SEARCH

   
                                   
           
 
03:47:52 Sunday, September 05, 2010
     
PÎTÎ LATÎNÎ
پيتي ئيسلامي
   
                   
 
 
 
هه‌واڵ
 
 
 
 

 

 

 

     
تۆ بڵێی كێشه‌ی "سه‌رۆكایه‌تی: كۆمار و هه‌ڕێم" ببێته هۆی له یه‌كترازانی یه‌كڕیزیی كورد؟

2005-05-09   ئه‌م نوسینه چاپ بكه
.  

كورد زۆر دڵخۆش بون به‌وه‌ی له پێش روخانی سه‌دامه‌وه هێزه سیاسی‌یه‌كانی كورد جۆرێ له یه‌كڕیزی‌یان به‌رامبه‌ر پێشهاته چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی عیراق دروست كرد و، به‌رامبه‌ر پرسه چاره‌نوسسازه‌كان بیروبۆچون و هه‌ڵوێستیان یه‌ك خست و، به یه‌كڕیزی‌یه‌وه چونه ناو روداوه‌كانی عیراقه‌وه:
به یه‌کڕیزی به‌شداری مه‌جلیسی حوكم بون،
به یه‌كڕیزی هه‌ڵوێستی سیاسی‌یان له روداوه‌كانی عیراق ده‌ربڕی،
به یه‌كڕیزی‌ به‌شداری یه‌كه‌م كابینه بون،
به یه‌کڕیزی به‌ره‌نگاری گوشاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كی بونه‌وه و به‌شداری نوسینی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بون،
به یه‌کڕیزی به‌شداری وه‌زاره‌ته كاتی‌یه‌كه‌ی عه‌لاوی بون،
به یه‌کڕیزی چونه هه‌ڵبژاردنی گشتی عیراق و كوردستانه‌وه،
یه‌کڕیزیی كورد و هێزه‌ سیاسی‌یه‌كانی، ئه‌گه‌رچی هه‌مو جار روداوه‌كان ده‌ریان ئه‌خست كه له‌رزۆك و كاتی‌یه‌، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا بوه مایه‌ی دڵخۆشی و سازدانی كوردی عیراق و گه‌شانه‌وه‌ی هیوای هه‌مو نه‌ته‌وه‌ی كورد و جێگه‌ی رێزی دنیا و، چه‌ندین ده‌سكه‌وتی سیاسی باشی بۆ كورد به‌دی هێنا، له سه‌رو هه‌مویانه‌وه: سه‌لماندنی قانونیی دۆخی فیدرالی هه‌رێمی كوردستان و، بوژانه‌وه‌ی ئابوری كوردستان و، خۆشبونی گوزه‌رانی خه‌ڵك و، پته‌وبونی پێوه‌ندی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری... نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌.

به‌شداریی چالاكانه‌ی هاووڵاتی‌یانی كوردستان له عیراق و له ده‌ره‌وه به په‌رۆشێكی زۆره‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و كوردستان‌دا، زه‌مینه‌یه‌كی باشی ساز كرد سه‌ركردایه‌تی كورد به‌كاری بهێنێ بۆ به‌ده‌سهێنانی ده‌سكه‌وتی كاریگه‌ر له بواره‌كانی سیاسی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، ئابوری، ته‌نانه‌ت هێزی پاراستنی هه‌رێم... دا و، بۆ چه‌سپاندنی ده‌سكه‌وته‌كانی له ده‌ستوری داهاتوی عیراق و له ده‌وڵه‌تی تاز‌ه‌ی عیراق‌دا.
ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی سیاسی له عیراق‌دا به دوی خۆی‌دا چه‌ند هه‌لی گۆڕینی به باری باشه‌دا ره‌خساند:
له سه‌ر ئاستی عیراق
به ده‌سهێنانی ده‌نگی زیاتر له 2 ملیۆن كه‌س و، 77 ئه‌ندام له كۆی 275 نوێنه‌ر له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراق‌دا و، چه‌سپاندنی بونی كورد له ناوه‌ندی بڕیاردانی سیاسی عیراق‌دا له رێگه‌ی پایه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و، جێگری سه‌رۆكی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و، 8 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، شاره‌وانی، كارو كارو باری كۆمه‌ڵایه‌تی، پلان، سه‌رچاوه‌كانی ئاو، بازرگانی، ژینگه و گه‌یاندن، له كابینه‌ی نوێ‌ی عیراق‌دا
له سه‌ر ئاستی كوردستان
نوێ كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و، داهێنانی پایه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و، ره‌خساندنی هه‌لی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دیمۆكراتی‌یانه‌ی هه‌ردو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و، یه‌كخستنی هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی ناوخۆ...

ئه‌م ده‌سكه‌وته سیاسی‌یانه هه‌ر چاودێرێكی بێلایه‌ن به پێوانه‌ی سیاسی هه‌ڵیان بسه‌نگێنێ، وا ئه‌زانێ ئه‌مانه‌ هه‌موی هه‌لی زێڕینیان بۆ كورد ره‌خساندوه و ده‌روازه‌ی گۆڕانی سیاسی گه‌وره‌تریان له رودا كردۆته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی كورد پته‌وتر بكات و بیخاته سه‌ر رێ‌ی دانانی ستراتیجی قۆناغی داهاتوی نوسینی ده‌ستورێ كه مافه‌كانی كوردی تێ‌دا دابین بكرێ و، شه‌ریكایه‌تی كاریگه‌ری كورد له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عیراقی داهاتودا جێگیر بكات و، ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بگێڕێته‌وه سه‌ر كوردستان و، سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كانی خۆی بهێنێته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و، هێزی پاراستنی كوردستان رێك بخاته‌وه.... كه‌چی، له باتی ئه‌وه، سه‌رله‌نوێ ته‌پوتۆزی گێژه‌ڵوكه‌ی گرژی و ئاڵۆزان له وڵات هه‌ڵی كرد.

وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق له لایه‌ن كورده‌وه، له كاتێك‌دا ئه‌بو له لایه‌ن هه‌مو هێزه سیاسی‌یه‌كانی كوردستانی عیراقه‌وه به خۆشی‌ و شاییه‌وه پێشوازی لێ بكرێ و، به سه‌ركه‌وتنێ دابنرێ بۆ هه‌موان، له هه‌ندێ شار و ناوچه‌ی كوردستانی عیراق‌دا، به لێدان و تێهه‌ڵدان و سوكایه‌تی پێ كردنه‌وه رو به روی بونه‌وه.

روداوه‌كانی ئه‌و چه‌ند رۆژه ده‌ریان خست كه ئه‌و یه‌كڕیزی‌یه‌ی كورد له‌رزۆك‌ و كاتی‌یه و، بیری سیاسی سه‌رانی كورد تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك دیلی قازانجی ته‌سكی حیزبه و نۆڕینی سیاسی‌یان چه‌نده كورت و كه‌مخایه‌نه.
ئه‌م كێشه‌یه‌ به جێ‌ی خۆی. كێشه‌یه‌كی تریش بوه سه‌رباری.
له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق‌دا ئه‌بو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵببژێردێ. ئه‌مه به‌شێ بو له سه‌ودایه‌كی سیاسی پیشوی نێوان یه‌كێتی و پارتی. كه‌س لاری له جێبه‌جێ كردنی ئه‌م گرێبه‌نده سیاسی‌یه‌ نه‌بو، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك، خۆی له خۆی‌دا، به هه‌نگاوێكی قانونی و سیاسی گرنگ دائه‌نرێ به‌ره‌و به ‌دامه‌زراوكردنی داووده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام له كوردستان هێشتا قانونێ نه‌بو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رێك بخا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ركردایه‌تی پارتی پرۆژه‌ی قانونێكی دا به سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی. سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هه‌ندێ ته‌عدیلی تێ‌دا كرد. هێشتا گفتوگۆكان به ئه‌‌جام نه‌گه‌یشتبون ته‌عدیله‌كه‌ به په‌شیمان بونه‌وه‌ دانرا و، هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ده‌ستی پێ كرده‌وه و، بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزا.
ئه‌مه‌ش دێسانه‌وه‌ ده‌ری خست یه‌كڕیزی‌یه‌كه‌ی كورد له‌رزۆك و كاتی‌یه‌.

پێ ئه‌چێ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه ئه‌بو یه‌کڕیزیی كورد پته‌وتر بكاو، جێ‌ێ كورد له عیراقی نوێ‌دا به‌هێزتر بكا و، بنچینه‌كانی حوكمی فیدرالی كوردستان قایمتر بكا، یه‌كڕیزیی كوردی به‌ره‌و له یه‌كترازان ببات.

   ئه‌م نوسینه چاپ بكه
 

 

     
 
لاپه‌ڕه‌ی وتاره‌کان

   
 
 
                                         

 

     
       
Best Viewed with Internet Explorer 6.0 1024x768