یه‌ك پێوانه‌یی و دو پێوانه‌یی
ماوه‌یه‌كه خوێندكارانی كۆلێجی پزیشكی و پزیشكی ددان و ئه‌ندازیاری... له زانكۆی سلێمانی مانیان له خوێندن گرتوه داوا ئه‌كه‌ن زانكۆی ئه‌هلیی ئاینده كه تازه له سلێمانی دامه‌زراوه دابخرێ.
ئه‌م داوایه تا چه‌ند ره‌وایه و بۆچی ئه‌بێ زانكۆی ئاینده دابخرێ؟
چی پاڵی به خوێندكارانه‌وه ناوه ئه‌م هه‌نگاوه بنێن؟
كێ خوێندكارانی هان داوه مان له خوێندن بگرن و داوای داخستنی زانكۆیه‌كی ئه‌هلی بكه‌ن؟
كێ سود له داخستنی زانكۆی ئاینده وه‌رئه‌گرێ؟
بیانوی خوێندكاران بۆ داخستنی زانكۆی ئاینده ئه‌وه‌یه كه خوێندن له‌م زانكۆیه‌دا به پاره‌یه، ئه‌و خوێندكارانه‌ی وه‌رئه‌گیرین نمره‌كانیان نزمتره له‌و ئاسته‌ی كه زانكۆی سلێمانی دیاری كردوه بۆ وه‌رگرتنی خوێندكاره‌كانی و، ئاستی زانستی زانكۆكه‌كه نزمه و پێڕه‌وی پێوانه زانستی‌یه‌كانی نه‌كردوه...
ئه‌مه یه‌كه‌م جاره به‌شێ له خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی به چالاكی بێنه مه‌یدانی كاره‌وه، به‌شداری ئه‌وان له هه‌مو بواره‌كانی ژیان و له هه‌مو چالاكی‌یه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری‌یه‌كان جێگه‌ی دڵخۆشی‌یه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌مجاره‌یان له كاتێكی ناله‌بار و بۆ داوایه‌كی ناڕه‌وایه:
ئه‌مه له كاتێك دایه كه كورد له عیراق‌دا به گشتی له ململانێ‌دایه له گه‌ڵ شۆڤێنیه‌كانی عه‌ره‌ب بۆ به ده‌س هێنانی هه‌ندێ له مافه‌كانی و، ئیستا یه‌کڕیزی بۆ كورد له هه‌مو كاتێ پێویستتره.
ئه‌مه بۆ داوایه‌كی ناڕه‌وایه چونكه داخستنی زانكۆیه‌ك به هه‌ر بیانویه‌ك بێ بێ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئاخۆ ئه‌و زانكۆیه پێڕه‌وی پێوانه زانستی‌یه‌كانی دامه‌زراندنی زانكۆی كردوه یانه ده‌ستدرێژی‌یه بۆ سه‌ر مافی هاووڵاتی‌یان و، دوژمنایه‌تی‌یه له گه‌ڵ زانست.
له گه‌ل ئه‌وه‌ش‌دا چاك وایه ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ی خوێندكارانی سلێمانی بكرێ به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ چاكسازی هه‌مو زانكۆكانی كوردستان.
داواكردنی پێڕه‌وی پێوانه زانستی‌یه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانكۆ و باشتر كردنی هه‌لومه‌رجی خوێندن و ژیانی خوێندكاران... ئه‌مانه هه‌موی داوای ره‌وان و پێویسته جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵام نه‌ك به ته‌نیا له زانكۆی ئه‌هلیی ئاینده‌دا به‌ڵكو له هه‌مو زانكۆ حکومه‌تی‌یه‌كانی كوردستان‌دا، له زانكۆكانی سلێمانی، كۆیه، سه‌لاحه‌دین، دهۆك‌دا.
بۆ بیر هێنانه‌وه: هه‌ندێ له پێوانه زانستی‌یه‌كان
به پێ‌ی پێوانه‌ی زانستی مامۆستا نابێ حه‌فته‌ی له 12 سه‌عات زیاتر محازه‌ره بڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاتی هه‌بێ سه‌یری سه‌رچاوه‌ی نوێ بكا و خۆی بۆ محازه‌ره‌كانی ئاماده بكا و كاتی هه‌بێ مشوری خوێندكاره‌كانی بخوا، كه‌چی له زانكۆی سلێمانی مامۆستا هه‌یه، بۆ به‌ده‌سهێنانی پاره، حه‌فته‌ی زیاتر له 40 سه‌عات محازه‌ره له كۆلێجه جیاوازه‌كانی پزیشكی، پزیشكی ددان، پزیشكی ئاژه‌ڵ (ڤێته‌رنه‌ری)، زانست... ئه‌ڵێته‌وه.
به پێ‌ی پێوانه‌ی زانستی بۆ هه‌ر 5 خوێندكاری پزیشكی ئه‌بێ 1 مامۆستا و بۆ هه‌ر 40 خوێندكاری زانسته مرۆییه‌كان ئه‌بێ 1 مامۆستا ئاماده بكرێ، كه‌چی له هیچ كۆلێجیكی زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی تری كوردستان ئه‌م رێژه‌یه له مامۆستا ئاماده نه‌كراوه.
مامۆستاكانی زانكۆ له كوێ خوێندنیان ته‌واو كردوه؟
مامۆستاكان له شوێنی جیا جیا خوێندنیان ته‌واو كردوه.
هه‌یانه له ئه‌وروپای خۆرئاوا و، هه‌یانه له به‌غداد و، هه‌یانه له زانكۆكانی كوردستان و، هه‌یانه له وڵاتانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات. هه‌ندێ له‌و مامۆستایانه ئاستی زانستی‌یان ئه‌وه‌نده نزمه لێره نه‌بێ له هیچ زانكۆیه‌كی تری دنیا كه رێزی ناوه‌كه‌ی خۆی بگرێ رێگه‌ی نادرێ ده‌رس بڵێته‌وه.
شه‌هاده وه‌رگرتن له وڵاتانی روسیا و ئۆكرانیا و هه‌نگاریا و بولگاریا... پێویست ناكا باس بكرێ چونكه ئه‌زانرێ چۆنه، شه‌هاده وه‌رگرتن له زانكۆكانی كوردستانیش پێویست ناكا باس بكرێ چونكه ئه‌ویش ئه‌زانرێ چۆنه.
چه‌ند كه‌س له مامۆستاكانی زانكۆكانی كوردستان زمانی زیندوی دنیا ئه‌زانن و ئه‌زانن له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه كه‌ڵك له ده‌ریای بێ سنوری زانست وه‌ربگرن؟
هه‌ر له به‌ر ئه‌و هۆیانه ئاستی ده‌رچوانی زانكۆكانیش نزمه.
بۆیه پێش ئه‌وه‌ی به فایلی خوێندكارانی زانكۆی ئاینده‌دا بچنه‌وه، پێویسته چاو به فایلی شه‌هاده‌ی مامۆستاكانی زانكۆكانی كوردستان‌دا بخشێنرێته‌وه و له ئاستی زانستی ئه‌وان بكۆڵرێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی كۆلێجی ئه‌ندازیاری ته‌واو ئه‌كه‌ن چه‌ند كه‌سیان ئینگلیزی ئه‌زانن و چه‌ند كه‌سیان ئه‌توانن مونافه‌سه‌ی ئه‌ندازیاری ئێرانی و توركی و عه‌ره‌بی بكه‌ن؟
چه‌ند خولی كۆلێجی یاسا له زانكۆكانی كوردستان "به سه‌ركه‌وتویی" خوێندنیان ته‌واو كرد. ئایا له ناو ئه‌وانه‌دا كه‌م بون كه شه‌هاده‌یان نه‌بو یان به ساخته دروستیان كرد بو. چه‌ند كه‌س له ده‌رچوانی یاسا، كه ئه‌بن به پارێزه‌ر و دادوه‌ر... زمانی عه‌ره‌بی ئه‌زانن و له قانونه‌كانی عیراق تێ ئه‌گه‌ن و ئه‌توانن مونافه‌سه‌ی پارێزه‌ر و دادوه‌ری عه‌ره‌بی عیراق بكه‌ن؟
كێ به‌رپرسه له‌م دواكه‌وتنه؟ مامۆستا یان خوێندكار؟ سیسته‌می خوێندن یان حكومه‌تی هه‌رێم؟
خوێندكارانی ئه‌مڕۆی زانكۆكانی كوردستان سه‌ركرده‌كانی حكومه‌ت و حیزب و دامه‌زراوه‌كانی پاشه‌ڕۆژی كوردستانن، نابێ له داواكانیان‌دا و له ره‌فتاری سیاسی‌یان‌دا "دو پێوانه‌یی" به كار بهێنن، پێوانه‌یه‌ك بۆ خۆیان و پێوانه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی تر.
پێشینان وتویانه: "ده‌رزی‌یه‌ك بكه به خۆتا ئینجا سوژنێ بكه به خه‌ڵكا!"
به‌ڵێ بۆ جێبه‌جێ كردنی پێوانه زانستی‌یه‌كان له هه‌مو زانكۆكانی كوردستان‌دا.
به‌ڵێ بۆ به‌گژاچونی گه‌نده‌ڵی له زانكۆكان‌دا.
نه‌خێر بۆ داخستنی هیچ زانكۆیه‌ك.