3. د. ئه‌یاد عه‌لاوی له ویفاق, 4. جه‌لال تاڵه‌بانی له یه‌كێتی, 5. عه‌زیز حه‌كیم له مه‌جلیس, 6. د. عه‌دنان پاچه‌چی له دیمۆكراتی سه‌ربه‌خۆ, 7. د. محه‌مه‌د به‌حرولعلوم, سه‌ربه‌خۆ, 8. د. موحسین عه‌بدولحه‌مید له حیزبی ئیسلامی عیراقی, 9. مه‌سعود بارزانی له پارتی.
ئه‌وه‌ش شتێكی نائاسایی نه‌بو. له دو دامه‌زراوی گرنگی جیهانی دا سه‌رۆكایه‌تی نۆره‌یی‌یه: ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و یه‌كێتی ئه‌وروپا. ئه‌گه‌ر كوردیش بیتوانیایه نه‌ریتی سه‌رۆكایه‌تی نۆره‌یی "الرئاسة الدوریة: Rotating Presidency" له حوكمڕانی عیراق دا بچه‌سپێنێ, ده‌وری كورد له پاشه‌ڕۆژی سیاسی عیراق دا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك دابین ئه‌كرا.
پێكهێنانی وه‌زاره‌تی یه‌كه‌م
گفتوگۆ و سات و سه‌ودا له سه‌ر دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان چه‌ند حه‌فته‌ی خایاند. وه‌زاره‌ته‌كان له گرنگی‌دا جیاوازن. له به‌ر ئه‌وه هه‌ر لایه‌ك هه‌وڵ ئه‌دا وه‌زاره‌تی گرنگ وه‌ربگرێ. له عیراق ئه‌یان كه‌ن به 3 پۆله‌وه:
پۆلی یه‌كه‌م, وه‌زاره‌تی سه‌روه‌ری, بریتی‌یه له وه‌زاره‌ته‌كانی دیفاع, ناوخۆ, ده‌ره‌وه, دارایی, نه‌وت.
پۆلی دوه‌م, وه‌زاره‌تی به‌رهه‌مهێن, وه‌كو پیشه‌سازی و گواستنه‌وه...
پۆلی سێیه‌م, وه‌زاره‌تی خزمه‌تگوزاری, وه‌كو په‌روه‌رده و ته‌ندروستی...
دیفاع هه‌ڵوه‌شێنرابوه‌وه له به‌ر ئه‌وه وه‌زیری بۆ دانه‌ئه‌نرا. م‌ح پاش تاووتوێ وه‌زاره‌تی "ئه‌وقاف" ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه, له باتی ئه‌وه "دیوانی وه‌قف"ی جیاجیای بۆ سوننه و شیعه و دینه‌كانی تر دانا. وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و پێوه‌ندی كرد به 2 وه‌زاره‌ت. وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی جه‌نگی بو به وه‌زاره‌تی زانست و ته‌كنۆلۆجیا. بڕیاری دامه‌زراندنی 3 وه‌زاره‌تی نوێ‌ی دا بۆ ژینگه, مافی مرۆڤ, ئاواره‌ی ده‌ره‌وه. به‌وجۆره ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان بون به 25.
رۆژی 31 ی 8 ی 2003 م‌ح بڕیاری ژ 28 ی دا بۆ راگه‌یاندنی ناوی وه‌زیره‌كان. له 25 وه‌زاره‌ت دا كورد 5 وه‌زاره‌تی به‌ركه‌وت, واته پێنجیه‌كی وه‌زاره‌ته‌كان, كه بریتی بون له:
وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه, هوشیار زێباری. ئه‌وه یه‌كه‌مین جار بو كوردێ له ده‌وڵه‌تی عیراق دا ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێ.
وه‌زاره‌تی كاری گشتی, نه‌سرین به‌وراری.
وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو, د عه‌بدوله‌تیف ره‌شید.
وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی, محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم.
وه‌زاره‌تی ژینگه, عه‌بدولره‌حمان.
ئه‌م وه‌زاره‌ته له چه‌ند لای, عیراقی و ناعیراقی‌یه‌وه, كه‌وته به‌ر هێرش و ره‌خنه, ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌كانی بریتانیا و ئه‌مه‌ریكا. له هه‌موی زیاتر ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ئه‌گیرا كه له دانانی وه‌زیره‌كان دا:
- خزمایه‌تی "Nepotism" له گه‌ڵ ئه‌ندامانی م‌ح و "المحسوبیه:Cronyism" پێوانه‌ی سه‌ره‌كی دانانی وه‌زیره‌كان بوه. كه ئه‌مه به جۆرێكی سه‌ره‌كی گه‌نده‌ڵی "فساد:Corruption" دائه‌نرێ. راستی‌یه‌كه‌یشی چه‌ند نمونه‌یه‌كی له‌و بابه‌ته له ناو وه‌زیره‌كان دا, چ عه‌ره‌ب و چ كورد, ئه‌دۆزرایه‌وه.
- پێڕه‌وی سه‌ره‌تای لێوه‌شاوه‌یی نه‌كراوه به‌ڵكو له‌مه‌ش دا وه‌كو م‌ح به پێ‌ی سیسته‌می به‌شكردن "المحاصصه:Quota" دانراون. به‌شه‌كان به سه‌ر كورد و عه‌ره‌ب و توركومان و كلدۆئاشوری و, شیعه و سوننه دا دابه‌ش كراوه.
- وه‌زیره‌كان ئه‌مه‌ریكا دایناون. راستی‌یه‌كه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌یان راست نه‌بو. چونكه ئه‌مه‌ریكا له دانانی وه‌زیره‌كان دا هیچ ده‌ورێكی نه‌بو, به‌ڵكو ئه‌ندامانی م‌ح له پاش سات و سه‌ودا و گفتوگۆی زۆر, بێ خۆ تێ هه‌ڵقورتاندنی ئه‌مه‌ریكا و سه‌فیر بریمه‌ر, هه‌ڵیان بژاردن.
وه‌زیره‌كان كه‌وتنه كار بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانیان و دروستكردنی وه‌زاره‌ته تازه‌كان. كاره‌كه‌یان ئاسان نه‌بو, كێشه‌ی زۆریان هه‌بو, چونكه زۆری وه‌زاره‌ته‌كانیان تاڵان و وێران كرا بو.
پێكهێنانی كۆمیته‌ی ده‌ستوری
له سه‌ره‌تاوه ئه‌مه‌ریكا و زۆر له هێز و كه‌سایه‌تی سیاسی عیراق ئه‌یانویست به زویی ده‌ستورێ بۆ عیراق بنوسرێ. له زۆر وڵات و, له عیراقیش دا ئه‌مه پێشینه‌ی مێژویی هه‌بو. له عیراق یه‌كه‌مین ده‌ستور "القانون الاساسی" له لایه‌ن پسپۆڕێكی ئینگلیزی‌یه‌وه نوسرا بو, پاشان ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ر "المجلس التأسیسی" په‌سندی كرد. دوای شۆڕشی 14 ی ته‌موزی 1958 حسێن جه‌میل, كه شاره‌زایه‌كی قانونی بو, به هاوكاری چه‌ند كه‌سێكی كه ده‌ستوری كاتی "الدستور المۆقت" ی نوسی بو. ته‌نانه‌ت ده‌ستوری به ناوبانگی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێش چه‌ند سه‌ده جیفه‌رسۆن و چه‌ند كه‌سێكی كه نوسیویانه.
ئه‌كرا ئه‌مجاره‌ش كۆمیته‌یه‌ك پێك بهێنرایه له چه‌ند شاره‌زایه‌كی قانونی ده‌ستوری و كه‌سایه‌تی سیاسی, به راوێژ له گه‌ڵ چه‌ند پسپۆڕی بێگانه, ده‌ستوریان بنوسیایه و له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دا بڵاو بكرایه‌ته‌وه بۆ لێدوان و لێكۆڵینه‌وه, ئینجا دوا بڕیاری لێ بدرایه و ئه‌وسا بخرایه‌ته به‌رده‌م گه‌ل بۆ ده‌نگدان له سه‌ری به په‌سندكردنی یا به ره‌تكردنه‌وه‌ی. به‌ڵام زۆر زو به‌ندوباوێ بڵاو بوه‌وه كه گۆیا سام گه‌نجێكی جویان هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستور بۆ عیراق بنوسێ. هه‌ندێ لایه‌نی ئیسلامی‌ی بنچینه‌وان "اصولی:fundamentalist" مه‌رجه‌عی گه‌وره‌ی شیعه, سه‌ید عه‌لی سیستانی‌یان هان دا "فتوا" یه‌ك ده‌رباره‌ی نوسینی ده‌ستور ده‌ربكا. سیستانی فتوای ده‌ركرد كه: بێگانه بۆیان نیه ده‌ستور بۆ عیراق بنوسن و, ئه‌بێ هه‌ڵبژاردنی گشتی له عیراق دا بكرێ بۆ ئه‌نجومه‌نێكی نیشتمانی, ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ده‌ستور بنوسێ و, بیخاته به‌رده‌م گه‌لی عیراق بۆ ده‌نگدان له سه‌ری.
سیستانی كه به درێژایی زه‌مانی صه‌دام, بێ ئه‌وه‌ی ده‌س وه‌ر بداته هیچ كارێكی سیاسی و ناسیاسی عیراقی‌یه‌وه, له ماڵه‌كه‌ی خۆی‌دا سه‌ری كز كرد بو, گۆشه‌گیر و بێده‌نگ دانیشت بو, كتوپڕ به‌م فتوایه هاته سه‌ر شانۆی سیاسی. رێكخراوه سیاسی‌یه‌كانی شیعه به تایبه‌تی "المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة فی العراق" به سه‌ركردایه‌تی سه‌ید محه‌مه‌د باقر حه‌كیم و, "حزب الدعوه الاسلامیه" به سه‌ركردایه‌تی د ئیبراهیم جه‌عفه‌ری, پشتیوانی‌یان له‌م داوایه كرد و, سه‌یر ئه‌وه بو سه‌فیر پۆل بریمه‌ر, حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریكی له عیراق و, سه‌فیر ساوه‌رز یاریده‌ده‌ری بریتانی حاكمی مه‌ده‌نی و, دواتر سه‌فیر گرینستۆك فتواكه‌ی سیستانی‌یان به لاوه ئه‌وه‌نده گرنگ بو, ئامۆژگاری ئه‌ندامانی "مجلس الحكم" یان كرد كه فتواكه‌ی سیستانی له به‌ر چاو بگرن.
ئه‌م فتوایه‌ی سیستانی بو به كۆسپێكی گه‌وره له به‌رده‌م م‌ح و سام دا, به تایبه‌تی لایه‌نه دینی‌یه‌كانی شیعه پێ‌یان له سه‌ر هه‌ڵبژاردنی گشتی دائه‌گرت, ئه‌یانویست ته‌جروبه‌ی ئیمام خومه‌ینی و دانانی "قانونی ئه‌ساسی ئێران" دوباره بكه‌نه‌وه. چونكه پێ‌یان وابو زۆرایه‌تی خه‌ڵك له گه‌ڵ ئه‌وانه و ده‌نگ بۆ ئه‌وان ئه‌دا.
بۆ نوسینی ده‌ستور بیروڕا جیاواز بو. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و جیاوازی‌یه رۆژی 3 ی 8 ی 2003 م‌ح بڕیاری ژماره 32 ی دا بۆ پێكهێنانی " كۆمیته‌ی ئاماده‌كردنی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گرتنی كۆڕی ده‌ستوری: اللجنة التحضیریة لاعداد الیات عقد المؤتمر الدستوري".
هه‌ر ئه‌ندامێكی م‌ح یه‌ك كه‌سی ناودێر كرد, له به‌ر ئه‌وه ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه به قه‌د ژماره‌ی ئه‌ندامانی م‌ح بو به 25 كه‌س. ئه‌م كۆمیته‌یه ئه‌بو تا 15 ی 9 ی 2003 كاره‌كانی ته‌واو بكا و ته‌قریری خۆی بدا به م‌ح.
گروپی كوردی ئه‌م كه‌سانه‌یان ناودێر كرد, یه‌كێتی: د فوئاد مه‌عسوم, پارتی: سامی ئه‌وره‌حمان, یه‌كگرتو: دیندار نه‌جمان, دارا نوره‌دین: فرسه‌ت ئه‌حمه‌د, د مه‌حمود عوسمان: د محه‌مه‌د عومه‌ر مه‌ولود. د موحسین عه‌بدولحه‌مید له حیزبی ئیسلامی عیراقی: د مسته‌فا زه‌ڵمی ناودێر كرد. به‌وه ژماره‌ی كورد له لوجنه‌كه‌دا بون به 6 ئه‌ندام.
ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه له كۆبونه‌وه‌یه‌كی خۆیان دا د فوئاد مه‌عسومیان هه‌ڵبژارد به سه‌رۆكی كۆمیته‌یه.
×
كۆمیته‌كه ئه‌بو دابه‌ش بن به سه‌ر پارێزگاكانی عیراق دا بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ سه‌رانی خه‌ڵك و رای گشتی‌دا كۆ ببنه‌وه و بیروڕایان بپرسن له سه‌ر جۆری نوسینی ده‌ستور. به هۆی نائارامی هه‌لومه‌رجی زۆر له پارێزگاكان ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه نه‌یانتوانی وه‌كو نه‌خشه‌یان بۆ دانا بو له هه‌مو پارێزگاكان دا كۆبونه‌وه به سه‌رانی قه‌وم بكه‌ن, سه‌ره‌نجام له 30 ی ئه‌یلول دا راپۆرتی خۆیان ئاماده كرد.
ئه‌م كۆمیته‌یه له 30 ی 9 ی 2003 دا ته‌قریره‌كه‌ی خۆی ته‌واوكرد و دای به م‌ح. ته‌قریره‌كه به شێوه‌ی مه‌زبه‌ته 22 كه‌س له ئه‌ندامانی لوجنه‌كه ئیمزایان كرد بو. به پێ‌ی په‌راوێزێكی نوسراوی سه‌رۆكی كۆمیته 3 كه‌سه‌كه‌ی تریش به نامه ته‌قریره‌كه‌یان په‌سند كرد بو, به‌ڵام له به‌ر له سه‌فه‌ر بون, فریای ئیمزاكردنی نه‌كه‌وت بون.
رۆژی 14 ی 10 ی 2003 م‌ح "ته‌قریر" ه‌كه‌ی تاووتوێ كرد.
لوجنه‌كه 3 (خیار) ی دیاری كرد بو:
خیاری یه‌كه‌م, هه‌ڵبژاردنی گشتی و راسته‌وخۆیه له ژێر چاودێری رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دا. ئه‌مه‌یان هه‌مان خیاره كه سیستانی داوای كرد بو.
خیاری دوه‌م, هه‌ڵئاواردن "إختیار" ی ئه‌ندامانی كۆڕی ده‌ستوری له ناو چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵ دا به پێ‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگاكان, واته هه‌مان سیسته‌می "كۆكه‌سه‌س:Caucuses" كه ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی پێڕه‌وی ئه‌كا, دوای نوسینی ده‌ستور ئینجا خستنه به‌ر چاوی گه‌ل بۆ راپرسی گشتی و ده‌نگدان.
خیاری سێیه‌م, پێكهێنانی كۆڕی ده‌ستوری له لایه‌ن م‌ح ه‌وه له شاره‌زایانی سیاسی و قانونی و بیریار... ئینجا خستنه به‌ر چاوی گه‌ل بۆ راپرسی گشتی و ده‌نگدان.
لوجنه‌كه له راپۆرته‌كه‌ی‌دا چه‌ند ئیعتیرازێكی له خیاری دوه‌م و سێیه‌م گرت بو, به ته‌واوی هه‌ردو (خیار) ی هه‌ڵته‌كاند بو و له كه‌ڵكی خست بون. له كۆتایی راپۆرته‌كه‌ش دا رای خۆی ده‌ربڕی بو خیاری یه‌كه‌می په‌سند كرد بو و راسپارده‌شی بۆ م‌ح هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌یان بو.
خوێندنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه ده‌ری ئه‌خست, كه لوجنه‌كه له سه‌ره‌تاوه كه‌وت بونه ژێر كاریگه‌ری "فتوا" كه‌ی سیستانی‌یه‌وه. ته‌نانه‌ت وشه‌گه‌لی رونكردنه‌وه‌ی خیاری یه‌كه‌م, كه له ته‌قریره‌كه‌دا به كار هێنرا بون, له ده‌قی فتواكه‌ی سیستانی و قسه‌كانی دیداره‌كه‌ی ده‌رهێنراون.
خیاری یه‌كه‌م, له هه‌لومه‌رجی ئه‌و كاته‌دا, له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌ئه‌گونجا, چونكه:
یه‌كه‌م, له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا نه‌ئه‌زانرا كێ ده‌رئه‌چێ. جوڵانه‌وه دینی‌یه توندڕه‌وه‌كان له زۆر شوێنی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق, به هۆی تۆقاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پێكهێنانی تاقمی چه‌كداره‌وه, به سه‌ر خه‌ڵك دا زاڵ و له جاده‌دا ده‌س رۆیشت‌و بون. هێزه دیمۆكراتیه‌كان لاواز و په‌رت و بڵاون.
دوه‌م, پێكهێنانی كۆڕی ده‌ستوری له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رتاسه‌ری له عیراق دا كوردی تێ‌دا ئه‌بو به كه‌مایه‌تی. ره‌نگه كه‌مایه‌تی‌یه‌كی گوێ لێ نه‌گیراویش بوایه. ده‌نگی زۆرایه‌تی به سه‌ر كۆڕه‌كه‌دا زاڵ ئه‌بو و, زۆرایه‌تی به پێ‌ی ویست و قازانجی خۆی ده‌ستوری ئه‌نوسێ. له به‌ر ئه‌وه كارێكی دژواره كورد بتوانێ له كۆڕێكی وه‌هادا مافه‌كانی خۆی بسه‌لمێنێ.
له سه‌ر راپۆرته‌كه مشتومڕی زۆر كرا, به‌ڵام په‌سند نه‌كرا. چونكه گروپی كوردی و هه‌ندێ له ئه‌ندامه‌كانی تر لایان وابو كه ده‌ستور گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی, سیاسی, قانونی, نێوان چه‌ند لایه‌نێكی جیاوازه, ئه‌بێ له ئه‌نجامی پێكهاتن "توافق: Consensus" ی هه‌مو لا پێكهێنه‌ره‌كانی گه‌لی عیراق: شیعه, سوننه, كورد, بنوسرێ نه‌ك به زۆرایه‌تی ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراو.
ناوی لوجنه‌كه: شتێكی سه‌یر و, كاری لوجنه‌كه‌ش: كات به فیڕۆدان بو!
رێكه‌وتننامه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
رۆژی 15 ی 11 ی 2003 له كۆنفره‌نسێكی رۆژنامه‌وانی‌دا جه‌لال تاڵه‌بانی له به‌رده‌می كامێرای ته‌له‌فزیۆن دا, به ئاماده بونی: د عه‌دنان پاچه‌چی, د ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی, عه‌بدولكه‌ریم محه‌مه‌داوی, سه‌لاحه‌دین به‌هادین, وائیل عه‌بدولله‌تیف و, د رۆژ شاوه‌یس, به ناوی م‌ح ه‌وه به‌یانێكی خوێنده‌وه كه "جه‌دوه‌لێكی زه‌مه‌نی" دیاریكراوی بۆ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نوسسازی عیراق و كوردستانی عیراقی راگه‌یاند:
1. تا كۆتایی مانگی 2 (شوبات) ی 2004 ئه‌بێ قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵتی عیراق له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا "قانون ادارة الدولة العراقیة في الفترة الانتقالیة. لێره به دواوه قاد" بنوسرێ و,
2. تا كۆتایی مانگی 5 (ئایار) ی 2004 هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسێكی ئینتیقالی ئه‌نجام بدرێ و,
3. تا كۆتایی مانگی 6 (حوزه‌یران) ی 2004 حكومه‌تێكی ئینتیقالی له لایه‌ن مه‌جلیسی ئینتیقالی‌یه‌وه دابنرێ, ئه‌وسا سام "سلطة الائتلاف المؤقتة" و م‌ح "مجلس الحكم" هه‌ردو كاریان ته‌واو ئه‌بێ و, هه‌ڵئه‌وه‌شێنرێنه‌وه, سه‌روه‌ری ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی عیراق,
4. تا كۆتایی ساڵی 2005 هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ دانانی پارله‌مان و حكومه‌ت و نوسینی ده‌ستور بكرێ.
له هه‌مان راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانی‌دا چه‌ند سه‌ره‌تایه‌كی بنه‌ڕه‌تی دیاریكرا بو كه ئه‌بو قانونه‌كه‌یان له سه‌ر دابڕێژرێ. ئه‌و قانونه ئه‌بو م‌ح بینوسێ و, تا نوسینی ده‌ستوری دائیمی كاری پێ بكرێ.
ئه‌م راگه‌یاندنه پوخته‌ی ئه‌و ریككه‌وتننامه‌یه بو كه له لایه‌ن (م‌ح) ه‌وه جه‌لال تاڵه‌بانی و, له لایه‌ن (سام) ه‌وه سه‌فیر پۆڵ بریمه‌ر و ده‌یڤید ریچمۆند ئیمزایان كرد بو.
ئه‌گه‌رچی له‌و به‌یانه رۆژنامه‌وانی‌یه‌دا كه مام جه‌لال خوێندی‌یه‌وه باسی فیدرالی و باسی مانه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌بوی كوردستانی كرد, به‌ڵام له رێككه‌وتنه ئیمزاكراوه‌كه‌دا نه‌نوسرا بو. ئه‌مه به ده‌لاقه‌یه‌كی قانونی گه‌وره و, به پشت گوێ خستنی خواسته‌كانی كورد, دائه‌نرا. نه‌یاره‌كانی تاڵه‌بانی ئه‌وه‌یان كرد به بیانو بۆ هێرشی پرۆپاگانده دژی.
چه‌ند تێبینی‌یه‌ك له باره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌وه
هه‌مو جار كه بریمه‌ر پلانه‌كه‌ی خۆی بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ عیراق باس ئه‌كرد ئه‌یكرده چه‌ند قۆناغێ:
- نوسینی ده‌ستوری دائیم و,
ئیستیفتای گشتی له سه‌ر ده‌ستور
- هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و،
پێكهێنانی حكومه‌تێكی هه‌ڵبژێردراوی دانپیانراوی ناوده‌وڵه‌تی
- ئینجا گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی بۆ عیراق
بۆ هیچ كام له‌و قۆناغانه (جدول زمنی) دانه‌ئه‌نا.
ئه‌م رێككه‌وتنه گۆڕینێكی بنه‌ڕه‌تی بو له پلانه‌كه‌ی بریمه‌ردا:
- هه‌ڵبژاردنی جوزئی بۆ مه‌جلسیكی ئینتیقالی,
بۆ دانانی حكومه‌تێكی ئینتیقالی
- هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سام و م‌ح و,
گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری عیراق
- ئینجا ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی و,
نوسینی ده‌ستوری دائیم
له‌مه‌یان دا بۆ هه‌مو قۆناغێ (جدول زمنی) ی دیار دیاریكراوه.
پلانی یه‌كه‌م به‌ند بو له سه‌ر هه‌ڵبژاردنی گشتی ئینجا گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری, ئه‌میان به‌نده له سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری ئینجا هه‌ڵبژاردنی گشتی. بۆچی ئه‌و گۆڕینه روی دا؟
گوشاری ده‌ره‌كی: فه‌ره‌نسی, ئه‌لمانی, روسی, چینی... و, ئاماده نه‌بونی زۆر له ده‌وڵه‌تانی دنیا بۆ سه‌ودای سیاسی, ئابوری, بازرگانی, دارایی... له گه‌ڵ م‌ح, به هۆی نه‌بونی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی و نادیاریی دۆخی قانونی ئه‌م ده‌زگایه...و,
گوشاری ناوه‌كی: ئه‌وه‌ی هه‌ندێ پێ‌ی ئه‌ڵێن تێڕۆڕ و تاوانكاری و, هه‌ندێكی تر پێ‌یان ئه‌وت: ‘‘مقاوه‌مه‌ت‘‘.
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌مو رۆژێ په‌لامار ئه‌دران و, هه‌مو رۆژێ لێ‌یان ئه‌كوژرا. له هیچ شوێنێك دا نه‌یانئه‌توانی به ئاسوده‌یی ئارام بگرن, ته‌نانه‌ت له به‌غداد ناوچه‌ی كۆشكه‌كانی جمهوری, كه باره‌گاكانی خۆیانی تێ‌دا بو به دیواری كۆنكرێتی به‌رز ده‌وریان گرت بو, ناویان نا بو: ناوچه‌ی سه‌وز (Green Zone) و, باقی شاری به‌غدادیان ناو نا بو ناوچه‌ی دوژمن (Enemy Zone). ناوچه‌ی سه‌وزیش ئه‌مین نه‌بو جاروبار ئه‌كه‌وته به‌ر په‌لاماری هاوه‌ن و رۆكێت. هیچ كاربه‌ده‌ستێكی ئه‌مه‌ریكایی نه‌یوێرا بو پیاسه‌یه‌ك به شه‌قامه‌كانی به‌غدادا بكا و, به ئازادی و به بێ هێزی پارێزگاری سه‌ردانی ماڵێك, دائیره‌یه‌ك یان وه‌زاره‌تێك بكا. ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌مه له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دا خراپ و ره‌نگدانه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی‌دا, له ئه‌مه‌ریكا, كه له چه‌ند مانگی داهاتودا ئه‌كرێ, خراپتره.
ره‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بوایه ئه‌مه‌ریكا گوێ‌ی نه‌دایه‌ته هیچ عیراقی‌یه‌ك و, گاڵته‌ی ئه‌كرد به گوێزانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ئه‌مه‌ریكی‌یه‌وه بۆ عیراقی و, گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری له "ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر" ه‌وه بۆ "ده‌سه‌ڵاتی عیراقی".
هه‌لوێستی سیستانی له رێككه‌وتنه‌كه
سیستانی له وه‌ڵامی واشنتۆن پۆست دا هه‌ندێ "تحفظ" ی له سه‌ر ئه‌م پلانه ده‌ر بڕی بو له‌وانه: "یه‌كه‌م, له به‌ر ئه‌وه‌ی قانونی به‌ڕێوه‌بردنی عیراق بۆ ماوه‌ی گواستنه‌وه له لایه‌ن م‌ح و به ره‌زامه‌ندی سام ئه‌نوسرێ هیچ سیفه‌تێكی "شه‌رعیی" نابێ بۆیه ئه‌بێ بخرێته به‌رده‌م نوێنه‌رانی گه‌لی عیراق بۆ بڕیار لێ دانی. دوه‌م, میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی ته‌شریعی ئینتیقالی نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی گه‌لی عیراق دابین ناكا... له به‌ر ئه‌وه داوای هه‌ڵبژاردنی گشتی كرد بو, له سه‌ر بنچینه‌ی بیتاقه‌ی ته‌موینی..." واته هه‌مان هه‌ڵوێستی پێشوی دوباره كرد بوه‌وه.
نوسینی "قاد"
له سه‌ره‌تای مانگی 12 ه‌وه ئیتر باس له قاد ئه‌كرا.
چه‌ندین پرۆژه له لایه‌ن هه‌ندێ له ئه‌ندامانی م‌ح و یاساناسی تره‌وه ئاماده كرا بو. له ناو ئه‌و پرۆژانه‌دا دوانیان له‌وانی تر له پیش‌تر بون. یه‌كێكیان پرۆژه‌ی كوردی بو كه "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان" ئاماده‌ی كردبو, ئه‌وی تریان پرۆژه‌یه‌ك بو پاچه‌چی و هاوكاره‌كانی ئاماده‌یان كرد بو.
پرۆژه‌ی گروپی كوردی
پرۆژه‌كه‌ی "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان" دوای هه‌ندێ ده‌سكاری كرا له لایه‌ن گروپی كوردی م‌ح ه‌وه, به تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و, موڵكیه‌تی سامانی سروشتی دا. پرۆژه‌كه دابه‌ش كرا به سه‌ر ئه‌ندامانی م‌ح دا. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه له‌وه‌ی پاچه‌چی فراوانتر و "شامل" تر بو, ئه‌و كۆمیته‌یه‌ی كه خه‌ریكی ئاماده‌كردنی مسوه‌ده‌ی "قاد" بون, ئه‌مه‌یان كرد به بنچینه‌ی گفتوگۆكانیان.
له سه‌ر بابه‌ته گشتی‌یه‌كان ناكۆكی‌یه‌كی ئه‌وتۆ له بیروبۆچونه‌كان دا نه‌بو به‌ڵام هه‌ر ماده‌یه‌ك پێوه‌ندی به مافی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه هه‌بو, هه‌ندێ له ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب به تایبه‌تی پاچه‌چی و نوێنه‌ری مه‌جلیسی ئه‌علا, داوایان ئه‌كرد جارێ دوا بخرێ تا بابه‌ته ناوكۆیی‌یه‌كان ته‌واو ئه‌بن. هه‌ندێ جار به بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان كه‌سانێكی هه‌ڵبژێردراو نین له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بۆیه ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی ئه‌و شته‌یان نیه. راستی‌یه‌كه‌ی جۆرێ بو له خۆدزینه‌وه بۆ سه‌لماندنی مافه‌كانی كورد و, په‌شیمان بونه‌وه له هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن.
پرۆژه‌ی كوردی كاردانه‌وه‌ی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی به دوای خۆی‌دا هێنا:
له ناو عیراق دا, هه‌مو جوڵانه‌وه بنچینه‌وان "اصولی" ه‌كانی شیعه و سوننه و, كه‌سایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی عه‌ره‌ب چونه‌وه به گژی‌دا.
له نه‌جه‌ف, صه‌دره‌دین قه‌بانچی, نوێنه‌ری "المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة فی العراق" و, له كوفه, موقته‌دا صه‌در له وتاری نوێژی هه‌ینی‌دا دژی فیدرالیزم دوان.
له به‌غداش, پیش‌تر ئه‌ندامه دیاره‌كانی "هیئه علما ْ المسلمین" د ئه‌حمه‌د كوبه‌یسی و د حاریس زاری دژی دوا بون.
صوبحی عه‌بدولحه‌مید و هارون محه‌مه‌د, كه خۆیان به نوێنه‌ری جوڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب دائه‌نا دژی وه‌ستان
له ده‌ره‌وه‌ش به‌شار ئه‌سه‌د و, ئه‌ردۆغان و, مه‌لیك عه‌بدوڵا به ئاشكرا دژی دوان.
پرۆژه‌یه‌كی نوێ
پێش جه‌ژنه‌كانی سه‌ری ساڵ, بریمه‌ر به ته‌مای گه‌ڕانه‌وه بو بۆ ئه‌مه‌ریكا, له به‌ر ئه‌وه داوای له لوجنه‌ی ئاماده‌كردنی "قاد" كرد بو كۆببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ له كاره‌كانیان دا به كوێ گه‌یشتون. لوجنه‌كه له گه‌ڵی دانیشت بون. د عه‌دنان پاچه‌چی سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرد بو. پاچه‌چی هه‌مو ئه‌و مادانه‌ی بۆ خوێند بوه‌وه كه لوجنه‌كه له سه‌ری رێك كه‌وت بون, كه بابه‌تی گشتی بون, له سه‌ر ماده‌كانی كه پێوه‌ندی‌یان به مافه‌كانی كورده‌وه هه‌بو, وت بوی: "ئه‌و مادانه دواخراون كه دوایی گفتوگۆیان له سه‌ر بكرێ چونكه باری سه‌رنجی جیاوازیان له سه‌ره..."
بریمه‌ر له ئه‌مه‌ریكاوه دوای بینینی سه‌رۆك بوش و كاربه‌ده‌ستانی تر گه‌ڕایه‌وه عیراق. ئه‌ویش له لای خۆیه‌وه له پشتی په‌رده‌وه خه‌ریكی مه‌سه‌له‌كه بو.
رۆژی 2 ی 1 ی 2004 بریمه‌ر چوه هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین بۆ گفتوگۆ له گه‌ڵ بارزانی و تاڵه‌بانی. پرۆژه‌یه‌كی بۆ هێنا بون ده‌رباره‌ی مافه‌كانی كورد, ئه‌وه‌نده كاڵ و كرچ بو, سه‌رانی كورد قبوڵیان نه‌كرد بو.
رۆژی 7 ی 1 ی 2004 بریمه‌ر, جارێكی تر به فڕۆكه له سه‌لاحه‌دین دابه‌زی بۆ كۆبونه‌وه له گه‌ڵ تاڵه‌بانی و بارزانی. بریمه‌ر داوای لێ كرد بون, كه ئه‌بێ خۆیان بچن بۆ به‌غداد بۆ به‌شداری راسته‌وخۆ له گفتوگۆكان دا, چونكه ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان, وه‌كو مانگی پێش‌و, بڕوا ئه‌وا به "بنبه‌ست" ئه‌گه‌ن و, قانونه‌كه له كاتی دیاریكراوی خۆی‌دا ته‌واو نابێ.
له په‌راوێزی ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا, كۆبونه‌وه‌یه‌كی تری سه‌رانی كورد و نوێنه‌رانی هه‌ندێ له لاكانی م‌ح كرا بو. باسی سه‌ره‌كی فیدرالی بو كه ئه‌وان دژی نین.
ئه‌مه‌ریكا, یان ئه‌شێ بڵێین بریمه‌ر و هاوكاره‌كانی, له گه‌ڵ عیراقێكی فیدرالی بون. به‌ڵام فیدرالی‌یه‌كه‌ی ئه‌وان جیاواز بو له‌وه‌ی كورد داوای ئه‌كرد. بریمه‌ر فیدرالی‌یه‌كی ئه‌ویست وه‌كو ولایه‌ته فیدرالی‌یه‌كانی ئه‌مه‌ریكا, له سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دینی و مه‌زه‌بی نه‌بێ, به‌ڵكو هه‌ر پارێزگایه‌ك خۆی به ته‌نیا ولایه‌تێكی فیدرالی بێ. عیراق 18 پارێزگایه 18 ولایه‌تی فیدرالی بێ.
رۆژی 14 ی 1 ی 2004 بارزانی و تاڵه‌بانی چون بۆ به‌غداد بۆ گفتوگۆ له گه‌ڵ بریمه‌ر, گرینستۆك, جۆن ساوه‌رز, له سه‌ر خواسته‌كانی كورد له "قاد" ا.
رۆژی 22 ی 1 ی 2004 بارزانی و تاڵه‌بانی جارێكی تر له گه‌ڵ بریمه‌ر كۆبوبونه‌وه. بریمه‌ر "ورقه" یه‌كی دابونێ بۆ لێكۆڵینه‌وه, وت بوی: "ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه هی ئه‌مه‌ریكا نیه به‌ڵكو هی هه‌ندێ له عه‌ره‌به‌كانی ناو م‌ح ه..." ئه‌وه‌شی وت بو: "عه‌ره‌به‌كان لای ئێوه قسه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن و لای ئێمه شتێكی تر ئه‌ڵێن".
پرۆژه‌ی گروپی كوردی كه له سه‌ره‌تاوه كرا بو به بنچینه‌ی گفتوگۆكان و هه‌ندێكی باشی په‌سند كرابو پشت گوێ خرا, پرۆژه‌یه‌كی نوێ‌یان هێنابوه سه‌ر مێزی گفتوگۆ, كه ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان به هاوكاری د عه‌دنان پاچه‌چی و د فه‌یسه‌ل ئوسترابادی و د سالم چه‌له‌بی نوسی بویان. له‌و پرۆژه‌یه‌دا مافه‌كانی كورد تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر كه‌م كرا بوه‌وه و, به شێوه‌ی سه‌ره‌تای گشتی باس كرا بون.
چونی بارزانی و تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد و, به‌شداری راسته‌خۆی خۆیان له گفتوگۆكان دا كارێكی ناراست بو له "هونه‌ری دانوسه‌ندن" دا. ئه‌بو, هه‌روه‌ك دیپلۆماتێكی ئه‌مه‌ریكی دۆستی كورد, ئامۆژگاری كرد بون, رێگه‌یان به نوێنه‌ره‌كانیان بدایه ورده‌كاری بابه‌ته‌كان له گه‌ڵ بریمه‌ر و ئه‌ندامانی م‌ح باس بكه‌ن و ببڕێننه‌وه, دوا بڕیار و ئیمزاكردنیان بۆ خۆیان دابنایه.
هاوزه‌مان له گه‌ڵ دانوسه‌ندنی كورد – سام و م‌ح, له سودان دانوسه‌ندن له نێوان حكومه‌تی سودان و سه‌ركرده‌كانی جنوبی سودان هه‌بو, ئه‌وان خواسته‌كانی خۆیان له‌رسته‌یه‌كی 4 وشه‌یی‌دا كورت كردبوه‌وه: "دابه‌شكردنی سامان و ده‌سه‌ڵات و ئه‌رز" توانیشیان بیسه‌پێنن, خواسته‌كانی كورد له ناو لاپه‌ڕه‌ی زۆر و دروشمی زۆر و گفتوگۆی زۆردا گوم بوبو.
×
مشت‌ومڕ و دانوسه‌ندن و سات و سه‌ودا, سه‌رله‌نوێ له, له ژوری داخراودا, له نێوان نێوان گروپی كوردی له لایه‌ك و, بریمه‌ر و ئه‌ندامانی عه‌ره‌بی م‌ح له لایه‌كی تره‌وه, ده‌ستی پێ كرده‌وه تا سه‌ره‌نجام له كۆتایی مانگی 2 ی 2004 دا "قاد: قانون ادارة الدولة العراقیة في الفترة الانتقالیة" به گشتی ده‌نگ په‌سند كرا.
ئیمزا كردنی "قاد"
رۆژ 8 ی 3 ی 2004 له مه‌راسیمێكی گه‌وره‌دا "قاد: قانون ادارة الدولة العراقیة في الفترة الانتقالیة" ئیمزا كرا. هه‌ر 25 ئه‌ندامه‌كه‌ی م‌ح ئیمزایان كرد. له باتی عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم, عادل عه‌بدولمه‌هدی. له باتی د موحسین حه‌مید, حاجم الحسنی. له باتی د ئه‌یاد عه‌لاوی, هانی ئیدریس و له باتی دارا نوره‌دین, سه‌لاح مه‌لا كه‌ریم ئیمزایان كرد چونكه خۆیان ئاماده نه‌بون. ئه‌وانه هه‌ندێكیان له‌و رۆژه‌دا له سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه بون به‌ڵام حه‌كیم له كۆڕێكی رۆژنامه‌وانی دا وتی: "ئاماده نه‌بوه چونكه (تحفط) هه‌بوه له سه‌ر هه‌ندێ ماده‌ی قانونه‌كه"
به‌حره‌لعلوم و بارزانی و پاچه‌چی قسه‌یان كرد. بارزانی به‌شێ له دوانه‌كه‌ی به كوردی بو.
هه‌ڵسه‌نگاندنی "قاد"
"قاد" له ئه‌نجامی پێكهاتن "توافق" ی چه‌ند نه‌ته‌وه و دین و مه‌زه‌ب و بیروبۆچونی سیاسی جیاوازدا نوسراوه. پێڕه‌وی سه‌ره‌تای "دان و سه‌ندن" كراوه. له به‌ر ئه‌وه هیچ لایه‌ك نه‌یتوانیوه هه‌مو خواسته‌كانی بسه‌پێنێ. هه‌ر لایه‌ك به‌رامبه‌ر به ده‌س هێنانی هه‌ندێ ده‌سكه‌وت ده‌ستی له هه‌ندێ له داواكانی هه‌ڵگرتوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه رێككه‌وتن.
له‌م قانونه‌دا كوردیش نه‌یتوانیوه هه‌مو خواسته‌كانی جێ بكاته‌وه. بڕیاردانی "یا هه‌موی یا هیچ" له‌وانه‌بو كورد بباته‌وه بۆ دواوه. له‌م قانونه‌دا كورد, چ وه‌كو كورد و چ وه‌كو هاووڵاتی عیراقی, چه‌ند ده‌سكه‌وتی گرنگی به ده‌س هێناوه:
سه‌لماندنی دیمۆكراسی, مافی مرۆڤ, فیدرالیزم, پلورالیزم, یه‌كسانی زمانی عه‌ره‌بی و كوردی, ناسینی ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و دادگاكانی, سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ته‌عریب... ئه‌مانه هه‌مو ده‌سكه‌وتی باش و به كه‌ڵكن بۆ كورد, به‌ڵام ئه‌مه به مه‌عنای ئه‌وه نیه كورد واز له خواسته‌كانی تری بهێنێ, ئه‌بێ به پێ‌ی سه‌ره‌تای عه‌ره‌بی "خژ و گالب: ئه‌وه وه‌ربگره و داوای شتی تریش بكه!" به‌رده‌وام بێ له سه‌ر خواسته‌كانی. ئه‌بێ هه‌وڵ بدا ئه‌وه‌ی دراوه له سه‌ر ئه‌رز جێ‌به‌جێ‌ی بكا و ئه‌وه‌ی ماوه له ده‌ستوری دائیمی‌دا جێگه‌ی بكاته‌وه.
كه‌موكوڕی‌یه‌كانی كه ئه‌بێ هه‌وڵی چاره‌كردنیان بدرێ:
چاره‌نوسی ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری حكومه‌تی هه‌رێم به تایبه‌تی كه‌ركوك و خانه‌قین, موڵكیه‌تی سامانی سروشتی, چاره‌نوسی پێشمه‌رگه و جۆری پاراستنی كوردستان, جێگه‌ی كورد له پایه سه‌روه‌ری‌یه‌كانی عیراق دا....
ته‌واو بونی كاره‌كانی م‌ح
دوای ئیمزا كردنی قاد, م‌ح به هاوكاری سام و راوێژ له گه‌ڵ ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی, نوێنه‌ری تایبه‌تی كوفی ئه‌نان, درێژه‌یان به كاره‌كانی خۆیان دا. به پێ‌ی رێككه‌وتنی گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له 15 ی 11 ی 2003 دا, ئه‌بو له پێش دا كۆنگره‌ی نیشتمانی بگیرێ, ئینجا سه‌رۆكایه‌تی و وه‌زاره‌ت دابنرێن. به‌ڵام روداوه‌كان وا هاتن كه له پێش دا سه‌رۆكایه‌تی و وه‌زیره‌كان دابنرێ, ئینجا كۆنگره‌ی نیشتمانی بگیرێ.
دانانی سه‌ركۆمار و وه‌زاره‌تی نوێ
م‌ح له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 1 ی 6 ی 2004 دا شێخ غازی یاوه‌ر (له دایكبوی موصل 1958) ی هه‌ڵبژارد به سه‌ر كۆمار و, د ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و د رۆژ شاوه‌یس به جێگری. ئه‌م 3 كه‌سه ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی پێك ئه‌هێنن, هه‌مو بڕیارێكیان ئه‌بێ هه‌ر سێكیان موافه‌قه‌تی له سه‌ر بكه‌ن, ئه‌گینا جێبه‌جێ ناكرێ.
شێخ غازی هه‌ڵبژێردرا بو دوا سه‌رۆكی ده‌وری‌ی م‌ح بێت, به‌ڵام كه عیزه‌دین سه‌لیم كوژرا, ئه‌و جێگه‌ی گرته‌وه, واتا كه هه‌ڵبژێردرا به سه‌رۆكی كۆمار, له‌و كاته‌دا سه‌رۆكی م‌ح بو. سام ئه‌یویست عه‌دنان پاچه‌چی بكرێته سه‌رۆك, به‌ڵام پێ داگرتنی گروپی كوردی و زۆری گروپی شیعی, شێخ غازی‌یان سه‌پاند.
م‌ح ناوی وه‌زیره‌كانیشی دیاری كرد. له كورد ئه‌مانه به‌شدار بون.
له یه‌كێتی: د به‌رهه‌م جێگری سه‌روه‌زیر, د عه‌بدولله‌تیف ره‌شید وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو, نه‌رمین عوسمان وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ژن.
له پارتی: هوشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه, نه‌سرین به‌رواری وه‌زیری ئه‌شغالی عامه, مه‌مۆ فراهام عوسمان (یه‌زیدی) وه‌زیری ده‌وڵه‌ت.
سه‌ربه‌خۆ: به‌ختیار ئه‌مین, وه‌زیری مافی مرۆڤ.
پایه سه‌روه‌ری‌یه‌كان "المواقع السیادیة" ته‌نیا یه‌كێكیان به‌ر كورد كه‌وتوه كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه.
د فوئاد مه‌عسوم دانرا به سه‌رۆكی كۆمیته‌ی ئاماده‌كردنی "كۆنگره‌ی نیشتمانی".
م‌ح دوای ئه‌وه‌ی كاره‌كانی ته‌واو كرد, به تایبه‌تی دوای نوسینی پاشكۆی "قاد" و, دیاری كردنی سه‌رۆكی كۆمار و جێگره‌كانی و, سه‌رۆكی وه‌زیران و وه‌زیره‌كانی, رۆژی 1 ی 6 ی 2004 خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی, نێردراوی تایبه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان, كه ئه‌ندازیاری سه‌ره‌كی ئه‌م داووده‌زگایانه بو, به‌م جۆره سه‌رۆك و وه‌زاره‌ت و كۆنگره‌ی به ناسین داوه: "سه‌رۆكایه‌تی ره‌مزی ئه‌بێ و, وه‌زاره‌ته‌كه‌ی حكومه‌تی راپه‌ڕاندنی كاروبار ئه‌بی و, كۆنگره‌كه‌یشی له ته‌شریعی كه‌متر و له ئیستیشاری زیاتر ئه‌بێ."
گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ عیراق
رۆژی دوشه‌م 28 ی 6 ی 2004 له كۆبونه‌وه‌یه‌كی كتوپڕدا كه سه‌فیر بریمه‌ر و, سه‌فیر ریچمۆندی جێگری له باتی سام و, سه‌رۆك غازی یاوه‌ر, سه‌روه‌زیران د ئه‌یاد عه‌لاوی, جێگری سه‌روه‌زیر د به‌رهه‌م سالح له باتی عیراق ئاماده‌ی بون. بریمه‌ر به‌ڵگه‌ی گوێزانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له سامه‌وه بۆ حكومه‌تی عیراقی دایه ده‌س عه‌لاوی.
یاوه‌ر و عه‌لاوی سوێندی قانونی‌یان له به‌رده‌م سه‌رۆكی قه‌زای عیراق دا خوارد.
سام خۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و به پێ‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر ته‌واو بو, قۆناغی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عیراق ده‌ستی پێ كرد.
هه‌ر ئه‌و رۆژه بریمه‌ر عیراقی به جێ هێشت و رۆیشت. بریمه‌ر ئه‌یتوانی 2 رۆژی تریش ده‌سه‌ڵات به ده‌س خۆیه‌وه بهێڵێته‌وه به‌ڵام زوتر وازی لێ هێنا بۆچی؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه:
چاوه‌ڕێ ئه‌كرا رۆژی دیاریكراو بۆ گوێزانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كاری تێڕۆڕیستی بگاته راده‌یه‌كی زۆر به‌رز.
ئه‌و كاته كۆبونه‌وه‌ی سه‌رانی ناتۆ هه‌بو له ئه‌سته‌موڵ, سه‌رۆك بوش ویستی پێ‌یان رابگه‌یه‌نێ كه له گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری دا بۆ عیراق جیدی‌یه, بۆ ئه‌وه‌ی رازی‌یان بكا له راهێنانی هێزه‌كانی ئاسایشی عیراق دا به‌شدار بن.
پرۆسه‌ی سیاسی له عیراق دا هێشتا به‌رده‌وامه, به‌ڵام به‌ره‌و كوێ ئه‌چێ؟