هێرش بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و بۆ سه‌ر خاكی كوردستانی عیراق له كوێوه هاتوه، له لایه‌ن له‌شكری ئێران و توركیا و سوریاوه، یان له لایه‌ن سپای ئوردون و عه‌ره‌بستانی سعودی و كوێته‌وه هێرشی كراوه‌ته سه‌ر، یان له پایته‌ختی عیراقه‌وه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره لای هه‌مو كوردێ ئاشكرایه.
دوای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عیراق یه‌كه‌مین فه‌وجی نیزامیی جه‌یشی عیراقی دروست كرد به ناوی "فه‌وجی ئیمام موسای كازم"ه‌وه، هاوشان له گه‌ڵ هیزی زه‌مینی و ئاسمانی بریتانی هێرشی هێنایه سه‌ر كوردستان. "حكومه‌تی كوردستانی جنوبی"یان روخاند و كوردستانیان داگیر كرد و "ده‌شتی كانی ئاسكان"یان له سلێمانی كرد به باره‌گای هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه سه‌ركردایه‌تی لهشكركێشیهکانی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق بكه‌ن دژی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد.
به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عیراق له 1921 ه‌وه تا روخانی له 2003 دا فه‌رمانی هێرش بۆ سه‌ر گه‌لی كورد هه‌ر له به‌غداده‌وه ده‌رچوه و، گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و خاكی كوردستان هه‌ر جه‌یشی عیراق بوه.
حكومه‌ته‌كانی عیراق و دامه‌زراوه جه‌نگیی و ئه‌منییه‌كانی، به‌رپرسن له قڕ كردنی سه‌دان هه‌زار كورد و له كاول كردنی كوردستان، له به‌ر ئه‌وه كورد هه‌قێتی له دامه‌زراوی جه‌نگیی و ئه‌منیی عیراق بترسێ و، نه ئیستا و نه له پاشه‌رۆژدا، بێ گه‌ره‌نتی ده‌ستوری و مادی، باوه‌ڕی پێ نه‌كات.
گه‌ره‌نتی ده‌ستوری ئه‌وه‌یه: به پێی ده‌ستوری نوێی عیراق، وه‌زیری دیفاعی عیراق هه‌میشه "مه‌ده‌نی" بێ، جه‌یش دور بێ له كاری سیاسی و حیزبی، ئه‌ركی سه‌ره‌كی پاراستنی سنور بێ، بودجه‌كه‌ی له چاو بودجه‌ی گشتی عیراق دا دیاریكراو بێ، ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی و چه‌شنی چه‌ك و تفاقی جه‌نگیی سنوردار بێ، بێ ره‌زامه‌ندی پارله‌مانی كوردستان بۆی نه‌بێ بێته كوردستانه‌وه یا له‌شكركێشی تێدا بكا.
به‌ڵام به ته‌نیا گه‌ره‌نتی ده‌ستوری به‌س نیه بۆ دڵنیا كردنی كورد به‌ڵكو له گه‌ل گه‌ره‌نتی ده‌ستوریدا ئه‌بێ گه‌ره‌نتی مادییشی له گه‌ڵ بێ.
گه‌ره‌نتی مادی ئه‌وه‌یه: كوردستان بۆ پاراستنی خۆی ئه‌بێ هێزی تایبه‌تی خۆی هه‌بێ.
كه باس له هێزی تایبه‌تی كوردستان بكرێ ره‌نگه یه‌كسه‌ر بیر له پێشمه‌رگه بكرێته‌وه و بیر له‌م هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئیستا بكرێته‌وه.
پێشمه‌رگه جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له مێژوی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و، له پاراستنی كوردا، به‌ڵام پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی چه‌كداردا له 1961 ه‌وه تا 1991 ئه‌ركی روبه‌روبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌ته‌كانی عیراقی له ئه‌ستۆدا بوبێ و، له 1991 ه‌وه تا 2003 ئه‌ركی پاراستنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له ئه‌ستۆدا بوبێ و، له قۆناغی ئیستادا ئه‌ركی پاراستنی ئاسایش و به‌ره‌نگاری مه‌ترسی "ئیرهاب" و "حه‌ربی ئه‌هلی" له ئه‌ستۆدا بێ، ئه‌وا ئه‌م هێزه‌ی ئیستا ئه‌و هێزه تایبه‌تییه نیه كه كوردستان له مه‌ترسی پاشهرۆژ بپارێزێ.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئیستا، هێزی خه‌ڵكی كوردستان نیه، هێزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیه، به‌ڵكو هێزی حیزبه‌كانی كوردستانه، یان راستتر هێزی یه‌کێتی و پارتییه، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا دڵسۆزی و گوێڕایه‌ڵی هه‌ر هێزه بۆ سه‌ركرده و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی نه‌ك بۆ گه‌لی كورد و بۆ خاكی كوردستان. سه‌ركردایه‌تی پێشمه‌رگه فه‌رمان له سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانیان وه‌رئه‌گرن نه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێم و پارله‌مانی كوردستان.
راستییه‌كی چه‌ند خۆشه كه ئه‌ڵێن: "ئاسایشی كوردستان له سایه‌ی پێشمه‌رگه‌وه پارێزراوه" له هه‌مان كات دا راستییه‌كی چه‌ند ناخۆشه كه ئه‌ڵێن "ترسناكترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی كوردستان پێشمه‌رگه‌یه."
هه‌مو جار كه پێوه‌ندی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتی گرژی تێ ئه‌كه‌وێ هاوڵاتییانی كوردستان ترسیان لێ ئه‌نیشێ "شه‌ڕی ناوخۆ" تازه ببێته‌وه. هه‌تا ئه‌م دو هێزه‌ش به‌مجۆره بمێننه‌وه مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ری ناوخۆ هه‌ر ئه‌مێنێ و، هیچ كاتێك و له هیچ هه‌ڵبژاردنێكی گشتیدا، له ترسی پێكادانی پێشمه‌رگه، ئه‌م دو حیزبه ناتوانن به ئازادی بۆڕبۆڕێنی سیاسی - دیمۆكراتی بكه‌ن، چونكه پێیان بوترێ و پێیان نه‌وترێ ره‌نگه پێشمه‌رگه‌ی تێوه بگلێ.
• هه‌تای كه‌ی ئه‌و دو هێزه به جیا له یه‌كتری كار بكه‌ن و له سه‌ركردایه‌تی دو حیزبی جیاوزه‌وه فه‌رمان وه‌ر بگرن؟
• هه‌تا كه‌ی ئه‌و دو هێزه ئامڕازی هاوسه‌نگیی چه‌كدار و سیاسی نێوان حیزبه‌كان بن.
• هه‌تا كه‌ی ئه‌و دو هێزه باوه‌ڕیان به یه‌كتری نه‌بێ و، هێزی یه‌كێتی نه‌توانێ بچێته ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دابمه‌زرێ و مه‌شق و موناوه‌ره بكا و، هێزی پارتی‌یش نه‌توانێ بچێته ناوچه‌كانی یه‌كێتی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست؟
• هه‌تا كه‌ی پێشمه‌رگه، له روی چه‌ك و ته‌كنۆلۆجیاوه، لاواز و دواكه‌وتو بێ؟
• به‌م حاڵه‌ی ئیستا سه‌ركردایه‌تی كورد چۆن ئه‌توانێ داوا له كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی دیفاعی عێراق و جه‌نه‌راله‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكا به چه‌كی پێشكه‌وتو پۆشته‌ی بكه‌نه‌وه.
• گریمان حكومه‌تی یه‌كگرتوی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا، به‌ڵام هه‌ردو هێزی پێشمه‌رگه وه‌كو خۆیان و، هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ر به حیزبه‌كه‌ی خۆی مایه‌وه، چۆن ئه‌توانرێ داوا له عیراق بكرێ، به ره‌سمیی دان به پێشمه‌رگه‌دا بنێ و ئه‌م دو هێزه جیاوازه به شێوه‌یه‌كی قانونی وه‌كو هێزی پاراستنی كوردستان بناسێ؟
بۆیه ئه‌بێ ئه‌م هێزانه یه‌ك بخرێن و له سه‌ر بنچینه‌یه‌كی نوێ رێك بخرێنه‌وه.
ئه‌بێ پێشمه‌رگه له هێزی حیزبییه‌وه بگۆڕێ به هێزێكی نیزامی ناحیزبی فه‌رمانبه‌ری حكومه‌تی یه‌كگرتوی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان. ئه‌بێ له هێزێكه‌وه كه هه‌میشه مه‌ترسی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ و حیزبیی لێ ئه‌كرێ، ببێته هێزێكی ئه‌وتۆ خه‌ڵك به هێزی پارێزه‌ری ئاسایش، ئاسایشی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی كوردستانی، بزانێ.
ره‌نگه ته‌جروبه‌ی كورد، له مه‌سه‌له‌ی یه‌كخستنی میلیشیای جیاوازدا له "جه‌یشی نیزامی" پێشكه‌وتودا، كه‌م بێ یان هه‌ر نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ی كورد یه‌كه‌م و دوا ته‌جروبه‌ی گه‌لانی دنیا نیه. ئه‌گه‌ر كورد خۆی، له‌م بواره‌دا، شاره‌زایی نه‌بێ ئه‌وا ته‌جروبه‌كانی كوبا، ساندهنیستهكانی نیكاراگوا، جه‌زائیر، یه‌مه‌ن، ئیسرائیل، ئه‌ڵمانیای شه‌رقی و ئه‌لمانیای غه‌ربی... هه‌یه، كه چۆن هێزی چه‌كداری جۆراوجۆریان له ناو "جه‌یشێكی نیزامی" دا توانه‌وه. ئه‌شێ سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌ڵك له ته‌جروبه‌كانی ئه‌وان وه‌ربگرێ.
یه‌كێ له ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئیستای سه‌ركردایه‌تی كورد له عیراق دا ئه‌وه‌یه: "پلانێكی زه‌مانبه‌ندی كرا‌و" دابنێ بۆ دامه‌زراندنی هیزێكی تایبه‌ت - ناوه‌كه‌ی پێشمه‌رگه، پاسه‌وانی نیشتمان، یا هه‌ر ناوێكی تر بێ - بۆ پاراستنی كوردستان، ئه‌شێ ناوكه‌كه‌ی و شاده‌ماره‌كانی له ئه‌فسه‌رانی ئه‌م هێزانه‌ی ئیستا بێ، به‌لام ئه‌بێ له روی سه‌ركردایه‌تی و جۆری رێكخستنی و جۆری په‌روه‌رده كردنی و جۆری دابه‌شكردنی و، له روی ئه‌ركی نیشتمانی و دڵسۆزی سیاسییه‌وه، جیاواز بێ له‌م هێزانه‌ی ئیستا.
هێزێكی له‌و بابه‌ته ئه‌توانێ كوردستان بپارێزێ!