عیراق ساڵی 1921 له دوای كۆنگره‌ی قاهیره، كه به سه‌رپه‌رشتی وینستن چه‌رچل وه‌زیری ئه‌وسای "وه‌زاره‌تی موسته‌عمه‌رات"ی بریتانی به‌سترا، بۆ دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه ستراتیجی و نه‌وتی‌یه‌كانی ئیمپریالیزمی بریتانی، له 3 ولایه‌تی عوسمانی: به‌سرا و به‌غداد و موسل، كه ده‌یان نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و دین و مه‌زه‌ب و عه‌شیره‌تی جیاواز و جۆراوجۆری تێ‌دا بو، به زۆری هێزی زه‌مینی و ئاسمانی ئینگلیزی، دروست كرا. سه‌رده‌مێ له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ئینگلیزه‌وه به داگیركراوی به‌ڕێوه ئه‌برا و، سه‌رده‌مێكیش له ژێر مانداتی ئه‌وان‌دا مایه‌وه، تا له 1932 دا عیراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بو به ئه‌ندامی "كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان".
خواستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی "كوردستانی جنوبی" له حكومه‌تی بریتانی و له حكومه‌تی عیراق "سه‌ربه‌خۆیی كوردستان" بو.
له‌م عیراقه‌دا، كه هه‌ندێ به موزاییك و، هه‌ندێ به چه‌پكه‌گوڵ و، زانای عیراقی بواری زانستی جوگرافی د شاكیر خه‌سباك، به "مه‌تحه‌فی ئه‌جناس" ناوی ئه‌با، ئه‌وه‌نده كێشه‌ی ره‌گه‌زیی، نه‌ته‌وه‌یی، دینیی، مه‌زه‌بیی، جۆراوجۆری تێ‌دایه، كۆكردنه‌وه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاشتی و ته‌بایی و دڵنیایی و رازی بونه‌وه، له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ت‌دا پێكه‌وه بژین، كارێكه هه‌تا بڵێ‌ی سه‌خت و دژوار و ئاڵۆزه.
زۆر له‌وانه‌ی باسی حامورابی و سۆمه‌ر و ئه‌كه‌د و بابل و، عیراقی ئه‌رزی 7 هه‌زار ساڵ شارستانی ئه‌كه‌ن و، باسی یه‌كێتی و ژن‌وژنخوازی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆئاشوری و سوننه و شیعه و مه‌ندائی و یه‌زیدی... ئه‌كه‌ن، له ناخی دڵی خۆیان‌دا، گاڵته‌یان به قسه‌كانی خۆیان دێ، ئه‌گه‌ر خۆیشیان ئه‌و خۆهه‌ڵكێشانه‌یان له ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌كردنی ناڕاستی عه‌ره‌بی‌دا، لێ بوبێ به راست، ئه‌وا ئه‌وانه‌ی گوێ‌یان له‌و قسانه ئه‌بێ، فشه‌یان پێ‌ی دێ.
زیاتر له 80 ساڵ پێكه‌وه ژیان، له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ت‌دا، نه‌ك ناسنامه‌ی عیراقی بۆ دروست نه‌كردون، بگره روخانی سه‌دام، ده‌رگای داخراوی زیندانێكی گه‌وره‌ی كردۆته‌وه كه ناوی عیراق بو، هه‌مو ئه‌م گروپه جیاوازانه‌ی كه به زۆر ئاخنرا بونه ئه‌م زیندانه‌وه، ئیستا ده‌رچون هه‌ر یه‌كه‌یان داوای مافی تایبه‌تی خۆی ئه‌كا.
هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره په‌یكه‌ری له‌شی گه‌لی عیراقی به روتوقوتی خسته به‌رچاوی دنیا. ریزبه‌ستنی خه‌ڵكی عیراق بۆ ده‌نگدان:
نه له سه‌ر بنچینه‌ی جیاوازی بیروباوه‌ڕی سیاسی - دیمۆكراتی، لیبرالی، ئیشتیراكی، قه‌ومی عه‌ره‌بی، شیوعی.... بو.
نه له سه‌ر بنچینه‌ی جیاوازی پرۆگرامی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری... حیزب و گروپه‌كان بو.
نه له سه‌ر بنچینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی - خێڵه‌كی و ناوچه‌یی بو.
نه له سه‌ر بنچینه‌ی دینیی – ئیسلامی بو.
به‌ڵكو ریزبه‌ستنی خه‌لكی بۆ ده‌نگدان:
له سه‌ر بنچینه‌ی مه‌زەبیی - دینیی شیعی، سوننی.
له سه‌ر بنچینه‌ی ئیتنی - كوردی، توركمانی، كلدۆ ئاشوری... بو.
عیراقی قۆناغی ئیستا، كه ده‌ستوری هه‌میشه‌یی تێ‌دا ئه‌نوسرێته‌وه، له به‌رده‌م دوڕییانێكی مێژویی دایه:
رێ‌یه‌كیان، به‌ستنی گرێبه‌ندێكی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه له نێوان پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كی‌یه‌كانی گه‌لی عیراق دا، به تایبه‌تی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب، یان له نێوان كورد و عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه‌دا، كه ره‌نگ بداته‌وه له ده‌ستورێكی هه‌میشه‌یی‌دا، "دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان و ئه‌رز" و "هاوبه‌شی راسته‌قینه" له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی و له جۆری حوكمڕانی ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێ‌دا دابین بكا.
رێ‌یه‌كه‌ی تریان، هه‌ڵوه‌شانی ئه‌م قه‌واره ده‌ستكرده‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی هه‌رێمایه‌تی و ناوده‌وڵه‌تی‌یش، رێگه نه‌دا ببێ به چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، له ناو سنوری خۆی‌دا ببێته چه‌ند "كانتۆن"ی جیاواز و له یه‌ك دابڕاو.
به‌لاداخستنی كێشه چاره‌نوسسازه‌كان به ده‌نگدانی زۆرایه‌تی و كه‌مایه‌تی له ناو كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراقی‌دا، له كاتێك‌دا نوێنه‌رانی لیستی شیعه‌ی عه‌ره‌ب زۆرایه‌تی كۆمه‌ڵه‌كه‌ن و، نوێنه‌رانی لیسته‌كانی سوننه‌ی عه‌ره‌ب، كورد، توركمان، مه‌سیحی، عه‌لمانی‌یه‌كان.. كه‌مایه‌تی پێك ئه‌هێنن، جۆرێ له ناهاوسه‌نگی له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا دروست ئه‌كا، كه ئه‌گه‌ر ده‌ستوره‌كه به زۆرایه‌تی ده‌نگی شیعه له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراقیش‌دا تێ بپه‌ڕێ، له ریفراندۆم‌دا بێگومان ره‌ت ئه‌كرێته‌وه. ئه‌وسا عیراق ئه‌باته‌وه به‌رده‌م دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نیشتمانی كه سه‌رله‌نوێ ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی بنوسێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه رو نه‌دا، نوسه‌رانی ده‌ستور، ئه‌بێ په‌نا به‌رنه‌وه به‌ر پێڕه‌وی سه‌ره‌تای سازان (ته‌وافوق). ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه نه‌ئه‌هێڵێ هیچ لایه‌ك هه‌مو داواكانی به‌ده‌س بهێنێ و نه‌ئه‌هێڵێ هیچ لایه‌ك هیچ له داواكانی ده‌س نه‌كه‌وێ!