لێدوانێ له پرۆژه‌كه‌ی پارتی بۆ قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
له كاتێك‌دا عیراق بۆ پێشه‌وه ئه‌چێ، كوردستان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه!
كاربه‌ده‌ستانی پارتی باس له‌وه ئه‌كه‌ن كه یه‌كێتی، پاش ئه‌وه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی عیراقی وه‌رگرت، به مه‌به‌ستی خۆی گه‌یشت و، له به‌شی دوه‌می رێكه‌وتنه‌كه‌یان په‌شیمان بونه‌ته‌وه كه هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه بۆ به‌ڕێز بارزانی.
بێگومان ئه‌مه راست نیه. یه‌كێتی په‌شیمان نه‌بۆته‌وه. پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌یه و، سوره له سه‌ر جێبه‌جێ كردنی، به‌ڵام له سه‌ر 3 كێشه ناكۆكن كه هێشتا به‌لادا نه‌كه‌وتون، كێشه‌كان بریتین له:
یه‌كه‌م، ماوه‌ی "ولایه‌تی" سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.
یه‌كێتی پێ‌ی وایه: له گه‌ڵ ته‌واو بونی ولایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق‌دا ولایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش ته‌واو ئه‌بێ، چونكه له مانگی 12 ی 2005 دا ئه‌بێ سه‌ر له نوێ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان دوباره ببێته‌وه.
پارتی پێ‌ی وایه: ئه‌بێ ماوه‌ی ولایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌به‌سترێ به هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و كوردستانه‌وه، ئیستا بۆ 4 ساڵ هه‌ڵببژێردرێ و دو جاری تریش قابیلی هه‌ڵبژاردنه‌وه بێ.
دوه‌م، جۆری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم.
یه‌كێتی پێ‌ی وایه: ئه‌بێ وه‌كو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بێ له عیراق، له لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی‌یه‌وه به ده‌نگی دوسێیه‌ك هه‌ڵببژێردرێ.
پارتی پێ‌ی وایه: ئه‌بێ به ده‌نگدانی گشتی راسته‌وخۆ و نهێنی ده‌نگده‌رانی كوردستان و به زۆرایه‌تی‌یه‌كی ساده بێ.
سێیه‌م، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم.
یه‌كێتی پێ‌ی وایه: ئه‌بێ له چوارچێوه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌نفیزی و ته‌شریعی و قه‌زائی‌دا دیاری بكرێ نه‌ك له سه‌رو ئه‌وانه‌وه بێ.
پارتی پێ‌ی وایه: ئه‌بێ هه‌مه‌لایه‌نه و گشتگیر بێ.
دوای چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م ناكۆكی‌یانه كه ئه‌بێ له قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌دا ره‌نگ بداته‌وه، پۆست سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پڕ ئه‌كرێته‌وه.
یه‌كێتی له نرخی ئه‌وه‌دا كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری له به‌غداد وه‌رگرتوه، ئه‌م پۆستانه‌ی داوه به پارتی:
له به‌غداد:
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،
جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق،
وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه، كه ته‌نیاپایه‌ی سه‌روه‌ری‌یه له وه‌زاره‌ته‌كانی عیراق‌دا به‌ر كورد كه‌وتوه،
وه‌زیری شاره‌وانی،
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.
له كوردستان:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان،
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی یه‌كگرتوی هه‌رێمی كوردستان.
با خه‌ڵكی كوردستان خۆیان حاكم بن، وه‌كو حیزب، كێ قازانجی زۆرتری بردوه؟