پرۆژه‌یه‌كی كۆن بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ
ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ساڵی 1963 كه به‌عس ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی كوردنشینی له ناو شاری كه‌ركوك‌دا ته‌خت كرد و، سه‌دان گوندی له ناوچه‌كانی دوبز و زورگه‌زراو و ده‌شتی هه‌ولێر له كورد چۆڵ كرد و عه‌ره‌بی هێنایه جێگایان.
له‌و كاته‌وه چه‌ند جار گفتوگۆ له نێوان جوڵانه‌وه‌ی كورد و حكومه‌تی عیراق‌دا كرابێ یه‌كێ له خواسته‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد ئاسایی كردنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ناوچه راگوێزراوه‌كان و ناوچه ته‌عریب كراوه‌كان بوه.
پێ ئه‌چێ سه‌ركردایه‌تی كورد دوای ئه‌و هه‌مو ته‌جروبه سه‌رنه‌كه‌وتوانه و دوای ئه‌و هه‌مو ئاڵوگۆڕانه‌ی به سه‌ر باری دیمۆگرافی و كارگێڕی و، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش‌دا به سه‌ر باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری كورد و توركومانی راگوێزراو و ده‌ركراو و عه‌ره‌بی هێنراو و هاورده‌دا هاتوه، هێشتا گوتاری سیاسی خۆی نه‌گۆڕی بێ. گوتاره سیاسی‌یه‌كه‌ی هه‌مان گوتاری سیاسی ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه. ئیستاش باسی ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك و گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ كه‌ركوك و عه‌ره‌ب بۆ ناوچه‌كانی خۆیان ئه‌كه‌ن. ماده‌ی 58 ی "قاد" كه ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌مان بیروبۆچونه، جه‌وهه‌ره‌كه‌ی بریتی‌یه له:
سنوری كارگێڕی كه‌ركوك وه‌كو سه‌رده‌می پێش به‌عسی لێ بكرێته‌وه.
كورد و توركومانه ده‌ركراو و راگوێزراوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه كه‌ركوك و عه‌ره‌بی هاورده بڕۆنه‌وه شوێنه‌كانی پێشویان.
جێبه‌جێ كردنی داوای یه‌كه‌م، واته نوساندنی سه‌رله‌نوێ‌ی كفری و كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و دوز... به پارێزگای كه‌ركوكه‌وه. سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه، كه به خوێن رزگار كراون، له هه‌رێمی كوردستان و به‌ستنه‌وه‌ی به پارێزگای كه‌ركوكه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ گه‌ره‌نتی‌یه‌ك هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان خه‌تایه‌كی گه‌وره‌یه به تایبه‌تی چه‌مچه‌ماڵ مه‌یدانێكی گه‌وره‌ی گازی سروشتی‌یه و ده‌شتی گه‌رمیان جگه له‌وه‌ی ئه‌توانێ ببیته سه‌به‌ته‌ی نانی دانیشتوانی كوردستانی عیراق، ئه‌ویش یه‌كێكه له ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نه‌كانی كوردستان.
جێبه‌جێ كردنی داوای دوه‌م، واته كورد و توركومانه ده‌ركراو و راگوێزراوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه (یا بگێڕێنرێنه‌وه) كه‌ركوك و عه‌ره‌بی هاورده بڕۆنه‌وه (یا ببرێنه‌وه) شوێنه‌كانی پێشویان.
ئه‌مه تا چه‌ند له جێبه‌جێ كردن دێ؟
له سه‌دا چه‌ندی كوردی ده‌ركراوی كه‌ركوك ئاماده‌ن به ئاره‌زوی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه كه‌ركوك و له سه‌دا چه‌ندی عه‌ره‌بی هاورده ئاماده‌ن به ئاره‌زوی خۆیان كه‌ركوك به جێ بهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی پێشویان؟ ئه‌گه‌ر به ئاره‌زوی خۆیان ئاماده نه‌بون بگه‌ڕێنه‌وه (كورد) و بڕۆن (عه‌ره‌ب) ئاخۆ ئه‌شێ له‌م رۆژگاره‌دا وه‌كو سه‌رده‌می به‌عس به زۆر بگوێزرێنه‌وه؟
لێره‌دا كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و رۆشنبیری نوێ دروست ئه‌بێ.
كوردێكی كه‌ركوكی كه 30 ساڵ زیاتره، به زۆر بێ یان به ئاره‌زوی خۆی، كه‌ركوكی به جێ هێشتوه و، له شوێنێكی تر ژیانێكی نوێ‌ی ده‌س پێ كردوه. خۆی و مناڵه‌كانی له ناو كۆمه‌ڵێكی تردا جێگه‌ی خۆیان كردۆته‌وه، كار و دۆست و ناسیاو و خانوی په‌یدا كردوه، چۆن ئه‌كرێ ئه‌م خێزانه جارێكی تر له ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و ئابوری... ئیستای هه‌ڵبكه‌نرێ و ناچاری بكرێ سه‌رله‌نوێ ژیانێكی تازه ده‌س پێ بكاته‌وه؟
ئه‌م كێشه‌یه هه‌ر وه‌كو توشی كورد ئه‌بێ به سه‌ر توركومانی راگوێزراو و عه‌ره‌بی هاورده‌ش دێ.
هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی كورد و هه‌ندێ له كادره‌كانی حیزبه‌كان به جۆرێ له ماده‌ی 58 ی "قاد" ئه‌دوێن گۆیا جێبه‌جێ كردنی چاره‌سه‌ریكی ئه‌فسانه‌یی كێشه‌ی كورد له كه‌ركوك له گه‌ڵ خۆی ئه‌هێنێ. راستی‌یه‌كه‌ی ئه‌م ماده‌یه زۆر زه‌حمه‌ته جێبه‌جێ بكرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ‌یش بكرێ هیچ گه‌ره‌نتی‌یه‌ك نیه كه‌ركوك بگێڕێته‌وه بۆ باوه‌شی كوردستان. كه‌ركوكی ئیستا هه‌مان كه‌ركوكی 50 ساڵ له‌مه‌وپێش نیه. له توانای هیچ كه‌س و هیچ هێزێكیش‌دا نیه مێژو بباته‌وه دواوه و كه‌ركوك بگێڕێته‌وه بۆ ئه‌و زه‌مانه، ره‌نگه گێڕانه‌وه‌یشی بۆ ئه‌و زه‌مانه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له تواناش‌دا بێ كارێكی راست نه‌بێ، دنیا بۆ پێشه‌وه ئه‌چێ و ناگه‌ڕێته‌وه دواوه. له سه‌ر ئه‌رزی ئیستای كه‌ركوك، له ماوه‌ی په‌نجا ساڵی رابردودا، بارودۆخێكی نوێ خوڵقاوه پێویستی به چاره‌سه‌رێكی نوێ هه‌یه.
دابه‌شكردنی پارێزگای ته‌ئمیم
به‌عس بۆ ئه‌وه‌ی باری دیمۆگرافی كه‌ركوك به قازانجی عه‌ره‌ب بگۆڕێ رێگه‌ی جۆراوجۆری گرت له‌وانه:
گۆڕینی سنوری كارگێڕی پارێزگاكه و، گۆڕینی ناوه‌كه‌ی له كه‌ركوكه‌وه بۆ ته‌ئمیم و دابڕینی قه‌زا كوردی‌یه‌كانی و پچوك كردنه‌وه‌ی بۆ قه‌زای مه‌ركه‌ز و قه‌زای حه‌ویجه.
پێڕه‌وی كردنی سیاسه‌تی پاكتاوی نه‌ژادی. ده‌ركردنی كورد و توركومان له كه‌ركوك و چۆڵ كردن و راگوێزانی هه‌مو ئاواییه‌كانی ده‌وروپشتی و ئه‌نفال كردنی ده‌یان هه‌زار گه‌رمیانی‌ی كه‌ركوك.
هێنانی عه‌ره‌ب و نیشته‌جێ كردنیان.
سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌وانه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد له كه‌ركوك زۆر بو، ئه‌گه‌رچی تا رۆژی روخانی به‌رده‌وام بو له سه‌ر ده‌ركردنی كورد، به‌ڵام هێشتا سه‌دان هه‌زار كورد هه‌ر له كه‌ركوك‌دا مابون و، سه‌دان هه‌زاریشیان له نزیك كه‌ركوك له چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕش و بنه‌سڵاوه چاوه‌ڕێ بون رۆژێ دابێ بگه‌ڕێنه‌وه شار و ناوچه‌كانی خۆیان.
له باتی ئه‌وه‌ی كورد داوا بكا چه‌مچه‌ماڵ و كفری و كه‌لار بخرێنه‌وه سه‌ر كه‌ركوك ئه‌بێ داوا بكا كه‌ركوك بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. نابێ كورد قبوڵ بكا بڕیاردانی چاره‌نوسی كه‌ركوك حه‌واڵه‌ی راپرسی و ده‌نگدانی زۆرایه‌تی و كه‌مایه‌تی بكرێ. شاری كه‌ركوك و ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌وروبه‌ری زۆرایه‌تی دانیشتوانیان هه‌رچی‌یه‌ك بن، كورد بن یا عه‌ره‌ب یا توركومان، ئه‌بێ به به‌شێ دابنرێن له كوردستان و ئه‌بێ پێ دابگرن له سه‌ر نوساندنه‌وه‌ی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه. شاره‌كانی موسل و باقوبه و به‌غداد زۆرایه‌تی دانیشتوانیان له هه‌ر نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و دینێ بێ ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی‌ی ئه‌و شارانه ناگۆڕێ. به هه‌مان مه‌نتیق زۆرایه‌تی دانیشتوانی شاری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌رچی‌یه‌ك بن، ناسنامه‌ی كوردی‌یان ناگۆڕێ.
سه‌ركردایه‌تی كورد له گفتوگۆكانی داهاتوی‌دا له گه‌ڵ حكومه‌تی داهاتوی عیراق، له گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراق، له گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هێزه سیاسی‌یه‌كانی عیراق، له گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی و بریتانی، به راشكاوی و بێ شه‌رم و شكۆ داوای كه‌ركوك بكه‌ن و، داوای دابه‌شكردنی پارێزگای ته‌ئمیم بكه‌ن بۆ به‌شێكی كوردستانی و به‌شێكی عه‌ره‌بی:
به‌شه كوردستانی‌یه‌كه‌ی بریتی‌یه له باقرته، سه‌رگه‌ڕان، دوبز، پردێ، رێدار، شاری كه‌ركوك، له‌یلان، دوز...
به‌شه عه‌ره‌بی‌یه‌كه‌ی ئه‌و شوێنانه بگرێته‌وه كه ئه‌كه‌ونه خواروی ئه‌م شوێنانه‌وه وه‌كو حه‌ویجه، ریاز، زاب، عه‌باسیه...
به‌شه كوردستانی‌یه‌كه ببێته پارێزگایه‌ك سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان بێ، به‌شه عه‌ره‌بی‌یه‌كه‌شی ئه‌شێ ببێته به‌شێ له پارێزگای سه‌لاحه‌دین، یان نه‌ینه‌وا، یان پارێزگایه‌كی جیاواز.
به‌م دابه‌شكردنه سنورێكی كارگێڕی له سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب‌دا ئه‌كێشرێ. كورد له گێچه‌ڵی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب رزگار ئه‌بێ. كێشه‌ی كه‌ركوك به یه‌كجاری به لادا ئه‌كه‌وێ.