هه‌لومه‌رجی له بار بۆ چاره‌سه‌ركردنی
شاری كه‌ركوك گرنگی‌یه‌كی گه‌وره‌ی جوگرافی هه‌یه. كه‌وتۆته ناوه‌ڕاستی پارێزگاكانی سه‌روی عیراق. كه‌وتۆته نێوان شاره‌كانی موسل (نه‌ینه‌وا)، دهۆك، هه‌ولێر، سلێمانی، باقوبه (دیاله)، تكریت (سه‌لاحه‌دین). هه‌مو ئه‌و ناوچانه به یه‌كه‌وه ئه‌به‌ستێ. به‌ڵام له گرنگی جیۆستراتیجی كه‌ركوك گرنگتر، گرنگی ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌تی له سامانی سروشتی‌دا.
كه‌ركوك كه به‌شێ بو له ولایه‌تی موسلی عوسمانی، به پێ‌ێ رێككه‌وتنی سایكس- پیكۆ (1916) ئه‌بو به‌ر فه‌ره‌نسا بكه‌وێ، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی بریتانیا ئه‌یزانی زه‌خیره‌یه‌كی زۆری نه‌وتی تێ‌دایه، فه‌ره‌نسای هه‌ڵخه‌ڵه‌تان ولایه‌تی موسلی لێ وه‌رگرت بۆخۆی، له باتی موسل ولایه‌تی شامی پێ به‌خشی. فه‌ره‌نسا وه‌ختێ به‌مه‌ی زانی كار له كار ترازا بو.
یه‌كێ له هۆ سه‌ره‌كی‌یه‌كانی تێكچونی شێخ مه‌حمود له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری ئینگلیز له دوای یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی (1919) ئه‌وه بو شێخ مه‌حمود ئه‌یویست كه‌ركوك له سنوری حوكمدارێتی كوردستان‌دا بێ. ئه‌وسا هێشتا حوكمدارێتی كوردستان له سلێمانی ده‌سه‌ڵاتدار بو، هێشتا ده‌وڵه‌تی عیراق دانه‌مه‌زرا بو، هێشتا نه‌وت له كه‌ركوك ده‌رنه‌هێنرا بو، له گه‌ل هه‌مو ئه‌وانه‌ش‌دا ئینگلیز رازی نه‌بو كه‌ركوك بخرێته سه‌ر كوردستان. بو به شه‌ڕ له نێوان كورد و ئینگلیزدا. شێخ مه‌حمود و هاوڕێكانی شكان و گیران به دیلی ره‌وانه‌ی هیندستان كران. له‌وساوه كه‌ركوك بو به كێشه‌یه‌كی چاره‌سه‌رنه‌كراو، به‌ڵام زیندو، له نێوان كورد و حكومه‌تی بریتانی و دواتر حكومه‌ته‌كانی عیراق‌دا.
ئینگلیز ولایه‌تی موسلی خسته سه‌ر ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی عیراق (1925) چونكه نه‌وتی كه‌ركوكی تێ‌دا بو. خۆیشی ئیمتیازی ده‌رهێنانی نه‌وتی كه‌ركوكی وه‌رگرت و، خۆیشی له ساڵی 1927 دا یه‌كه‌م بیری نه‌وتی له كه‌ركوك هه‌ڵكه‌ند. هه‌ڵێنجان و ناردن و فرۆشتنی به ده‌س خۆی بو. له به‌ر ئه‌وه به كرده‌وه خۆی به خاوه‌نی نه‌وتی عیراق دائه‌نا. هه‌ر له‌و زه‌مانه‌وه ئینگلیز و عیراق پێكه‌وه كه‌وتنه هه‌وڵی گۆڕینی ره‌نگی كوردی كه‌ركوك به ره‌نگی عه‌ره‌بی. هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گوێزانه‌وه‌ی نه‌وت له سه‌رچاوه‌كانیه‌وه له كه‌ركوكه‌وه بۆ بازاڕه‌كانی دنیا ئه‌بو به ناو ئه‌رزی عه‌ره‌ب‌دا تێ بپه‌ڕێ. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی گوێزانه‌وه‌ی له‌و كاته‌و له پاشه‌ڕۆژدا دابین بكا ئه‌بو مه‌یدانه‌كانی نه‌وتی كه‌ركوك له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تێكی عه‌ره‌بی‌دا بهێڵێته‌وه.
له سی‌یه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانی عوبێد و جبوریان له له‌وه‌ڕگاكانی عه‌شیره‌ته‌كانی كوردا له حه‌ویجه نیشته‌جێ كرد و، به هه‌زاران عه‌ره‌ب و كلدۆئاشوری‌یان له ناوچه‌كانی تری عیراقه‌وه هێنا له دامه‌زراوه نه‌وتی‌یه‌كانی كه‌كوك‌دا دایان مه‌زراندن. پرۆسه‌ی "عه‌ره‌باندن" ی كه‌ركوك به شێنه‌یی ده‌ستی پێ كرد تا ده‌سه‌ڵات كه‌وته ده‌س به‌عس و ئه‌وسا گه‌یشته پۆپه‌ی.
ده‌وڵه‌مه‌ندی كه‌ركوك وای كردوه ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌ی كه‌ركوك كێشه‌ی ناوخۆی عیراق بێ له نێوان كورد و حكومه‌تی عیراق‌دا، یان له نێوان كورد له لایه‌ك و عه‌ره‌ب و توركومان له لایه‌كی تره‌وه، له‌وه زیاتر كێشه‌یه‌كی ناوچه‌یی و ناوده‌وڵه‌تانی بێ.
حكومه‌ته‌كانی عیراق و شۆڤێنی‌یه‌كانی عه‌ره‌ب و توركومان، هه‌رگیز ئاماده نه‌بون دان به كوردستانی بونی كه‌ركوك‌دا بنێن، ته‌نانه‌ت كه سه‌ركردایه‌تی به‌عس ساڵی 1970 له گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی بارزانی له سه‌ر سه‌لماندنی مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد له سه‌ر بنچینه‌ی ئۆتۆنۆمی پێكهاتن، ئاماده نه‌بون كه‌ركوك بخه‌نه سنوری هه‌رێمی ئۆتۆنمه‌وه، كێشه‌كه‌یان به چاره‌سه‌رنه‌كراوی هێشته‌وه.
ئه‌گه‌رچی زۆرجار بیانوی جۆراوجۆری ئابوری، قانونی، سیاسی... یان داتاشیوه بۆ نه‌نوساندنی كه‌ركوك به كوردستانه‌وه به‌ڵام هۆی راسته‌قینه‌ی ئه‌وه بوه لایان وا بوه، نوساندنی كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌ن به نه‌وت بناغه‌ی ئابوری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان دروست ئه‌كا. جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رزی عیراق به یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه و مه‌ترسی پارچه پارچه بونی لێ دور بكه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كورد نه‌توانێ له عیراق جیا ببێته‌وه و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنێ، ئه‌بێ كورد له سامانی نه‌وت بێ به‌ش بكرێ.
ده‌وڵه‌تانی دراوسێ: توركیا، ئێران، سوریا... و، ده‌وڵه‌تانی گه‌وره: ئینگلیز و ئه‌مه‌ریكا، له‌م بۆچونه زاڵمانه‌یه‌دا له گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عیراق هاوده‌نگ بون. ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌یان به جۆرێ پشتیوانی‌یان له حكومه‌ته‌كانی عیراق كردوه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك نه‌خرێته سه‌ر كوردستان، له‌مه‌ش‌دا پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دینی و مه‌زه‌بی كه‌ركوك و ده‌وروپشتی یارمه‌تی داون.
هه‌لومه‌رجی ئیستای كوردستان و عیراق و، هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و جیهانی، له چاو بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م‌دا كه ده‌وڵه‌تی عیراقی تێ‌دا دروست كرا و، له چاو ساڵی 1970 دا كه رێككه‌وتنی ئازار و، له چاو ساڵی 1975 دا كه رێككه‌وتنی جه‌زائیر تێ‌دا ئیمزا كرا و، له چاو ساڵی 1991 دا كه راپه‌ڕینی تێ‌دا بو، له چاو ساڵی 2003 دا كه سه‌دام و رژێمی به‌عسی تێ‌دا روخا، به ته‌واوی جیاوازه. ته‌رازوی هێز تا راده‌یه‌كی باش به قازانجی گه‌لی كورد سوڕاوه. یه‌كێ له نیشانه‌كانی ئه‌م گۆڕانه نامه‌كانی سه‌ركۆماری عیراق و سه‌روه‌زیرانی عیراق و كۆنگره‌ی نیشتمانیی عیراق و، سه‌فیری ئه‌مه‌ریكا جۆن نیگرۆپۆنتی و سه‌فیری بریتانی ئێدوارد چاپلنه بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد. ئیتر كاتی ئه‌وه هاتوه سه‌ركردایه‌تی كورد به باشترین شێوه كه‌ڵك له‌م هه‌له وه‌ربگرێ، ئه‌و "غه‌در" ه مێژوییه‌ی له كورد و له كه‌ركوك كراوه راست بكاته‌وه.