شیكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان 3
هه‌ڵبژاردن له پارێزگای سه‌لاحه‌دین
به پێ‌ی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژارنه‌كان له پارێزگای سه‌لاحه‌دین 124651 كه‌س ده‌نگیان داوه له‌وه:
27642 ده‌نگ واته %22.1 بۆ لیستی 169 ی (شیعه)
18791 ده‌نگ واته %15 بۆ لیستی 130 ی (كوردستانی)
15832 ده‌نگ واته %7.12 بۆ لیستی سه‌ركۆمار
13035 ده‌نگ واته %10.4 بۆ لیستی سه‌روه‌زیران
هه‌ندێ له‌وانه‌ی له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، له قه‌ناته عه‌ره‌بی‌یه‌كان‌دا، دواون پێ‌یان سه‌یره له پارێزگایه‌ک‌دا كه شوێنی له دایكبونی سه‌دام حسێن و مه‌ڵبه‌ندی نفوز و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و بوه لیستی شیعه ده‌نگی یه‌كه‌م و لیستی كورد ده‌نگی دوه‌م بهێنێ. هه‌ندێكیان هۆی ئه‌وه‌یان ئه‌گێڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گۆیا خه‌ڵكی سه‌لاحه‌دین به تایبه‌تی تكریت شۆڤێنی (عه‌ره‌بی ره‌گه‌زپه‌رست) و تائیفی (سوننی ده‌مارگیر) نین بۆیه ده‌نگیان به شیعه و كورد داوه. پێ ئه‌چێ ئه‌وانه‌ی ئه‌م قسانه ئه‌كه‌ن شاره‌زای مێژوی دروستكردنی پارێزگای سه‌لاحه‌دین و جۆری پێكهاته‌ی دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌ی نه‌بن.
تكریت به درێژایی زه‌مان شارێكی پچوكی دواكه‌تو بوه، له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و جمهوری‌دا له روی كارگێڕی‌یه‌وه "ناحیه" یه‌ك بوه سه‌ر به سامه‌ڕا و سامه‌ڕاش قه‌زایه‌كی پارێزگای به‌غداد بوه. پاشان تكریت له ناحیه‌وه كرا به قه‌زا و له قه‌زاوه بۆ پارێزگا. سه‌لاحه‌دین، كه ناوه‌ندكه‌ی شاری تكریته، پارێزگایه‌كی ده‌ستكرده.
سه‌ركرده تكریتی‌یه‌كانی حیزبی به‌عس، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و سه‌دام حسێن، به پێ‌ی مه‌رسومی جمهوری ژماره 41 ی رۆژی 29 ی كانونی دوه‌می 1976 ی "مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره" له قه‌زاكانی: تكریت، سامه‌ڕا، به‌له‌د، دوز، بێجی... دوای شكانی شۆڕشی كورد بۆ مه‌به‌ستی سیاسی، دروستیان كرد. دروستكردنی ئه‌م پارێزگایه یه‌كێكه له ده‌ره‌نجامه‌كانی ته‌عریب و ته‌رحیل و ته‌بعیس. به‌عس قه‌زا‌ی دوز كه 75 كم له كه‌ركوك دوره داگیر كرد و خستیه سه‌ر تكریت كه 130 كم دوره لێ‌ی. زه‌ویوزاری جوتیارانی كورد و توركمانی زه‌وت كرد و دای به عه‌ره‌به‌كانی تكریت. زۆری كورده‌كان و توركمانه‌كانی ته‌رحیل كرد و هه‌ندێكیانی هێشته‌وه تا به كرێ له كێڵگه‌كانی داگیركه‌ره‌كانی عه‌ره‌ب‌دا كار بكه‌ن.
سه‌لاحه‌دین چونكه پارێزگایه‌كی دروستكراوه و، قه‌زا و ناحیه‌كانی له پارێزگاكانی دراوسێ‌ی پچڕێنراوه و خراوه‌ته سه‌ری له به‌ر ئه‌وه له روی دیمۆگرافی‌یه‌وه تێكه‌ڵاوه:
له روی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه تێكه‌ڵاوه له عه‌ره‌ب، كورد، توركمان.
له روی مه‌زه‌بییه‌وه تێكه‌ڵاوه له سوننه، شیعه، كاكه‌یی.
له روی كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه پێك هاتوه له عه‌شیره‌ت و هۆز و تیره‌ی جۆراوجۆر.
لێره‌دا پێویسته چه‌ند تێبینی‌یه‌ك تۆمار بكرێ:
1. ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له چاو ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگاكه‌دا كه‌مه.
2. به‌شێ له‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوه له سه‌ر داوای كۆنه به‌عسی‌یه‌كان و بنچینه‌وانه توندڕه‌وه‌كان بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان كردوه و، هه‌ندێكیشیان له ترسی تۆڵه‌ی رێكخراوه تێڕۆڕیسته‌كان نه‌یان وێراوه به‌شدار ببن، له به‌ر ئه‌وه له هه‌ندێ شوێن وه‌كو زۆر جێگای ناو شاری تكریت، بێجی، سامه‌ڕا... ده‌نگی تێ‌دا نه‌دراوه.
3. ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به لیستی شیعی داوه توركمان و عه‌ره‌به شیعه‌كانی ئه‌وێ و، ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به لیستی كوردستانی داوه كورده‌كانی ئه‌وێ و، ئه‌وانه‌ی كه ده‌نگیان به شێخ غازی یاوه‌ر داوه، له عه‌شیره‌ته‌كه‌ی خۆین، شه‌مه‌رن و، ئه‌وانه‌یشیان كه ده‌نگیان به د ئه‌یاد عه‌لاوی داوه كۆنه به‌عسی‌یه‌كانن.
یه‌كێ له ئه‌ركه‌كانی گروپی كوردستانی له "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق" دا له قۆناغی داهاتودا ئه‌وه‌یه ئه‌بێ هه‌وڵ بده‌ن ناوچه كوردستانی‌یه داگیركراوه‌كانی پارێزگای سه‌لاحه‌دین بگێڕنه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.