پرۆژه‌كه‌ی پارتی كه له ژێر ناوی "قانون رقم ( ) لسنه 2005 – قانون رئاسه اقلیم كوردستان - العراق" به زمانی عه‌ره‌بی نوسراوه، به گشتی 18 ماده‌یه، دابه‌ش كراوه به سه‌ر 5 به‌ش‌دا:
به‌شی یه‌كه‌می بۆ ئه‌حكامی گشتی،
به‌شی دوه‌می بۆ مه‌رجه‌كانی پاڵێوراو و ده‌نگده‌ران،
به‌شی سێیه‌می بۆ پاڵاوتن و ده‌نگدان،
به‌شی چواره‌می بۆ ئه‌ركه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم،
به‌شی پێنجه‌می بۆ ئه‌حكامی گوێزانه‌وه، ته‌رخان كراوه.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی كوردی له ناو ورده‌كاری‌دا چه‌واشه نه‌بێ، به ریز له یه‌كه‌مین ماده‌ی قانونه‌وه ناچینه خوارێ، چونكه ماده‌كان و بابه‌ته‌كان تێكه‌ڵاو كراون، به‌لكو هه‌وڵ ئه‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی رون له لای خوێنده‌وار هه‌بێ، ناوه‌رۆكی هه‌مو قانونه‌كه له چه‌ند لایه‌كی سه‌ره‌كی‌یه‌وه تاووتوێ بكه‌ین.
یه‌كه‌م، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم
ماده‌كانی 1 و 2 و 10 و 13 ی قانونه‌كه ته‌رخان كراون بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم:
به پێ‌ی ماده‌ی 1 سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆكی باڵای ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی‌یه له هه‌رێم‌دا.
به پێ‌ی ماده‌ی 2 سه‌رۆكی هه‌رێم نوێنه‌ری هاووڵاتی‌یانی كوردستانه و وته‌بێژی ئه‌وانه له ناوه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و، هاوئاهه‌نگیكاری نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌غداد و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه.
ماده‌ی 10 بریتی‌یه له 16 بڕگه‌ی جۆراوجور:
بڕگه‌ی 1 مه‌رسوم ده‌ر ئه‌كا بۆ ده‌ركردنی ئه‌و قانونانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان دایان ئه‌نێ.
بڕگه‌ی 2 مه‌رسوم ده‌ر ئه‌كا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و ته‌واو بونی ماوه‌كه‌ی‌دا.
بڕگه‌ی 3 مه‌رسوم ده‌ر ئه‌كا بۆ بانگكردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بۆ كۆبونه‌وه.
له‌م 3 بڕگه‌یه‌دا كات گرنگه له‌به‌ر ئه‌وه:
یه‌كه‌م، بڕگه‌ی 1 به‌وه چاره‌سه‌ر كراوه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك تا 10 ڕۆژ قانونه‌كه‌ی نه‌په‌سه‌ند، بێ په‌سه‌ندنی ئه‌ویش ئه‌بێته قانون.
دوه‌م، بڕگه‌ی 2 و 3 كاته‌كه‌ی به دیاری نه‌كراوی ماوه‌ته‌وه بۆیه پێویسته بۆ ئه‌وانیش كاتی هه‌ڵبژاردنه‌وه و كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن دیاری بكرێت، تا ئه‌گه‌ر سه‌رۆك، له به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێ، نه‌ی ویست هه‌ڵبژاردنه‌وه ئه‌نجام بدرێ یا ئه‌نجومه‌ن كۆببێته‌وه، كاره‌كه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا به قانونی بڕوا.
بڕگه‌ی 4 مه‌رسوم ده‌ر ئه‌كا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان له چه‌ند حاڵه‌تێكی دیاریكراودا.
بڕگه‌ی 5 له هه‌ندێ حاڵه‌تی دیایكراودا بڕیار ده‌ر ئه‌كات كه هێزی قانونیان هه‌یه.
بڕگه‌ی 6 لێبوردنی تایبه‌تی بۆ حوكمدراوان.
بڕگه‌ی 7 په‌سه‌ندنی حوكمی ئیعدام و یا سوككردنی به زیندانیی درێژ.
بڕگه‌ی 8 راگه‌یاندنی باری نائاسایی.
بڕگه‌ی 9 دیوانی چاودێری دارایی به سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه ئه‌به‌سترێته‌وه.
كاری دیوانی چاودێری درایی ئه‌وه‌یه كه چاودێری داهات و ده‌رچوی ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حكومه‌ت و داووده‌زگاكانی تر بكا، له به‌ر ئه‌وه له هه‌مو وڵاتانی دیمۆكراتی‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له ده‌ستێوه‌ردان بگیرێ و، بتوانرێ گه‌نده‌ڵی دارایی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاشكرا بكرێ و، به رۆشنی بخرێته به‌رده‌م رای گشتی، دیوانی چاودێری دارایی ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه له هه‌مو ده‌زگاكان و، پارله‌مان سه‌رۆك و ئه‌ندامه‌كانی هه‌ڵئه‌بژێرێ.
بۆیه ئه‌م بڕگه‌یه له‌م قانونه‌دا جێ‌ی نابێته‌وه.
بڕگه‌ی 10 هێنانی هێزی چه‌كداری فیدرالی بۆ ناو هه‌رێم، له كاتی پێویست‌دا، به ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێم.
ئه‌م بڕگه‌یه پێویستی به وردكردنه‌وه‌ی زۆرتر و دانانی مه‌رجی زیاتر هه‌یه، چونكه ئه‌شێ خراپ به كار بهێنرێ.
بڕگه‌ی 11 و 12 مه‌رسوم ده‌ر ئه‌كا سه‌باره‌ت به وازهێنان و دانانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كان.
بڕگه‌ی 13 دامه‌زراندنی كارمه‌ندانی پله‌ی تایبه‌ت و حاكم و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئیدیعای گشتی.
ئه‌م بڕگه‌یه دو لای جیاوازی تێكه‌لاو كردوه، كارمه‌ندانی پله‌ی تایبه‌تی و ده‌زگای قه‌زایی:
یه‌كه‌میان، كارمه‌ندانی پله‌ی تایبه‌ت ئه‌بێ له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه ناودێر بكرێن، ئه‌وسا ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران موافه‌قه‌تیان له سه‌ر بكا، ئینجا سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانی دامه‌زراندنیان ده‌ربكا.
دوه‌میان، ده‌زگای قه‌زایی پێویسته سه‌ربه‌خۆ بێ له ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا و ئیدیعای عام و حاكمه‌كان دابمه‌زرێنێ، سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی چ مانایه‌كی ئه‌بێ؟
ئه‌نجومه‌نی قه‌زا و ئه‌ندامانی ئیدیعای گشتی ئه‌بێ سه‌ربه‌خۆ بن و، له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی‌یه‌وه هه‌ڵببژێردرێن و، حاكمه‌كان ئه‌نجومه‌نی قه‌زا هه‌ڵیانببژێرێ، ئینجا سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانی دامه‌زراندنیان ده‌ر بكا.
بڕگه‌ی 14 و 15 لێره‌دا جێیان نابێته‌وه ئه‌بێ له گه‌ڵ ماده‌ی 13 باس بكرێن.
بڕگه‌ی 16 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی هه‌رێم ئه‌كا.
هه‌بونی ده‌زگایه‌كی له‌و بابه‌ته بۆ هه‌رێمی كوردستان شتێكی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیجی ئاسایشی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان دابڕێژێ. به‌ڵام:
یه‌كه‌م، ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كێ ئه‌بن، كام له وه‌زیره‌كان ئه‌ندامی ئه‌بن؟
دوه‌م، ئاخۆ هه‌تا هه‌ردو ئیداره یه‌كنه‌گرنه‌وه، له‌وه‌ش گرنگتر هه‌ردو وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه و ناوخۆ و دارایی، هه‌ردو هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و پارتی و، هه‌ردو ده‌زگای ئاسایش و، هه‌ردو ده‌زگای زانیاری و رێكخستنی تایبه‌ت، یه‌كنه‌گرنه‌وه دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی له‌و بابه‌ته له توانادایه؟
سێیه‌م، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه چی ئه‌بێ و، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك له‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا چیه؟
ماده‌ی 13 سه‌رۆك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره (دیفاعی) یه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه.
بێگومان هه‌مو كوردێ به‌وه دڵشاد ئه‌بێ كوردستان فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌بێ و، پێشمه‌رگه‌ش ببێته هێزێكی نیزامیی هاوچه‌رخی پاراستنی كوردستان له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیستا و پاشه‌ڕۆژ، به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند كێشه‌یه‌كی راسته‌قینه دێنه پێشه‌وه:
یه‌كه‌م، مه‌به‌ست له هێزه چه‌كداره (دیفاعی) یه‌كانی هه‌رێم كام هێزانه‌یه؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه، ئه‌وا ئه‌و هێزانه هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ر به حیزبه‌كانی خۆیانن، دڵسۆزی‌یان له پیش هه‌مو شتێكه‌وه بۆ حیزبه‌كانی خۆیان و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی خۆیانه، به فه‌رمانی ئه‌وان و له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حیزبه‌كانیان‌دا كار ئه‌كه‌ن.
تا ئیستاش گه‌وره‌ترین مه‌ترسی خه‌ڵك له هه‌لگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ بونی ئه‌م هێزانه‌یه به‌و جۆره‌ی كه هه‌بون.
دوه‌م، تا ئیستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و وه‌زاره‌تی دیفاعی عیراق و، له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی فره‌ڕه‌گه‌زه‌وه به ره‌سمی نه‌ناسراون. ئه‌م هێزانه به میلیشیای حیزبی ناو ئه‌به‌ن. ره‌نگه هۆیه‌كی ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌یان له سپایه‌كی یه‌كگرتوی حكومه‌تی‌دا.
سێیه‌م، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له هێزه چه‌كداره (دیفاعی) یه‌كانی هه‌رێم، هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆیه كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆن ئه‌وا ئه‌ویش سه‌ر به دو وه‌زاره‌تی ناوخۆی جیاوازن كه حیزبایه‌تی پێوانه‌ی یه‌كه‌می كۆكردنه‌و دامه‌زراندنیان بوه.
چواره‌م، ئه‌گه‌رچی كه‌رته‌كانی جه‌یشی عیراق و پاسه‌وانی نیشتمانی له كوردستان‌دا هه‌ن ئه‌گه‌رچی ئه‌وانیش ه‌ردو حیزبه‌كه ده‌وری گرنگیان هه‌بوه له كۆكردنه‌وه و رێكخستنیان‌دا، به‌لام ئه‌وانه به ره‌سمی له ژێر سه‌ركردایه‌تی وه‌زاره‌تی دیفاعی عیراقی دان و، له‌وان فه‌رمان وه‌رئه‌گرن.
پێنجه‌م، گریمان هه‌مو ئه‌و كێشه و گیروگرفتانه‌ی باس كران چاره‌سه‌ر كران، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایشی ناوخۆ یه‌كخران و، كرانه هێزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئایا له هیچ هه‌رێمێكی فیدرالی ده‌وڵه‌تانی دنیادا فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی چه‌كداری هه‌رێم هه‌یه؟
بڕگه‌ی 14 ی ماده‌ی 10 سه‌باره‌ت به به‌خشینی پایه‌وپله‌ی سه‌ربازی و ده‌ركردن و خانه‌نشین كردنی ئه‌فسه‌رانی هێزه چه‌كداره‌كان و، بڕگه‌ی 15 ی ماده‌ی 10 ده‌باره‌ی به‌خشینی نۆت و ویسام، ئه‌بێ له گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌دا باس بكرێن.
كورتی‌یه‌كه‌ی: هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م پرۆژه‌یه‌دا ده‌ری ئه‌خه‌ن قانونه‌كه به جۆرێ داڕێژراوه كه ته‌نیا بۆ "سیسته‌می سیاسی سه‌رۆكایه‌تی" بشێ.
دوه‌م، جۆری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم
له وڵاتانی دیمۆكراتی‌دا بۆ حوكمڕانی دو سیسته‌می سیاسی باوه: یه‌كێكیان سیسته‌می پارله‌مانی‌یه و، ئه‌وی تریان سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی‌یه.
له سیسته‌می پارله‌مانی‌دا سه‌رۆكی وڵات له ناو پارله‌مان‌دا هه‌ڵئه‌بژێردرێ. هه‌ر پارله‌مانیش ده‌سه‌ڵاتی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌رۆك و لابردنی هه‌یه.
پارله‌مان باوه‌ڕ ئه‌به‌خشێ به ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له وه‌زیره‌كان ئه‌پرسێته‌وه و، ئه‌توانێ باوه‌ڕیان لێ بسێنێته‌وه.
له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی وڵات دیاریكراوه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی وڵاتن و، ئه‌وان سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان جێبه‌جێ ئه‌كه‌ن.
له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی‌دا سه‌رۆك به ده‌نگدانی گشتی هاووڵاتی‌یان هه‌ڵئه‌بژێردرێ، له‌م سیسته‌مه‌دا سه‌رۆك جگه له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زۆره، خۆی وه‌زیره‌كانی دائه‌نێ و، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نیه و، سه‌رۆك خۆی كار به وه‌زیره‌كانی ئه‌سپێرێ و، له به‌رده‌م خۆی‌دا لێپرسراون.
ئه‌م جۆره سیسته‌مه له وڵاتانی دواكه‌توی جیهانی سێیه‌م‌دا سه‌ره‌نجام ئه‌بێته هۆی به‌هێزبونی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك و، لاواز بونی ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی، به واتایه‌كی تر دانانی بناغه‌ی رژێمی دیكتاتۆری.
ماده‌ی 2 ی پرۆژه‌كه‌ی پارتی ئه‌نوسێ: "هاووڵاتی‌یانی كوردستان به ده‌نگدانی نهێنێ گشتی راسته‌وخۆ سه‌رۆكێ هه‌ڵئه‌بژێرن بۆ هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی‌یان ئه‌كا و به ناوی ئه‌وانه‌وه له ئاسته‌كانی ناوه و ده‌ره‌وه ئه‌دوێ و، هاوئاهه‌نگی له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی فیدرالی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم‌دا ئه‌كا."
ماده‌ی 3 ی پرۆژه‌كه‌ی پارتی ئه‌نوسێ: "ماوه‌ی ولایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم چوار ساڵه و ئه‌شێ دو جار هه‌ڵببژێردرێته‌وه."
ماده‌كانی 5 و 6 و 7 ی ته‌رخان كراوه بۆ مه‌رجه‌كانی پاڵێوراوی سه‌رۆكایه‌تی و مه‌رجه‌كانی ده‌نگده‌ر و جۆری پاڵاوتن و هه‌ڵبژاردنی.
ماده‌ی 8 ی پرۆژه‌كه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی ئاسان كردوه به‌وه‌ی هیچ مه‌رجێكی بۆ زۆرایه‌تی ده‌نگه‌كان دانه‌ناوه كه به ده‌ستی ئه‌هێنێ وه‌كو "دوسێیه‌ك" یا "له نیوه زیاتر" ی ده‌نگی تێكڕای ده‌نگده‌ران به‌ڵكو ئیكتیفای كردوه به "زۆرایه‌تی ساده" كه ئه‌شێ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می تێكڕای ده‌نگده‌ران بێ.
ماده‌ی 16 ی پرۆژه‌كه‌ی پارتی ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی ده‌رهاویشتوه له‌و رێوشوێنانه‌ی له ماده‌ی 2 دا باس كراوه. له باتی ده‌نگدانی گشتی ئه‌م خوله‌ی سه‌رۆكایه‌تی كه ئه‌بێ 4 ساڵ بێ، به ده‌نگی "زۆرایه‌تی ئه‌ندامانی" ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵئه‌بژێردرێ.
ماده‌ی 4 پرۆژه‌كه‌ی پارتی رێ‌ی له‌وه بڕیوه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر له مانگی 12 ی ساڵی 2005 دا سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردن له عیراق بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و له كوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان كرایه‌وه (به پێ‌ی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق و به پێ‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش) هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم دوباره بكرێته‌وه، چونكه ئه‌یانه‌وێ سه‌رۆكایه‌تی‌یه‌كه‌ی ئه‌و، بێ گوێدانه ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه، بۆ 4 ساڵ به‌رده‌وام بێ.
خوێندنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ی پارتی ده‌ری ئه‌خا كه ئه‌وان "سیسته‌می سیاسی سه‌رۆكایه‌تی" یان گه‌ره‌كه و، ئه‌یانه‌وێ ئه‌و جۆره سیسته‌مه له كوردستان‌دا دابمه‌زرێنن، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی سه‌ركرده و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌یانه.
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان پاش چه‌ندین كۆبونه‌وه له 21 ی 12 ی 2002 دا پرۆژه‌یه‌كیان ئاماده كرد كه ببێته ده‌ستوری كوردستانی عیراق. فراكسیۆنی پارتی له تاووتوێ كردن و نوسینی‌دا به‌شدار بون. ماده‌ی 40 ی ئه‌و پرۆژه‌یه ئه‌ڵێ: "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به هه‌مان رێگا هه‌ڵئه‌بژێردرێ كه سه‌رۆكی كۆماری فیدرالی پێ هه‌ڵئه‌بژێردرێ و ئه‌وه‌ش به قانون رێك ئه‌خرێ."
به پێ‌ی ماده‌ی 36 ی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق كه گروپی كوردی له مه‌جلیسی حوكم‌دا، له‌وانه به‌ڕێزان تاڵه‌بانی و بارزانی، ئیمزایان كردوه، سه‌رۆكی كۆماری فیدرالی عیراق به "دوسێیه‌ك" ی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق هه‌ڵئه‌بژێردرێ و به "سێچواریه‌ك" ی ده‌نگه‌كانی لێ ئه‌خرێ. به‌ڕێز تاڵه‌بانی به‌و جۆره و به‌و رێژه‌ی ده‌نگه هه‌ڵبژێردرا به سه‌ركۆماری عیراق. به‌م پێ‌یه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌بێ به هه‌مان رێگا و به هه‌مان رێژه‌ی ده‌نگ هه‌ڵببژێردرێ و به هه‌مان رێگا و به هه‌مان رێژه‌ی ده‌نگ لێ بخرێ.
سێیه‌م، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم
ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر ئه‌گۆڕێ. به گشتی له نێوان 4 تا 6 ساڵ دایه به‌ڵام به زۆری 4 ساڵه كه ئه‌شێ بۆ یه‌ك جار هه‌ڵبژێردرێته‌وه. له هه‌لومه‌رجی ئاسایی‌دا ئه‌بێ له كوردستانیش وابێ. به‌ڵام كوردستان ئیستا له گه‌ڵ عیراق له قۆناغی گواستنه‌وه‌دایه. ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی عیراق و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق و كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان، به پێ‌ی زه‌مانبه‌ندی‌یه‌ك كه سوڵته‌ی ئیئتیلافی موه‌قه‌ت و ئه‌نجومه‌نی حوكم و نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دایانناوه و، له قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و له بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دا نوسراوه، هه‌ڵبژێردراون و له قۆناغێك دان كه پێ‌ی ئه‌ڵێن قۆناغی گواستنه‌وه. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌بێ ده‌ستوری عیراق تا 15 ی 8 ی 2005 بنوسرێ و ئاماده بكرێ بۆ ریفراندۆم و، دوای په‌سه‌ندنی ده‌ستور له لایه‌ن ده‌نگده‌رانی عیراقه‌وه، ئه‌بێ له مانگی 12 ی 2005 دا سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان بكرێته‌وه.
ته‌مه‌نی دامه‌زراوه هه‌ڵبژێردراوه‌كانی به‌غداد و كوردستان ئه‌بێ له مانگی 12 ی 2005 دا ته‌واو ببێ.
له ده‌ستوری داهاتودا په‌یكه‌ری سیاسی و قانونی عیراق و، له ناو ئه‌ویش‌دا په‌یكه‌ری سیاسی و قانونی هه‌رێمی كوردستان دیاری ئه‌كرێ. چاره‌نوسی كوردستانی فیدرالی و جۆری فیدرالی‌یه‌كه‌ی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی و سنوری جوگرافی‌یه‌كه‌ی له وێدا دیاری ئه‌كرێ و دانی پێدا ئه‌نرێ. بۆیه ئه‌بێ كورد هه‌وڵ بدا له ده‌ستوری داهاتودا مافه‌كانی و جۆری فیدرالی‌یه‌كه‌ی و تایبه‌تمه‌ندی‌یه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی جێگیر بكا.
پرۆژه‌كه‌ی پارتی ئه‌مانه‌ی له به‌ر چاو نه‌گرتوه. قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كه به شێوه‌یه‌كی قانونی دانی به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌دا ناوه، ته‌نیا دانی به "حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و ده‌زگای قه‌زایی هه‌رێم‌دا" ناوه. ئه‌و كاته باسی سه‌رۆكی هه‌رێم له گۆڕێ نه‌بوه له به‌ر ئه‌وه له دورونزیكه‌وه باسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناكا.
پرۆژه‌كه‌ی پارتی داوا ئه‌كا سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ 4 ساڵ هه‌ڵببژێردرێ و، ئه‌شێ دو جاریش
هه‌ر جاره‌ی بۆ 4 ساڵ هه‌ڵببژێردرێته‌وه. هه‌مو كه‌س ئه‌زانێ پاڵێوراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی‌یه، واته له ئیستاوه داوای 12 ساڵ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌كه‌ن به‌و هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌وه كه بۆیان داناوه.
چه‌ند سه‌رنجێكی پێویست:
یه‌كه‌م، پرۆژه‌كه‌ی پارتی باسی جۆری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك ئه‌كا به‌ڵام باسی لێخران و لابردنی نه‌كردوه. توخنی ئه‌وه‌ش نه‌كه‌وتوه ئه‌گه‌ر كۆچی دوایی كرد، په‌كی كه‌وت، یاوازی هێنا، شوێنه‌كه‌ی چۆن پڕ ئه‌كرێته‌وه. ره‌نگه له دنیادا وڵاتێك نه‌دۆزینه‌وه، جگه له كوردستان، كه ده‌ستور یا قانونه‌كه‌ی كه رێگه‌ی دانانی سه‌رۆكه‌كه‌ی باس ئه‌كا، باسی جۆری لابردنیشی نه‌كا.
دوه‌م، پرۆژه‌كه‌ی پارتی له هیچ ماده‌یه‌كی‌دا ناوی جێگری سه‌رۆك ناهێنێ. هه‌ر وڵاته هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له به‌ر ئه‌وه له هه‌ندێ وڵات سه‌رۆك پێویستی به جێگر هه‌یه و له هه‌ندێ وڵات پێویستی به جێگر نیه. له كوردستانێك‌دا كه هێشتا شوێنه‌واره‌كانی شه‌ڕی ناوخۆی به زه‌قی پێوه دیارن و، هێشتا دو ئیداره‌ی جیاواز و، دو هێزی چه‌كداری جیاواز و دو ده‌زگای دارایی جیاواز و دو سیسته‌می ئاسایشی جیاواز و، ته‌نانه‌ت دو ده‌زگای قه‌زایی جیاواز، حوكمڕانی تێ‌دا ئه‌كه‌ن، ئه‌گونجێ سه‌رۆكی یه‌ك لایان ببێته سه‌رۆكی هه‌ردولایان و، به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌ردو لایان بكات و، به یه‌ك جۆر ره‌فتار له گه‌ڵ هه‌ردو لایان بكات؟
سێیه‌م، پارتی به بیانوی سه‌لماندنی ئه‌م قانونه‌وه چه‌ند مانگێ كۆبونه‌وه‌ی پارله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی كوردستانی دواخست و، له باتی ئه‌وه‌ی رێ بدا به ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان، به رێگه‌ی ئوسولی، قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دابنێن، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی راكێشا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردو سه‌ركردایه‌تی له باتی ئه‌نجومه‌ن قانونه‌كه دابنێن و بیسه‌پێنن به سه‌ر پارله‌مان‌دا، به مه‌ش دوه‌مین ئه‌نجومه‌نی وه‌كو یه‌كه‌مین ئه‌نجومه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی ده‌س به كار بێ، كرده‌وه به نیوه‌گیان.