به‌شێكی كورد به مه‌زه‌ب شیعه‌ن. هه‌روه‌ها به‌شێكی توركومان شیعه‌ن. زۆرێكی عه‌ره‌به هاورده داگیركه‌ره‌كانی كه‌ركوكیش شیعه‌ن.
كورده‌كانی به مه‌زه‌ب شیعه‌ن, به زۆری له ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق دائه‌نیشن. له ناوشاری به‌غداد, مه‌دینه‌ی سه‌وره/ صه‌در, خانه‌قین و مه‌نده‌لی و كوت.
توركومانه‌كانی به مه‌زه‌ب شیعه‌ن, به زۆری له توز و ته‌له‌عفه‌ر.
عه‌ره‌به‌كانی به مه‌زه‌ب شیعه‌ن, هاورده‌كانی ناو كه‌ركوكن.
له كوردستان, له پێش روخانی به‌عس دا, رێكخراوه دینی – سیاسی‌یه‌كانی شیعه بنكه و باره‌گای ئاشكرایان هه‌بو. "المجلس الاعلی للثوره الاسلامیة فی العراق" و "حزب الدعوة الاسلامیة" و "الحزب الاسلامی التركمانی".
دوای روخانی به‌عس و, كرانه‌وه‌ی هه‌مو شاره‌كانی عیراق بۆ كاری سیاسی, هه‌مو ئه‌و رێكخراوانه, بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك رێگری بكا, بنكه و باره‌گای ئاشكرایان له كه‌ركوك دانا و, كه‌وتنه چالاكی سیاسی. موقته‌داش به نوێنه‌رایه‌تی "مكتب الشهید الصدر" كابرایه‌كی گه‌نجی توندڕه‌وی به ناوی, عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لموسه‌وی, نارد بۆ كه‌ركوك باره‌گای كرده‌وه.
به‌رپرسه‌كانی "مكتب الشهید الصدر" له كه‌ركوك له نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لاوه نێردرا بون. جگه له ناوشاری كه‌ركوك, له توز و داقوق و چه‌ند شوێنێكی تر "مه‌كته‌ب" یان كرده‌وه. كه‌وتنه هه‌وڵی راكێشانی شیعه‌ی عه‌ره‌ب و توركومان. له‌وه‌ش دا بۆ ئه‌وه‌ی بنكه‌یه‌ك له ناو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا په‌یدا بكا, خۆی كرد به پارێزه‌ری هاورده‌كانی عه‌ره‌ب, به هه‌ق و به ناهه‌ق دیفاعی لێ ئه‌كردن. هه‌ندێ جار هه‌ندێ كاریان ئه‌كرد بۆ "ئیستیفزازی" كورد. هه‌وڵی ئه‌دا كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زه‌بی له گه‌ل كورد دروست بكا.
روداوی توز
توز ناوچه‌یه‌كی فراوانه له ناوجه‌رگه‌ی گه‌رمیان دایه. دانیشتوانه‌كه‌ی تێكه‌ڵاوه له كورد و توركومان و عه‌ره‌ب. پێش دروستكردنی پارێزگای صه‌لاحه‌دین (تكریت) توز قه‌زایه‌ك بو سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوك. دوای دروستكردنی صه‌لاحه‌دین, توز و هه‌مو دێهاته‌كانی, له كه‌ركوك دابڕا و, خرایه سه‌ر تكریت.
توز, یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی به‌ر پلانی ته‌عریب كه‌وتوه. زۆری عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه دوای حه‌فتاكان هێنراون. حكومه‌ت زه‌وی و زاری له كورد و توركومان زه‌وت كردوه و داوێتی به عه‌ره‌بی هاورده. بۆ گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌كه و پێشكه‌وتنی كشتوكاڵ, به جۆگای ئاودانی صه‌دام "مشروع ری صدام" دا ئاوی له به‌نداوی دوبزه‌وه بۆ راكێشراوه. سه‌رزه‌مێنێكی فراوانی كردۆته به‌راو و سه‌وزایی. خه‌ڵكی ناوچه‌كه له روی دینی‌یه‌وه زۆری موسوڵمانه و, هه‌ندێكیشی كاكه‌یین. كاكه‌یی‌یه‌كان هه‌مویان كوردن. هه‌مو كورده‌كانی و زۆری عه‌ره‌به‌كانی سوننه‌ن و, زۆری توركومانه‌كانی و كه‌مێكی عه‌ره‌به‌كانی شیعه‌ن.
له ده‌ره‌وه‌ی شاری توز پیرۆزگایه‌كی لێ‌یه پێ‌ی ئه‌ڵێن: "مه‌قامی ئیمام عه‌لی". هه‌رچه‌نده هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی مێژویی به ده‌سته‌وه نیه ئیمام عه‌لی كوڕی ئه‌بی تالیب رێ‌ی كه‌وتبێته ئه‌و ناوچه‌یه‌وه به‌ڵام خه‌ڵكی ناوچه‌كه پێ‌یان وایه ئیمام عه‌لی له‌و شوێنه‌دا دابه‌زیوه. له به‌ر ئه‌وه لایان پیرۆزه و زیاره‌تی ئه‌كه‌ن. كاتی خۆی به‌عسی‌یه‌كان پیرۆزگاكه‌یان روخاندوه, دوای روخانی رژیمی به‌عس شیعه‌كانی ناوچه‌كه سه‌رله‌نوێ دروستیان كردۆته‌وه.
رۆژێ دوای ته‌واو بونی به شه‌و ده‌ستێكی تێكده‌ر ئه‌م پیرۆزگایه‌ی خراپ كرد بو. بۆ رۆژی دوایی (22 ی 8 ی 2004) توركومانه‌كان, كه شیعه‌ن, كۆبونه‌وه بۆ خۆپیشاندان و بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان به ده‌سته‌وه بێ كوردیان تاوانبار كردبو, خۆپیشاندان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌ره‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی كورده‌كان و باره‌گای یه‌كێتی نیشتمانی به رێ كه‌وتن. هه‌ندێ چه‌كدار كه له ریزی خۆپیشانده‌ران دا بون, ته‌قه‌یان له باره‌گای یه‌كێتی و هه‌ندێ له ماڵه كورده‌كان كرد بو. چه‌ند كوردێ كوژرا بون, كورده‌كانیش به ته‌قه به‌رپه‌رچیان دابونه‌وه, چه‌ند توركومانێ كوژرابون.
توركومانه‌كان تابوتی كوژراوه‌كانی خۆیان به په‌ڕۆی سه‌وز پێچا بو. له سه‌ر ئوتوموبیل باریان كرد بو. له سه‌ریان نوسی بو: "لا اله الا الله جلال عدو الله" و "لا اله الا الله كردستان عدو الله". به‌مجۆره به مه‌وكیب به ناوشاری كه‌ركوك دا به‌ره‌و به‌غداد و, له به‌غدادیش به ناو مه‌دینه‌ی سه‌وره/ صه‌در دا گێڕاویانه, ئینجا بۆ ناشتن بردویانه بۆ نه‌جه‌ف.
موقته‌دا بێ ئه‌وه‌ی له روداوه‌كه بكۆڵێته‌وه به‌یانێكی ناشیرینی ده‌ركرد بو هێرشی كرد بوه سه‌ر كورد و پێشمه‌رگه. هانی چه‌كداره‌كانی خۆی دا بو له نه‌جه‌ف و به‌غداده‌وه بۆ یارمه‌تی براكانیان و تۆڵه‌ی كوژراوه‌كانیان بچن بۆ توز. له به‌غداش هانی لایه‌نگره‌كانی خۆی داب‌و به خۆپیشاندان بچنه سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كێتی و داگیریان بكه‌ن. ئه‌م گرژی‌یه ئه‌یتوانی شه‌ڕێكی خوێناوی هه‌ڵبگیرسێنێ. به‌ڵام كادره‌كانی یه‌كێتی ژیرانه ره‌فتاریان له گه‌ڵ روداوه‌كان كرد و, هه‌وڵیان دا به گفتوگۆی هێمنانه و له یه‌ك گه‌یشتن ناكۆكی‌یه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. كۆتایی به كێشه‌كه هێنرا. ×