وه‌كو عه‌یبێكی گه‌وره بێ، هه‌ندێ جار هه‌ندێ كه‌س، به تایبه‌تی له‌وانه‌ی، بێ باك و بێ په‌روا، مل له نوسینی وتار و كۆلكه وتار ئه‌نێن، حیزبه‌كانی كوردستان تاوانبار ئه‌كه‌ن به ململانێی ده‌سه‌ڵات و، دابه‌شكردنی پۆست و پایه و وه‌زاره‌ت و داووده‌زگا گرنگه‌كان.
ئه‌م كاره ئه‌گه‌ر جێگه‌ی ناڕه‌زایی و سه‌رسوڕمانی كه‌سانێ بێ كه به درێژایی ته‌مه‌نیان له كوردستان دور نهكهوتونهتهوه و، ئاگایان له ته‌جروبه‌ی وڵاتانی دنیا نیه، هه‌ر نه‌یسه، ئه‌شێ به ئاسایی وه‌ربگیرێ، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه هه‌ندێ له‌و خۆ به رۆشنبیرزانانهی له ئه‌وروپا خوێندویانه، یا ماونه‌ته‌وه، یا كه‌م و زۆر له جۆری دابه‌شكردنی نه‌خشه‌ی سیاسی حیزبه‌كانی ئه‌و وڵاتانه ئاگادارن، ئه‌وانیش به ناڕه‌زاییه‌وه، بگره هه‌ندێ جار به وشه‌ی قێزه‌ون و دزێو، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بیروبۆچونهكانیان سه‌باره‌ت به تاوانباركردنی حیزبه‌كانی كوردستان و سه‌ركرده‌كانیان ده‌رببڕن.
ره‌نگه ئه‌وانه چه‌ند جۆرێ بن:
هه‌ندێكیان، ئه‌وانه‌ن به گه‌وره‌یی له كوردستانه‌وه رۆیشتون وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه، كه‌ڵكیان له سوده دارایی و مادییه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپی وه‌رگرتوه، به‌ڵام كه‌ڵكیان له ته‌جروبه سیاسییه‌كانیان وه‌رنه‌گرتوه له سۆنگه‌ی زۆر شته‌وه، له سه‌رو هه‌مویانه‌وه نه‌زانینی زمان، شتێكی ئه‌وتۆ فێر نه‌بون.
هه‌ندێكیان، داخ له دڵن. له دڵی خۆیاندا پێیان ناخۆشه به كورد له دایكیان بون. له به‌رامبه‌ر ئه‌وروپییه‌كاندا هه‌ست به گرێی سایكۆلۆجی "خۆبه‌كه‌مزانین" ئه‌كه‌ن. هه‌مو شتێكی كوردیان پێ خراپه و هه‌مو شت ره‌ت ئه‌كه‌نه‌وه. ره‌تكردنه‌وه‌یان لێ بوه به خو.
هه‌ندێكیان، لایه‌ندارن، خۆیان، خێزانه‌كه‌یان، بنه‌ماڵه‌كه‌یان، یا ته‌نانه‌ت عه‌شیره‌ته‌كه‌یان پێشینه‌یه‌كی سیاسی یا پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له گه‌ل یه‌كێ له حیزبه‌كان هه‌بوه. ره‌نگه كوژراویشی هه‌بێ. ئه‌مانه زۆر جار بێلایه‌نی له ده‌س ئه‌ده‌ن به‌و "هه‌وا"یه ئه‌دوێن، كه له‌و رابوردوه‌وه دێ.
هه‌ندێكی تریان، باس و بابه‌ت، وتار و لێكۆڵینه‌وه و پێشنیاری باش و به كه‌ڵك ئه‌نوسن. هه‌ندێ له‌وانه‌ی كه له كوردستان له ناوه‌نده‌كانی بڕیاردانی سیاسییه‌وه نزیكن كه‌ڵک له بیروبۆچونهكانیان وه‌رئه‌گرن.
*
حیزبی سیاسی بۆچی دائه‌مه‌زرێ و به‌رنامه دائه‌نێ و هه‌ڵمه‌تی پرۆپاگانده ئه‌با و خه‌ڵك له خۆی كۆ ئه‌كاته‌وه؟ بۆ ئه‌وه نیه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌س و به‌رنامه‌كه‌ی له بواری سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری... دا جێبه‌جێ بكا؟ له كوردستانیش وایه، به‌ڵام به شێوه‌ی خۆی.
به‌ڵێ ئه‌مڕۆ له كوردستاندا كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌یه. ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌كی ده‌ربڕینی ململانێی ده‌سه‌ڵاته له كوردستاندا. تا ئه‌و كاته‌ی، ئه‌م ململانێیه، له چوارچێوه‌ی دیالۆگی سیاسی – قانونیدا ئه‌كرێ، كارێكی شارستانی و ئاسایییه نه‌ك تاوان و به فیڕۆدانی ره‌نجی تێكۆشه‌ران و خوێنی شه‌هیدان.
هه‌رێمی كوردستانی عیراق، كه هه‌رێمێكی فیدرالییه، له سنوری ده‌وڵه‌تی عیراق دایه، عیراق هێشتا ده‌ستوری نیه، تازه خه‌ریكی دانانی كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستور و لێدوان و باس كردنین.
عیراقی نوێ به پێی ده‌ستورێكی نوێ، بنیات ئه‌نرێته‌وه.
له‌م عیراقه‌دا ئه‌شێ یه‌كێ له دو سیسته‌می سیاسی ببێ به فه‌لسه‌فه‌ی داڕشتنی ده‌ستوری داهاتوی عیراق، كه ئیستا و تا پاشه‌ڕۆژێكی نادیار، له كوردستان و له عیراق كاری پێ ئه‌كرێ، ئه‌ویش: سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی و سیسته‌می پارله‌مانییه.
به‌ڵێ ململانێیه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له سه‌ر ئه‌وه‌ی كام له‌م دو سیسته‌مه له عیراقدا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌س و، كام له‌م دو سیسته‌مه له كوردستاندا بچه‌سپێ.
ئه‌مه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌وه‌وه نیه به‌ڕێزان مه‌سعود و مام جه‌لال یان یه‌كێتی و پارتی كامیان زۆرتر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ. ئه‌مه پێوه‌ندی به ئازادییه‌كانی ئیستای خه‌لك و وه‌چه‌كانی دوارۆژه‌وه هه‌یه، ئیستا چ جۆره رژێمێكیان بۆ هه‌ڵئه‌بژێرن.
ئه‌و رژێمه‌ی ئیستا هه‌ڵئه‌بژێردرێ و ئه‌سه‌پێنرێ، جگه له‌وه‌ی ئیستا حوكمی دانیشتوانی ئیستای كوردستان ئه‌كات، حوكمی وه‌چه‌كانی دوای ئیستا و نه‌وه‌كانی داهاتوش ئه‌كات.
جا پرسێكی ئاوه‌ها گرنگ و چاره‌نوسساز:
* ئه‌هێنێ ئیستی له سه‌ر بكرێ و له سه‌ری رابوه‌ستن تا له هه‌مو بارێكیهوه تاووتوێی ئه‌كرێ. لایه‌نه باش و خراپه‌كانی ههڵئسهنگێنرێ، ئینجا بڕیاری لێ بدری؟
یان بۆ رازی كردنی فڵانه كه‌س و بۆ رازی كردنی فڵانه حیزب، بڵێن: "بیده به‌رێ با تێپه‌ڕێ!"
له كوردستان نه ته‌جروبه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی و نه هی سیسته‌می پارله‌مانی نه‌بوه، به‌ڵام له عیراق ته‌جروبه‌ی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی هه‌بوه، كه سیسته‌مه‌كه‌ی سه‌دام حسێن و حیزبی به‌عس بو. له چه‌ند وڵاتێكی رۆژهڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا ئه‌م دو سیسته‌مه پێڕه‌وی ئه‌كرێ، بۆ نمونه:
میسر و ئێران سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییان هه‌یه و،
ئیسرائیل و توركیا سیسته‌می پارله‌مانییان هه‌یه.
له سیسته‌می پارله‌مانیدا: پارله‌مان سه‌رۆك هه‌ڵئه‌بژێرێ، باوه‌ڕ به وه‌زاره‌ت ئه‌به‌خشێ و باوه‌ڕی لێ ئه‌سێنێته‌وه، وه‌زیره‌كان ئه‌هێنێته پای لێپرسینه‌وه. بودجه‌ی ساڵانه تاووتوێ ئه‌كا و له كوێدا پێویستی كرد ده‌سكاری ئه‌كا. سیاسه‌تی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه دائه‌ڕێژێ. قانون بۆ وڵات دائه‌نێ...
له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیدا: خه‌ڵك سه‌رۆك هه‌ڵئه‌بژێرن. سه‌رۆك، چونكه له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ده‌نگی دراوه‌تێ، خۆی له پارله‌مان به باڵاتر ئه‌بینێ. سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی هه‌ڵئه‌بژێرێ و له به‌ر ده‌م خۆیدا به‌رپرسیار ئه‌بن. سه‌رۆك سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه دائهڕێژی و، خۆی جێبه‌جێی ئه‌كا. كاروباری كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌ری له به‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ئه‌بن.
پارتی كه پێ دائه‌گرێ له سه‌ر سه‌پاندنی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌زانێ چی ئه‌وێ. ئه‌یه‌وێ ئه‌و سیسته‌مه‌ی چه‌ندین ساڵه له ناو حیزبه‌كه‌ی خۆیدا زاڵه، ئه‌وه‌ش به سه‌ر كۆمه‌ڵی كوردستاندا بسه‌پێنێ.