به‌ڵام كوردستان ئه‌توانێ ببێته په‌ناگایه‌كی ئه‌مین بۆ داڵده‌دانیان
رۆژی 21 ی 12 ی 2004 د تالیب ئیبراهیم زاهیر له ناو جه‌رگه‌ی شاری باقوبه‌دا كوژرا. تالیب له یه‌كێ له زانكۆكانی كه‌نه‌دا له زانستی وزه‌ی ناوكی‌دا دكتۆرای وه‌رگرت بو. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عیراق مامۆستا بو له كۆلێجی زانستی زانكۆی دیاله و، له هه‌مان كات‌دا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاری باقوبه بو.
پێش ئه‌و، رۆژی 24 ی 11 ی 2004 د محه‌مه‌د حسه‌ین حه‌كیم راگری كۆلێجی ده‌رمانسازی له زانكۆی به‌سرا له كاتی ده‌رچونی‌دا له ماڵ كوژرا.
پێش ئه‌و، راگری كۆلێجی قانون له زانكۆی موسڵ، كه ژن بو، له گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی‌دا كوژران.
پێش ئه‌و، رۆژی 5 ی 8 ی 2004 د محه‌مه‌د حسه‌ین تاله‌قانی، زانای بواری ئه‌تۆم، له مه‌حمودیه له ناو ئوتوموبیله‌كه‌ی‌دا درایه به‌ر ده‌سڕێژی گولله و كوژرا.
پیش ئه‌و، رۆژی 6 ی 8 ی 2004 د عه‌بدولهادی هیتی، سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌نبار، له لایه‌ن تاقمێ چه‌كداره‌وه رفێنرا. چاره‌نوسی ئه‌م له‌وانی تر به‌ختیارتر بو، پاش ئه‌وه‌ی 100 هه‌زار دۆلاریان لێ سه‌ند و، ده‌س و قاچێكیان شكاند، ئینجا به‌ریان دا.
به قسه‌ی د تاهیر به‌ككا، وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراق، له سۆنگه‌ی تێكچونی ئاسایشی عیراقه‌وه له دوای روخانی رژیمه‌وه تا مانگی 9 ی 2004 زیاتر له 1 هه‌زار مامۆستای زانكۆ عیراقیان به جێ هێشتوه و 75 مامۆستای زانكۆ كوژراون یا رفێنراون. عیراق 31250 مامۆستای زانكۆ و په‌یمانگای له بواری جیاوازی زانست دا هه‌بوه، به‌ڵام له نیوه‌یان زۆرتر ماجستێریان هه‌یه. له ناو ئه‌وانه‌دا ئه‌ندامی به‌عسی و دژی به‌عسی تێ‌دا بوه. (حه‌یات، رۆژی 22 ی 9 ی 2004)
به قسه‌ی به‌ككا، ئه‌مساڵ 62 هه‌زار خوێندكار له 20 زانكۆ و زیاتر له 24 په‌یمانگا له سه‌رانسه‌ری عیراق‌داوه‌رگیراون. به‌وه‌ش ژماره‌ی خوێندكارانی هه‌مو زانكۆ و په‌یمانگاكان گه‌یشتۆته 360 هه‌زار. (شه‌رقی ئه‌وسه‌ت، 20 ی 10 ی 2004)
زاناكانی عیراق تا پێ گه‌یشتون سه‌رمایه‌یه‌كی زۆریان له سامانی نیشتمانی عیراق تێ‌دا خه‌رج كراوه، به سه‌رمایه‌یه‌كی مرۆیی هێژا دائه‌نرێن و، ئه‌توانن رۆڵێكی كاریگه‌ریان هه‌بێ له گه‌شه پێ دانی هه‌مو بواره‌كانی ژیان‌دا. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (هه‌ردو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی) و، زانكۆكانی دهۆك، سه‌لاحه‌دین، سلێمانی و په‌یمانگاكانی هه‌رێم، كه ئاسایشیان تێ‌دا پارێزراوه و باری ئابوری ناوچه‌كه و ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵك باشه، ئه‌توانن ببن به شوێنی كۆكردنه‌وه و داڵده‌دانیان و، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان و، پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی تازه پێگه‌یشتوی كوردستان كه‌ڵكی زۆریان لێ وه‌ربگرن.