SEARCH

   
                                   
           
 
21:16:45 Tuesday, September 07, 2010
     
PÎTÎ LATÎNÎ
پيتي ئيسلامي
   
                   
 
 
 
هه‌واڵ
 
 
 
 

 

 

 

     
عیراق و دراوسێكانی: ده‌ستێوه‌ردانی ئوردونی

2004-12-27   ئه‌م نوسینه چاپ بكه
.  

(كۆبونه‌وه‌ی نۆره‌یی وه‌زیرانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ‌ی عیراق به هاوبه‌شی میسر ئه‌بێ له ناوه‌ڕاستی كانونی دوه‌می 2005 له عه‌مانی پایته‌ختی ئوردون بكرێ.

ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش درێژه‌ی ئه‌وانی پێشوه كه دوایینیان له شه‌رمه‌ل شێخ كرا.

مه‌لیك عه‌بدوڵا، شای ئوردون، له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی‌دا له گه‌ڵ "واشنتۆن پۆست" ئێرانی تاوانبار كردوه به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عیراق، به‌وه‌ی كه ملیۆنێ ئێرانی ناردوه بۆ ناو عیراق بۆ ده‌نگدان و، پاره‌یه‌كی زۆری بۆ پرۆپاگانده‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵڕشتوه و، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش‌دا ئه‌یه‌وێ "هیلالی شیعه" له ئێران، عیراق، سوریا و لوبنان دابمه‌زرێنێ.

كه‌مال خه‌ڕازی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌م دركاندانه‌ی مه‌لیك عه‌بدوڵا به ته‌مایه به‌شداری كۆبونه‌وه‌كان نه‌بێ.)

 

پته‌و بونی پێوه‌ندی سه‌دام و مه‌لیك حسێن، شای كۆچكردوی ئوردون، ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1979 كاتێ مه‌لیك حسێن، سه‌دامی له‌ جموجوڵێكی نهێنی ناو حیزبه‌كه‌ی ئاگادار كرد. سه‌دام حسێن كۆبونه‌وه‌ به‌ ناوبانگه‌كه‌ی كرد و یه‌كه‌ یه‌كه هاوڕێكانی بانگ كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و، تاوانباری كردن به پیلانگێڕان و، به كۆمه‌ڵ كوشتنی.

مه‌لیك حسێن به درێژایی ساڵانی جه‌نگی عیراق – ئێران پشتیوانی بێ چه‌ندوچۆنی سه‌دام بو، بۆ ده‌ربڕینی پشتیوانی ئاشكرا چه‌ند جارێ سه‌ردانی شه‌ڕگه‌كانی كرد و، به به‌رچاوی كامێرای ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ په‌نجه‌ی ئه‌نا به‌ دوگمه‌ی ته‌قاندنی موشه‌كه دورهاوێژه‌كانه‌وه كه ئه‌گیرانه ئێران.

مه‌لیك حسێن له داگیركردنی كوه‌یتیش‌دا پشتی سه‌دامی گرت.

سه‌دام له‌ پاداشتی ئه‌و پشتیوانی‌یه‌دا قازانجێكی ئابوری زۆری به ئوردون گه‌یاند.

یه‌كێ له سودمه‌نده‌ گه‌وره‌كانی شه‌ڕی عیراق له گه‌ڵ ئێران و، په‌لاماردانی كوه‌یت و، گه‌مارۆدانی ناوده‌وڵه‌تی عیراق، ئوردون بوه. ئوردون له چه‌ند لاوه‌ سودی ئابوری له عیراق وه‌رئه‌گرت:

·        بو به ده‌روازه‌ی رێگای ترانزیتی ده‌ریایی و زه‌مینیی و ئاسمانیی عیراق بۆ هێنانی كه‌لوپه‌ل و بۆ هاتوچۆ. مینای عه‌قه‌به له مینایه‌كی دواكه‌وتوی فه‌رامۆش كراوه‌وه بو به مینایه‌كی ئاوه‌دانی چالاك و، ئوردون بو به خاوه‌نی ئوستولێكی گه‌وره‌ی گویزانه‌وه‌ی زه‌مینی.

·        كارگه‌ و كێڵگه‌كانی بون به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی دابینكردنی پێویستیه‌كانی بازاڕی عیراق، هه‌ر له جگه‌ره‌ و ئه‌لكهوله‌وه تا ده‌رمان و جلوبه‌رگ و خوارده‌مه‌نی...

·        له نه‌وت به‌شی پێویستیه‌كانی ناوخۆی به خۆڕایی وه‌رئه‌گرت و به‌شێكێشی بۆ فرۆشتنه‌وه‌ به نرخی هه‌رزان ئه‌برد.

·        بانكه‌كانی بون به گه‌نجینه‌ی شۆردنه‌وه و شاردنه‌وه‌ی پاره‌ی عیراقی و ساتوسه‌ودای نهێنی.

عیراق بوبو به مانگای دۆشه‌نی بۆ ئوردون و، په‌نده عه‌ره‌بی‌یه‌كه‌ی ئه‌ڵێ: "موسیبه‌ته‌كانی قه‌ومێ بۆ قه‌ومێكی تر قازانجه" له عیراق و ئوردون قه‌وما بو. ئه‌م پێوه‌ندی‌یه ئابوری و بازرگانی‌یه، له ناو خه‌ڵكی ئوردون‌دا‌ جۆرێ له بوژانه‌وه‌ی ئابوری خوڵقاند بو، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش‌دا زه‌مینه‌ی پشتیوانی و لایه‌نگری سه‌دام و رژێمی به‌عسی ساز كرد بو.

پێوه‌ندی به‌هێزی رژێمی به‌عسی عیراق و رژێمی شایه‌تی ئوردون دوای مردنی مه‌لیك حسێنیش هه‌ر درێژه‌ی هه‌بو. سیاسه‌تی حكومه‌تی ئوردونی به‌رامبه‌ر عیراقی سه‌دام و به‌عس نمونه‌یه‌كی ئاشكرای "نیفاقی عه‌ره‌بی" بو. به ئاشكرا جۆرێك و به نهێنی جۆرێكی تر. به ئاشكرا دژی په‌لاماردانی عیراق و به‌ نهێنی ئه‌وپه‌ڕی هاوكاری جاسوسی و جه‌نگی ئه‌مه‌ریكای ئه‌كرد. له كاتی ده‌س پێ كردنی هێرشه‌كه‌دا به‌شێ له‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئوردونه‌وه هاتنه ناو عیراقه‌وه‌.

پێ ئه‌چێ مه‌لیك عه‌بدوڵا و راوێژكاره سیاسی‌یه‌كانی پێشبینی ئه‌و جۆره گۆڕانه سیاسی‌یه‌یان نه‌كردبێ كه دوای روخانی سه‌دام و رژێمی به‌عس له عیراق‌دا هاته دی. بۆیه هاوكاری بی سنوری ئه‌مه‌ریكا و، هه‌ندێ لایه‌نی موعاره‌زه‌ی عیراقی كرد دژی سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی. به‌ڵام عیراقی نوێ جیاواز بو له عیراقه‌كه‌ی سه‌دام. له عیراقی نوێ‌دا:

· به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی ئوردون، وه‌كو سه‌رده‌می سه‌دام، دابین نابێ.

· پشتیوانی مادی و مه‌عنه‌وی رێكخراوه تێڕۆڕیستی‌یه‌كانی فه‌له‌ستین نامێنێ.

· وه‌كو جاران ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ته‌نیا له ده‌س سوننه‌ی عه‌ره‌ب‌دا نابێ، شیعه و كوردیش ئه‌بنه هاوبه‌ش.

حكومه‌تی ئوردون دوای روخانی رژێمی به‌عس هه‌لی به ده‌رفه‌ت زانی، له باتی ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی حكومه‌تی سه‌دام پێش روخانی له بانكه‌كانی ئوردون‌دا هه‌ڵی گرت بو بگێڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی عیراق، به بیانوی بژاردنی زیانه‌كانی بازرگانه‌كانی ئوردونه‌وه ده‌ستی به‌ سه‌ردا گرت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش عیراقی به قه‌رزار ده‌رهێنا.

ئوردون له قۆناغی دوای سه‌دامیش‌دا پیڕه‌وی "نیفاقی سیاسی" كرد، به ئاشكرا پشتیوانی له ده‌زگای حوكمڕانی نوێ ئه‌كرد و، پێشوازی له كاربه‌ده‌سته‌كانی ئه‌كرد، له هه‌مان كات‌دا كه‌وته ده‌ستێوه‌ردانی ناڕاسته‌وخۆی كاروباری ناوخۆی عیراق، كه خۆی له‌ چه‌ند بوارد ئه‌نوێنێ:

·        داڵده‌دانی كاربه‌ده‌ست و پیاوه‌كانی رژێمی روخاو

دوای روخانی رژێم، هه‌زاران كه‌س له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومه‌تی و، له ئه‌فسه‌رانی ئه‌من و موخابه‌رات و جه‌یشی عیراق رویان كرده ئوردون و، له گه‌ڵ خۆیان سه‌دان ملیۆن دۆلاریان برد خانووبه‌ره‌یان پێ كڕی و، بازاڕی بازرگانی و كڕین و فرۆشتنیان گه‌رم كرد. ئه‌مانه له ئوردونه‌وه، به به‌رچاوی ده‌زگا حكومه‌تی و موخابه‌راتی‌یه‌كانی ئوردونه‌وه‌، كه‌وتنه‌وه جموجوڵ دژی هه‌لومه‌رجی نوێ و دروست كردنی تۆڕی پێوه‌ندی له گه‌ڵ هاوبیر و هاوكاره‌كانیان له ناو عیراق‌دا.

·        چاوپۆشی له ناردنی خۆكوژ و شه‌ڕكه‌ر بۆ عیراق

زه‌رقاوی، رێكخه‌ری كاراترین تۆڕه تێڕۆڕیستی‌یه‌کانی ناو عیراق، ئوردونی‌یه. ئوردون یه‌كێ له سه‌رچاوه سه‌ره‌كی‌یه‌كانی هێزی مرۆیی تۆڕه تێڕۆڕیستی‌یه چالاكه‌كانی ناو عیراقه. هاوبیره‌كانی زه‌رقاوی له زه‌رقا و سه‌ڵت و شاره‌كانی تری ئوردون‌دا به ئازادی ته‌راتێن و جموجوڵ ئه‌كه‌ن، بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌، لایه‌نگری نوێ ئه‌دۆزنه‌وه، رێكیان ئه‌خه‌ن، ره‌وانه‌ی عیراقیان ئه‌كه‌ن. كه ئه‌كوژرێن له رۆژنامه‌كان‌دا پرسه‌نامه‌یان بۆ ئه‌نوسن و له ماڵه‌كانیان‌دا كۆڕی ماته‌میان بۆ ئه‌گێڕن. ده‌زگا ئاسایشی‌یه‌‌كانی ئوردون ئه‌یانناسن، جموجوڵه‌كانیان ئه‌بینن، به وردی چاودێری‌یان ئه‌كه‌ن، له باتی ئه‌وه‌ی رێ‌یان لێ بگرن، كاره‌كانیان چونكه دژی عیراقه چاوپۆشی‌یان لێ ئه‌كه‌ن.

·        دركاندنه ناسازه‌كانی مه‌لیك عه‌بدوڵا

مه‌لیك عه‌بدوڵا چه‌ند جارێ كه باسی كاروباری عیراقی كردوه، زۆر جار قسه‌ی ناساز ئه‌دركێنێ. له كاتی چونی‌دا بۆ توركیا بۆ هاوده‌نگیی له گه‌ڵ توركیا دژی فیدرالی دوا. به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه خۆی كرده پارێزه‌ری سوننه‌ی عیراق.

 

سه‌یر ئه‌وه‌یه له‌ كاتێك‌دا ئێران و سوریا تاوانبار ئه‌كرێن به پشتیوانی تێڕۆڕیسته‌كانی عیراق، كه‌س باسی ده‌ستێوه‌ردانی ئوردونی ناكا، به‌ڵكو د ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌روه‌زیرانی عیراق و، زۆر له گه‌وره‌كاربه‌ده‌ستانی عیراق قاچێكیان له عیراقه‌ و قاچه‌كه‌ی تریان له عه‌مانه!

 

   ئه‌م نوسینه چاپ بكه
 

 

     
 
لاپه‌ڕه‌ی وتاره‌کان

   
 
 
                                         

 

     
       
Best Viewed with Internet Explorer 6.0 1024x768