وه‌زاره‌ته‌كانی كه له عیراقی ئیستادا هه‌ن به گشتی بریتین له‌مانه:
كاروباری ده‌ره‌وه، كاروباری ناوخۆ، به‌رگری، ئاسایشی نیشتمانی، بازرگانی، دارایی، رۆشنبیری، لاوان و وه‌رزش، ته‌ندروستی، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، داد، په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، زانست و ته‌كنۆلۆجیا، شاره‌وانی و كاری گشتی، ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێ كردن، نه‌وت، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گواستنه‌وه، په‌یوه‌ندی، سه‌رچاوه‌ی ئاو، مافی مرۆڤ، كۆچ و كۆچ پێ كرا‌و، كاره‌با، پلاندانان، ژینگه... چه‌ند وه‌زاره‌تێكی ده‌وڵه‌ت له‌وانه بۆ كاروباری ئافره‌ت، كۆمه‌ڵی شارستانی...
سیاسی‌یه‌كانی عیراق كه ئه‌م وه‌زاره‌تانه پۆلێن ئه‌كه‌ن ئه‌یان كه‌ن به چه‌ند جۆرێكه‌وه، هه‌ندێكیان به وه‌زاره‌تی سه‌روه‌ری دائه‌نێن و هه‌ندێكیان به به‌رهه‌مهێن و هه‌ندێكیان به خزمه‌تگوزاری....
وه‌زاره‌ته‌كانی سه‌روه‌ری (سیادی)، گۆیا پایه‌ی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی عیراقن بریتی بون له وه‌زاره‌ته‌كانی كاروباری ده‌ره‌وه، كاروباری ناوخۆ، به‌رگری، دارایی، نه‌وت. كورد به درێژایی سه‌رده‌می جمهوری له‌م وه‌زاره‌تانه بێ به‌ش بوه. بۆ یه‌كه‌م جار دوای روخانی رژێمی به‌عس و كه‌وتنی سه‌دام و پێكهێنای "مه‌جلیسی حوكم" و پێكهێنانی یه‌كه‌مین وه‌زاره‌ت له لایه‌ن مه‌جلیسی حوكمه‌وه كورد توانی یه‌كێ له‌م وه‌زاره‌تانه وه‌ربگرێ، ئه‌ویش وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه بو. وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه له یه‌كه‌مین وه‌زاره‌تی عیراقی نوێ‌دا و، دوای ئه‌ویش له دوه‌مین وه‌زاره‌ت‌دا، به ده‌سكه‌وتێكی سیاسی گه‌وره دائه‌نرا بۆ كورد. ئه‌گه‌رچی وه‌زیره كورده‌كه له ماوه‌ی ئیشه‌كه‌ی‌دا نه‌یتوانی زمانی كوردی بخاته سه‌ر پاسپۆرتی عیراقی، به‌ڵام بۆ خۆشبه‌ختی به شایه‌تی زۆر لایه‌نی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی، له‌وانه لایه‌نی عیراقی و عه‌ره‌بی، له ئیشه‌كه‌ی‌دا سه‌ركه‌وتو بو. كورد به‌مه نه‌ریتێكی سیاسی كۆنی شكاند و نه‌ریتێكی سیاسی تازه‌ی له عیراقی تازه‌دا دانا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كوردیش، وه‌كو عه‌ره‌ب، ئه‌توانێ وه‌زاره‌ته‌كانی سه‌روه‌ری وه‌ربگرێ و به سه‌ركه‌وتویی بیبات به‌ڕێوه. به‌ڵام ئاخۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌م قۆناغه‌ی ئیستای‌دا ئه‌و گرنگی‌یه سیاسی و مه‌عنه‌وی‌یه‌ی ئه‌وسای یه‌كه‌مین وه‌زاره‌ت و دوه‌مین وه‌زاره‌تی ماوه؟
ئه‌م پرسیاره هه‌ندێ وردكردنه‌وه‌ی گه‌ره‌كه.
بێگومان ئه‌مجاره‌ش كورد ئه‌بێ هه‌وڵی جددی بدا وه‌زاره‌تی سه‌روه‌ری وه‌ربگرێ و هه‌ندێ له وه‌زاره‌ته گرنگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری وه‌ربگرێ، به‌ڵام هه‌وڵی وه‌رگرتنی كامانه‌یان بدات و له رێگه‌ی كامانه‌یانه‌وه ئه‌توانێ خزمه‌ت به كوردستان و ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكا.
كورد ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێكی تریش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ خۆی پاوان بكا و كورد ببێ به وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی عیراق چ سودێكی لێ وه‌رئه‌گرێ؟ وا چه‌ند سه‌فیر و كۆنسۆڵ و كارمه‌ندی كوردی له‌و وه‌زاره‌ته‌دا دامه‌زراند و، له چه‌ند كۆڕ و كۆمه‌ڵ و رێكخراوی ناوده‌وڵه‌تی‌دا به‌شدار بو، ئه‌مه چ سودێ به خه‌ڵكی كوردستان ئه‌گه‌یه‌نێ، له كاتێك‌دا وه‌زیر كورد بێ یا عه‌ره‌ب یا له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر ناتوانێ كورد له به‌شه‌كه‌ی خۆی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا بێ به‌ش بكات. كه‌واته چاكتر وایه ئه‌مجاره هه‌وڵی به ده‌سهێنانی هه‌ندێ وه‌زاره‌تی تر بدرێ، كه كورد بتوانێ كه‌ڵكی مادی و سیاسی‌یان لێ وه‌ربگرێ و، خزمه‌ت به گه‌شه كردنی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و زانستی و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری پته‌و... بكا، له‌وانه: وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت، به‌رگری، دارایی، ئاسایشی نیشتمانی، خوێندنی باڵا، سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێ كردن، شاره‌وانی و كاری گشتی، گواستنه‌وه، په‌یوه‌ندی، كاره‌با...
بۆ نمونه ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ وه‌زاره‌تی نه‌وت به ده‌س بهێنێ به ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره دائه‌نرێ. ئه‌وسا ئه‌توانێ پارێزگاری دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و لوله‌كانی بكا له تێكدان، ئه‌توانێ لوله‌یه‌كی تازه له كه‌ركوكه‌وه به ناو كوردستان‌دا ببا بۆ توركیا، ئه‌توانێ چه‌ندین پاڵاوگای نه‌وت له كوردستان‌دا دابمه‌زرێنێ، ئه‌توانێ چه‌ندین بیری تازه له مه‌یدانه‌كانی نه‌وتی كوردستان‌دا هه‌ڵبكه‌نێ، ئه‌توانێ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی دنیا بانگ بكا بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له كه‌رتی نه‌وت‌دا.
لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ی سه‌ره‌وه دوباره ئه‌بێته‌وه:
بۆ كورد كامیان گرنگه: وه‌زاره‌تی نه‌وت یان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه؟