(رۆژی 21 ی 12 ی 2004 خۆكوژێ له بنكه‌یه‌كی جه‌نگیی ئه‌مه‌ریكی له موسل خۆی به پۆلێ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی‌داته‌قانده‌وه 22 كه‌سی لێ كوشتن و زیاتر له 50 سه‌ربازی بریندار كرد.
به پێ‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له ده‌س پێ كردنی جه‌نگی "رزگاری عیراق" ه‌وه تا ئیستا زیاتر له 1300 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژراون و زیاتر له 10 هه‌زاریان بریندار بون. زۆری ئه‌مانه له سێگۆشه‌ی سوننی‌دا ئه‌نگێوراون...)
سێگۆشه‌ی سوننی كوێ‌یه؟
سێگۆشه‌ی سوننی زاراوێكی جوگرافی - سیاسی نوێ‌یه دوای روخانی سه‌دام كه‌وتۆته ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه. مه‌به‌ست له‌و ناوچانه‌یه له رۆژئاوای عیراق كه‌وتونه‌ته سنوری پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا – سه‌لاحه‌دین – ئه‌نبار. له لای رۆژهه‌ڵاتیانه‌وه هاوسنورن له گه‌ڵ كوردستان و به‌غداد و پارێزگا شیعه‌نشینه‌كانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق و، له لای رۆژئاوایانه‌وه هاوسنورن له گه‌ڵ سوریا و ئوردون و سعودیه.
له‌وه‌تی جموجوڵی شه‌ڕكه‌رانی سوننی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه زیادی كردوه و سنوره‌كه‌ی فراوانتر بوه، گه‌یشتۆته دیاله و به‌شێكی به‌غداد.
سێگۆشه‌ی سوننی و هێرشی ئه‌مه‌ریكی
سێگۆشه‌ی سوننی له جه‌نگی "رزگاری عیراق"دا یه‌كێ بو له مه‌یدانه گرنگه‌كانی هێرشه‌كان. له چه‌ند لاوه به‌ر هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی ئه‌مه‌ریكا كه‌وت:
له ئوردونه‌وه هێزی ئه‌مه‌ریكی به‌ره‌و ناو عیراق، به تایبه‌تی بنكه جه‌نگی‌یه‌كانی ئه‌نبار، كشا. فه‌رمانده‌كانی هێزه چه‌كداره عیراقی‌یه‌كانی ئه‌وێ ناڕاسته‌وخۆ كه‌وتنه گفتوگۆی ژێربه‌ژێر له گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی، بێ شه‌ڕ بڵاوه‌یان لێ كرد و چونه‌وه ماڵه‌كانی خۆیان.
له كوردستانه‌وه هێزی ئه‌مه‌ریكی به‌ره‌و كه‌ركوك و موسل، به تایبه‌تی بنكه جه‌نگی‌یه‌كانی فه‌یله‌قی 1 و 2 كشا. له كه‌ركوك بێ گفتوگۆ و له موسل پاش گفتوگۆی ژێربه‌ژێر هه‌مو هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق بێ شه‌ڕ بڵاوه‌یان لێ كرد و هه‌ر كه‌سه‌یان رۆیشته‌وه ماڵی خۆی.
هێزه چه‌كداره‌كانی كه له تكریت و ده‌وروپشتی بون به هه‌مان شێوه بڵاوه‌یان لێ كرد.
به واته‌یه‌كی تر له سه‌رانسه‌ری سێگۆشه‌ی سوننی‌دا كه ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان چاوه‌ڕێ بون بست به بست شه‌ڕی تێ‌داببێ، نه جه‌یش و هێزه چه‌كداره‌كانی، نه حیزب و میلیشیاكانی، نه عه‌شیره‌ت و تفه‌نگداره‌كانی، هیچ جۆره شه‌ڕ و به‌رگری‌یه‌كی چه‌كداریان نه‌كرد.
دانیشتوانی سێگۆشه‌ی سوننی كه سودوه‌رگری یه‌كه‌م بون له رژێمی سه‌دام، چاوه‌ڕێ بون ئه‌مه‌ریكا له پاداشتی شه‌ڕنه‌كردنیان‌دا چاكه‌یان بداته‌وه و، له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌شداریان بكا و، ده‌سكه‌وته‌كانیان بپارێزێ، به‌ڵام خرانه په‌راوێزی سیاسی‌یه‌وه. به روخانی سه‌دام هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له سه‌رده‌می به‌عس‌دا به ده‌سیان هێنا بو له ده‌سیان چو.
ئه‌مه‌ریكا حیزبی به‌عس و هه‌مو داووده‌زگاكانی، جه‌یش و هه‌مو داووده‌زگاكانی، ئیعلام و هه‌مو داووده‌زگاكانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، "ریشه‌كێشی به‌عس" ی كرد به قانون، به‌ڵام لێ گه‌ڕا هه‌مو به‌عسی‌یه‌كان، به تاوانبار و بێتاوانیانه‌وه، به ئازادی بگه‌ڕێن و چالاكی و جموجوڵ بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی لای ئه‌وان تاوانبار بون و هه‌وڵی گرتن و دادگایی‌یان ئه‌درا ته‌نیا 55 كه‌س بون، ئه‌وانی تر به‌خشرا بون سود له‌و ئازادی‌یه وه‌ربگرن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له گه‌ڵ خۆیان هێنا بویان.
دوژمنانی ئه‌مه‌ریكا، له سه‌رانسه‌ری دنیاوه، رژانه ناو عیراقه‌وه. دینی‌یه بنچینه‌وانه توندڕه‌وه‌كانی بێگانه، به هاوكاری له گه‌ڵ كۆنه به‌عسی و دینی‌یه توندڕه‌وه‌كانی عیراق، تۆڕی جۆراوجۆری تێڕۆڕ و تۆقاندنیان دروست كرد و، كه‌وتنه په‌لاماردانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و داووده‌زگا تازه دامه‌زراوه‌كانی عیراق.
به‌عسی‌یه‌كان خۆیان رێك خسته‌وه. داووده‌زگاكانی شه‌ڕ و به‌ره‌نگاری‌یان دروست كرده‌وه.
هه‌م تۆڕه دینی‌یه‌كان و هه‌م تۆڕه به‌عسی‌یه‌كان، ناوچه‌كانی سێگۆشه‌ی سوننی‌یان كرد به مه‌ڵبه‌ندی خۆڕێكخستنه‌وه و كار و چالاكی. نائارامی و په‌شێوی و ترس و تۆقاندنیان خسته هه‌مو ناوچه‌كه‌وه.
سێگۆشه‌ی سوننی و ناوچه ئاڵۆزه‌كانی
رێكخه‌رانی تۆڕه تێڕۆڕیسته دینی و به‌عسی‌یه‌كان هه‌وڵێكی زۆریان داوه بۆ ئه‌وه‌ی نائارامی له سه‌رانسه‌ری عیراق‌دا بڵاو بكه‌نه‌وه و جموجوڵه‌كانیان هه‌مو شوێنه‌كان بگرێته‌وه، چه‌ندین كاری خوێناوی‌یان له ناوچه‌كانی شیعه و كوردا ئه‌نجام دا، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه له‌و ناوچانه‌دا جێ‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه و جێگیر بن.
تا ئیستا توانیویانه ئاسایشی چه‌ند پارێزگایه‌ك تێك بده‌ن كه هه‌مویان سوننه نشینن. له‌وانه:
شاره‌كانی رومادی، فه‌لوجه، زلوعیه، خالیدیه، هیت، حه‌دیسه.. له پارێزگای ئه‌نبار.
شاره‌كانی تكریت، سامه‌ڕا، بێجی، به‌له‌د... له پارێزگای سه‌لاحه‌دین.
شاره‌كانی موسل، ته‌له‌عفه‌ر، قائیم، شه‌رگات... له پارێزگای نه‌ینه‌وا.
شاره‌كانی باقوبه، به‌هرز، به‌له‌دروز، شاره‌بان... له پارێزگای دیاله.
هه‌روه‌ها چه‌ند شوێنێ له به‌غداد و كه‌ركوك.
سیگۆشه‌ی سوننی و فیدرالیزم
سه‌رزه‌مینی دانیشتوانی سێگۆشه‌ی سوننی له روی سامانی سروشتی‌یه‌وه، به تایبه‌تی سامانی نه‌وت و گاز، ئه‌وه‌ی تا ئیستا ده‌رهێنراوه و زانراوه هه‌ژار و نه‌داره. ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه بۆ ژیانی خۆیان رویان كردۆته دامه‌زران له داووده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت‌دا و، موچه‌ی مانگانه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌رامه‌ت و ژیانیان بوه، ئه‌وه‌ش له داهاتی نه‌وته‌وه هاتوه.
به‌عسی‌یه‌كان و قه‌ومی‌یه‌كان و دینی‌یه‌كانی سێگۆشه‌ی سوننی له گه‌ڵ دامه‌زراندنی حكومه‌تی ناوه‌ندیی به‌هێزدان و، دژی هه‌ر جۆره نه‌ناوه‌ندێتی و ئۆتۆنۆمی و فیدرالی‌یه‌كن، كه ئه‌بێته هۆی دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان له نیوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان‌دا.
رێكخستنه‌و‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێ له سه‌ر بنچینه‌ی فیدرالیزم خه‌ریكه ئه‌بێته داوای دانیشتوانی چه‌ند هه‌رێمێكی گرنگی عیراق. پارێزگاكانی به‌سرا، میسان و زیقار، خه‌ریكی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی "ئیقلیمی جنوب" و، پارێزگاكانی نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، بابل، موسه‌نا و قادیسیه، خه‌ریكی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی "ئیقلیمی فوراتی ئه‌وسه‌ت". ئیستا له چه‌ند جێگای عیراقه‌وه ده‌نگ به‌رز ئه‌بێته‌وه ئه‌ڵێن: دانیشتوانی هه‌رێمی سێگۆشه‌ی سوننی‌یش ئازادن له هه‌ڵبژاردنی جۆری فیدرالی‌یه‌كه‌ی خۆیان‌دا، ئه‌یانه‌وێ ئه‌ماره‌تێ دابمه‌زرێنن له بابه‌تی تالیبان، یان داووده‌زگای به‌عس بگێڕنه‌وه بۆ هه‌رێمه‌كه‌یان، ئه‌وان سه‌ربه‌ستن له دیاری كردنی چاره‌نوسی سیاسی خۆیان‌دا به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وانیش رێز له تایبه‌تمه‌ندی و ویستی سیاسی هه‌رێمه‌كانی تری عیراق بگرن.
سێگۆشه‌ی سوننی و هه‌ڵبژاردن
هه‌مو تاقمه تێڕۆڕیسته‌كانی سێگۆشه‌ی سوننی دژی هه‌ڵبژاردنن. "ئوسامه بن لادن" یش به ئاشكرا دژی هه‌ڵبژاردن و به‌شداری كردنی دوا. ئه‌وانه‌ی دژی هه‌ڵبژاردنن هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربڕین و كوشتن و ته‌قاندنه‌وه‌یان كردوه له دابه‌شكارانی فۆرمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و، له وانه‌ی خۆیان ناودێر كردوه بۆ ئه‌ندامه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و، له‌وانه‌ی ئه‌چن بۆ ده‌نگدان و، له‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردن و ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان... ئه‌كه‌ن.
سوننه‌ی عه‌ره‌ب له عیراق‌دا له چاو شیعه‌ی عه‌ره‌ب و له چاو نه‌ته‌وه‌ی كوردا كه‌مایه‌تی‌یه‌كی پچوكن، ره‌نگه له %15 ی دانیشتوان زیاتر نه‌بن، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا ئه‌گه‌ر زۆر به چالاكی‌یش به‌شدار بن ناتوانن له‌و رێژه‌یه زیاتر به ده‌س بهێنن. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی تێڕۆڕیسته‌كان سه‌ر بگرێ ئه‌وا نوێنه‌رایه‌تی سێگۆشه‌ی سوننی له ئه‌نجومه‌نی داهاتوی عیراق‌دا كه‌م و لاواز ئه‌بێ و، ئه‌ندامانی شیعه زۆرایه‌تی "كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق" پێك ئه‌هێنن. ئه‌مه‌ش ئه‌بێته بیانوی قوبوڵ نه‌كردنی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عیراق و، هه‌وڵی روخاندنی له رێگه‌ی به كار هێنانی زه‌بروزه‌نگه‌وه، سه‌ره‌نجام شه‌ڕی ناوخۆی سوننه و شیعه، وه‌كو رێكخستنی قاعیده به رابه‌ریی زه‌رقاوی نه‌خشه‌ی بۆ كێشاوه.