له ژماره‌ی رۆژی 10 ی 12 ی 2004 ی رۆژنامه‌ی "فاینانشیاڵ تایمز" ی له‌نده‌نی‌دا، تۆماس كاتان، وتارێكی نوسیوه له ژێر سه‌ردێڕی: "كورده‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن 14 ته‌ن كاش سه‌رمایه گوزاری بكه‌ن"
له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌ی‌دا ئه‌ڵێ:
"لۆبیه‌ك كه بنكه‌كه‌ی له واشنتۆنه و پێوه‌ندی نزیكی هه‌یه به پارتی جمهوری ئه‌مه‌ریكی‌یه‌وه له گفتوگۆدایه له گه‌ڵ بانكه جیهانیه‌كان بۆ كارئاسان كردنی كورده‌كانی عیراق بۆ كردنه‌وه‌ی حسابی زیاتر له نیو بلیۆن دۆلاری كاش.
"پاره‌كه به‌شێكه له‌و 1.4 بلیۆن $ ه‌ی داهاتی نه‌وتی عیراق كه ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری ئه‌مه‌ریكی به كاش به كورده‌كانی داوه له حوزه‌یرانی 2004 دا، چه‌ند رۆژێكی كه‌م پێش ئه‌وه‌ی ده‌س له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبگرێ بۆ حكومه‌تی كاتی عیراق.
"بارباوه‌ر، گریفس و رۆجه‌رز،(ناوی 3 كه‌سه كۆمپانیای BGR یان به ناوه‌وه دامه‌زراوه) ده‌زگایه‌كه دامه‌زراوه له لایه‌ن دو دۆستی دێرینی سه‌رۆك جۆرج بوش و سه‌رۆكی پێشوی كۆمیته‌ی نیشتمانیی جمهوری، نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیمۆكراتی كوردستان ئه‌كه‌ن له واشنتۆن. رۆبێرت بلاكوێل، كه تا مانگی رابوردو سه‌رراوێژكاری كۆشكی سپی بو بۆ كاروباری عیراق، ئه‌ویش هاتۆته ناو ده‌زگاكه‌وه."
كاتان له هه‌مان وتاردا نوسیوێتی:
"ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان به 3 هالیكۆپته‌ر پاره‌كه‌ی بۆ كورده‌كان نارد هه‌موی سه‌فته‌ی بانكنۆتی 100 $ ی بو. قورسایی پاره‌كه، كه به ده‌ر بو له بودجه‌ی ئاسایی، 14 ته‌ن و، ئه‌وه‌نده‌ی دارایی ئاسایی 6 مانگی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بو، ئه‌م پاره‌یه به‌شێك بو له نزیكه‌ی 1.8 بلیۆن $ كه له دوا دو مانگی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان، به ده‌ر له دارایی ئاسایی، به كورده‌كان دراوه. پاره‌كه له گه‌نجینه‌ی گه‌شه‌پێدانی عیراق (DFI) ده‌رهێنراوه، كه له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه دانرابو، دوای شه‌ڕ به كار بهێنرێ بۆ ئاواكردنه‌وه‌ی وڵات."
پاشماوه‌ی به‌شی كورد له داهاتی پرۆگرامی "نه‌وت به خۆراك" دوای ته‌واو بونی كاری رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له عیراق 4.5 بلیۆن $ بو. ئه‌م پاره‌یه له گه‌ڵ داهاتی نه‌وت و سه‌رمایه راگیراوه‌كانی تری عیراق له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه خرا بوه سنوقێكه‌وه به ناوی " گه‌نجینه‌ی گه‌شه‌پێدانی عیراق"ه‌وه. سه‌فیر بریمه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهینان و دابه‌شكردنی هه‌بو. بریمه‌ر و هاوكاره‌كانی نه‌یان هێشت هه‌مو پاره‌كه بدرێته‌وه به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. له‌و چه‌رده‌یه ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان، به‌ر له رۆیشتنی به چه‌ند رۆژێ، ته‌نیا 1.4 بلیۆن $ ی دا به هه‌ردو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولیر و سلێمانی و، ئه‌وی دیكه‌ی هه‌ر خۆی ئه‌زانێ چۆن خه‌رج كراوه.
له‌و پاره‌یه 600 ملیۆنی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سلێمانی و 800 ملیۆنی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولیر ته‌رخان كرا.
له كاتێك‌دا خه‌ڵكی كوردستان ده‌یان پێویستی ئیستایی و ژیانی‌یان هه‌یه، له‌وانه:
كه‌میی وزه‌ی كاره‌با.
كه‌میی ئاوی پاكی خواردنه‌وه.
كه‌میی زێراب و ئاوه‌ڕۆ.
بێ نوایی هه‌زاران خێزانی بێ خانوبه‌ره.
كه‌میی بینای خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی.
كه‌میی بنكه‌ی ته‌ندروستی و نه‌خۆشخانه.
وێرانیی به‌شی زۆری رایه‌ڵه‌ی رێگاوبانه‌كان.
له باتی ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه له‌م جۆره پرۆژانه‌دا خه‌رج بكرێن كه‌چی، وه‌كو رۆژنامه‌ی فاینانشیاڵ تایمز نوسیوێتی، هه‌وڵ ئه‌درێ ببرێته بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌وێ بخرێته گه‌ڕ.
لێره‌دا ئه‌پرسین:
ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی گوێزانه‌وه‌ی ئه‌م پاره‌یه‌ن، به چ هه‌قێ، به بێ ئاگاداری خه‌ڵك، پاره‌وپولی خه‌ڵك، به بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بزانێ بۆ چ مه‌به‌ستێك و، به ناوی كێوه: (كام زه‌لام، كۆمپانیا، حیزب، حكومه‌تی هه‌رێم) و، له كوێ: (كام وڵات و كام بانكی دنیا) دائه‌نرێ، له كوردستان ئه‌به‌نه ده‌ره‌وه؟