40 ساڵ زیاتره حیزبی به‌عس حوكمی سوریا ئه‌كا.
حکومه‌تی سوری یه‌كێكه له ده‌وڵه‌تانی پاشماوه‌ی "شه‌ڕی سارد" و، یه‌كێكه له ده‌وڵه‌ته تۆتالیتاره توندڕه‌وه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه تا ئیستا هیچ گۆڕینێكی دیمۆكراتی به سه‌ردا نه‌هاتوه.
«»
له 8 ی 3 ی 1963 دا حیزبی به‌عس له سوریا كوده‌تایه‌كی سپایی ساز كرد و ده‌ستی گرت به سه‌ر كاروباری سوریادا. پێش ئه‌وان به مانگێ، حیزبی به‌عس له عیراق دا، له 8 ی 2 ی 1963 دا، به كوده‌تایه‌كی خوێناوی، ده‌ستیان به سه‌ر عیراق دا گرت بو. ئه‌و كاته ناكۆكییه‌كانی ناو باڵه جیاوازه‌كانی حیزبی به‌عس نه له عیراق و نه له سوریا نه‌ته‌قی بوه‌وه و، هێشتا له یه‌كتری نه‌ترازا بون و نهكهوتبونه پیلانگێڕان له یه‌كتری.
سه‌ركردایه‌تی حیزبی به‌عس له عیراق، پاش چه‌ند مانگێ له ناو خۆیان دا تێكچون و به‌ربونه گیانی یه‌كتری. عه‌بدوسه‌لام عارف، هاوپیلانی دوێنێیان، خۆی و هه‌ندێ له هاوڕێ قه‌ومی و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی به‌عس، به كوده‌تایه‌كی تر، ئه‌وانی له ده‌سه‌ڵات ده‌ركرد. به‌عسی عیراقی 5 ساڵ زیاتری ویست تا له 1968 دا توانی جارێكی تر ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه ده‌س. به‌ڵام به‌عس له سوریا، سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی ناوخۆیان و رودانی چه‌ند كوده‌تای جۆراوجۆری به‌عسی، توانییان تا ئیستاش له حوكم دا بمێنن.
گرنگترینی ئه‌و كودهتایانه ئه‌وه بو ساڵی 1970 چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی به‌عسی، به سه‌ركردایه‌تی حافز ئه‌سه‌د، به ناوی "بزوتنه‌وه‌ی راستكردنه‌وه" سازیان كرد و هه‌مو باڵه‌كه‌ی تریان به لاوه نا و سه‌ركرده‌كانیان هاویشتنه زیندانه‌وه. خۆیان ده‌ستیان گرت به سه‌ر كاروباری حیزب و حكومه‌ت دا. له‌و كاته‌وه ئیتر قۆناغێ ده‌س پێ ئه‌كا "عه‌له‌وییه‌كان" به كرده‌وه شاده‌ماره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منیی، سپایی، ئابوری... سوریایان گرته ده‌س. عه‌له‌وییه‌كان "تائیفه" یه‌كی دینیی جیاوازن له سوننه و شیعه و، كهمایهتییهكی پچوكن له چاو گه‌لی سوریا.
«»
به‌عس، حیزبێكی ره‌گه‌زپه‌رسته. بیروباوه‌ڕێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی هه‌یه.
له سییه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دامه‌زرێنه‌ر و تیۆریسیه‌نه‌كانی به تایبه‌تی میشیل عه‌فله‌ق و سه‌لاح بیتار، كاتێ خوێندكار بون له پاریس، بیروباوه‌ڕی "به‌عس"یان به چاولێكه‌ری بیروباوه‌ڕی نازی ئه‌ڵمانیای هیتله‌ر و فاشی ئیتالیای مۆسۆلێنی، كه ئه‌وسا له ئه‌روپا باو بوه، داڕشتوه و، له گه‌ڕانه‌وه‌یان دا بۆ سوریا بڵاویان كردۆته‌وه. درۆشمی حیزبی به‌عس: "یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، خاوه‌ن په‌یامێكی نه‌مر" و ئامانجه‌كانیشی له "وه‌حده، حوڕیه، ئیشتیراكیه"دا كورت كردۆته‌وه.
ماده‌ی 1 ی ده‌ستوری 1973 ی "جمهوریه‌تی عه‌ره‌بی سوری" كه سه‌رانی به‌عس نوسیویانه و تا ئیستاش كاری پێ ئه‌كرێ، به‌مجۆره سوریا و گه‌لی سوری به ناسین ئه‌دا:
بڕگه‌ی 2 ئه‌ڵێ: "هه‌رێمی عه‌ره‌بی سوری به‌شێكه له نیشتمانی عه‌ره‌ب"
بڕگه‌ی 3 ئه‌ڵێ: "گه‌ل له هه‌رێمی عه‌ره‌بی سوری دا به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كار ئه‌كا و تێ ئهكۆشێ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی گشتگری."
به‌م پێیه كورد له سوریا بێگانه‌یه. به سه‌دان هه‌زاریان بێ "ره‌گه‌زنامه"ن و ئه‌وانه‌یشیان كه "ره‌گه‌زنامه‌ی سوری"یان هه‌یه، وه‌كو هه‌ر سورییهكی نهبهعسی بێ به‌شه له مافی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی.
به‌عس، حیزبێكه باوه‌ڕی به فره‌حیزبی (پلورالیزم) نیه، باوه‌ڕی به ئازادی حیزبایه‌تی و بۆڕبۆڕێنی دیمۆكراتی و، هه‌ڵبژاردنی ئازاد و، ده‌ستاوده‌ست كردنی هێمنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نیه، خۆی به حیزبی سه‌ركرده و پێشه‌نگ و چاوساغی نه‌ته‌وه دائه‌نێ، كه ئه‌بێ هه‌مو شوێنی بكه‌ون. وه‌زاره‌ت خۆی پێكی ئه‌هێنێ و، ئه‌ندامانی مه‌جلیسی شه‌عب خۆی هه‌ڵیان ئه‌بژێرێ و، حیزبی تر خۆی رێگه‌یان ئه‌دا و خۆی قه‌ده‌غه‌یان ئه‌كاو، جه‌بهه خۆی دروستی ئه‌كا و خۆی سه‌ركردایه‌تی ئه‌كا.
به‌عس، حیزبێكی تۆتالیتاره (شمولییه). ماده‌ی 8 ی ده‌ستور به‌مجۆره ده‌وری حیزب له ناو كۆمه‌ڵ و له ده‌وڵه‌ت دا دیاری ئه‌كا:
"حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتیراكی حیزبی قائیدی موجتهمهع و ده‌وڵه‌ته و به‌ره‌یه‌كی نیشتمانیی پێشكه‌وتو سه‌ركردایه‌تی ئه‌كا كه كار ئه‌كا بۆ یه‌كخستنی تواناكانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل و ته‌رخان كردنی بۆ خزمه‌تی ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب."
له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی حیزبی به‌عس سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت ئه‌كا بۆیه ئه‌بێ ئایدیۆلۆجی به‌عس ره‌نگ بداته‌وه له هه‌مو بواره‌كانی ژیانی دانیشتوان دا. مناڵ به بیروباوه‌ری به‌عس گۆش بكرێ و گه‌نج به بیروباوه‌ری به‌عس په‌روه‌رده بكرێ و گه‌وره به بیروباوه‌ڕی به‌عس رابهێنرێ. له به‌ر ئه‌وه حیزب ئه‌بێ زاڵ بێ به سه‌ر هه‌مو داووده‌زگا سیاسی، ئابوری، بازرگانی، زانستی، پیشه‌یی، رۆشنیری، وه‌رزشی... كۆمه‌ڵ و هه‌مو داووده‌زگا حكومهتییهكانی ده‌ڵه‌ت دا.
«»
روداوه‌كانی 11 سه‌پته‌مبه‌ری ئه‌مه‌ریكا و روخانی رژێمی به‌عسی عیراق، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی بردۆته قۆناغێكی جیاواز له جاران. گوشاری ئه‌مه‌ریكی بۆ سه‌ر سوریا ئاشكرا تر و به‌هێزتر بوه. سوریا له ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكی دا، به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، پاش چه‌ند ساڵ داگیركردن، به ریسووایی له لوبنان كشایه‌وه.
ئه‌مه‌ریكا سوریا تاوانبار ئه‌كا به پشتیوانیی تێڕۆڕیزمی ناو ده‌وڵه‌تی، به تایبه‌تی به داڵده‌دانی سه‌رانی رێكخراوه "ئیرهابی" یه‌كانی فه‌له‌ستین و، پشتیوانی و یارمه‌تی دانی حیزبوڵای لوبنانی. ئیستا ده‌ستێوه‌ردانی عیراقیشی هاتۆته سه‌ر.
له جه‌نگی روخانی رژێمی عیراقی دا به‌شار ئه‌سه‌د و سوریا دژی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستان و، دوای روخانی كه‌وتنه پشتیوانی دوژمنانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق دا. ئه‌مه‌ریكا و، چه‌ندین جار كاربه‌ده‌ستانی عیراقی، سوریا و ده‌زگا موخابهراتییهكانیان تاوانبار كرد به داڵده‌دان و یارمه‌تی دانی تێڕۆڕیسته‌كانی عیراق.
«»
سوریا له ژێر گوشارێكی به‌هێزی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی دایه بۆ گۆڕینی سیاسی.
له رۆژانی 6 تا 10 ی حوزه‌یرانی 2005، حیزبی به‌عسی سوری له دیمه‌شق، ده‌هه‌مین موئته‌مه‌ری قوتریی به‌ست. چاوه‌ڕوانییه‌كان، له ناوه‌وه‌ی سوریا و له ده‌ره‌وه، له‌م موئتهمهره جیاواز بون:
ئه‌وانه‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی حیزبی به‌عسیان نه‌ئه‌ناسی و شاره‌زای جۆری تێكه‌ڵاو بونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئه‌منیی و بازرگانیی بنه‌ماڵه و حیزب و موخابه‌رات و ده‌وڵه‌ت نه‌بون، به ته‌مای هه‌ندێ گۆڕین بون، له بورای چاكسازی سیاسی و ئابوری... دا به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی دیمۆكراتی و، ئازادی زۆرتری حیزبایه‌تی و رۆژنامه‌وانی و، ئازادی بازاڕ و، به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی، به تایبه‌تی دوای روخانی به‌عسی عیراق و، ده‌ركردنی جه‌یشی سوری له لوبنان.
ئه‌وانه‌ش كه حیزبی به‌عس و بیروباوه‌ڕ و سه‌ركرده‌كانیان ئه‌ناسی چاوه‌ڕێی هیچ جۆره گوڕینیێكی بنه‌ڕه‌تییان لێ نه‌ئه‌كرد.
به‌شار ئه‌سه‌د، كه له دوای مردنی حافز ئه‌سه‌د جێگه‌ی باوكی گرته‌وه، به‌مه‌ش نه‌ریتێكی سیاسی تازه‌ی خسته سه‌ر كۆگای نه‌ریته بهدفهڕهكانی به‌عس، به وتارێكی "شۆڕشگێڕانه" موئتهمهرهكهی كردوه و، له دوانه‌كه‌ی دا هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ره‌وتی سیاسی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی حیزب و حکومه‌تی داهاتوی كێشا. له كۆتایی موئتهمهرهكهدا هه‌ر خۆیشی هه‌ڵبژێردرایه‌وه به ئه‌مین عامی قیاده‌ی قوتری.
موئته‌مه‌ر به درێژایی 4 رۆژ راپۆرتی سیاسی و ئابورییان تاووتوێ كردوه و، چه‌ندین بڕیار و راسپارده‌یان سه‌باره‌ت به خاوكردنه‌وه‌ی "قانونی باری نائاسایی" و دانانی قانونی نوێ بۆ رێ پێ دانی حیزبایه‌تی و راگه‌یاندن و، چاكسازی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌ڵبژاردنی ستراتیجی ئاشتی له گه‌ڵ ده‌ره‌وه، بۆ قۆناغی داهاتو داناوه.
• گۆیا ئابوری ده‌وڵه‌تی ئه‌گۆڕن به "ئابوری كۆمه‌ڵایه‌تی بازاڕ".
حیزبی به‌عس، ئابوری سوریای به ناوی ده‌وڵه‌ته‌وه پاوان كردوه. به‌م زاراوه تازه‌یه ئه‌یه‌وێ "ئابوری بازاڕ" و "بازاڕی ئازاد" له سیسته‌می ئابوری كۆنی خۆیدا بگونجێنێ. كه‌رتی بازرگانی ئه‌گه‌رچی به ناو له ده‌س كه‌رتی گشتی دایه، به‌ڵام له راستی دا هه‌ڵسوڕاندنی به ده‌س خزم و خوێشی كاربه‌ده‌ستانی گه‌وره‌یه و، قازانجه‌كه‌ی ئه‌ڕژێته گیرفانی ئه‌وانه‌وه. هیچ جۆره لێپرسینه‌وه و رۆشنییهكیشی تێدا نیه تا كه‌مترین گه‌نده‌ڵی ئاشكرا ببێ.
• گۆیا قانونێكی تازه ئه‌نوسنه‌وه بۆ رێگه‌دان به كاری سیاسی.
بۆ ئه‌وه‌ی رێ له ئازادی حیزبه كوردییه‌كان و رێ له ئازادی "ئیخوانی موسلمین" ببڕن، كردویانه به مه‌رجی پێشه‌كی كه نابێ حیزب له سه‌ر بنچینه‌ی دینی و ره‌گه‌زی دابمه‌زرێ و، ئه‌بێ ناوچه‌یی نه‌بێ و سه‌رانسه‌ری بێ بتوانێ له هه‌مو پارێزگاكان دا لق و باره‌گای هه‌بێ و، چه‌ندین هه‌زار كه‌س داواكه‌ی ئیمزا بكا.
• گۆیا قانونێكی تازه ئه‌نوسنه‌وه بۆ رێكخستنی راگه‌یاندن.
حیزبی به‌عس هه‌مو ده‌زگاكانی بینین و بیستن و خوێندنی بۆ خۆی پاوان كردوه. جگه له رۆژنامه ره‌سمییه‌كانی سه‌وره، به‌عس، تشرین.. چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی تر ده‌رئه‌چێ. حیزبی شیوعی ناو به ناو رۆژنامه‌یه‌كی هه‌ژارانه ده‌ر ئه‌كا، رێی ناده‌ن بیدا به كوشكی رۆژنامه‌فرۆشی سه‌رجاده‌كان بڵاوی بكاته‌وه، له به ر ئه‌وه خۆیان به ده‌ستی بڵاوی ئه‌كه‌نه‌وه.
ئه‌نجامه‌كانی موئته‌مه‌ر له‌و په‌نده عه‌ره‌بییه ئه‌چێ كه ئه‌ڵێ: "كێوێ ژان گرتی، مشكێكی لێ بو!"
«»
وه‌كو بڕیار و راسپارده‌كانی موئته‌مه‌ر ده‌ری ئه‌خه‌ن، حیزبی به‌عس سوره له سه‌ر درێژه پێ دانی سیاسه‌تی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی پێشوی خۆی، كه پاوان كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه به ته‌نیا بۆ خۆی. كردنه‌وه‌ی ده‌رگای پلورالیزم له ئاسۆی نزیك دا دیار نیه. بۆیه تا ئه‌و كاته‌ی حیزب و ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه جۆش درابن و، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت جیا نه‌كرێته‌وه، باس له چاكسازی سیاسی و چاكسازی ئابوری و كارگێڕی و چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی و، كرانه‌وه‌ی دیمۆكراتی و جێبه‌جێ كردنی مافی مرۆڤ، شتێكی بێ هوده و بێ ئه‌نجامه.
جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس له ده‌وڵه‌تی سوری و، ره‌فتاركردن له گه‌ڵ حیزبی به‌عس وه‌ك هه‌ر حیزبێكی تر، سه‌ره‌تای كۆتایی حیزبی به‌عس ئه‌بێ، له به‌ر ئه‌وه به هیچ جۆرێ گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی قبوڵ ناكا.
به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌گه‌رچی له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی دا به هه‌فته‌نامه‌ی "تایم" ی ئه‌مه‌ریكی وت بو: "من سه‌دام نیم، من هاوكاری له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئه‌كه‌م..." به‌ڵام پێ ناچێ به‌شار ئه‌سه‌د هیچ ده‌رسێكی له سه‌دام حسێن وه‌رگرتبێ و پێ ناچێ حیزبی به‌عسی سوری هیچ په‌ندێكی له حیزبی به‌عسی عیراقییه‌وه فێر بوبێ. له به‌ر گه‌رده‌لولی دیمۆكراسی دا هه‌مان لاساری جاران ئه‌نوێنن.
به‌عسییه‌كانی سوریا، له ده‌هه‌مین موئته‌مه‌ری خۆیان دا، سه‌لماندیان: به‌عس ئه‌شێ بڕوخێ، به‌ڵام ناتوانێ بگۆڕێ!