صه‌در بنه‌ماڵه‌یه‌كی دینی‌ی به ناوبانگی شیعه‌ن. له ناو عیراق و لوبنان و ئێران دا لقوپۆپیان لێ بۆته‌وه. ئیدیعای سیاده‌ت ئه‌كه‌ن. ئاخوند و سیاسی ناسراویان تێ‌دا هه‌ڵكه‌وتوه.
محمد الصدر, له سه‌رده‌می مه‌له‌كی‌دا له عیراق, له دوای وه‌سبه‌ی كانونی 1948 له جێگه‌ی صالح جبر بو به سه‌روه‌زیرانی عیراق و, ماوه‌یه‌كیش سه‌رۆكی مه‌جلیسی ئه‌عیان بو.
موسی الصدر, به هاوكاری له گه‌ڵ مسته‌فا چه‌مران, له لوبنان بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی شیعه‌ی دروست كرد به ناوی "حركه المحرومین" ه‌وه كه دواتر بو به "حركه الامل". ئیسرائیل و ئێران پشتیوانی‌یان لێ ئه‌كرد. لیبیبا موسی الصدر و چه‌ند كه‌سێ له هاوكاره‌كانی بانگ كرد (1978). دوای ئه‌م سه‌ردانه بێ سه‌روشوێن ون بو. لیبی‌یه‌كان ئه‌یانوت: "له لیبیاوه رۆیشتوه بۆ ئیتالیا".
سید محمد باقر الصدر, دامه‌زرێنه‌ری حیزبی ده‌عوه بو, له هه‌شتاكان دا صه‌دام خۆی و بنت الهدی خوشكی كوشت.
چه‌ندین هه‌ڵگری ناوی صه‌در له عیراق و لوبنان و ئێران و بریتانیا و شوێنانی تر به جبه و عه‌مامه‌ی ره‌شه‌وه, كه له ناو شیعه‌دا نیشانه‌ی سیاده‌ته, ئاخوندن و كاری دینی – شیعی ئه‌كه‌ن.
یه‌كێ له‌وانه: سید محمد صادق الصدر بو. صادق الصدر 4 كوڕی هه‌بوه. مؤمل و مصطفی ساڵی 1999 له گه‌ڵ خۆی كوژراون. مرتضی و مقتدی ماون. موقته‌دا (1974 - ؟) كوڕی چواره‌مینێتی. له هه‌شتاكاندا كه محمد باقر الصدر و بنت الهدی‌ی خوشكی كوژران محمد صادق الصدر ته‌رمه‌كانی وه‌رگرتونه‌ته‌وه و, هه‌ر ئه‌وسا 3 له كچه‌كانی باقر الصدری بۆ مؤمل و مصطفی و مقتدی هێناوه.
دوای مردنی ئه‌بولقاسمی خوئی, به‌عس و به تایبه‌تی صه‌دام پلانی داناوه كه مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه له ده‌س ئێران و ئاخوندی ئێرانی ده‌ربهێنێ و مه‌رجه‌عیه‌تێكی عیراقی – عه‌ره‌بی بنیات بنێ. جیهازی موخابه‌راتی عیراقی "شعبة" یه‌كی هه‌بوه به ناوی "شعبة الحوزة". بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له گه‌ڵ محمد صادق الصدر پێكهاتوه كه ئه‌و كاروبار بگرێته ده‌س و ژماره‌یه‌كی باش ئه‌ندامی به‌عسی تێكه‌ڵاوی حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف كردوه كه له به‌ر ده‌س صه‌در و مه‌رجه‌عه‌كانی تردا پێ بگه‌ن و, به شێنه‌یی ده‌س به سه‌ر حه‌وزه و به سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌ت دا بگرن. ئه‌م كاره تا راده‌یه‌كی باش بۆ پێشه‌وه چو. صه‌در به پێ‌ی سه‌ره‌تای "ته‌قیه" بۆ قازانجی شیعه و خۆی هاوكاری له گه‌ڵ به‌عس كرد بو. كه هێزی ته‌واوی په‌یدا كرد ئیتر كه‌وته رێكخستنی نوێژی هه‌ینی له مزگه‌وتی كوفه و هانی شاگرده‌كانی ئه‌دا كه ئه‌وانیش نوێژی هه‌ینی جێبه‌جێ بكه‌ن. رۆژ به رۆژ نفوزی صه‌در زیادی ئه‌كرد خه‌ریك بو ئه‌بو به هێزێكی جه‌ماوه‌ریی مه‌ترسیدار و له كۆنترۆڵی (موخابه‌رات) ده‌رئه‌چو. له به‌ر ئه‌وه له نه‌جه‌ف بۆسه‌یه‌كیان بۆ صه‌در نایه‌وه خۆی و مؤمل و مصطفی كه پێكه‌وه له ئۆتۆمۆبیلێك دا بون كوژران.
صادق صه‌در, به‌ر له كوژرانی به پیاوی صه‌دام له قه‌ڵه‌م ئه‌درا. سه‌ید محه‌مه‌د باقیر حه‌كیم خۆشی له چاره‌ی نه‌ئه‌هات. دوای كوژرانی موقه‌لیده‌كانی له قوم پرسه‌یان بۆ دانا. باقر حه‌كیم كه چو به‌شداری پرسه‌كه‌ی بكا له قوم لایه‌نگرانی صه‌در له ناو پرسه‌كه‌دا سوكایه‌تی‌یان پێ كرد و ده‌ریان كرد.
ئه‌بێ صه‌در به‌ر له كوشتنی هه‌ستی كردبێ صه‌دام ئه‌یكوژێ, به تایبه‌تی له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رچو بو كه بۆی دیاری كرابو, بۆیه له كاتی خوێندنه‌وه‌ی وتاری نوێژی هه‌ینی‌دا كفنی كردۆته كۆڵی و, چه‌ند جارێ وتویه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ئه‌یكوژن و, وه‌سێتی كردوه دوای خۆی كاروباری خوێندنگه‌كانی و مه‌كته‌به‌كانی و وه‌كیله‌كانی ئه‌م به‌ره‌وڕوی سه‌ید كازمی حائیری بكرێته‌وه.
دوای روخانی صه‌دام راسته‌وخۆ به راوێژ له گه‌ڵ حائیری لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه بۆ سه‌رپه‌رشتی خوێندنگه و مه‌كته‌به‌كانی صه‌در له: جابر الخفاجی, قازی شه‌رعی حه‌وزه. مصطفی الیعقوبی. محمد الطباطبائی. ریاچ النوری, زاوای صه‌در. قیس الخزعلی, وته‌بێژی مه‌كته‌بی صه‌در. مورته‌زایان, ئه‌ڵێن مۆنگۆلی‌یه, گۆشه‌گیره و تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك نابێ. موقته‌دا بو به سه‌ركرده و رابه‌ری ئه‌م تۆڕه فراوانه‌ی له باوكیه‌وه به میرات بۆی مابوه‌وه و, تاقمێكی زۆر له‌و تاوانبارانه‌ی صه‌دام به‌ر له روخانی ئازادی كردن و ژماره‌یه‌كی زۆر له لێكه‌وتوه‌كانی به‌عس لێ‌ی كۆبونه‌وه و, ناویان له خۆیان نا "الحوزة العلمیة الناطقة" له به‌رامبه‌ر حه‌وزه‌كه‌ی سیستانی‌دا كه ئه‌مان پێ‌یان ئه‌وت: "الحوزة العلمیة الصامتة".
×
موقته‌دا ده‌ستبه‌جێ دوای روخانی صه‌دام و رژیمی به‌عس هاته ناو مه‌یدانی كاری سیاسی‌یه‌وه. هێشتا هیچكام له هێزه سیاسی‌یه رێكخراوه‌كانی شیعه, مه‌جلیسی ئه‌علا, ده‌عوه, عملی اسلامی, كه له ده‌ره‌وه‌ی عیراق بون, نه‌گه‌ڕابونه‌وه عیراق ئه‌و ده‌سپێشكه‌ری كرد, خۆی ئاشكرا كرد و هاته مه‌یدانی كاره‌وه. ده‌ستی كرد به كردنه‌وه‌ی چه‌ندین باره‌گا به ناوی "مكتب الشهید الصدر".
سه‌ره‌تای كاره‌كانی به كوشتنی مه‌جید خوئی ده‌س پێ كرد. مه‌جید خوئی كوڕی ئه‌بولقاسمی خوئی بو. ئاخوندێكی رۆشنبیر و هاوچه‌رخ بو, له ده‌س به‌عس هه‌ڵات بو. له له‌نده‌ن جێگیر بوبو. له رۆژانی جه‌نگی رزگاری عیراق دا گه‌ڕایه‌وه نه‌جه‌ف و ده‌ستی كرد به چالاكی سیاسی.
دوای كوشتنی خوئی, ماڵ و مه‌كته‌به‌كه‌ی سیستانی گه‌مارۆ داوا. داوای لێ كرد له ماوه‌ی 24 سه‌عات دا نه‌جه‌ف به جێ بهێڵێ ئه‌گینا ئه‌چنه سه‌ری. ئه‌گه‌ر عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بی‌یه‌كانی دوروپشتی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا فریا نه‌كه‌وتنایه سیستانی یا ئه‌كوژرا یا له نه‌جه‌ف ده‌رئه‌كرا.
له‌م كارانه مه‌به‌ستی ئه‌وه بو ده‌س به سه‌ر نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و پیرۆزگاكانی شیعه و حه‌وزه‌دا بگرێ, كه جگه له گرنگی‌ی رۆحی, ده‌سكه‌وتی دارایی زۆری هه‌بو.
×
كه‌وته هاویشتنی په‌لوپۆ بۆ شار‌و ناوچه‌كانی تر, به تایبه‌تی ناوچه هه‌ژارنشینه‌كان, باوه‌شی كرده‌وه بۆ هه‌مو ناڕازی‌یه هه‌ژار و چه‌وساوه‌كانی سه‌رده‌می صه‌دام. راووروت و تاڵانی داووده‌زگاكانی حكومه‌تی حه‌ڵال كرد و, هه‌مو دز و شڕه‌خۆر و تاڵانكه‌ره‌كانی گرته خۆی.
له زۆر شوێن ده‌ستیان گرت به سه‌ر باره‌گاكانی به‌عس و دائیره‌كانی حكومه‌ت و مزگه‌وته‌كان دا به ناوی "مكتب الشهید الصدر" باره‌گایان تێ‌دا دامه‌زراند و, وێنه‌ی باوكی و مامی و خۆی تێ‌دا هه‌ڵواسی و, كاره‌كانی به ناوی "الحوزة العلمیة الشریفة" و "الحوزة العلمیة الناطقة" ئه‌نجام ئه‌دا. كه‌ڵكیان له نه‌بونی ئاسایش و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و, بۆشایی ده‌سه‌ڵات وه‌رئه‌گرت, ئه‌یانویست خۆیان پڕی بكه‌نه‌وه.
رێكخراوه سیاسی‌یه‌كانی تر, چ دینی و چ علمانی, هێشتا نه‌كه‌وتبونه سه‌ر قاچی خۆیان, به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانی هه‌ندێكیان هێشتا دودڵ بون له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ئه‌و پشێوی‌یه‌ی عیراقی تێ كه‌وت بو.
له هه‌مو لایه‌كه‌وه له "مكتب الشهید الصدر" ئه‌وروكان و ئه‌ویش باوه‌شی بۆ ئه‌كردنه‌وه و چاوپۆشی له كرده‌وه ناقانونی‌یه‌كانیان ئه‌كرد. له ماوه‌یه‌كی كه‌م دا توانی هێزێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره پێكه‌وه بنێ, به تایبه‌تی:
ئه‌و تۆڕه فراوانه‌ی باوكی له "ته‌له‌به‌ی حه‌وزه‌ی عیلمی" و له "وه‌كیل" ه‌كانی خۆی و له "موقه‌لید" ه‌كانی و له عه‌شائیر و ناسیاوه‌كانی دروستی كردبو.
ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجه مه‌حروم و هه‌ژار و بێكاره‌كانی شار و ناوچه شیعه نشینه‌كان.
ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و تاوانكارانه‌ی صه‌دام به‌ر له روخانی له زیندانه‌كان ئازادی كردن.
ژماره‌یه‌كی زۆر له فیدائی‌یانی صه‌دام و, ئه‌و به‌عسی‌یه لێكه‌وتوانه‌ی, شیعه بون و كار و موچه‌یان نه‌ما بو.
×
به‌رپرسه‌كانی "مكتب الشهید الصدر" له زۆر شار و گه‌ڕه‌ك و شوێن خۆیان وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی "ئه‌مری واقیع" سه‌پاند. به‌رپرسه‌كانیان زۆریان گه‌نجی تازه پێگه‌یشتو بون و, هه‌ندێكیان كه "جلی دینی" و "عه‌مامه‌ی ئاخوندی"یان له سه‌ر نا بو, له هیچ "مه‌دره‌سه‌یه‌كی دینی" نه‌یان خوێند بو, ئه‌مانه:
دادگای "شه‌رعی" یان دامه‌زراند و, له باتی دادگا قانونی‌یه داڕوخاوه‌كانی عیراق ئه‌وان كێ‌یان بویستایه دادگایی‌یان ئه‌كردن و, به پێ‌ی "ئه‌حكامی شه‌رعی" به‌وجۆره‌ی خۆیان لێ‌ی تێ گه‌یشبون, سزایان ئه‌دا. زۆر جار ئه‌مه‌یان بۆ شكاندنی هه‌ندێ كه‌سایه‌تی ئه‌كرد كه ملی بۆ نه‌ئه‌دان, یان بۆ پاره كێشانه‌وه.
چه‌ندین مزگه‌وتی سوننه‌یان داگیر كرد و, ئیمام و وتاربێژی هه‌ینی چه‌ندین مزگه‌وتیان گۆڕی.
ده‌ستیان وه‌ر ئه‌دایه كاروباری هه‌مو دائیره‌كانی حكومه‌ته‌وه, ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ له نه‌خۆشخانه گه‌وره‌كان دا عه‌مامه به سه‌رێكی نه‌شاره‌زایان دانا بو به به‌ڕێوه‌بردنی.
ده‌ستیان وه‌ر ئه‌دایه كاروباری ناوخۆی زانكۆ و خوێندنگاكانه‌وه و, دروشم و نه‌ریته‌كانی خۆیانیان به زۆر به سه‌ردا ئه‌سه‌پاندن.
تێڕۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ترسناكیان به سه‌ر ژنان دا سه‌پاند, ژنان له ترسی سوكایه‌تی پێ كردن, زۆر به كه‌می هاتوچۆی بازاڕ و دائیره و زانكۆ و قوتابخانه‌كانیان ئه‌كرد, به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌چكیان نه‌كردایه.
له زۆر جێگا ئارایشتگاكانی ژنانیان سوتاند یا داخست و, دوكانی ماكیاج فرۆشه‌كانیان سوتاند یا تاڵان كرد.
ده‌ستدرێژی‌یان ئه‌كرده سه‌ر مه‌سیحی‌یه‌كان و مه‌ندائی‌یه‌كان. دوكانی مه‌یفرۆشی‌یان نه‌ك هه‌ر پێ دائه‌خستن, به‌ڵكو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زه‌ره‌ری مادی زۆریان پێ ئه‌گه‌یاندن, لێ‌یان ئه‌دان و هه‌ندێ جار ئه‌یشیان كوشتن.
له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه دوژمنایه‌تی خۆیان له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا نه‌ئه‌شارده‌وه. ئه‌یانوت جارێ به‌رهه‌ڵستی هێمنانه ئه‌كه‌ن چونكه له "حاكمی شه‌رعی" یه‌وه هێشتا فتوای جیهاد ده‌رنه‌چوه.
كه "مجلس الحكم" دامه‌زرا دژی وه‌ستان و, كه "وه‌زاره‌ت" یش دانرا دژی وه‌ستان. ناووناتۆره‌ی ناشیرینیان به پاڵ دان. ویستیان له باتی مه‌جلیس و وه‌زاره‌ت خۆیان هه‌ندێ داووده‌زگا بۆ حوكمی عیراق دابمه‌زرێنن.
جاڕی دامه‌زراندنی "جه‌یشی مه‌هدی" یان دا و, به ئاشكرا ده‌ستیان كرد به ئاماده كردنی مه‌یدانی مه‌شق و رێكخستنی چه‌كداره‌كانیان له یه‌كه‌ی سه‌ربازی دا. چه‌ند هه‌زار چه‌كداریان سازدا.
هه‌مو ئه‌مانه ئه‌كرا, ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان چاوپۆشی‌یان لێ ئه‌كردن و, به ناوی ئازادی راده‌ربڕینه‌وه بێ خه‌می‌یان له كرده‌وه‌كانیان ئه‌نواند, تا بون به هێزێكی دینی – سیاسی, كۆمه‌ڵایه‌تی, رۆشنبیری, چه‌كدار, هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه له ئاسایشی هێزی هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵی نوێ‌ی عیراقی ئه‌كرد.
×
به‌رنامه‌ی موقته‌دا و ئه‌وه‌ی به خۆیان ئه‌ڵێن: "التیار الصدری" چی‌یه؟
له روی پێكهاتنه‌وه, پێكهاتون له یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵێ تاقمی جۆراوجۆر: هه‌ندێكیان "ته‌له‌به‌ی دینی" بون, پاشینه‌ی به‌عسی‌یان هه‌یه. هه‌ندێكیان كۆنه به‌عسی لێكه‌وتون, بۆ خۆپاراستن و خۆ ژیاندن خۆیان پێ‌دا هه‌ڵواسیوه. هه‌ندێكیان فیدائی صه‌دام بون بۆ خۆپاراستن و خۆژیاندن لێ‌ی كۆبونه‌ته‌وه. هه‌ندێكیان له موقه‌لید و موریده‌كانی باوكی موقته‌دا بون و, زۆریشیان هه‌ژار و بێكارن...
له روی ئایدیۆلۆجی‌یه‌وه:
بزوتنه‌وه‌ی صه‌در بزوتنه‌وه‌یه‌كی دینی‌یه تایبه‌ته به شیعه‌ی عیراق. موقته‌دا صه‌در خۆی هێشتا نه‌گه‌یشتۆته پله‌ی ئیجتیهاد. بزوتنه‌وه‌ی "ئینقیلابی ئیسلامی" ئیمام خومه‌ینی و, بزوتنه‌وه‌ی "ده‌عوه‌ی ئیسلامی" محه‌مه‌د باقر صه‌در, ئایدیۆلۆجی‌یه‌كی دیاریكراویان هه‌بو, له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌جوڵان و ئه‌دوان. ده‌عوه و مه‌جلیس ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌یان به‌رنامه‌ی دیاریكراوی خۆیان هه‌یه. به‌ڵام چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆجی ئه‌مان چی‌یه؟ ئه‌گه‌ر جاران سه‌ید كازمی حائیری مه‌رجه‌عی ئه‌مان بو, دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و خۆی لێ جیاكردنه‌وه, مه‌رجه‌عه‌كه‌یان كێ‌یه؟ جیاوازی‌یان له گه‌ڵ رێكخراوه دینی‌یه‌كانی تر و, مه‌رجه‌عه‌كانی تر: عه‌لی سیستانی, ئیسحاق فه‌یاز, به‌شیر نه‌جه‌فی, محه‌مه‌د سه‌عید حه‌كیم... چیه؟
له به‌ر ئه‌وه پێ ناچێ ئایدیۆلۆجی‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بێ. دین به كار ئه‌هێنن بۆ پاساودانی هه‌ڵوێستی سیاسی رۆژانه‌ی خۆیان.
له روی كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه:
بزوتنه‌وه‌كه‌یان پێك هاتوه له‌وانه‌ی له ژێر سایه‌ی به‌عسی‌دا له‌وپه‌ڕی چه‌وسانه‌وه‌ی ئابوری و سیاسی و مه‌زه‌بی‌دا بون, له چین و توێژه شێلراوه‌كانی بێكار و نه‌دار و هه‌ژار, نه‌ناسراو و فه‌رمۆشكراو بون. له شوێنی جیاجیای هه‌ژاری عیراقه‌وه كۆچیان كردوه بۆ شاره‌كان. له گه‌ڵ خۆیان هه‌مو نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه دواكه‌وتوه‌كانی لادێكانیان هه‌ڵگرتوه. بناغه‌ی ئابوری لاواز و سه‌رچاوه‌ی دارایی‌یان كز و داهاتیان كه‌مه.
له روی سیاسی‌یه‌وه:
به‌رنامه‌ی سیاسی بۆ داهاتوی عیراق چیه؟ چ جۆره عیراقێكی ئه‌وێ؟ عیراقێكی تیۆكراتی شیعه‌ی جه‌عفه‌ری له بابه‌تی رژیمی ئێرانی؟ یا عیراقێكی دیمۆكراتی پلورالیستی, كه جێگه‌ی ئه‌وان و هه‌مو لایه‌كی تری تێ‌دا ببێته‌وه؟
له ناو كۆمه‌ڵی عیراق دا, له چ لایه‌ن و ته‌یار و تاقمێكه‌وه نزیكن؟ كێن دۆسته‌كانی و كێن نه‌یاره‌كانی؟ له گه‌ڵ كێ ئه‌توانێ هاوكاری بكا و له گه‌ڵ كێ ئه‌یه‌وێ ململانێ بكا؟
پێ ناچێ له ناو كۆمه‌ڵی عیراقی دا هێشتا دۆستێكی بۆ خۆی دیاری كردبێ.
هه‌مو گوفتاره‌كانی, ره‌فتاره‌كانی, جوڵانه‌وه‌كانی, هه‌ڵوێسته‌كانی, گه‌واهی كه‌م ته‌جروبه‌یی سیاسی ئه‌م تاقمه‌ن.
له روی جه‌نگی‌یه‌وه:
هێزێكی چه‌ند هه‌زاری‌یان كۆكردۆته‌وه له گه‌نجی بێكار و كۆنه فیدائی‌یانی صه‌دام و تاوانكاری پیشه‌یی ئازادكرا‌و.... گۆیا هه‌ندێ له مامۆستای جه‌نگی‌یه‌كانی حیزبوڵای لوبنان و پاسدارانی ئێران و كۆنه به‌عسی عیراق, بۆ راهێنان و مه‌شقی جه‌نگی و, فێركردنی چه‌كی جۆراوجۆری سوك و ناونجی, هه‌ندێ ده‌وره‌یان بۆ كردونه‌ته‌وه.
رۆژی شه‌مه 3 ی 4 ی 2004 له مه‌دینه‌ی سه‌وره/ صه‌در كرد, چه‌ند هه‌زارێ كوڕ و كچی گه‌نجی جه‌یشی مه‌هدی, وه‌كو فیدائی‌یانی صه‌دام جلی ره‌شیان له به‌ر كردبو, نمایشێكی سپایی‌یان كرد. لاسایی حیزبوڵای لوبنان و حه‌ماسی فه‌له‌ستینی‌یان كرده‌وه.
له شه‌ڕه‌كانیان دا له گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی و هاوپه‌یمانه‌كانی‌دا شاره‌زایی‌یه‌كی جه‌نگی ئه‌وتۆیان نیشان نه‌دا, بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مان بتوانن زیانی گیانی زۆر به‌وان بگه‌یه‌نن ئه‌وان زیانی گیانی زۆریان له‌مان دا. وه‌كو ئه‌وترا له نێوان 2 تا 3 هه‌زار كه‌سیان لێ كوژراوه.
ئه‌وه‌ش گه‌واهی كه‌م ته‌جروبه‌یی‌یانه له هونه‌ری جه‌نگی‌دا.
له زمانی گفتوگۆ و دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش و قازانجی ناوكۆیی‌دا, له گه‌ڵ هێزه عیراقی‌یه‌كان و, له گه‌ڵ هێزه‌كانی داگیركه‌ردا, كۆڵه‌وار و نه‌زانه. هه‌میشه په‌نا ئه‌باته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له جێبه‌جێ كردن نه‌هاتو و, گه‌فی "دۆن كیشۆت" ی.
×
تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی و نارێكوپێكی, بگره ناهاوسه‌نگی, له بیروبۆچون و, هه‌ڵوێست و ره‌فتار و, جوڵانه‌وه و دركاندنه‌كانیان دا هه‌یه:
جارێك زۆر به توندی دژی داگیركه‌ری ئه‌مه‌ریكی ئه‌دوان و, خه‌ڵكیان هان ئه‌دا له دژیان و, جارێك ئه‌یانوت ئه‌بێ كاری هێمنانه بكه‌ن چونكه "حاكمی شه‌رعی" هێشتای فتوای جیهادی نه‌داوه.
جارێك خۆی ئه‌كا به باسكی ده‌سوه‌شێنی حیزبوڵای لوبنانی و جارێك به هی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی.
جارێك ده‌وری ماڵی سیستانی ئه‌گرێ و جارێك خۆی ئه‌كا به باسكی ده‌سوه‌شێنی و,
جارێك له مه‌راجیع یاخی ئه‌بێ و جارێك خۆی ئه‌كا به "خادم الامام ونوابه".
دوا هه‌ڕه‌شه‌ی له ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه بو كه به هیچ جۆرێ رێگه نادا له ئه‌رزی عیراقه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر ئێران و سوریا.
هه‌میشه باسی مه‌راجیع و مه‌رجه‌عیه‌ت ئه‌كا به‌ڵام دیاری ناكا مه‌به‌ستی له كام مه‌رجه‌ع و كام مه‌رجه‌عیه‌ته.